زەبەنگ بەهادین: له‌تبوونى هه‌رێم، پێوه‌دان خۆشتره‌ له‌ گیزه‌گیز.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خاتونى راوێژكارى ئه‌لمانیا (ئه‌جیلا میركڵ) زۆر كارامانه‌ توانیویه‌تى سه‌رۆكایه‌تى وڵاتى ئه‌ڵمانیا بكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى، كه‌ ئه‌ڵمانیا پێكهاتووه‌ له‌ 16 شازده‌ هه‌رێم ئه‌مه‌ پێى ده‌وترێت هونه‌رى به‌رێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تى سه‌ركه‌وتوو. كاتێك وشە‌ى سه‌رۆك ده‌درێته‌ پاڵ كه‌سێك ده‌بێت هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانى سه‌رۆكى تێدا به‌دیبكرێت، یه‌كێك له‌گرنگترین خه‌سڵه‌ته‌كان یه‌كسانى بینین ویه‌كسانى مامه‌ڵه‌یه‌ له‌ به‌رێوه‌بردندا.
له‌ ناو هه‌رێمى كوردوستانى باشوردا تا ئێستاش ساغ نه‌بۆته‌وه‌ ئایا حكومه‌تى مه‌رجعه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى به‌رێز (مسعود بارزانى) باوك، یان حكومه‌تى سه‌رۆكایه‌تىیه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تى برازا به‌رێز (نچیرقان بارزانى) سه‌رۆكى هه‌رێم. یاخود حكومه‌تى په‌رله‌مانیه‌، كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌سه‌لاتى به‌رێوه‌بردنى هه‌بێت له‌ژێر چاودێرى په‌رله‌ماندا به‌سه‌رۆكایه‌تى به‌رێز (مسرور بارزانى) كورى گه‌وره، یاخود زیاتر حكومه‌تى حیزب و بنه‌ماڵه‌كانه‌. ئه‌مه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ ده‌گوزه‌رێ له‌هه‌رێمدا نه‌ك به‌ته‌نها ئێستا بگره‌ هه‌میشه‌ دوو ئیداره‌ى به‌روونى دیاره‌ له‌به‌رێوه‌بردن و ئیداره‌دانى زۆنى زه‌رد و زۆنى سه‌وز كه‌چه‌ندێك زاڵه‌ به‌سه‌ر عه‌قلیه‌تى هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ هه‌رێمى كوردوستان، به‌ڵام زۆر جار لەكاتی ته‌نگانه‌و گرفتەكاندا دوو ئیداره‌ی زیاتر‌ زه‌ق ده‌بێته‌وه‌ ئاماژه‌كانى روونتر ده‌خوێندرێنه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تاى په‌یدابوونى په‌تاى كورونا ركابه‌ریه‌كى زه‌ق ده‌بینرێت له‌ نێوان ئیداره‌ى هه‌ولێر و ئیداره‌ى سلێمانى ته‌نانه‌ت له‌ژماره‌ى توشبووان و له‌ ژماره‌ى چاكبوه‌كان له‌ژماره‌ى تێسته‌كان له‌ پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزاریه‌كان، ته‌نانه‌ت له‌و یاسا ورێنمایانه‌ى ده‌رده‌كرێت له‌هه‌ردوولا. ئه‌وه‌ى كه‌زۆر روون و ئاشكرایه‌ كه‌رتى ته‌ندروستى له‌سلێمانى زۆر باشتر ماوه‌ته‌وه‌ له‌ به‌رئه‌وه‌ى تا ئێستاش زۆرینه‌ى سێكته‌ره‌كان حكومین و نه‌كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست سه‌رمایه‌داران و كه‌رتى تایبه‌ت، هه‌رچى هه‌ولێره‌ بوراى پزیشكى زۆرتر به‌ره‌و كه‌رتى تایبه‌ت رۆشتووه‌ كه‌ نه‌نگیه‌كانى ئه‌م جۆره‌ له‌كاتى نه‌هامه‌تیه‌ گه‌وره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ ده‌بینین سه‌ره‌راى هاوكارى كه‌مى حكومه‌ت بۆ سیكته‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سلێمانى با‌شتر زاڵبووه‌ به‌سه‌ر كۆسپه‌كاندا و له‌ پێشتره‌ له‌ رێژه‌ى چاكبونه‌وه‌ى له‌ فایرۆسه‌كه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌و قسانه‌ى پارێزگار سلێمانیه‌ كه‌ وه‌ك دوا هاواره‌ بۆ حكومه‌ت تا به‌هانایه‌نه‌وه‌ بێن، گه‌ر ئه‌و قسانه‌ى ئه‌و به‌رێزه‌ دوورن له‌ راستى فه‌رموو با وه‌زیرى ناوخۆ ئیجرائاتى یاسایى بكات به‌رامبه‌رى ئه‌گه‌ر راستیشه‌ كه‌واته‌ بۆ ئه‌م جیاكاریه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ تۆخكردنه‌وه‌ى دوو ئیدارى نیه‌؟
زینى وه‌رتێ، كه‌ركوك، مه‌خمور، دێگه‌ڵه‌، ئه‌مانه‌ ده‌بێت به‌رده‌وام ترسبن له‌ مێشكى خه‌ڵكدا بۆ زیندووبوونه‌وه‌ى دوو ئیداره‌ى، رۆژێك رێگه‌نادرێت غاز لێره‌وه‌ بروا رۆژێك رێگه‌نادرێت به‌نزین له‌وێوه‌ بێت به‌رده‌وامى جیاوازى مامه‌ڵه‌ ده‌بینین، له‌هه‌ولێر وا بروا شه‌قامى 200 مه‌تریش ده‌ستپێده‌كات له‌ سلێمانى نه‌ك 100 مه‌ترى بكره‌ حكومه‌ت ئاماده‌ى 75 مه‌تریش نیه‌ دروستبكات، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهاتى ناوخۆ كاره‌كان به‌ زووى جێبه‌جێده‌كرێن، به‌ڵام بۆ به‌خشینه‌كان زۆرى ده‌وێ تا نوسراو بۆ وه‌زاره‌تى دارایى ده‌كرێت بۆ دابه‌شكردنى هاوكاریه‌كان.
لێره‌دا ئەوەی جێگه‌ى تێرامان وه‌ستانه‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌ كه‌ له‌سه‌ر كۆى ئه‌م كێشانه‌ هیچ قسه‌یه‌كى نیه‌ هیچ هه‌لوێستێكى نیه‌ له‌كاتێكدا پێویست بوو به‌رێزیان بهاتنایه‌ته‌ سه‌رخه‌ت و ئه‌و ترس و جیاوازیه‌یان بره‌وانایه‌ته‌وه‌ لاى خه‌لك.
كۆرونا خه‌ڵكى گیرایه‌وه‌ بۆ نیشتیمان په‌روه‌رى، به‌ڵام جوڵانى هێزه‌كان دووباره‌ رۆحى نه‌ته‌وایه‌تى كالده‌كاته‌وه‌ لاى خه‌لك، قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ پابه‌ندبوونى خه‌لكى نیشاندا به‌یاسا و رێنمایه‌كان، به‌ڵام ره‌تكردنه‌وه‌ى لامه‌ركه‌زیه‌ت و حساب نه‌كردن بۆ یه‌كترى له‌یه‌كه‌ كارگێریه‌كان یاساكانى شكانده‌وه‌.
ئه‌وه‌ خه‌ڵك نیه‌ باسى دوو ئیداره‌ى ده‌كات یان زه‌قیده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ حیزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات خۆیانن به‌كرده‌وه‌كانیان له‌رێگه‌ى كادر و لایه‌نگرانیانه‌وه‌ ترسێك و خه‌مێكى دى بۆ خه‌ڵك زیادده‌كه‌ن، هه‌ندێك جار خه‌لك له‌ بێزاربوونى له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ ترسناكانه‌ ده‌گاته‌ تینى و ده‌ڵى پێوه‌دان خۆشتره‌ له‌ گیزه‌گیز، فه‌رموون ئه‌گه‌ر پێتانناكرێت به‌شێوه‌یكى سیستماتیكى ته‌ندروست به‌ریوه‌به‌رن با‌ به‌ شێوه‌ى لامه‌ركه‌زیەت ببرێت به‌رێوه‌.
له‌ ئێستادا تواناكانى هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان و مه‌رجه‌ع ده‌رده‌كه‌وێت تا بزانین وڵاتی ئێمه‌ له‌ژێر سایه‌ى چ ده‌سه‌لاتێكدا گوزه‌رده‌كه‌ین تا ئه‌ویان بهێلینه‌وه‌ ئه‌وانى دى لابه‌رین و نه‌بن به‌بارگرانى به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌وكات حكومه‌ت پاره‌یه‌كى باشى بۆ ئه‌گه‌رێته‌وه‌ ئه‌توانێت له‌سوودى هاوڵاتیانن به‌كاریبهَنێـت.
ئێستا پێویستمان بە کەسێکە هەموو ئەم خەمانە برەوێنێتەوە کەسێک بە ئاراستەیەکی نەتەوایەتی راستەقینە سەرکردایەتی بکات کەسێکمان ئەوێ دۆخەکان بباتە کەناری ئارامی، بە تایبەت لەم ساتانەدا، کە بەڵایەکی تەندروستی بەرۆکی جیهانی گرتوە کە بە دڵنیای لە دوای ئەمە گرفتی ئابوری دروست دەبێت ئێستا ئەرکی سەرۆکی هەرێم لە هەموو کات گرنگترە کە بتوانێت باڵانس رابگرێت و بتوانێ بە یەک چاو سەیری هەموو پارچەکانی هەرێم و کوردوستان بکا، ئەوەی خەڵک دەترسێنێ ئەوە خەڵک خۆی نی یە ئەوانەن کە سود مەندن لەو کارە.