هۆشیار جەمال: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆمانی دەریاس و لاشەکانی ڕۆماننووس” بەختیار عەلی” کە دواین بەرهەمی نووسەرە، یەکێکە لە ڕۆمانە تایبەتەکانی ناو کتێبخانەی کوردی، کە کارکردنە لە ناو مێژووی شۆڕشی کورد و ململانی حیزبە کوردیەکان. هەروەها بوون بە قوربانی مرۆڤی کورد بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەکی جێگای باس لە بارۆدۆخی ژیانی هاوڵاتیان ڕووبدات.
نوسەر شوێنێک یان شارێک یان کاتێکی دیاری کراوی ئاشکرا نەکردوە کە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ڕوویانداوە تێدا، بەڵام هەرشارێکی هەرێمی کوردستان بە نموونە بهێنیتەوە گونجاوە بۆ ئەوەی وەک شوێنی ڕووداوەکان بیهێنیتە بەرچاوت. لەم ڕۆمانەدا بەزمانێکی سادە کۆی حوکومڕانی شکستخواردوی حیزبی کوردی باس دەکات و چوونە ململانێی سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ لە هەناوی یەکێک لە دوو حیزبەکە دژی سیستەمی حکومڕانی دوو حیزبەکە بانگەشەی ئەوە دەکات بە خەباتی مەدەنی شۆرش هەڵبگیرسێنێت. بەڵام لەواقعدا ناتوانێت بەمەدەنی شۆڕشەکەی هەڵگیرسێنیت و دوبارە شار دەبێتە شوێنی ململانێی حیزبەکان و شەڕی چەکداری.
نووسەر ئەوەندەی لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەر ئەوە کردووە کە باس لەبیرکردنەوەی تاکی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و تاکی کورد بەتایبەت بکات کە چۆن لە جیاتی ئەوەی خۆیان وەک مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و خەباتگێر و داکۆکی کار لە مافەکانیان ببین و شەڕی بۆ بکەن، بە پێچەوانەوە خۆیان بچوک دەکەنەوە و بەردەوام سەرجەم چین و توێژەکان هەژاران، کاسبکاران، جوتیاران، ڕۆشنبیران هەموویان وێلی ئەوەن کە چۆن کەسایەتیەکی سیاسی بهێنن و بیکەن بە کارێزما و خۆیان بچوک نیشانبدەن لەبەردەمیدا.
لەم ڕۆمانەدا تاکەکانی کورد زۆربەی هەرە زۆری یان بتێکی سیاسی دروستکردوە و پێی وایە فریاد ڕەسیەتی، یان وێلی دروستکردنی بتێکی سیاسی ترە بۆ ئەوەی لە دۆخی ناهەموار ڕزگاری بکات. کۆمەڵگا بۆتە دووبەشەوە بەشێكی خۆی بە خزمەتکار و داکۆکی کاری گۆڕستانی بەرپرسان دەزانێت و پێی وایە هێمای ژیانن و مردوەکانیان سەرچاوەی ژیانی ئەوان. بەشێکی تریان هەوڵدەدەن شۆڕش هەڵبگیرسێن و لەسەرەتای دروستکردنی کارێزمای نوێ و سەرمەشقی نوێن. هەوڵدەدەن یەکەم شوێن کە لە کاتی شۆرش دەست دەگرن بەسەریدا گۆرستانی شاربێت، چونکە لای کۆمەڵەکەی تر پیرۆزە. بەڵام لە دواجاردا شۆرشگێران خۆشیان دەبنە پاسەوانی گۆڕی سیاسییە شۆرشگێرەکەی خۆیان.
لە ڕۆمانەکەدا کەسیایەتیەکان هێندە خۆیان بچوک دەکەنەوە کە لە ساتەوەختەکانی شۆڕش و دەرکردنی یەکەم بەیاننامەی شۆڕشەکەیان لە جیاتی بیربکەنەوە لەخەیاڵی خۆیاندا تارماییی سەرکردەکەیان بەرنامەیان بۆ دادەنێت، دواتریش لە کاتی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ هێزەکانی دژ یان تارمایی سەرکردە شۆڕشگێرەکە بەشدارە لە شەڕەکانیان، وە پاڵپشتیانە بۆ سەرکەوتن.
تەوەرێکی تری ڕۆمانەکە بابەتی لاشەی کوژراوانی جەنگی ناو شارەکە لە نێوان شۆڕشگێران و دوو حیزبی دەسەڵاتدار دەکوژرێت. بەڵام هیچ گرنگیان پێ نادرێت، یاخود لەدوای مردنیان وەک مرۆڤێک بەڕێزەوە بەخاک بسپێردێت. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم هێزانە مرۆڤ وەک کاڵایەک دەبینن کە تا ئەو شوێنەی کاریان پێبوو بەکاری بهێنن و دواتر لاشەکەی هیچ گرنگ نەبێت بەلایانەوە کە بە خاکی بسپێرن.
لێرەوە دەکرێت هەموو ئەو کەسانەی ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە لە خۆیان بپرسن وێڵی دوای دروستکردنی بتی سیاسین؟ یان دروستکردنی کارێزما؟ یاخود دەیانەوێت لەم هەرێمی کوردستانە شەڕبکەن لە پێناو ئەوەی وەک مرۆڤ بژین و مافەکانیان بە دەست بهێنین؟ یان هەربەردەوام دەبن لەوەی نەوە دوای نەوە بگەڕێن بەدوای دروستکردنی کارێزما و بتی سیاسین بۆ ڕزگارکردنیان لە دەست نادادپەروەری؟ هەروا بەردەوام دەبن لەسەر پیرۆزکردنی قسەکانیان هاوشێوەی ئاین و خودا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت