پشکۆ ئەمین: پاش کۆرۆنا دەبێت چیبکرێت و ژیان چۆندەبێت؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆرۆنا تەنها ڤایرۆسیکی کوشندە نەبوو بۆ مرۆڤەکان نا، کۆرۆنا گەورەترین تەحەداش بوو بۆ رژیمە لیبرالە بیرۆکراتیەکان. تواناکانی دەرخستن ئاشکرایکردن، کە ڤایرۆسیکی پچووک دەتوانێت ئەو دەسەڵاتدارە زلانەی، کە خوای سەرئەرزبوون بیانهێنیتە سەرچۆک و، دەستەوەستان لە بەردەم هێزیکی نادیاری زۆر پچووکدا هیچیان پێنەکرێت. ئیستاش نازانین، کە چەند گیانیتر دەستێنێت و دەکوژێت نازانین کەی کۆتایدێت، نازانین چی بکەین لەکوێوە دەست پێبکەن، چۆن لەم نەهامەتیە رزگارمان دەبێت، کامیان راستەو کامە خراپ.
دەست پێکردنەوەی ژیانی رۆژانە لەسایەی کۆرۆناداو، کردنەوەی شوێنە گشتیەکان یان جارێ هەر داخستن و خۆ کەرەنتینەکردن، پرسیارەکان بێوەڵامن، وەڵامەکان قورسن، کەس ناوێرێت ئەوەی دەیەوێت بیڵێت. چوونکە تا ئەمرۆ نازانین ئای دەتوانرێت لە ئاستیکی کەمدا ژمارەی تووشبون و گیان لە دەستدان راگرن؟ کەس ناتوانێت وەڵامبداتەوە نە زانای ڤایرۆس نە پرۆفیسۆرەکانی نەخۆشخانەکان نەئابوری ناسەکان نەکۆمەڵناسەکان. ئەمانە هەریەکەیان بۆچوونێکی جیاوازی هەیە بەرامبەر بە وەڵامە قورسەکە و، هەر یەکەشیان لە بۆچوونی خۆی و زانیاریەکانی و پەیوەندی بە کارەکەیەوە لێکدانەوە و باسی زیانەکانی کۆرۆنا دەکەن، هەمووشی جیاوازن لە یەکتری پاش ئەو هەموو زیانە گیانی و مادی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەی کۆرۆنا گەیاندی، دەبێت بیر لە پاشە رۆژی دوای کۆرۆنا بکرێتەوە. هەربۆیە سیاسیەکان و چاودیرەکانی جیهان کاتیک باس لە دنیای پاش کۆرۆنا دەکەن هەر یەکەیان بەجۆریک باسیدەکات، ترس و دڵەراوکیی لای ئەم سیاسەتمەدارو ئەو چاودێرو ئابوری ناس زیاتر و گەورەترە لەترس و دڵە راوکێی ئەویتریان، ترسەکە رۆژ بەرۆژ زیاترو گەورەتر دەبێت.
ترسە زۆرەکە لەوەدایە، پاش کۆرۆنا ئەوەی مرۆڤایەتی بە خەباتی سۆسیال و دیموکراتیەوە دروستیکردوە، هەمووی هەڵوەشیەتەوەو نەمێنێت، کۆمەڵگا وایلێدێت ئەوەی هەژارکەوت و مایەپووچ بوو نەتوانێت سەردانی دکتور بکات، هەموو دامەزراوە سۆسیالەکان کەلە بەرژەوەندی کۆمەلگەدا دروستکراون نەمینین و هەلوەشینەوە،
مارگریت تاتشەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا 1987دا وتی(تا ئێستاش شتێک هەیە وەک کۆمەڵگا ) ئەم نوییە لیبراڵە رادیکاڵەی بازاری سەرمایەداری، دەڵێت: شتێک نیە بەناوی کۆملگە، لە سەرمان پێویستە کە پاریزگاری لەخۆم بکەم پێش دراوسێکەم، ئەم بیرکردنەوەیە ئایەتی قورئانی هەموو لیبرالەکانە.
کیسنجەری 96 ساڵە کاتێک باس لە ترسی کۆرۆنا دەکات و، دەڵێت: ئەو ترسەم لێدەنیشێت کە لەکاتی جەنگی دووهەمدا لێمنیشت، کاتێک لەسوپای ئەمریکیدا سەربازبووم و سوپای ئەڵمانی لێمان نزیکدەبوەو زۆر ترسام کە گەر دەستگیرکریم چیم لێدەکرێت. کیسنجەریکی قاڵبووی سیاسەت و شارەزا کورد واتەنی، لە سەدان ئاوی داوەو قولەپێی تەرنەبوە، بە راوردی ترسی نێوان گرتنی خۆی لە جەنگداو ترسانی لە رووداوەکانی پاش کۆرۆنا دەکات. دەبێت ئەم ترسە زۆرەی لە کۆرۆنا لەکوێوە سەری هەڵدابێت وا بەو ترسە زۆرەی ئەو رۆژەی بەراورد دەکات. کیسنجەری جوولەکە لە دایکبووی ئەڵمان هەڵهاتوو لە ئەڵمانیاو ئێستا وەک سەربازیکی ئەمریکی دووژمنی ئەڵمانیا هاتۆتەوە و شەردەکات، دەزانێت گەر بگیرێت چی چاوەروانی دەکات. بۆیە ترسێکی گەورەی لێنیشتوە و بەراوردی ترسی کۆرۆنا دەکات بەهەمان ترس و باس لە پاشە رۆژی دوای کۆرۆنا دەکات، کە دنیای پێش کۆرۆنا دنیای پاش کۆرۆنا نابێت.
پێویستە بزانین پاش ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی روودانی جەنگی جیهانی هەیە، لە پێناو دەستگرتن بە سەر بازاری جیهاندا، جەنگی هەیمەنەی نێوان ئەمریکاو چین، کامیان براوە دەبن، مرۆڤایەتی بۆ کوێ هەنگاو دەنێت. دنیای عەولەمە و دنیای لیبراڵ و لیبرالی نوێ و دنیای نەمانی سنورەکان و یەکیەتی ئەوروپا و گ 7 و گ 20 ، نەتەوە یەکگرتوەکان و ریکخراوی تەندروستی جیهانی ریکخراوەکانی ئازادی و دیموکراسیەت و مافی گەلان دەکەونە کوێی ئەم هاوکیشەیەوە و، چیان بەسەردێت.
بێگومان قەیرانەکان زیادەبێت، بەشێکی زۆری وڵاتان دەکەونە ژێر قەرزێکی زۆر، کە بە هۆیەوە دەیان کارگەی پچوک و ناوەنجی و گەورە دادەخرین و لەگەڵ ئەم قوفڵدانەدا گرانی و بێکاریەکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.جگە لەوەی بەشیکی زۆری دانیشتوانی وڵاتان لە نێوان خۆیاندا بۆ چوونەکانیان جیاوازدەبێت، بەرامبەر بە حوکمەت و دەسەلاتدارەکانیان، دروستبوونی بێمتمانەیی نێوان گەل و دەسەڵات.
تورکیا کاتێک قەدەغەی هاتوو چۆی راگەیاند، نەخۆشیەکە بەتەواوی بە وڵاتەکەدا بڵاو بووبوە، کاتێکیش رێگە چارەی قەدەغەکردنی راگەیاند، تەنها دوو کاتژمێر کاتیدا بە هاووڵاتیان بۆ خۆ ئامادەکردن و کرینی شتومەک و بەدەست خستنی خواردن و پیویستی ژیان. ئەمە بووە هۆی دروستبوونی شەڕو ئاژاوەیەکی زۆر، هۆکەشی تەنها گوێنەدان بوو بەژیان و مردن و گوزارانی خەڵک و دژایەتی ئەو رێگە چارانەی، کە نوێنەری ئۆپۆزسێون دەیویست پیادەی بکات. مەترسی زیاتر بوونی دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتەکان روو لە زیادبوون دەکەن و دیموکراسیەت و ئازادی ئاشتی و خۆشگوزەرانی هاوولاتیان پاشەکشە دەکات، تەنانەت لە گەورەترین وڵات و زلهیزی وەک ئەمریکاشدا. چوونکە نەزانێکی وەک ترەمپی خۆ بە شارەزاو بە هەموو شتێکزان دەیبات بەرێوە و بەهۆی ئاژاوەو جیاوازی بیرو بۆچونی نێوان کۆشکی سپی و دیموکراسە ئۆپۆزسیونەکە بووە هۆی ئەوەی شاریکی گەورەی وەک نێورک بەو دەردەببرێت کە دەبینرێت.

بێگومان گەر کۆرۆنا هەموان بەهۆش نەهێنێتەوە و بە ئەقل و ئاوەز نەکەنەوەو، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ زیاتربوونی هەژاری و نەهامەتیەکان نەدرێت، لەلایەن دەسەڵات و رابەری دلسۆزەوە بە فکرێکی روون و بەهۆشی کراوەوە کار لەخزمەت میلەتدا نەکات و بەرژەوەندی تاکەکانی میلەت لەبەرچاو نەگریت و هەوڵی دروست نەدات بۆ نەهیشتنی هەژاری و برسیتی، ئەوا گرانی و نەهامەتیەکانی سەردەمی کۆرۆنا هەر دەمێنین و زیاد دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە و ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی پێکەوە ژیان.
هەندێک لەشارەزایان گۆرینی پەیوەندی نیوان ئاو هەواو سروشت، وە گەرم بوونی پلەکانی گەرمای سەرگۆی زەوی و پەیدابوونی ئەم ڤایرۆسەدا لەمکاتەدا پێکەوە دەبەستنەوەو پێیان وایە، کە پەیوەندیان پێکەوە هەبێت، دەڵێن ناکرێت باس لە سوتان و برینەوەو نەمانی ئەو هەموو دارستان و درەختەی لە غاباتەکانی ئەمەزۆن و ئوسترالیادا روویانداو روو دەدەن لەگەڵ سوتان و نەمانی ملێونان گیاندارو ئاژەڵانیش وە پەیدابوونی ڤایرۆس و ئەو گۆرینانەی لە سەر ئەم کەونەدا روودەدەن، پێکەوە گرێیان نەدەین.
دەڵێین ، رەنگە ڤایرۆسەکە بڕوات و نەمێنێت بەدۆزینەوەی پێکوتەیەک یان دەرمانێک. بەڵام گەرمبوون و تێکچوونی پلەی گەرمای زەوی و ئاو هەوا گەر چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزریتەوە هەر بەردەوام دەبێت. خۆ گەر کەسێک بێت و بڵێت ڤایرۆسەکە ئێستا سەرگەرمی کوشتنمانە و دەمان کوژێت، دەبێت بڵێین راستە. بەڵام پلەکانی گەرمای زەویش رۆژ بەرۆژ لە سەرکەوتندایە و زەوی گەرمتردەبێت، بۆیە دەبێت بڵێین ڤایرۆس و گۆرینی کەش و هەواش پێکەوە گرێدراون و ناکرێت واز لە یەکێکیان بۆ ئەویتریان بهێنین. گەرمبوونی گۆی زەوی ژیان سەرتاپا دەگۆرێت و ژیان دەوەستێنیت، دنیا تەفرو تونا دەکات. رەنگە بشبێتە هۆی پەیدابوونی ڤایرۆس و پەتای زۆر کوشندەتر لەکۆرۆنا. دەڵێن تائیستا دەوترێت ئەم ڤایرۆسە لە شەمشەمەکوێرەوە پەیدابووە. بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەردوو نەهامەتیەکە. هەروەها هەوڵبدرێت کە بازارێکی نوێ بۆ ئاڵوگۆری ژیان و شیوە سیاسەتیکی تر پیادەبکرێت، کە تیایدا مرۆڤ سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتبیت. جیا لە سیاسەتی سەرمایەداری بازرگانە لیبراڵ و لیبراڵە نوێکان، کە تەنها پاریزگاری لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن. بۆیە باشتروایە پاش کۆرۆنا دەسەڵاتداران بە چاویکیترو بە ئاگاوە تێروانینێکی تازەیان هەبێت بۆ ژیان و بازار و کۆمەڵگەو جیهانبینی. بەلێکدانەوەی نوێو خێرا بەرەنگاری گۆرینەکانی چواردەورمان و بەرز بوونەوەی پلەی گەرمای زەوی ببنەوە، رێگە چارە بۆ زیاد نەبوونی دووهەم ئوکسیدی کاربۆن بدۆزنەوە، هاوڕییەتی و تەبای نێوان سروشت و مرۆڤ زیندوبکەنەوە.
بۆ ریگرتن لە نەهامەتیەکان چارەسەری خێرا بدۆزنەوە بۆ بواری تەندروستی و ئابوری و دۆزینەوەی زیاتری هەلی کار، بەپێی راپۆرتیکی بانکی فیدراڵی ئەمریکی دەڵێت لەم هەفتەیەی پێشوودا 10 ملیۆن کەس بێکاربووە لە ئەمریکادا راپۆرتەکە دەڵێت: گەر بێتو بەم شیوەیە ژمارەی بێکاری بەردەوامبێت، ئەوا ریژەکە لە %30 تێدەپەرینێت. ئەم ژمارەیەش زیاترە لە ژمارەی بە تاڵەی سەردەمی ئەزمەی ئابوری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسالی 1929دا، هەر ئەمەشە کە پاپا فرانسیسکۆس هاوار دەکات و دەڵێت ( کە سەرمایەداری لە رەگەوە نا یەکسانانە دابەش بوە). بۆیە باشترە کە سەرمایەدارە خاوەن کارگەکان لە باتی هەوڵدان بۆ زیاتر چەوساندنەوەی مرۆڤ، وە سۆسیالیستە مارکسیەکانیش لە باتی خەون بە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریای مارکسەوە ببینین، باشترە کە هەردوولایان لە خزمەت مرۆڤایەتیدا ئاقڵانەتر بیربکەنەوە و رێگە چارەیەکی گونجاوتر بدۆزنەوە بۆ دابەشکردنی کارو سەرمایە و پیادەکردنی ئازادی و سەروەری یاسا لە نێو کۆمەلگەی مرۆڤایەتیدا لە پێناو زیاتر خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان و ( بنیاتنانی کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان )ی پاش کۆرۆنا.