نەوزادى موهەندیس: جیهان لەدواى پەتاى کۆرۆنا بەرەو کوێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پەتاى کۆرۆنا مێژووى جیهانى کردە دوو قۆناغى زۆر لێک جیاواز لە سەدەى بیست و یەکدا و، بوە هۆکار بۆ ئەوەى ئیدى هەموان سەیرى جیهان بکەن لە پێش کۆرۆنا و لەدواى کۆرۆناوە وەک خاڵێک و وێسگەیەکى جیاکەرەوە. زۆرێکیش لەسەر ئەو ڕاستیە کۆکن، کە نابێت جیهانى پێش کۆرۆنا هەروەکو خۆى بمێنێتەوە و بەهەمان دید و تێڕوانین و پلان و پێوانە و تێگەیشتن بۆ ڕووداوەکان و ململانێکان و چارەسەریەکان و کارەسات و هەڕەشەکان و قەیرانەکان بڕوانن. چونکە کۆرۆنا هەندێک ڕاستى تاڵى وەبیر تەواوى مرۆڤایەتى هێنایەوە لە زلهێزەکانەوە تا هەژار و کەمدەرامەتەکان لە کەسایەتى و حکومەکەان و کۆمپانیاکان و… هتد. کە تەنها ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا و قەیرانەکان ئەرکى سەرەکى هەر وڵاتێک یان تەنها سەرکردەیەک نیە، بەڵکو ئەرکى هەموانە و هەموو جیهان پێکەوە ڕووبەڕووى مەترسى دەبێتەوە و هەربۆیەش دەبێت هەموانیش پێکەوە بەرگرى بکەن و هەوڵى زاڵبون بەسەریدا بدەن، ئەمە لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە تەنها ڕاگرتن و کۆنتڕۆڵکردنى ئەم پەتایە بەس نیە، بەڵکو دەبێت بەهەمان هێز و توانا و پێکەوەییەوە کار بکەن بۆ بنەبڕکردنى ئاسەوارە خراپەکانى و ڕێگەگرتن لە زیاتر قوڵبونەوە و شۆڕبونەوەى بۆ ناو تەواوى ئۆرگان و جومگەکان ژیانى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و تەندروستى و… هتد.
کۆڕۆنا بۆ خۆشى بریتیە لە ڕووداوێک لەو زنجیرە دوورودرێژەى ڕووداوەکان، کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دێن و نەیەکەم ڕووداو دەبێت و نە دواهەمیش دەبێت، بەڵکو ڕەنگە لەدواى کۆرۆناش جۆرەها ڕووداو و پەتا و ناخۆشى و نەخۆشى و قەیرانى تر بێنە پێشەوە، کە لەئێستادا لە خەیاڵدانى هیچ کەسێکماندا نەبێت. پێویستە مرۆڤایەتى بۆ هەموو ئەگەرەکان خۆى ئامادە بکات و پلانى زانستى و واقعى هەبێت، نەک وەک کۆرۆنا، کە هیچ وڵاتێک لە زلهێزەکانەوە تا هەژارەکان هیچیان نەپلان و نە خۆئامادەکردنیان هەبوو، هەربۆیە زۆرترین ژمارەی توشبون و کەرتى تەندروستى و ئابورى و کۆمەڵایەتى هەندێک وڵات هێندە کاریگەربوە، کە شڵەشاژنى تەواوى پێوە دیارە و حکومەتەکان دەستەوستان ماونەتەوە.
هۆکارى زاڵنەبوون بەسەر کۆرۆنادا وەکو پەتاکانى تر، بریتیە لە توندبونەوەى ململانێ نێودەوڵەتیەکان لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە نەبونى هەمئاهەنگى و کارى پێکەوەیى لە نێوان وڵاتاندا ئەمەش بریتیە لە ڕەنگدانەوەى بێ سەرکردایەتیەکى بەهێزى خاوەن بڕیار لە جیهاندا، کە هەرچەندە ئەمریکا تاکە زلهێزى دونیایە بەڵام لەهەموان دەستەوستان تر دەرکەوت لەم قەیرانەدا.هەربۆیە ڕووبەڕووبونەوەى کۆرۆنا کارى پێکەوەیى گەرەکە و هیچ وڵاتێک بەتەنها ناتوانێت کۆنتڕۆڵى بکات چونکە ئەم پەتایە نە سنورەکان و نە نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکان ناناسێت و هەموانى تێپەڕکردوە و ئاشتى تەواوى جیهانى خستۆتە بەر مەترسیەوە.چونکە بەداخەوە هەر وڵاتە و بەتەنها لەخەمى خۆیدایە و دەڵێت ((من)) و ناڵێت ((ئێمە))کە ئەمە بنەچەى کارەساتەکەیە. بۆیە دەبێت هەموان هەوڵ بۆ پاراستنى تاک بەتاکى مرۆڤایەتى بدەن لەهەر جێگەیەک بێت چونکە پاراستنى تاکێک پاراستنى هەموو جیهانە.جاکاتێک زلهێزێکى وەک ئەمریکا یان چین یان ئەوانى تر تووشى ئەم پەتایە دەبن نابێت ئەوانى تر لەدوورەوە سەیر بکەن و بەجێیبێڵن بۆ چارەنوسى خۆى،چونکە شکستهێنانى زلهێزەکان شکستهێنانى ئەوانى تریشە. ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا سیستەمێکى جیهانى باوەڕپێکراو نیە،ئەوەتا تائێستا نەتەوە یەکگرتوەکان کۆنەبۆتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى ئەم پەتایە کە ئەرکى سەرەکى بریتیە لە پاراستنى ئەمن و ئاسایشى نێودەوڵەتى و جیهان.
کۆڕۆنا لەگەلێک بواردا کاریگەرى خراپى بەجێهێشتوە ،هەر لە بوارى ئابورى و کۆمەڵایەتى و تەندروستى و و سیاسى و… هد. لەبوارى ئابوریدا بۆنمونە تەنها لە ئەمریکادا 25 ملیۆن کەس بێکار بوون و بودجەى ساڵانەى ئەمریکا توشى کورتهێنان هاتوە بەبڕى 1 تریلیۆن دۆلار و ئابورى لێکهەڵوەشاندوە و بۆتە هۆى زیادبوونى قەرزى دەرەکى و زیادبونى کورتهێنانى بودجە و دەیان گرفتى تر. جائەمە بەسەر ئەمریکادا هاتبێت ئەوا بۆ ئەوانیتر زۆر خراپتر بوە کە لە بنەچەدا ئابوریەکانیان لاوازە یان تاک سەرچاوەیە.لەڕووى کۆمەڵایەتیەوە بە ملیۆنان منداڵانى بێ بەخێوکەر هێشتۆتەوە کە ئەمانە بۆ ئایندە دەبنە بارگرانیەکى زۆر بەسەر حکومەتەکانیانەوە. لەڕووى تەندروستیشەوە ئەوەتا تا ئێستا زیاد لە 2ملیۆن کەس توشبوە و زیاتر لە 100هەزار کەسیش مردوون. لەڕووى سیاسیەوە، ڕەنگە جیهان وەکو خۆى نەمێنێتەوە و جیهانى سەرمایەدارى مایەپووچ و تووشى شکست و داڕمان ببێتەوە و بەرەو کۆتایى تەمەن و دەسەڵات و هەژموونى بچێت، بەهۆى زیادبون و گەورەبوونى هەژموونى چینى سۆسیالیستى کە بەڕاستى بۆتە مۆتەکە و مەترسى بۆ سەر دونیاى سەرمایەدارى کەئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ هێنانە ئاراى سیستەمێکى نوێى جیهانى دوور لە تاک جەمسەرى ئەمریکا و ڕەنگە چەندین جەمسەرى بەهێزى تر سەرهەڵبدەن و ئەمەش وادەکات دونیاى دواى کۆرۆنا زۆر جیاواز بێت لە پێش کۆرۆنا.بەدووریش نازانرێت ئەم پەتایەش جۆرە جەنگێکى بایۆلۆژیش بێت لەنێوان ئەمریکا و چیندا لەچوارچێوەى ململانێ سیاسى و ئابورى و تەکنەلۆیەکانیاندا بۆ دەستبەسەراگرتنى ڕابەرایەتیکردنى جیهان.
1- بۆیە جیهانى دواى کۆرۆنا ڕووبەڕووى گەلێک کێشەى تر دەبێتەوە لەوانە:
2- برسێتى و هەژارى ئەو خێزان و منداڵانەى کە بەخێوکەریان نەماوە.
3- ڕاوەستان و گەشەنەکردنى ئابورى جیهانى کە ڕەنگە لە وەستانى ئابوریى گەورەى ساڵى 1992 خراپتر بێت.
4- گرانبوونى نرخى کەلوپەل و کاڵاکان.
5- هەڵئاوسان و مایەپووچبوونى گەلێک لە کۆمپانیا و کارتێلە ئابوریەکان.
6- ناجێگرى لە دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى جیهاندا دروست دەکات.
7- سەرهەڵدانى جەنگە جیاوازەکان بەهۆى بێکارى و برسێتى و گەشەنەکردنى ئابوریەوە.
8- بۆیە دەکرێت لە چوارچێوەى ڕووبەڕووبونەوەى ئەم پەتایەدا بپرسرێت کە : کێ بەرپرسە لە بڵاوبونەوەى ئەم پەتایە؟ کێ ڕێگر بوو لە دژایەتیکردنیشى؟ کێ بەرپرسە لە مردنى ئەو ژمارە زۆرەى توشبوان و مردوان؟
9- بۆیە بەهەق دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنى گیانى مرۆڤەکان بێت کە بەنرخترین بونەوەرە لەسەر ڕووى زەوى چونکە دەرکەوت نە سەروەت و نە سامان و نە دەسەڵات نەیانتوانى ڕووبەڕووى ئەم پەتا نەگریس و کوشندەیە ببنەوە، ئەرکى هەموانە کە لە ئێستاوە لەخەمى چارەسەرکردنى کاریگەرییە خراپەکانى کۆرۆنادا بن. لەهەمووشى گرنگتر دەرخستنى ڕاستەیکان و نەشاردنەوەیەتى، چونکە تەنها بە دەرخستن و ئاشکراکردنى ڕاستەیەکان زووتر دەگەنە چارەسەرەکان، بەشاردنەوەشى کارەسات و ماڵوێرانى زیاتر بۆ مرۆڤایەتى دێننە کایەوە. زۆر دوور نیە ئەو کەسانەى کە بەم پەتایە مردوون حاڵیان باشتر بێت لەو کەسانەى کە دوا کۆرۆنا ماونەتەوە لەبەر هەموو کێشە و گرفتانەى کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەدواى قۆناغى کۆرۆناوە.