لاوک کونجرینی: خیانەتە گەورەکە ئەمەیە! گرتنی زینی وەرتێ، بەخشینی تەواوی کێكەکەیە بەتورکیا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

جەنگ، جگە لە هێز و تەکنەلۆژیا بە بێ شارەزایی و دارایی زۆر ناکرێت. تورکیا هێزێکی کاریگەری ناو ناتۆیە. لە ڕووی جۆگرافیاوە ئاسیا دەبەستێتەوە بە ئەوروپا. دەروازەی دەریای ڕەش بۆ جیهانی بەدەستەوەیە، چوار وڵات لە یەکێتی سۆڤیەتدا بە تورکی قسە دەکەن، بەهۆی بیری نەتەوەییەوە، ناتۆ و ڕۆژئاوا لەڕێی تورکیاوە، توانیان دەستوەربدەن ئەم وڵاتانە.

لە جەنگی کەنداوی یەکەمدا، سەرکردایەتی کورد هەلەکەی قۆزییەوە ڕاپەڕینی ئەنجام دا، پاشان کۆڕەوەکە بەهۆی شکستی ڕاپەڕینەکەوە ڕوویدا. پاشان بە هۆی بڕیاری 688 ی نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیاری هێڵی 36 دژە فڕین، هێزەکانی سەدامی ناچار بە پاشەکشێ کردو، بۆشایی دەسەڵات ئۆتۆماتیکی سپێردرا بە کورد. ئیتر ڕەوشێکی سیاسی بۆ کورد هاتە ئاراوەو، بووە تێڕوان. بۆیە تورکیا ئەو ڕەوشەی پێ پەسند نەدەکراو، بە ئێستاشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو چێوە سیاسییەی هاتۆتە ئاراوە گەشە نەکات و لە هەلێکی سیاسی دەگەرێت بۆی بچیتە سەرو لەباریی ببات. بۆیە هەمیشە لە پیلان و دژایەتی درێخی نەکردووە.

ماڵی بەرزانی بەهۆی  چاوچنۆکی سیاسی و بەدوای هەلی زاڵبوونی سیاسیدا وێڵن تا یەکێتی شکست پێ بهێنێت و دەستبگرن بەسەر تەواوی جومگەکانی هەرێمدا. تورکیاش بەدوای هێزێکی دەستەمۆدا دەگەڕاو دەگەرێت لە هەرێم تا بتوانێت لەو ڕێیەوە ئاژاوەو ناجێگیر و پشێویی بنێتەوەو چێوە سیاسییەکە بە هێمنی و سەقامگیری بەردەوام نەمێنێتەوە، تا بەجیهانی پشان بدات کورد قابلێ دەوڵەت و حوکمڕانی نییە.

پەیوەندییەکانی پارتی لەگەل تورکیا لە دوای ڕاپەرینەوە دەستی پێنەکرد، بەڵکو زەمەنێک بوو، پەیوەندییە ئاشکراو شاراوەکان بوونی هەبوو. ئەیخۆ لە کارەساتی هەکاریدا کێ بوو تەنگی بەهێزەکانی یەکێتی تەنی و تەفروتونای کردن. ئەی خۆ بەمێژووی ساڵانی هەشتاکان هەرچی هێز هەبوو لە بادینان بە یەکێتیشەوە بەبێ پسوڵەی پارتی نەیان دەتوانی بە خاکی تورکیادا تێپەڕن، ئێمە کاتێک پێشمەرگە بووین سەر بەهێزەکانی یەکێتی لە بادینان، چەندین جار بە خاکی تورکیادا بۆ سێ سنوور بە پسوڵەی پارتی تێ پەڕیوین بە چەک و جبەخانەوە.

لەدوای ڕاپەڕین، دەستە زاڵ بووەکەی تورکیا بەسەر باشوردا لە کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان، بۆ بەگژاچوونەوەی پەکەکە دەستی پێکرد، تورکیا توانی هێزەکانی پەکەکە بە هێزی کورد تێکبشکێنێت. هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دوو شەڕگە دابەش بوون/ شەڕگەی پارتی، پەکەکە بەتەواوی تێکشکاو ئەوەی لە شەڕگەکەدا کوژرا – کوژراو، ئەوەی گیرا ڕادەستی لەشکری تورکیا کراو، بەبەرچاوی هێزەکانی  پارتییەوە، لەشکری تورکیا بە کۆمەڵ شەهیدی کردن. هەرچی بەشی شەڕگەکەی لای یەکێتییە، توانرا زۆربەیان دەستگیربکەن یان خۆیان ڕادەستکرد، پاشان دووریان خستنەوەو گەیاندیاننە قەندیلی ئەمڕۆ، لەوێ خۆیان ڕێکخستەوەو بەردەوامیان دا بە خەبات.

ئیتر پەکەکە سەردەمێکی تری بۆ هاتە ئاراوەو سەرکردایەتییەکەی لە شوێنێکی قایم و جێگیردا، هێزکانی بۆ گورز وەشاندن ڕەوانەی سنورەکانی تورکیا و، لەوێشەوە بۆ ناوخۆی باکوری کوردستان، ڕەوانە دەکرد.

ئەم هەڵوێستەی یەکێتی، تورکیای زۆر قەڵسکرد، لەرێی ماڵی بەرزانییەوە، توانی لەژێر ناویی ڕووخاندنی چەند دوکانێک لە قەڵادزێ، شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێنێت و ڕەوشی هەرێم بە دیوێکی ناخۆش و ناجێگیردا بەرێت. ئەگەر وەبیرتان بهێنمەوە، لە جەولەی دووەمی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی لە  پاش خیانەتی  31 ئاب، لەساڵی 1997 تانک و زرێپۆشەکانی تورکیا لە ناوچەی خەلیفان و دۆڵی بالیسان دەیان پێشمەرگەی لە هێزەکانی یەکێتی شێلاو، لاسەنگی هێزیی بەتەواویی بەلای پارتیدا گۆڕیی. ئەو بۆچوونە هەڵەیە، کە دەڵێن: خیانەتی 31 ئاب مالی بەرزانی زاڵ کردو لاسەنگی هێزی بەلای ئەواندا شکاند.

ئەمەی ئەمڕۆ ڕودەدات پلانێکە لەسەردەمی کابینەکەی نیچیرەوە کێشراوەو درێژکراوەی بەردەوامی فەرمان و پلانی تورکیایە لەهەرێم لە ڕێی ماڵی بەرزانییەوە. کاتێک لەژێر ناویی گەورەی سەرۆکایەتی هەرێمدا تڕۆتەرفیعکیان بە نێچیر کرد، ئیتر تەواوی دەسەڵاتەکانی ئەم هەرێمە بە باوک و کوڕ مۆنۆپۆڵ کرا. ئەگەر سەیر بکەین لەسەردەمی کابینەی نێچیردا تورکیا توانی هێزەکانی لەناوچەی برادۆست و، دواتر لوتکە بە لوتکە نزیک ببێتەوە لە باکوری قەندیل. بەڵام لە کابینەکەی مەسروردا، لە شوێنیکی ستراتیژی گرنگەوە زینێ وەرتێ نزیک ببێتەوەو گەر هەنگاو بنێت، خۆی دەگەیەنێت چەقی قەندیل. ئەگەر بەربەست نەبوایە، ئەوا زیاتر دەگەیشت بە ئاستی تێکشکاندنی پەکەکە. دەبێ بپرسین چۆن؟

زینێی وەرتێ کەوتۆتە نێوان کارۆخ و کێوە ڕەش. چیای کارۆخ کەوتۆتە پشتی ڕەواندووز لەلای ڕۆژ هەڵاتییەوە. کێوە ڕەش بە درێژایی دۆڵی ئاکۆیان لای باکورییەوە درێژ بۆتەوەو کۆتاییەکەی خۆی گیر دەکات لە ڕانییەو زاڵە بە سەر ناوچەی پشدەردا. هەروەها گەر بێت و زینی سپی بکەوێتە دەستی پارتی و پاشان لەشکری تورکی لێ جێگیر ببێت، ئەوا بەهەردوو دیوەکەدا، واتا دیوی ئاکۆیان و دیوی وەرتێ –  لەشکری تورکیا  بەسەر ئەو دوو ئاراستەدا زال دەبێت و تەواوی شاخی کارۆخی دەکەوێتە دەستی و، پاشان بە پێی نەخشەی سەربازیی، زاڵ دەبێت بەسەر کێوە ڕەشدا و، بەو ئاراستەدا بە سەر دۆڵی سەرگەلییدا شۆڕ دەبنەوە ڕووەو ئاراستەی لوتکەی کونەکۆتر دەڕوات، کە دەکاتە چەقی قەندیل و هەموو جموجۆڵەکانی پەکەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت لەو ناوچەدا.

واتا ئەمەی پارتی دەیکات بە دوای تەواوی کێكەکەدا هەنگاو دەنێت تا وەکو، وەک دیارییەک بیبەخشێت بە تورکیاو، مێشک و ئێسک و پروسکی سەرانی پەکەکە ڕادەست بکات. کە ئەمەش جگە لە خیانەتی نیشتمانی، کە گەورەترە لە 31 ئاب و 16ی ئۆکتۆبەر، کەمتر نابێت و بگرە دەکاتە تەواوی کۆی مێژووی خیانەتی ئەم بنەماڵەیە.