هێرش عەبدولڕەحمان: کازمی ئاخوندێک لە بەرگی ئەفەندیدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

‏بە دانانی سەرۆك وەزیرانی نوێ، عێراق پێدەنێتە قۆناغێكی نوێوە. هێشتا دیار نییە بەرنامەی كازمی بۆ ناوخۆی ولآت و دەرەوە چییە؟، بەلآم رەنگ بێت ولآتانی تر بەرنامەیان بۆ ئەم سەرۆك وەزیرانە نوێیە هەبێت. ئەمریكا بۆ پشتگیری هەر سەرۆكوەزیرانێكی تازە، بە كازمیشەوە، هەڵوەشاندنەوەی میلیشاكانە، بەلآم ئەمە رێك پێچەوانەی تێڕوانینەكانی حەشدی شەعبییە. حەشد بۆ پشتگیری لە كازمی مەرجی سەرەكی ئەوەیە بەلای بابەتی هەڵوەشاندنەوەیدا نەچێت. هەرچەند ماڵی شیعیی رێككەوتوون لەسەر دانانی كازمی، بەلآم بۆ ئەو سەختە بتوانێت لە یەككاتدا هەم داواكاری ئەمریكا و هەمیش هی حەشد بەدیبهێنێت.
ئەم گرێ كوێرەیە لە ئێستاوە نیشانەیە بۆ ئەوەی ئەگەر كابینەی نوێش پێكبهێنێت ئەوا پڕ كێشە دەبێت و كازمی ناتوانێت بەرگەی بگرێت. لە حاڵەتێكدا خۆ ئەگەر ئەم سەرۆك وەزیرانە نوێیە نەیتوانی داواكەی ئەمریكا جێبەجێ بكات ئەوا چەند بۆچوونێك باس لەوە دەكەن ئەگەر هەیە واشنتۆن و كۆشكی سپی رەنگە لە رووی سەربازییەوە تەنها بنكەكانی خۆی بپارێزێت و چیتر لە رووی هەواڵگریی و چاودێریی تیرۆریستان و هاوكاریی سوپای عێراق بەردەوام نەبێت. مەترسی ئەم بڕیارەی ئەمریكا جگە لە تێكچوونی دۆخی ئەمنی لەو رووەشەوە كاریگەری دەبێت ئەگەر هاتوو ئەمریكا لە چەند بنكەیەكی سەربازی پاشەكشە بكات بەتایبەت عەین ئەسەد كە كۆنترۆڵی ئەنبارو ناوچەكانی خۆرئاوای ولآتی كردووە لە بەرامبەر پاشماوەكانی داعش.ئاماژەكان باس لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەكەن و ئێستا ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دابەشبووە بەسەر چەند گرووپێكی جیاوازدا. ئەم رێكخراوە لە ناوچە بیابانەكان و سنووری هەریم دەستی بە جووڵە كردووەتەوە. لە حاڵەتێكدا ئەگەر چاودێری ئەمریكا نەبێت ئەوا دوور نییە سیناریۆكانی موسڵ لە چەند ناوچەیەكی تر دووبار ببێتەوە.
پشتیوانی ئاسمانی ئەمریكا لە ئێستادا فاكتەرێكی گرنگە بۆ دیاریكردنی جووڵەكانی داعش. ئێستاش نە عێراق و نە هەرێم توانای رووبەرووبوونەوەی داعشیان نابێت ئەگەر هاتوو خۆی رێكخستەوە. لەلایەكی ترەوە، سەرنەكەوتنی كازمی لە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان ئەوا دوور نییە ئەمریكا عێراق ناچار بكات گرێبەستەكانی بواری گازی سروشتی لەگەڵ تاران هەڵبوەشێنێتەوەو بەغدا بە دوای جێگرەوەی تردا بگەڕێت كە ئەمەش لێدانە هەم لە حەشد و میلیشیاكان و هەمیش لە تاران.
ئەم گریمانیە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە هەندێك لە كاربەدەستانی ئەمریكا پێیان قبووڵ ناكرێت ولآتەكەیان ئاسایشی عێراق بپاریزن و چاودێری تیرۆریستان بكەن، بەلآم حەشدی شەعبی بەرهەكەمەی بچنێتەوە و بەردەوامیش داوای رۆیشتنی ئەمریكا بكات. بەلآم وەك دژە بۆچوونێك، چەند شارەزایەكی ئەمریكی پێیانوایە نابێت ولاتەكەیان سەرقال بێت بە مەسەلەی لێدانی میلیشیاكان چونكە رەنگە ئەمە بۆشایی ئەمنی لە عێراق دروست بكات و لە حاڵەتێكی وادا ئەوا واشنتۆن ناچار دەبێت وەك ساڵی 2003 بە هێزی زیاترەوە بگەڕێتەوە و كار بۆ حكومەتێكی نزیك لە خۆی بكات.ئاماژەكان باس لەوە دەكەن كازمی كەسێكی بێ ئەزموون و بێ تونایە ناتوانێت ئیدارەی ئەو هەمو كێشە كەڵەكەبووەی عیراق بكات. وەك چەند راویژکاریکی ئەمریکی دەلێن ئەو ئاخوندەو لە بەرگی ئەفەندیدا، كە هیچ ئەزموونێكی سیاسی نییە و بەس دەتوانێت بەڵێ بكات. كێشەكە ئەوەیە هەم لە عیراق و كوردستانیش ئەو كەسانەی سیاسەت دەكەن شارەزاییان نییە و بەردەوامن لەسەر دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو. ئەم هەڵانەش پشكی شێریان هەیە لە خولقاندنی ناسەقامگیریی و بەم هۆیەشەوە ولآتەكە بەرەو كاولكاریی و كێشەی زۆرتر دەكات. خەڵكی عێراق بەردەوام باجی ئەو كۆمەڵە كەسانە دەدەن، چونكە نەیانتوانیوە كەسی شایستەو بەتوانای خۆیان دیاریی بكەن.