بەهرۆز جەعفەر: بۆ جارێکیش لە «مام جەلال» بچۆ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆک کۆمار! « بەرهەم ساڵەح» ڕۆژی سێشەممە 14 ی نیسانی 2020 تەلەفۆنی بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن- CNN ی ئەمریکی کردووە، بۆ ئەوەی بەرنامەو ڕاپۆرتی کاریگەر سەبارەت بە « مستەفا کازمی» بکەن. لەکاتێکدا دوو ساڵە تەنها ( 15٪) ی هاوڵاتیانی عێراق چونەتە سەر سندوقەکان و دەنگی خۆیان داوە. هێشتا عێراق بێ کابینەی وەزارەتە!. ئێستا ئیتر سەرۆک کۆمار پەلەیەتی… زۆر پەلەیەتی لەدانانی کازمی تا لە پێکهێنانی کابینە وەزارییەکەیدا سەرکەوتو بێت. بۆچی؟!.
ئەم بەرپرسانەی ئێستا عێراق بە ڕێوە ئەبەن وەک «داش» وان بە دەست بەریتانیاو ئەمریکاو ئێران و ئیسرائیل و تورکیاوە. ئایا ئێوە قەت لەیاری کردندا « داش» ێکتان بینیوە خۆی بجوڵێت؟. نەخێر داشەکان ئەجوڵێندرێن. کازمی کەسێکی دەستەوخواری بەرهەم ساڵەحەو هەردوکیشیان ئەجوڵێندرێن. سەرۆک کۆمار کە دوو ساڵە بێ کۆمار و بێ حکومەت بە ڕێی ئەکات، ئەیەوێ خولێکی تر پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار مسۆگەر بکات. بۆ ئەمەش ئەزانێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ خولی ئایندە کێ کاندید ئەکات و پاڵپشتی ئەو ناکەن. بۆیە پێویستی بەوەیە کڵاوێک بخاتە سەر بارزانی و پارتی، ئەوەش بەرێگەی ئەوەی چوار بۆ پێنج مانگێک مستەفا کازمی و حکومەتی عێراق وەها نەرم ئاڕاستە بکا ڕووەو هەرێمی کوردستان کە تەواوی داخوازییەکانی گەلی کورد بە « کەرکوک» یشەوە بۆ ماوەیەک جێ بەجێ بکات!. بەم ڕێگەیەش خۆی بکات بە کاندیدی بارزانی بۆ خولی ئایندەی سەرۆکایەتی کۆمار! لە عێراق!.
لە ڕاستی دا بەرهەم ساڵەح یاریکەرێکی باش و زمانزان و دیبلۆماتکار و خاوەن پەیوەندی جۆراوجۆرە. بەڵام چونکە کەسایەتیەکی لەرزۆک و بێ متمانەو بێ باری هەیە. کەس بڕوای پێ ناکات. دۆستەکانی پێش دوژمنەکانی متمانەیان پێی نیە.
بەرهەم ساڵەح کە قسە ئەکات، باسی ئەنفال و گازباران ئەکات، کەچی کەوتۆتە دژایەتی تاقانەیەکی ئەنفال لەبەرئەوەی داوای کەللە سەری دایک و باوکی ئەکات لە سەماوە!. ژنێک « بە پاڵپشتی بەرهەم ساڵەح» بۆ وەرگرتنی فەندو پاڵپشتی دارایی و خۆبادان دەستی بەسەر کەلوپەلوکانی ئەو تاقانەیەدا گرتوە. بەرهەم ساڵەح کە زمان هەڵ ئەهێنێت بۆ فریودان باسی گەورەیی « مام» ئەکات. لەکاتێکدا خواڵیخۆشبو مام جەلال کەسایەتیەک نەبو کە پارەو میدیا گەورەی کردبێت و فووی کردبێتە خۆی. بۆ جارێکیش بەرهەم ساڵەح لە تەمەنیدا نەیتوانی لە تاڵەبانی بچێت، کەیسی کەرکوک باشترین بەڵگەیە؛
ئەگەر بەرهەم ساڵەح ئەوەندە کەسێکی دڵسۆز و بە قودرەتە سەرۆکوەزیران دائەنێت، ئەی بۆچی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دانانێت؟. بۆچی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک « ڕاکان سەعید» ئەو هەموو پێشێلە دەستورییە ئەکات دەستەڵاتە دەستورییەکانی خۆی بەکارناهێنێت. بابە لە مام جەلالیش ناچیت، لە « د. فواد مەعسوم» بچۆ. لیژنەیەکی دروستکردبو بەناوی « لجنة رصد المخالفات الدستورية». ڕاوێژکارو بەریوەبەرە گشتی یەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ڕائەسپارد کە هەموو پێشلکاریە دەستورییەکان دەست نیشان بکەن. بەهەرحاڵ لێرەدا تەنها لەبارەی کەرکوکەوە «دوو» پرسیارم لەسەرۆک کۆمار هەیە:
یەکەم: واز لەوە بێنە لە ترسی ئەردۆگان و ئەملاولای دیکە نەتوێراوە جارێک وەک مام جەلال سەردانێکی کەرکوک بکەیت و شەوێکیش لەوێ بخەوی!. بە تەمەنی خۆم سێ جارم تاڵەبانی بینیوە. دوو جاری لە کەرکوک بوە. جاری واهەبو یەک هەفتە لە کەرکوک ئەمایەوە. ئێستا پرسیاری ئەوە هەیە ئەوە نزیکەی ساڵێک و حەوت مانگە سەرۆک کۆماریت سەدان ستەم و زۆرداری و دەستدرێژی بۆ سەر کوردی کەرکوک کراوە لەلایەن عەرەبە شۆڤێنیەکانەوە. بۆچی نەتوێراوە فزە بکەی؟.
دووەم؛ ڕێژەی دامەزراندن لە پەروەردەی کەرکوک بۆ کوردەکان (8٪) ە. واتە لە سەت کەس هەشت کورد دائەمەزرێنرێن. هیچ نەبێت دەبو بە پێی پرەنسیپی (32 بە 32 بە 32) بێت بۆ کوردو عەرەب و تورکمان. کە هەمو کەس ئەزانێت ڕێژەی کورد زۆر لە (32٪) زیاترە. دەبو سەرۆک کۆمار وەک پێگە دەستوورییەکەی و ئەو دەستەڵاتەی هەیەتی ئەمە قبوڵ نەکات؟.
دواجار، ڕەنگە ئەگەر بۆت بچێتە سەر دوای وەرگرتنی مۆڵەتێک لە مستەر ئەردۆگان، دوای ئەوەی کازمی کەوتە سەر سکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ فریودانی خەڵکی کوردستان دانس و خۆبادانێک لە کەرکوکیشدا بکات. یان وەک دیموکراسی و دادپەروەرییەکەی لە کوردستان باسی ئەکرد پرۆژەیەکی کیناوی بۆ فریودان پێشکەش بکات. بۆ ئەوەی مستەر ئەردۆگانی هاوڕێت لە پای بێدەنگیت لە بۆمبارانەکان و سەفەقاتەکانی ناوچەکەو بێ ئاو کردنی عێراق تەلەفۆنێکت بۆ بارزانی بۆ بکات تا ئەوجارەش نەبیت وە پەن!.
مام جەلال تا ئەوپەڕی بڕوای بە ڕەخنە هەبو ( بگرە حەزی بە پیاهەڵدان نەبو). بەڵام بەرهەم ساڵەح دەست لە پۆستێکی هاکەزایی فەیسبوکیشدا وەرئەدات. تەنانەت کۆتا ڕۆژی نەخۆشکەوتنی ئێمە ئەو ڕەخنانەمان هەبو کە پێشوتر بەنامەو بە دیدار بۆمان خستبوە ڕوو ( لە وێنەی ئەوەی تاوێک لەسولێمانی دانەئەنیشت کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر بکات). بەهەرحاڵ حەزم ئەکرد ئەو داواکاریی و تەلەفۆنانەی بەرهەم ساڵەح بۆ میدیاو ڕۆژنامەنووسە هاکەزاییە بیانیەکانی ئەکات بۆ پارێزگاری کەرکوکی کردبایە لەسەر ئەو هەمو ستەمەی بەرانبەر کوردی شارەکە ئەیکات!. ئیتر ئەمە بەختە ڕەشەکەی کوردە ئەمیش ئاوایە. چی بکەین!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت