جەلال دەباغ: یادێکی هاوڕێی دێرینم، گەورە نووسەری کورد محێدین زەنگنە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

چۆن دەکرێت، ئەو رۆژانە لەیاد بکرێن، کە لەباقوبە، بەغدا، شام و سلێمانی بەدیداری یەکتر دەگەیشتین، بەتایبەتی لەسلێمانی کە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا، بەماڵەوە تێیدا دەژیان و، چەندان جار لە یانەی ئەندازیارانی نزیک بە ماڵی خۆیان، لەئێوارەوە تا شەوێکی درەنگ دادەنیشتین، ڕازو نیازو رەخنەی پەنگخواردووی ناو دڵی خۆمان بۆ یەکتر هەڵدەڕشت.
ئاخ مەرگ، چۆن وا زووبەزوو کاکە محێدینت لێ زەوتکردین، کە بەبیرو یادگارنەبێ، جارێکی تر بەدیدار نەیبینینەوە..! چۆن ئەو هاوڕێ دڵۆڤانە، هێمن و خۆش گفتارو، چاک کردارو رۆشنبیرە پێشکەوتنخوازە لەیاد دەکرێت؟
ئەم نووسەرە ناسراوە، ساڵانێکی زۆر هاوڕێمانبوو، هەروا ئەندامێکی کارای یەکێتیی نووسەرانی عێراقیش بوو. جا ئەگەرچی لەم ساڵانەی دوایی ژیانیدا بەهۆی سەرقاڵییەوە بە کاروباری پەروەردەیی و نووسینەوە، کە کاتێکی زۆری لێدەبرد، لەکاری رێکخراوەیی حیزبی کەنارگیرببوو، وەک دۆستێکی نزیک هەڵدەسوڕا ، بەڵام زۆرجار دڵی خۆی بۆ من و برادەرە نزیکەکانی دەکردەوە کە هەرخۆی بە شیوعی دەزانێت، بەبیرو هەڵسوڕان و رێبازی ئەدەبیش چەپێکی ناسراوبوو، کەئەمەش لە داهێنانەکانیدا رەنگیداوەتەوە..
هاوڕێ محێدین لەساڵی 1940دا لە کەرکوکی کرێکارانی گاورباغی، لەناو خێزانێکی کوردی پێشکەوتنخوازدا چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
ساڵی 1956 بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی کەرکوکدا، لەدژی دەستدرێژیە سێقۆڵیەکەی بەریتانیاو فەڕەنساو ئیسرائیل بۆسەر میسر دەستگیرکراوە.
خوێندنی لە کولێژی ئەدەبیات (بەشی عەرەبی)ی سەر بە زانکۆی بەغدا تەواوکردووەو ساڵی 1962 بۆتە مامۆستای دواناوەندی و دوای دوو ساڵ لە دەرچوونی لەساڵی 1964دا لە خانەقین دانراوە. هەروا لە شاری حیلەش مامۆستابووە.
لەسەەتای لاوییەوە خولیای خوێندنەوەی بووە ، بەتایبەتی ئەدەبی پێشکەوتنخوازو، کورتەچیرۆک و ڕۆمان و شانۆگەری و، لەم بوارانەدا هەرزوو توانای داهێنەرانەی گەشەی سەدندووەو، رۆڵێکی تازەگەریی گێڕاوە لە ئەدەبدا، بەتایبەتی دوای گواستنەوەی وەک مامۆستا بۆ ناو شاری باقوبە.
هاورێ محێدین کەخۆی مامۆستای عەرەبیبوو، عەرەبیەکی باشی دەزانی و بەشێوەی سەرەکی هەر بە عەرەبی دەینووسی، زۆربەی بەرهەمەکانی، ئەگەرچی سەبارەت بە کوردو گەلی کوردستانیشی نووسیوە، بەڵام بە زمانێکی پاراوی عەربی نووسیویەتی و لەو رێگەیەوە خزمەتی بیرو رۆشنبیری گەلەکەی و مرۆڤایەتی پێشکەوتووی کردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا هاوڕێی کۆچکردووم پ. د. عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ خەریکی نووسینی کتێبێکبوو لەسەر دەیان نووسەرو بیرمەندو ئەدیب و سیاسەتمەدارو ئەکتەری ناسراولە وڵاتانی عەرەبی و دیکەدا کە بەنەتەوە کوردبوون و بە عەرەبی و زمانەکانیتر نووسیویانەو زمانەکەی خۆیان نەزانیوە، یان کەمزانیوە، بەڵام هاوڕێ محێدین زەنگنە کە بەعەرەبی دەینووسی زمانەکەی خۆشی بە پەیڤین دەزانی. ناوێکبوو لەوانەی دکتۆر دەیویست لەپاڵ عەبدولمەجید لوتفی و معروف رەسافی وأحمد شوقی وجمیل سدقی ئەلزەهاوی وبڵند حەیدەری وسوعاد حوسنی و نەجات سەغیرەی خوشکی و یەشار کەمال و خالید بەگداش و کەمال جونبولات و ودەیانیتردا لەسەریان بنووسێت.
ئەم نووسەرە گەورەیە بەرهەمێکی یەکجار دەوڵەمەندی داهێنەرانەی نووسیوە، لە بوارەکانی کورتە چیرۆک و رۆمان و لە شانۆگەریداو چۆتە هاوشانی گەورە نووسەرەکانی عەرەب، بە دانپێدانانی نووسەران و ئەدیبانی عەرەب خۆیان.
نووسەرێکی وابەستە بە مەسەلەکانی مرۆڤەوەو، بە چاکی خستنەرووی کێشەکانی مرۆڤی ئاسایی، کە لە گۆشەنیگای مرۆڤایەتییەوە کیشەکان دەخاتەروو، بەرگری لە مافی خوراوی مرۆڤە چەوساوەکان دەکات.
هەندێ لە شانۆگەرییەکانی کراون بە کوردی وئینگلیزی، هەندێجار ئاواتەخواز بوو کە کوردییەکی باشی زانیبایەو بە کوردیش بینووسیبایە، هەرچەندە من پێموایەکە بەعەرەبی نووسینەکەی، ئەدەبە پێشکەوتنخوازەکەی و بەرگری لە کێشەکانی مرۆڤی کوردو راوەستانی دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک و، بەرهەمەکانی بۆ داوای ئازادیی ڕادەربڕین، لەرێگەی زمانی عەرەبییەوە گەیاندۆتە دنیایەکی زۆر فراوانتر. یارمەتیدەرێکی زۆر چاکبوو بۆ تیپەکانی شانۆ، وەکو تیپی (شانۆگەریی میللی) و(تیپی شانۆی ئەمڕۆ) و(تیپی شانۆگەریی نوێ)و(تیپی شانۆگەریی نەتەوەیی) و زۆرتیپیترلە عێڕاق و، تیپی شانۆگەریی ئەسکەندەرییە لە میسرو، تیپەکانی وڵاتە عەرەبیەکانیتر..
مەسەلە مێژویی و کەلەپورییەکانی گەل جێگەی بایەخی نووسەربوون کە سەرجەم داهێنانەکانی نیشتیمانپەروەرانەو پێشکەوتنخوازانەو چەپگەراییبوون. هەمیشە بەڕێگەی ئەدەبێکی واقیعیی کۆمەڵایەتی رەخنەی گونجاوی لەسیاسەتی رێژیمە دیکتاتۆرەکان دەگرت، لەبەرهەمەکانیدا سیاسەتی رێژیمی دوای کودەتا شوومەکەی 8ی شوباتی ریسواکرد، بۆیە ئەوان و دەزگا وابەستە بەناو رۆشنبیرییەکانیان بەردەوام چاودێرییان دەکردو بیانویان پێدەگرت. بەڵام چاو سوور کردنەوەو هەڕەشەی ئەوان کۆڵی بەم نووسەرە نەترسە گەورەیەنەداو، دەرهێنەرەکان هەمیشە لە بەرهەمەکانی ئەم باشترین شانۆگەرییان دەردەهێناو لەڕێزی پێشەوەیان دکتۆر عەونی کەڕومی، عەزیز خەیون، ئەدیب ئەلقەلیەچی، سالم ئەلزوبەیدی، جەعفەر عەلی و جەلیل زەنگنەو دەیان دەرهێنەری دیکە لە عێراق و سوریەو وڵاتانی کەنداوو وڵاتە عەرەبییەکانیتر.
شانۆگەرییە سەرکەوتووەکانی وەک(نهێنی)ساڵی 1968، شانۆگەریی(کولـلە)ساڵی 1970، شانۆگەریی (پرسیار) 1975، شانۆگەری(مۆڵەت) 1979، ( لە ئێوارەی بەختیاریدا ئەی زنجیە سپییەکان) 1981، شانۆگەریی (پاکەتی بەردین) 1982، شانۆگەری(گوڵەکان بۆ کێ؟) 1983، (قیژەی بێدەنگیی لاڵ) 1984، شانۆگەریی (چیرۆکی دوو برادەر) 1984، (دڕکەکان) 1987، شانۆگەریی(پاسەوان) 1987، کە لەسەر ژیانی رۆشنبیرانە، (شانۆگەری رەگەکان سەوزدەبنەوە) 1988، شانۆگەریی(ئەی کەڤەر بدوێ) 1989، شانۆگەریی (کاوەی دڵدار) 1989، (سزا) 1990، (بەرگی مردن) 1996،(مەرگی هونەرمەند) 1998و، (پشیلەکان) 1999 و… تاد. زۆر بەرهەمی لەشام هاتنە چاپ و بڵاوکردنەوە، وێڕای پیشاندانی شانۆگەرییەکانی. هەروا لە وڵاتانی دیکەی عەرەب.
هاوڕێ زەنگنە رۆماننوسێکی زۆر داهێنەرو بەتوانابوو، بەتایبەتی توانایەکانی لەم رۆمانانەدا بەرجەستەبوون:
رۆمانی(هەڵەیەک هەیە لە شوێنێکدا)، رۆمانی (ئاسۆس) بەغدا 1976، رۆمانی (ئەوان یاخود (خۆشەویستی وەک نیشانەیەک دەمێنێتەوە). شام 1975، رۆمانی (گەڕان بەدوای شارێکیتردا)شام 1980.
چەندان بەرگی کورتەچیرۆکی چاپ و بڵاوکراونەتەوە. دەیان شانۆگەریی چاپ و بڵاوکراونەتەوەو لەسەر شانۆیەکانی عێراق و کوردستان و میسرو سوریەو وڵاتانی کەنداوو تونس و جەزائر و مەراکش و وڵاتانیتر پیشاندراون و لەلایەن هونەرمەندانی گەورەو ناودارەوە دەرهێندراون.
بەدەیان نووسەرو توێژەری ناسراو دەیان وتارو تۆژینەوەو باسیان لەسەر بەرهەمە زۆرەکانی ئەم گەورە نووسەرەمان، وتارو لێکۆڵینەوەیان لەرۆژنامەو گۆڤارەکانداو یان بەشێوەی نامیلکەو کتیب نووسیوەو بڵاو کردۆتەوە.
لەساڵەکانی 1970 تا  2005 داو لە فێستیڤاڵ و پێشبڕكێ و لە خەڵاتدان بە باشترین کتێب و دەق و باشترین شانۆگەری و خەڵاتەکانی دەزگاو وەزارەتە رۆشنبیرییەکان، دەیان خەڵات پێشکەش بە داهێنانەکانی محێدین زەنگەنە کراون. ئەمە وێرای نووسینی دەیان وتاری ئەدەبی و سیاسی ورۆشنبیریی نووسەر، دەربارەی شانۆ کە بایەخی گرنگی خۆیان هەیە.
بەداخەوە ئەم نووسەرە داهێنەرەی گەلی کوردستان لەسلێمانی لەرۆژی 21ی ئابی 2010دا بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دواییکردو چووە ریزی نەمرانەوە.