لەتیف فایح: جاش هه‌رزانی كورد.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كه‌سێتی كورد، كه‌سێتیه‌كی خۆ خاوه‌ن نیه‌، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دۆخی كوردستان و ئه‌و دابه‌شكاریه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ كوردستانی تیا شه‌ت و په‌ت كراوه‌. مرۆڤی كورد دوو گرفتی سه‌ختی هه‌بووه‌:
به‌كه‌م/ خۆی نه‌بووه‌، به‌و مانایه‌ی شوناسی نه‌بووه‌.
دووه‌م/ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مێژودا بووه‌. له‌م بابه‌ته‌دا له‌ ته‌ك هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانما به‌ریه‌ك كه‌وتن و دژبه‌ریمان هه‌یه‌، به‌ڵام من پێموایه‌ مرۆڤی كورد كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌باری خۆخاوه‌نیه‌وه‌ هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌، جاش بوون، ئیدی جاشی كرداری ” جه‌سته‌یی ” یان جاش ئاوه‌زی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ مێژوی ئێمه‌دا داگیر كردووه‌، حه‌زی جاش بوون له‌ كوردا له‌ حه‌زی خۆ خاوه‌نی باڵاترو زاڵتریشه‌، ئه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و حه‌زه‌ ته‌نانه‌ت له‌ دۆخی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریشدا لێمان نابێته‌وه‌، یانی ئێمه‌ له‌ دۆخی خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریشدا جاشانه‌ ده‌بینه‌ ئه‌ندامی حزبه‌كانی خۆیشمان، یان له‌ بنه‌ڕه‌تا حزبه‌كه‌ خۆی ئه‌و جۆره‌ له‌ ئه‌ندامه‌تی ده‌وێت، جۆرێك كه‌ به‌ هیچ كلۆجێك كێماسی و عه‌یبی حزبه‌كه‌ی خۆی نه‌بینێت، له‌ راستیدا ئه‌وه‌ كاره‌سات و كه‌مئه‌ندامیه‌ مرۆڤ هه‌موو خراپیه‌كانی حزبه‌كه‌ی خۆی به‌ باش ببینێت، یان خراپه‌كان باشكات.
ئه‌ركی توێژه‌ران و رۆشنبیرانی بگۆو كۆمه‌ڵناس و ده‌رونناسانه‌ به‌ چڕی و له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ بكۆڵنه‌وه‌و به‌رده‌وام قسه‌ی له‌ سه‌ر بكه‌ن، چۆن ده‌كرێت مرۆڤی كورد به‌ هه‌ر بڕوبیانویه‌ك وا بێت و ئێمه‌ش ناچاری ئه‌وه‌بین پاكانه‌ی بۆ بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی تا ئێستا زۆر كه‌س ئه‌وه‌ی كردووه‌، دروستكردنی كه‌سێتی خۆ خاوه‌ن بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ چیرۆكی ئینگلیزو شوان و سه‌گه‌كه‌ تێپه‌ڕین و ئه‌وه‌نه‌بین كه‌ ئه‌وانی تر ده‌یانه‌وێت، ئه‌وه‌ بین كه‌ خۆمان خۆمان ده‌وێت، ئایه‌ هه‌قی ئه‌وه‌مان نیه‌ بپرسین بۆ مرۆڤی كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توركیا ده‌یه‌وێت، ئێران ده‌یه‌وێت، عیراق ده‌یه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كورد ده‌یه‌وێت، كورد وه‌ك بوون و ناسنامه‌و جیاوازی له‌وانی تر.
جاشبوون، جاشئاوه‌زی، جاشفیزیكی، وه‌ك كلتوری لێهاتووه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ساغی مابێته‌وه‌ مایه‌ی سه‌ر سوڕمان بووه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی بووبێته‌ جاش، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆر جار حزبێك، سه‌رۆكی حزبێك هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و بنكردایه‌تیه‌كه‌ی خۆی به‌ دوای خۆیدا په‌لكێشی جاشێتی كردووه‌و هیچ شه‌رمیش نه‌بووه‌، كاتێك كه‌ به‌شێك له‌ جاشه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس، موسته‌شاری فه‌وجه‌ خه‌فیفه‌كان و ئامر مه‌فره‌زه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ فڵان سه‌ركرده‌ یان فیسار كه‌س پێی وتین ببنه‌ جاش ئیتر هیچ مانایه‌ك بۆ كوردبوونی ئه‌وانی شاخیش نامێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیچ جیاوازیه‌ك نیه‌ له‌ نێوان ئه‌و موسته‌شاره‌ی له‌ گونده‌كان پێش سوپا ده‌كه‌وت له‌ گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ی پێش سوپای تورك و ئێران ده‌كه‌وێت و كه‌وتوه‌، ئه‌مه‌ گرفتێكی گه‌وره‌ی مرۆڤی كورده‌و كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئیدی ئه‌و شێرپه‌نجه‌ی ئاوه‌زو خۆ بچوكیه‌ كۆتای بێت، هه‌ڵبه‌ت یه‌كه‌مین هه‌نگاو بۆ كۆتای هێنان رسوا كردن و له‌ قاو دانێتی، من بۆ خۆم له‌ ته‌ك موسته‌شاری جاشا قسه‌م كردووه‌ پێی وتوم له‌ سه‌ر راسپارده‌و په‌یامی فڵان سه‌ركرده‌ بوومه‌ به‌ جاش ” ئیتر ئه‌و بیانووی خۆی هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌، مه‌به‌ستم سه‌ركرده‌كه‌یه‌ گوایه‌ بۆ پاراستنی خه‌ڵك ئه‌وه‌ی كردووه‌”.
هه‌ ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جاش بوون شۆڕ بووه‌ته‌وه‌ نێو مۆخی زۆربه‌ی زۆرمان و به‌ ده‌گمه‌ن هه‌مانه‌ له‌و په‌تایه‌ رزگاری بێت.