نەوزادى موهەندیس: کورد لە نێوان ئەمریکا و ئێراند. کامیان؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدواى دەست لەکارکێشانەوەى عادل عبدالمهدى لە 29/11/2019وە تاکو ئێستا، نزیکەى 10 کاندید لەلایەن ماڵى شیعەى عێراقەوە پێشکەشکراون بۆ تەکلیفکردنى بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەتى نوێى عێراق، بەڵام ئەوە 4 مانگ و نیوە نەتوانراوە کەسێکى شیاو و گونجاو بەهێز و نمایندەى هەموان( کوتلەى گەورەى پەڕلەمانى ) پێشکەش بکەن و حکومەت لە تەنگژەى سیاسى و ئابورى و ئەمنى ڕزگار بکرێت، بەڵام ئەوە ماڵى شیعەکانە کە ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن و لەبەر ململانێ ناڕەواکانى خۆیان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە دەستوەردانە دەرەکیەکان لە وڵاتانى ناوچەکە و زلهێزەکانیشەوە بونەتە هۆى پەکخستنى پڕۆسەى سیاسى لە عێراقدا، هەر ئەمەش بۆتە هۆى دواکەوتن پاشکەوتنى عێراق لەهەموو ڕوەکانەوە. و بەتابەتیش لە ئێستادا کە گەلێک کێشە و لەناویشیاندا چوار کێشە و گرفتى سەرەکى بەرۆکى عێراقى گرتوە کە بریتین لە: ( گرفتى ناجێگیرى سیاسى و پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخەکانى نەوت و کەمى داهات و خراپى بارى ئابورى و سەرهەڵدانەوەى تیرۆریستانى داعشیش).
لەئێستادا کە عەدنان زورفى دەستلەکارکێشانەوەى خۆى ڕاگەیاند لە 9/4/2020( ڕۆژى ڕزگارکردنى عێراق و ڕووخاندنى ڕژێمى ێدام و بەعسیەکان لە 9/4/2003)دا. لە پێکهێنانى حکومەت کە هێشتا 9 ڕۆژى ماوە بۆ وادەى 30 ڕۆژە دەستوریەکەى خۆى،کە هەرچەندە بەرنامەى کارى حکومەتەکەشى پێشکەش بە پەڕلەمان کردبوو، بەڵام وەک ڕایگەیاند کە وا نەیتوانیوە تەوافوقى سیاسى لەسەرى دروست ببێت و هەر ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە نەتوانێت زۆرینەى پەڕلەمانى عێراق مسۆگەر بکات بۆ متمانە پێدانى.
شیعەکان لە ئێستادا مستەفا کازمى/بەڕێوەبەرى هەواڵگرى عێراقیان کاندید کردۆتەوە، وەک ڕاگەیەنراش کوردیش لەڕێگەى هەردوو حیزبى ( پارتى و یەکێتى)وە پێشوازیان لەو بڕیارە کردوە.
بەڵام ئایا کورد، سەرکەوتوو دەبێت لە لایەنگرى کام لەو کاندیدانەى شیعەکاندا؟ ئایا کام لەو کاندیدانە باشترن بۆ کورد؟ ئایا پەیوەندیەکانى هەرێم و بەغداد بەرەو کوێ ئاڕاستە دەکرێت؟ کورد ئەرکى چیە لەم قۆناغەدا؟
بەئاشکرا و بەنهێنى کورد بەداخەوە دابەشبونەتە سەر بۆچون و بەرژەوەندى تایبەتى و جیاوازى خۆیان، هەربۆیەش شیعەکانیش گەمەى سیاسى لەگەڵ هەمواندا دەکەن و توانیویانە درز بخەنە نێو ڕیزى ماڵى کوردەوە کەلە بنچینەشدا زۆر یەک و یەکگرتوو نەبووە. بۆیە کورد هەق نیە خۆى بکاتە بەشێک لەململانێکانى لەلایەک ئەمریکا و ئێران و لەلایەکى تریشەوە ململانێ نێوخۆییەکانى شیعەکان و هەق وایە کە لەجیاتى ئاوها کارێک، بکەونە خۆ بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنەوەى نێوماڵى کورد و یەکڕیزى و یەکدەنگى کورد بپارێزن، نەک وەک ئێستا هەریەکە و لەدۆڵێکدایە و بەدواى بەرژەوەندى و دەسکەوتى بچوکى حیزبى خۆیانەوەن.
کێشەى نێوماڵى شیعەکان کێشەى کورد نیە بۆیە خۆتێهەڵقورتاندنى کارێکى خراپە،چونکە نابێتە هۆى ڕازیکردنى هەموو شیعەکان و بەڵکو دابەشدەبن بۆسەر دووبەرەى (دژ _ لەگەڵ )کوردا، بەداخیشەوە کوردیش نە سەرکردایەتیەکى سیاسى بەهێز و سەنگین و نە کاریزمایەکى کاریگەریشى ماوە لەسەر ڕووداو و گۆڕەپانى عێراق و ناوچەکە و لاى زلهێزەکانیش کە بتوانێت دەستپێشخەریەکى سیاسى عێراقیانە پێشکەش بکات و هەموان کۆبکاتەوە و لەو ناوەشدا کورد سەنگ و قورسایى خۆى بۆ بگەڕێتەوە وەک لە پێشدا هەبوو.
پەشیمانبونەوەى شیعەکان لە عەدنان زورفى، لەلایەک دوو ڕوویى ئەو هێز و سەرکردانە پیشان دەدات لەناو خۆیاندا و بێمتمانەیى هەمیشەیشیان تۆخ دەکاتەوە و لەلایەکى تریشەوە هیچیان عێراق و گەلى عێراقیان لا مەبەست نیە هێندەى دەسکەوت و پشک پشکێنەى حیزبایەتى خۆیان. عێراقیان کردۆتە مێرگێکى پڕ بەرەکەت و هەریەکە گەرەکێتى بەشى خۆى لێ بخوات،تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەى کە سەرکردە سیاسیەکان بە قسەى مەرجەعە شیعیە ئاینیەکانیش ناکەن.
عێراق بەم شێوەیە بە ئاڕاستەى تێکدان و کاولبوونى زیاتر هەنگاو دەنێت و کاندیدکردنى کەسێکى ئەمنیش وەک مستەفا کازمى، ئەوا عێراق بە ئاڕاستەیەکى ئەمنى هەنگاو دەنێت و دورنیە ببێتە حکومەتێکى سەربازى و ئەمنى و تەوقى کوشتن و بڕین و هەڕەشە و زوڵم و چەوسانەوەش بکاتە ملى هەموان بەکوردستانیشەوە. هەربۆیە ئایندەى عێراق زۆر ڕوون نیە و بەرەو تاریکى و تەڵخى زیاتریش دەڕوات.هۆکارى سەرەکى هەموو ئەم گێژاو و ناجێگیریە سیاسیەى عێراق تەنها شیعەکانە، نەکورد و نەسونە ڕۆڵیان تیادا نیە و هەموو ئەنجامێکیش دەکەوێتە ئەستۆى شیعەکان خۆیان.بۆیە کورد ئەرکێتى تەنها لەچوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى هەرێمدا هاوبەشى و هاواکارى لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکات و چاوەڕوان بکات بۆ بینینى کارنامەى مستەفا کازمیش کە تا چ ئاستێک لەگەڵ بەرژەوەندیەکانى هەرێمدا یەک دەگرێتەوە، نەک بەتەنها بەڵێن و بەتەلەفۆنێک کۆتایى بەهەموو کارێک بهێنرێت کە هێشتا لەڕووى یاساییەوە دەنگدان یان متمانەدان بە عەدنان زورفى یەکلا نەبۆتەوە.
پاشەکشەى عدنان زورفى لەپێکهێنانى کابینەى حکومەت لەکاتێکدایە کە پاشەکشەى هێزەکانى ئەمریکاش لەگۆڕێدایە، بۆیە ئێران و حیزبەکانى سەر بەئێران ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ دژایەتى زورفى و پێشکەشکردنى مستەفا کازمى ،کەوا دەوترێت سەر بەئێرانە، ئەمەش بۆخۆى لێدانە لە شکۆو بڕیارى ئەمریکا و لەلایەکى تریشەوە لێدانە لە شکۆى سەرۆک کۆمار کە زۆر ڕەخنەیان لێدەگرت کە پێشێلى دەستورى کردوە و بە قسەى ئەمریکاى کردوە. بۆیە کورد نەدەبوو بەو ئاسانیە بچێتە ژێر بارى ئێران و شیعەکان کە تەنها دژایەتى کوردیان کردوە لەم 17 ساڵەى ڕابووردوودا بە بڕیار و هەڕەشەى ئێرانیەکان. بەم هەنگاوەى کوردیش، هەرێم چوە بەرەى ئێران و دژ بە ئەمریکا وەستایەوە، و بەمەش بەپیلان بوبێت یان نا بچوکبونەوەى ڕۆڵى سەرۆک کۆمارەکەى کورد و یەکێتیش دەگەیەنێت کە زۆر لایەن لە عێراق و بەداخیشەوە لە کوردستانیش دەمێکە دەیانەوێت ڕۆڵى سەرۆک کۆمار بچوکبکەنەوە. بۆیە پێناچێت ئەوەى کە کورد دەیخوازێت لە مستەفا کازمیش وەدەستى بێنێت و دەستى بکەوێت !.بەم شێوەیەش شانۆگەریە بێتامەکەى عێراق بەردەوام دەبێت لە خولانەوەى لە بازنەیەکى بۆشدا تا ئەوکاتەى عێراقیەکان نەبنە خاوەن بڕیارى سەربەخۆى خۆیان دوور لە وەسیەتنامە و ئامۆژگارى و هەڕەشەى دەرودراوسێ و زلهێزەکانیش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت