رەزا شـوان: منداڵان لە سەردەمی کۆرۆنادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کارەسات و رووداوە ناخۆش و خەمناکەکان، لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە، زیاتر کار لە منداڵان دەکەن، چونکە منداڵان خاوەنی دڵێکی پاک و سۆز و هەستێکی ناسکن.
لە ئەمڕۆدا، ڤایرۆسی (گۆڤـید ـ نـۆزدە) کە بە (کۆرۆنا) ناسراوە، بۆتە سەرسەخترین دوژمنی نادیاری مرۆڤ و هەموو جیهانی سەرقاڵ کردووە.. تا ئێستاش ڤـاگسینێکی کاریگەر بۆ لەناوبردنی نەدۆزراوتەوە.. کۆرۆنا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر تەشنە دەکات و ژمارەی مردوان و تووشبووان لە جیهاندا هەڵکشاندایە.. ئابووری و کار و کاسبی و بەرهەمهێنان و بازرگانی ئیفلیج کردوون.. دەوڵەتانی تووشی خۆپەرستی و چاوچنۆکی کردوون.. هەستی مرۆڤایەتی لاواز کردووە.. بەڵام مرۆڤ چۆکی بۆ کۆرۆنا دانەداوە و بێ هـیوا نەبووە، گەشبینە کە هەوڵی بێوچان و تاقیکردنەوەکانی زانایان و پزیشکان و دەرمانسازان دەگەن بە ئەنجام و بەسەر کۆرۆنادا زاڵـدەبن و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنین.
ئەوەی ئێمە لەم نووسینەدا مەبەستمانە چۆنیەتی رەفتار و رێنمایی دروست و گونجاوی دایکان و باوکانە، لەم سەرەمە هەستیارەدا (سەردەمی کۆرۆنا) لەگەڵ منداڵەکانیاندا.
لە هەرە زۆری وڵاتانی جیهاندا، لە شار و شارۆچکەکاندا، وەکو هۆیەکی خۆپارستن و تەشەنەنەکردنی کۆرۆنا، هاتۆچۆو قەدەغە کراوە.. باخچەی منداڵان و قوتابخانەکان و زانکۆکانیش داخراون، زیاتر لە (هەشت سەد و پەنجا) ملیۆن قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان لە جیهاندا لە خوێندن دابڕاون.. بۆ ئەوەی رێگری لەم پەتایە بکەن و لە ناو منداڵان و لاواندا بڵاونەبێتەوە و لە یەکترییەوە نەیگرن و تەشەنە نەکات.
پێویستە دایکان و باوکان، بە شێوازێکی دروست و ئاسانی گونجاو، بەپیێ قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و کەسێتی، بە زمانێکی سادە و سووک، نزیک لە زمان و تێگەیشتنی منداڵان، بێ زیادەڕۆیش، بە کورتی باسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپارستن لێی بۆ جگەرگۆشەکانیان بکەن.. وەڵامی گونجا و دروستی هەر هەموو پرسیارەکانیشیان بدەنەوە.. دەکرێت لە میانەی پرسیارەکانیانەوە، تێبگەن کە منداڵەکانیان لە چی دەترسن. تا بتوانن بە شێوازێکی سەرکەوتووانە، ترس و دڵەڕاوکی لە دەروونی منداڵەکانیان بڕەوێننەوە.. ئەم ترسەش لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر، بە پێی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری خـێزانەکانیان و کەسێتی منداڵان جیاوازی هەیە.
پێویستە دایکان و باوکان کارەساتی کۆرۆنا وەکو هەلێک بقۆزنەوە، فێری منداڵەکانیان بکەن کە متمانەیان بە خۆیان ببێ. بە ورەیەکی بەرزەوە، بتوانن لە کاتی کارەساتەکان و تەنگانەدا، بە دروستی هەڵسوکەوت بکەن و رووبەڕوویان ببنەوە و سەربکەون.
داوا لە منداڵەکانتان بکەن، کە بە تەواەتی رێنماییە تەندروستییەکانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، پەیڕەوی و جێبەجێیان بکەن.. ئێوەش راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ چاودێریان بکەن.. خۆشتان پێویستە لەم رووەوە نموونەبن، بە دڵتەنگی و خەمناکی و بێزارییەوە لە بەردەم منداڵەکانتان دەرمەکەون، چونکە خەم و دڵتەنگی هیچ لە کارەساتە ناگۆڕێ، بە روویەکی خۆش و لێو بەخەندەوە و دەم بە پێکەنین دەرکەون. تا منداڵەکانتان چاوتان لێبکەن.. چونکە منداڵان هەستیارن و لە زۆر شت تێدەگـەن و تا رادەیەک، لە زمانی جەستەش تێدەگەن و دەموچـاوی دایکان و باوکانیان دەخوێننەوە.
گەورەکان دەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە و تا رادەیەک ئاسایی بێت بە لایانەوە.. بەڵام راهێنان و راهاتنی منداڵان لەسەر کەرەنتینەی ماڵەوە زۆر ئاسان نییە.. چونکە منداڵان لە جوڵە و یاری بەردەوامدان و وزەیەکی پەنگخواردووی زۆریان هەیە و دەیانەوێت بەکاری بهێنن.. یاری و وەرزش بە شێکە لە ژیانیان، هەروەکو هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و نووستن، یاریش پێوێستییەکی رۆژانەی پێویسە بۆیان.
بۆیە پێویستە دایکان و باوکان، بە وریایی و هۆشیارییەوە لەم بارودۆخە نەخوازاوەدا، بە دروستی مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ جگەرگۆشەکانیاندا بکەن.
گەرچی منداڵان و مێردمنداڵان، بە هۆی پاکی سنگیان و بە هـێزی سستەمی بەرگرییان، کەمترین ئەگەری تووشبوونیان بە پەتای کۆرۆنا هەیە.. چونکە ئامادەییەکی زیاتریان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی کرۆنادا.. تا ئێستا رێژەی تووشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا لە جیهاندا لە (سەدا یەک) کەمترە. بەپێی زانیارییەکان بیشیگـرن بە سووکی دەیگرن.
زانای دەروونناسی منداڵان (مولی گارنەر) لە (نەخۆشخانەی ناشیۆناڵ وایڵد بۆ منداڵان) لە (ئۆهـایۆ) لە راپۆرتێکیدا کە لە ماڵپەڕی (گۆڤاری تایـم)ی ئەمریکیدا بڵاویکردۆتەوە، جەختی لەسەر شێوازی راڤەکردن و روونکردنەوەی ئاسان کردوە لە باسکردنی کۆرۆنا بۆ منداڵان، دەڵێت”پێویستە باسکردنی کۆرۆنا گونجاوبێێت لەگەڵ تەمەن و کەسایەتی منداڵاندا” کەواتە نابێت بە دوورودرێژی باسی پەتای کۆرۆنا بۆ منداڵەکانتان بکەن.
دایکان و باوکانی خۆشەویست: ئێوە لە ئەمڕۆدا سەرەڕای دایکایەتی و باوکایەتی، رۆڵی دادەکان و مامۆستاکانیش لە ماڵەکانتان دەبین.. ژورەی منداڵەکانتان بکەن بە پۆل و ماڵەکانیشتان بە باخچەی رازاوە و بە قوتابخانەیەکی قنج.. ببن بە دادەی دلۆڤـان و بە مۆستای دڵسۆزی منداڵەکانتان.. لێیان تووڕە مەبن و توندوتیژمەبن و گرژمەبن و هیچ بێزارییەکی خۆتان دەرمەبڕن.. بە پێچەوانەوە، بە سۆز و خۆشەویستییەکی زیاترەوە لە باوەشیان بکەن، بە زمانێکی شیرین و بە شێوازێکی گۆنجا، هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بکەن.. پێویستیشە پلان و بەرنامەیەکی رۆژانەی پـڕ لە خۆش و شادی و فێرکردن و هاندان بۆ ئەم دۆخەی منداڵەکانتان دابڕێژن.. تا بە دۆخێکی ئاسایی ژیانیان بزانن، ئەم شێوازەش دەبێتە، هۆی رەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکی و دڵتەنگی و بێزاری لە هەست و دەروونی منداڵەکانتان لە ماڵەوە.
جەختیش لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکانی خۆپاراستنیان بکەن، وەکو: دەست شوشتن لە پێش و لە دوای نانخوارد و دوای تەوالێت و دوای یاریکردنیان.. بە بەکارهێنانی سابوون و ئاوی شلەتێن.. بەکارهێنانی شلەی پاکژکردنەوە.. گەر پێویستی کرد بچنە دەرەوە، دەستکێش لە دەست بکەن و بە دەمامکیش دەم و لووتیان بپۆشن. دەستیان لە دیوار و شت نەدەن و تەوق لەگەڵ کەسدا نەکەن و لە شوێنی قەڵباڵغییش دووربکەونەوە، زوریش لە هیچ کەسێک نزیک نەبنەوە.. کە هاتنەوە بۆ ماڵەوەش، دەستکێشەکانیان بخەنە سەبەتەی خۆلوخاشەکەوە، پێڵاوەکانیشیان لە دەرەوە دابنێن. دەستەکانیان و دەموچاویان پاک بە ئاو سابوون پاک بشۆرن.. پاکی خۆیان رابگرن.
دایکان و باوکان: با منداڵەکانتان وێنە بکێشن، بژاردەی تابلۆکانیان لە ماڵەکانتاندا هەڵبواسن، با یاری بکەن، گۆرانی بڵێن، پێبکەن، سەیری فیلمی کارتۆن و فیلمی سینەمایی تایبەت بە منداڵان بکەن.. با توانا و بەهرەکانیان بەکاربهێنن و بیر لە داهێنان بکەنەوە.. بابەتەکانی یاری کردنەکانیان بخەن بەردەست. بە پێی تەمەن و توانایان، ئیشوکاری ئاسانی ناوماڵ دابەش بکەن بە سەریاندا.. دوایش ئافەرین و دەستخۆشی و سوپاسیان بکەن.. شەوانیش بەر لە نووستنیان، چیرۆکی خۆش و هۆنراوەی ناسک و شیرینی منداڵانیان بۆ بخوێننەوە. پێکەوە سروود بچـڕن.. نوکتە و قسەی خۆشیان بۆ بگێرنەوە.. بەم شێواز و رێگایانەوە دڵنیایی و متمانە بە منداڵەکانتان دەبەخشن. چونکە منداڵان پێویستییەکی زۆریان بە ئارامی و بە ئاسوودەیی جەستەیی و دەروونی هەیە. لەسەر ئارامی و خۆڕاگتن و دڵنیابوون رایان بهێنن.. بەمەش ئێوە لە هەمان کاتدا، دوو ئامانج پێکەوە دەپێکن و دەهێننەدی، کە فـێرکردن و خۆشی بەخشینە بە مناڵەکانتان.
بە داخەوە، کە بەشێک لە دایکان و باوکان، هەست بە هەستیاری ئەم دۆخە ناکەن و بە هەنـدی وەرناگرن.. وەکو پێویست ئاوڕ لە منداڵەکانیان نادەنەوە.. بۆیە منداڵەکانیان لە ماڵەوەدا، هەست بە ترس و دڵتەنگی و بێزارییەکی زۆر دەکەن، خوازیان بە زووترین کات بچنەوە بۆ باخچە و بۆ قوتابخانەکانیان.. ئەو دایکان و باوکانە، هـێندەی سەرقاڵی تەماشاکردنی مۆبایلەکانیان، هێندەی بە دیار تەلەفزیۆنەکان و سەیرکردنی دراما تورکییە بێ مانا و ژەهـراوییەکان کات بەسەر دەبەن ـ دەبوایە بایکۆتیانیان بکردنایەـ هێندە ئاوڕ لە منداڵەکانیان نادەنەوە و بە لایاندا ناچن.. گەیشتە ئەو رادەیەی کە منداڵان نارەزایی خۆیان دەرببڕن و رەخـنە لە دایک و باوکیان بگرن و پەیامێکیان ئاراستەیان بکەن.
زیاتر لە (١٥٠) منداڵی ئەڵمانی لە شاری (هـامبۆرگ) لە ئەڵمانیا، لە شەقامەکانی ئەم شارەدا رێپێوانێکی نارەزاییان سازکرد و پەیامێکی رەخنەئامێزی سەرنجڕاکێشیان بۆ دایکان و باوکانیان نارد، پەیامێک بۆ هەموو ئەو دایک و باوکانەی، کە منداڵەکانیان پشتگوێ خستوون و وەکو پێویست ئاوڕیان لێنەداونەتەوە.. یاری لەگەڵیاندا ناکەن. پەیامەکەش لەژێر ناونیشانی (لەگـەڵ مـن یـاری بکـە، نەک لەگـەڵ مۆبـایلـەکەتـدا)
ئەم هەڵمەتە ناڕەزاییەش لە لایەن کچۆڵەی بلیمەت و هۆشیار (ئیـمـێل رسگـیک) ی تەمەن حـەوت ساڵانەوە دەستی پێکـرد.. ئيمێل رەخنەی لە دایک و لە باوکی گرت، هـێندەی کە بە مۆبایلەکانیانەوە سەرقاڵن و کاتیان بەسەردەبەن.. هێندە ئاوڕیان لەم نەداونەتەوە.. شایەنی باسیشە کۆمەڵێکی زۆری خەڵکیش پشتیوانیان لەو منداڵانە کردن و بەشداریان لە ڕێپوانەکەیاندا کرد.
بێجگە لەو ناونیشانە، منداڵان وێنەی مۆبایلیان بەرزکردبوونەوە و هێڵی سووری راست و چەپیان بەسەر مۆبایلەکاندا هـێناوە.. گەلێ دروشمی رەخـنە ئامێزیان بەرزکردبۆوە:
“مۆبـایلەکەت داخە.. نـۆرەی مـنە”
” ئێمە دەنگمان زۆرە و قسەمان هەیە.. بەڵام ئێوە تەماشای مۆبایلەکانتان دەکەن”
” کات بۆ منداڵەکات تەرخان بکەن”
” گوێ لە ئێمە بگـرن.. نەک لە مۆبـایلەکانتان”
دایکان و باوکانی خۆشەویست: بۆ ئەوەی منداڵەکانتان گلەییتان لێنەکەن و رەخنەتان لێنەگرن.. پێویستە ئاوڕیان لێبدنەوە و باردۆخـێکی خۆشیان بۆ بڕەخـسێنن.. ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گرنگە لە ئەستۆتاندایە، بە تایبەتيش لەم دۆخە هەستیارە چاوەڕوان نەکراوەدا.. هیوادار و گەشبینیش بن.. کورد وتەنی:”لە دوی تەنگانە.. شێنەیی دێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت