عیماد عه‌لی: حزبه‌ پیره‌ هه‌رزه‌كاره‌كانی كوردستان، بۆ واده‌كه‌ن؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

شتێكی سروشتیه،‌ كه‌ قۆناغه‌كانی عه‌قڵ و فام كردنه‌وه‌ لای تاك بێت یان كۆمه‌ڵگه‌ و شاره‌زایی په‌یدا كردن و ره‌فتاری مه‌عقوڵ، ماوه‌یه‌كی دیاریكراوی ده‌وێت و، به‌ گشتی له‌ هه‌موو شوێنێك و زه‌مینه‌ی رۆشنبیری وكۆمه‌ڵایه‌تی و میژوویی و جوگرافی كاریگه‌ریه‌كی خۆیان هه‌س له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، به‌ڵام تێكرای ماوه‌ی باڵغ بوون له‌ هه‌ر ره‌گه‌زێك و له‌هه‌ر كوێیه‌ك بێت نزیكه‌ له‌یه‌كتر و جیاوازه‌یكی ئه‌وتۆی نابێت.
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ زینده‌وه‌ر و مرۆڤ به‌ تایبه‌تی شتیكی زانستی حاشاهه‌ڵنه‌گربێت، له‌ هه‌مان كاتدا بۆ پیكهاته‌ و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ و ره‌گه‌ز و توخمه‌كانی تریش جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌. له‌و نێوه‌نده‌شدا بۆ ده‌زگا و رێكخراو و حزبیش، ناوه‌رؤك و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ ؛ واتا فه‌لسفه‌ و ئامانج و شیعارو رێباز و عه‌قڵیه‌تی سه‌ركردایه‌تیی پێكهاته‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و زه‌مینه‌ن كه‌ تێیدا له‌دایكبوون.
ئه‌وه‌ی پارادۆكسی گه‌وره‌ی تێدا به‌دیبكرێت، ته‌نها له‌م ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌دایه‌ و، بۆ به‌دبه‌ختی ئه‌گه‌ر كورتی بكه‌ینه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌یت كوردستان له‌و نه‌خۆشیانه‌دا ته‌نیوه‌ كه‌ ته‌نها زیانه‌كانی بۆ گه‌لی كورد ده‌بێت نه‌ك تاكی سه‌ركرده‌. خه‌ڵك گه‌وره‌ ده‌بێت، شاره‌زایی په‌یدا ده‌كات و سه‌نگین ده‌بێت و ره‌فتاری به‌ حساب و ورد ده‌بێت و بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی ستراتیجی هه‌زار و یه‌ك توێژنه‌وه‌ و دراسه‌ت ده‌كات.
حزبه‌كانی له‌مه‌ڕ خۆمان، ئه‌وه‌ باسی ژووری لێكۆڵینه‌وه‌ و دراسه‌ت و تیۆریزانی و ره‌فتار و فه‌رمانی كاری رۆژانه‌ و مانگانه‌ و ساڵانه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌یه‌یه‌كیش لێك جیاناكرێته‌وه‌ و له‌ عه‌قڵی كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێكی ده‌سترۆیشتوو یان بنه‌ماڵه‌یه‌ك قۆرخكراوه‌، بۆیه‌ هیچ لات سه‌یر نه‌بێت ئه‌كه‌ر ئه‌مڕۆ سۆشیالیستی بن و سبه‌ی به‌ قودره‌تی قادرێك بگۆڕێن بۆ سه‌رمایه‌داریه‌كی رووت یان لیبراڵیزمێمی نوێ، ئه‌مه‌ به‌ قسه‌ و بێ زه‌مینه‌ی له‌بار. یان ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ و سبه‌ی ئومه‌می بن و ته‌نانه‌ت دان به‌ سنوری وڵاتانیشدا نه‌نێن (ئه‌وان واداده‌نێن مه‌به‌ستیان به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایه‌تیه‌!!).
تا دوێنی یه‌كپارچه‌یی كوردستان خاڵی سه‌ره‌كی و چوغزی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لاتداری پیری ئاخرشه‌ڕی كوردستان بوو، ئه‌مڕۆش باس و خواستی دوو ئیداره‌یی و خۆخزاندنه‌ باوه‌شی بێگانه‌ و ژێرده‌سته‌یی ده‌سه‌لاتی ناوه‌ندی عیراق ده‌كه‌ن. لیره‌دا حه‌قی هه‌مووانه‌ كه‌بپرسن:
1- بۆچی حزبه‌كانی كوردستان هێمن و پر مه‌عریفه‌ت و زانایانه‌ بیر ناكه‌نه‌وه‌ و ره‌فتار ناكه‌ن؟
2- بۆچی له‌ نێوان شه‌و و رۆژێكدا له‌ هه‌ر بوارێكدا بێت 180 پله‌ ده‌گۆرێن؟
2- بۆچی له‌ مێژووی كوردستاندا سه‌ركردایه‌تیه‌كی شاره‌زا وبلیمه‌ت و به‌واتا سه‌ركرده‌ی نمونه‌یی به‌دیناكرێت كه‌ هه‌موو كه‌س شایه‌تی بۆ بدات؟
4- بۆچی حزبی راسته‌قینه‌ی هه‌ڵقوڵاوی نێو گۆمه‌ڵگه‌ و خوێنه‌ری واقیع و به‌رژه‌وه‌نده‌یكانی میله‌ت نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌؟
5- بۆچی هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كی بچوكی كه‌سیی بێت یان حزبی له‌سه‌روی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه‌ بووه‌؟
6- ئایا خه‌تاكه‌ نێوخۆیی و كه‌سی و كۆمه‌ڵگه‌ییه‌ یان ته‌نها دابه‌شكاری كوردستان و زوڵم و سته‌می داگیركه‌ران و هه‌ست به‌ كه‌موكورتی میله‌ت به‌ گشتی له‌م باره‌دا وه‌كو بارودۆخی بابه‌تی رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بووه‌؟
7- بۆچی كورد وا بێ سه‌ركرده‌ بێت و كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌رنه‌كه‌وێت به‌دوور له‌ نه‌رجسیه‌ت و ته‌نها به‌ بیكردنه‌وه‌ی حزبیانه‌ و ته‌كتیكی رۆژانه‌ نه‌بێت هیچ ره‌فتارێكی دراسه‌تكراوی له‌مه‌ڕ پرسه‌ سه‌ره‌كی و چاره‌نوسسازه‌كان نه‌بێت؟
8- حه‌قمانه‌ بپرسین، بۆچی به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نیان بگاته‌ سه‌د ساڵیش باڵغ نابن و هه‌ر حزبی ره‌فتار هه‌رزه‌كارانه‌ن و ستراتیج و ته‌كتیك تیكه‌ڵ ده‌كه‌ن و، لای ئه‌وان پرنسیپی حزبی و بۆچونی كه‌سێتی و بنه‌ماڵه‌یی جێگه‌ی فكر و فه‌لسه‌فه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای میله‌ت گرتۆته‌وه‌؟!
ئه‌گه‌ر به‌ وردی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی و كێشه‌ی زینی وه‌رتی بخوێنیته‌وه‌ و قسه‌ی سه‌ركردایه‌تی وبنكردالیه‌تی و به‌تایبه‌تی خاوه‌ن ده‌سه‌لات و ده‌سترۆیشووه‌كانی هه‌ردوو حزب بخه‌یته‌به‌رچاو كه‌ چۆن لێدوان ده‌ده‌ن و چی ده‌وترێت ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ر و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌یه‌كی بچوكی رۆژانه‌ی ئه‌م كاته‌ ناسكه‌دا، ئه‌وا عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی وكادری ئه‌م حزبه‌ پیره‌ هه‌رزه‌كارانه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.