زاهیر باهیر: دەوڵەتی بریتانی و دەسکەوتەکانی بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە دڵنیاییەوە قۆناخی کۆرۆنا تێدەپەڕێت و ژیانیش بە جۆرێك لە جۆرەکان دەڕوات. دوای کۆرۆنا ئابووریی بۆ ماوەیەك دەبوژێتەوە. خەڵکی لە خواردنەوە و کڕینی پۆشاك و گەشت و چونەدەرەوەی شەوانی هەینی و شەمە و ڕۆژانی یەکشەمە، هەروەها ڕۆژەکانی دیکەی پشوودا، هەقی ئەم ماوەیەش کە لە ماڵەوە دەسبەسەرکراوە، دەکاتەوە. هەموو شوێنێك جمەی دێت زۆر قەرەباڵختر دەبێت لە پێش سەردەمی کۆرۆنا.
شۆپەکان و بازاڕ و باڕ و چێشتخانە و کۆفی و چاییخانە و دەلاکخانە و جوانکاریخانە و قومارخانەکان،پارکەکان و سینەما و شانۆکان، هیچیان بەرناکەون لەو لاشەوە نرخی بیتاقەی سەفەر و گەشتکردن و شوێنە گەشتیارەکان لە بەرزبوونەوەدا دەبێت. هەلێکی چاكیش دەداتە دەست خاوەنی ئەو شوێنانەی سەرەوە کە نرخی کەرەسە و پیداویستییەکان، سەربخەن کە هاتنەخوارەیان مەحاڵ دەبێت.
ژیان ئاوا بۆ ماوەی شەش مانگ، ساڵێك، زیاتر کەمتر بەڕێدەچێت و خەڵکیش کورد وتەنی وەکو ئەوە وا دەبێت نەبای دیتبێت و نە باران. دوای ئەوە جارێکی دیکە وردە وردە بازاڕ و بازاڕیکردن و کاروباری بینا و ڕێگاو بان و ئەوانی دیکە هێواش دەبێتەوە و بڕی بەتاڵەش بەرزدەبێتەوە و باخەڵی کڕیاریش دادەتەکێتەوە. ئەو کاتەش ڕەنگە سەرمایەداریی بەدووی شتێکی دیکەدا بگەڕێت تاکو جارێکی تر خەڵکی بخاتەوە قاوغەکەی خۆی و ئەوەی بیەوێت بەسەریاندا بیسەپێنێت. ئەمەی کە دەیڵێم هەر گریمان و بۆچوونە کە پێشبینیکردنی ڕوداوەکانی داهاتوو تا ڕادەیەك ئاسان نییە.
بەڵام ئەوەی کە لەئێستادا ئاشکرایە ئەوەیە کە دەوڵەت و سەرمایەداران و کۆمپانیا گەورەکان لەم بارودۆخە، سوودمەند و براوە دەبن. من لێرەدا ئاوا هەستدەکەم کە دەوڵەتی بریتانی لەم کارەساتەی کە بەسەرمان هاتووە ئەم دەسکەوتانەی بەدەستهێناوە یا دواتر بە ەستیدەهێنێت:
ماشێنی پاگەندەی دەوڵەت لە هەموو کاتێك بەهێزترە و لە هێڕشدایە بۆسەرمان تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی کۆنترۆڵی هەموو کەس بکات. بەردەوام دەسەڵاتداران و سیاسییەکان لە میدیادا پەیتا پەیتا ئەوە دەدەن بە گوێمانا کە هەر هەموومان لە بەرانبەر کۆرۆنادا” وەکو یەکین و لە یەك کەشتیداین و کۆرۆنا یەکسانیانە کاریی خۆی دەکات”. دوای ئەوەش لەبەر ئەوەی کە لە ئێستادا تەواوی هەموو جۆرە کۆبونەوەکان لەسەر ئۆن لاین دەکرێت، زۆرر بە ئاسانی لە لایەن و پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و هەرکات بیانەوێت ورد و درشتی کۆبونەوەکان دەزانن.
سیاسەتی دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵەکانیانا و وەستانی جمووجوڵی خەڵکی بەداخستنی بازاڕ و قەدەخەکردنی خەڵکی لەچوونە دەرەوەیان و چوونە سەر کاریان، بزنسە بچوکەکان و ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن تێدەشکێنێت. بەمەش دەرفەتێکی باشتر بۆ کۆمپانیا گەورەکان دەڕەخسێنێت. زۆرێك لەمانە مایەپوچی تەواو دەبن ئەوەندە هەژار دەکەون کە ئەگەر پێشتر ژیانێکی مامناوەندیانەیان هەبووبێت، بەڵام لەمەولا ئەوانیش دێنە ڕیزەوە.
دەوڵەت لەم کاتەدا هەندێك بڕیاری گرنگی دا کە یەکێکیان دانی لە سەدا 80 ی موچەی کرێکاران و کارمەندانە. بە واتایەکی دیکە لە سەدا 20 ی کرێ و موچەیان بۆ ماوەی 3 مانگ بە فەرمی کەمکراوەتەوە، وەکو ئەوەی کە ئەم کارەساتە ئەوان خولقاندبێتان، هاوکاتیش بۆ ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن بڕیارێکی دەرکردەوە گەر چی گەلێك ئاڵۆزە، ئەوانیش شتێك پارەیان پێدەدرێت. بەم شێوەیە دەوڵەت هەموو کەسێکی کردە پاشکۆی خۆی و موچەخۆری خۆی.
ماوەیەکی زۆرە کە دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە کە سیستەمی پارەی کاش، واتە کڕین و ڕەدەڵ و بەدەڵکردنی شت بە پارەی نەختینە، لانی کەم کەمبکاتەوە. ئەم کارەش بە حسابی دەوڵەت بۆ لێدان بوو لە ئەوانەی کە بە ڕەش کاردەکەن و مافیا و قاچاخچین و زۆرر شتی تر ، کە دەبێت هەموو شتێك لە ڕێگای حسابی بانقییەوە یاخود بە کارتی بانق مامەڵەی پیوە بکرێت. ئەمەش کارئاسایی بۆ دەوڵەت دەکات گەر بیەوێت یاخود دەزگە سیخوڕییەکانی و پۆلیس بخوازن دەتوانن سەرچاوەی پارەکە و ئەو کەسانەشی کە ڕەدەڵ و بەدەڵیان بە پارەکەوە کردووە بدۆزنەوە. لەو بارەدا دەتوانن تەنانەت بزانن کە تۆ چ ڕۆژنامەیەك و چ کتێبێک دەکڕیت و دەیخوێنیتەوە ئابوونە یاخود کۆمەك بەکێ دەکەیت و بە چەندیش کردوتە. لێرەشدا ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان سواڵدەکەن، یاخود ئەوانەی کە کونی تونێلبانەکان و لۆچی دووکانەکان جێگایانە چونکە بێ خانوو بەرەن، زەرەرمەندی یەکەم دەبن.
ئەم سیستەمە ڕەنگە لەدوای قۆناخی کۆرۆنا بە ئاسانی و بە رەوتینی جێ بەجێ بکرێت بێ ئەوەی حکومەت هەوڵی بۆ بدات. لە ئێستادا ئەوەی کارتی بانقی هەبێت لەترسی لێوەتوشبوونی کۆرۆنا، پارەی کاش بەکارناهێنێت و کارتەکانی، بەکاردەهێنێت.
تەقدیری هەرزانبەهای دروستکرد بە چەپڵەلێدانی خەڵکی وەکو پرسێکی هاوپشتی بۆ کارمەندانی بەشی تەندروستی، کە نە پێنسێك لەسەر چەپڵەلێدەر دەکەوێت و نە پێنسێکیش دەچێتە گیرفانی دکتۆر و نێرس و کارمەندانی بەشی تەندروستییەوە. ئەمە لە کاتێکدا کارمەندان پێویستیان نەك هەر بەهاوکاریی دارایی زیاتر هەیە و دەبێت موچەکانیان بەرزبکرێنەوە کە لە ماوەی 10 ساڵدا بەڕێژەی لە سەدا 1 سەرکەوتووە، بەڵکو پێداویستی خۆپاراستنیشیان لە نەخۆشی کۆرۆنا پێنادەن.
لە ڕۆژی 5شەمەشەوە ، 09/04 ، لە لایەن هەندێك خەڵکەوە داوایەك بڵاوکراوەتەوە کە جۆرێکە لە باجدانە لەسەر خەڵکی. داوا لە خەڵکی دەکرێت کە خۆ بەخشانە یەکی 5 پاوەند ببەخشن تاکو یارمەتی دەزگەی بەشی تەندروستیمانی پێبدەن، وەکو ئەوەی کە ئێمە لە وڵاتێکی زۆر هەژاردا بژین . کۆکردنەوەی ئەم پارەیەش لە ڕێگای دەزگەیەکی خێرخوازیەوە یاخود چەند دەزگەیەکی خێرخوازییەوە، گوایە دەگەیەنرێتە بەشی تەندروستمیان .
دوای شکستهێنانی سیاسەتی ئابووریی لیبراڵ و نیو-لیبراڵ و بازاڕی ئازاد، لە ئێستادا دەوڵەت هەوڵدەدات کە دەستتێوەردان بکات، بە مانایایەکی دیکە کۆنترۆڵ یاخود ڕەشمەی ئابووریی بگرێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە هەندێك لە سیاسییەکان و ئابووریناسەکان باس لە تئیورەکەی ئابوورییناسی ناوداری بریتانی، جۆن کینز، John Keynes دەکەن و بە باشی دەزانن کە لە بواری ئابووریدا دەوڵەت جێ بەجێی بکات. جەوهەری تئیورەکەی ئەم ئابوورییناسەش، ئەمەیە: دەبێت دەوڵەت مەەسروفاتەکانی زیاتر بکات. چۆن ؟ بە زیادکردنی توانای کڕینی کرێکاران بۆ زیاتر کڕینی کاڵاکان. باشە ئەم یارییە گڵاوە چۆن کاری خۆی دەکات؟
گومان لەوەدا نییە کە بە چەند هۆکارێک ئەم یارییەش شکستدەهێنێت. من تەنها یەك هۆکاری ئەساسیی دەڵێم کە ئەویش وەکو زۆر شتی تر کە ئابوورییناسانی لیبراڵ دەیکەن ئەمەش یارییەکی سیاسیانەیە نە چارەسەریی گرفتە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵ. بۆچی؟ جونکە بە دەستێك باخەڵی کرێکاران بەتاڵ دەکات و بە دەستەکەی دیکە پری دەکات.
لە کاتێکدا بەشێکی زۆری کرێکاران و کارمەندان بەهۆی ئەم بارودۆخەوە لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن، دوای کۆرۆناش زۆربەیان لەگەڵ ئەم تەرزەی ژیانیانا و لە ڕوی پارەی هاتووچۆ و سەلامەتی ڕێگا و وەخت گەڕانەوە و کەمکردنەوەی مەسرەف لە خۆڕێکخستن و نوێکردنەوەی پۆشاك و ئاگابوون لە منداڵان، گەر هەیان بێت ، ڕادێن . دواتر ئەوە دەبینن ئەمە باشترە بۆیان، لەبەر ئەمەش ڕەنگە ئەمە ببێتە شێوازێکی باویی کارکردن و زۆر لەو کرێکارانە نەگەڕێنەوە بۆ کارکردن لە ئۆفیسەکانیانا، هاوکاتیش ئەمەش خاوەنکار سوودی لیدەبینێت کە چۆڵکردنی هەندێك لە ئۆفیسەکانی دەبێت کە لێرەشدا پارەی کرێ و ئاو و کارەبا و غازی بۆ دەگەڕێتەوە. لەمەش گرنگتر بۆ خاوەنکار، دەتوانێت دەستبەرداری هەندێك لە تەکنیکشن و پاسەوانی بیناکە و سکوێرێتی و کرێکارانی صیانە و… تد ببێت .
خاڵیکی دیکەش ئەوەیە کە لەم هەل و مەرجەدا کرێکاران پەیوەندییان لەگەڵ هاوکاران و خەڵکانی دیکە و تێکەڵاوبوونیان بە خواردنەوەی بیرەی دوای سەر کار و ئاهەنگی ڕۆژی لە دایکبوون و…. زۆری تر لە ئەمانە لە دەستدەدەن. لەمەش خراپتر کە لە دەستی دەدەن چالاکی و گەرموگوڕی پەیوەندی نقبیانەیانە. لە م بارەشدا کارکردن لە ماڵەوە تا ڕادەیەك خۆی و نقابەکەی زەرەرمەند دەبن، نقابە و ڕۆڵەکەی لاواز و لاوازتر دەبێت، بە مانایەکی دیکە خاوەنکار سوودمەند دەبێت.
کاری خراپتری وەکو ئەمە ڕەنگە لە بوارەکانی دیکەدا ڕووبدات. بۆ نموونە لە پێش ئێستادا هەندێك جار کە گرفتی تەندروستیت هەبوو لەبری ئەوەی دکتۆر بیبینیتایە بە تەلەفون قسەی لەگەڵتا دەکرد، گەر زۆر پێویست بوایە ئەوە کاتت بۆ دادەنرا کە بچویتایە بتبینیایە. لە دوای قۆناخی کۆرۆنا لەوە دەکات کە ئەمە ببێتە سیاسەتی بەشی تەندروستیی و ببێتە کارێکی رەوتین ئیتر دکتۆر تۆ نابینێت گەر زۆر زۆر پیویستی کرد ئەو کاتە کاتت بۆ دەکات تاکو بیبینیت. بی گومان ئەمەش بە قازانج بۆ دەوڵەت یاخود بۆ بەشی بەڕێوەبەرانی تەندروستی دەگەڕێتەوە چ لە بچوککردنەوەی ئۆفیسەکانا و چ لە کەمکردنەوەی دکتۆر و کارمەندانی تەندروستیدا.
سەراپای ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بزوتنەوانەی کە هەبوون کۆرۆنا لەناوی بردن. لە بریتانیا لائیحەیەکیان بە ناوی کۆرۆناوە کردە بریار کە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆریان دا بە پۆلیس و هەندێك لە ئازادیی خەڵکیان کەمکردەوە. ئەم بریارەش بۆ دوو ساڵە گەرچی هەموو 6 مانگ جارێك پیایدا دەچنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا هاوکاتیش ئاسۆیەکی ڕونیش هەیە:
کۆرۆنا و دەستبەسەرکردنی خەڵکی لە ماڵیاندا لایەنی ئەرێینیشی هەیە کە ئەویش هەستانەوەی هەست و خۆشەویستی و بەرپرسیاریبوونە بەرانبەر بە یەکدی، پشتبەستن و هاوکاری یەکدی ، لێپرسینەوە و دروستکردنەوەی پەیوەندی مرۆیانەی بێ بەرانبەریی لەتەك یەکدی، کە زۆر دەمێکە سیستەم و میدیاکەی ئەوانەی سەرەوەی لە خەڵک کردۆتە نەك هەر دیاردەیەکی نەیار و نەخوازراو، بەڵکو گومانداریشی کردون.
دەوڵەت نایەوێت ئەو هەست و هاوکارییە لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵدا هەبێت. تەفروتونابوونی تاك هەر کەس بۆخۆی، لە قازانجی ئەوە، دوورکەوتنەوە و بڕواکردنە سەر دەوڵەت و بەرپرسان و سەراپای دەزگەکانی لە سوودی ئەوە. کەمکردنەوەی متمانەی تاك، خەڵکی بە خۆی، یانی متمانە بوون و گەورەبوون و بەهێزبوونی ڕۆڵی دەوڵەت، بۆیە دەوڵەت هەمیشە لە هەڵپەی ئەوەدایە.
میدیای فەرمی کە زمانحاڵی سیستەم و دەوڵەتە لە هەوڵ و کۆششی ئەوەدا بووە: کە تۆ بۆ خۆت بژیت ، هەقی کەسی دیکەت نەبێت، خۆت یەکەمیت و خەڵکانی دیکە دووەم و سێیەم، دەوڵەت بەرپرسە لێت و بیمەی بۆ بڕیویتەوە، سەدەها دەزگەی خێرخوازی هەیە و دەرفەتی یارمەتیدانیان بۆ ڕەخساندویت، گەر پێویستت پێیان هەبوو…..
ئەوەی کە لەم بارودۆخە نالەبارەدا بەڕێ دەچیت خۆشبەختانە دروستبوونی هەزاران گروپن کە بێ بەرانبەر لە هاوکاری و کۆمەککردنی یەکدی و خەڵکیدان. ئەو گرووپانە کارو پیداویستی گەورە نیشاندەدەن و پێی هەڵدەستن هەر لە تەلەفونکردن و قسەکردن لەتەك ئەو سەدەها پیر و پەککەوتە و خەڵکانی خاوەنپێداویستی تایبەتی تاکو ئارامیی و متمانە و پەیوندی نێوانی مرۆڤەکان بگێرنەوە، ئەمە جگە لە هاوکاری دەرمان وخۆاردەمەنی و شۆپینکردن بۆیان، تا دەگاتە شیوەیەك لە خۆڕێکخستن و یەکدی ناسین و کردنی قسە و باس و گرفتەکان لەگەڵ یەکتر.
ئەمە ئاسۆیەکە کە گزنەیەك لە هەتاو لێوەی سەردەهێنێ و ڕەنگە ببێتە هیوایەك بۆ شتی گەورەتر، بە دووکەوتنی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری و گلان لە بزوتنەوەیەکەوە کە هەر هیچ نەبێت هەنگاوێکی گەورە بێت لە کورتکردنەوەی دەستی دەوڵەت و دەسەڵاتداران.