قوته‌یبه‌ فازڵ: با ئه‌مجاره‌ مێژوومان دووباره‌ نه‌بێ.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ مێژووی دوور و نزیكی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا بخشێنین دوو دیارده‌ی زه‌ق سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت، كه‌ هه‌ردوو دیارده‌كه‌ش جێی تێڕامان و هه‌ڵوێسته‌ كردنه‌.
دیارده‌ی یه‌كه‌م/ هه‌رگیز دوژمنانی كورد به‌ جه‌نگ و شه‌ڕی ڕوو به‌ ڕوو به‌سه‌ر كورددا زاڵ نه‌بوون و زه‌فه‌ریان پێ نه‌بردووه،‌ كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگ و جێی شانازی هه‌میشه‌یی كورد بووه‌.
دیارده‌ی دووه‌م / به‌ پێی وته‌ی زۆربه‌ی مێژوونووسان و كوردناسان به‌ داخه‌وه‌ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌میشه‌ سودیان له‌ دوو به‌ره‌كی خستنه‌ نێو ماڵی كورد بینیوه‌ و كوردیان دژبه‌ یه‌ك هانداوه‌ و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌رامه‌كانیان گه‌یشتوون.
ئه‌وه‌ی، كه‌ من ده‌مه‌وێت لێره‌دا تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر دیارده‌ی دووه‌مه،‌ كه‌ زۆربه‌ی كاته‌كان ئاژاوه‌ی نێو خۆیی و خۆخۆری ماڵی كوردی وێران كردوه‌ و ڕه‌نجی خه‌باتكارانی كوردی به‌هه‌ده‌ر داوه‌.
ئه‌مڕۆش له‌ هه‌رێمی كوردستان دوای تێپه‌ڕاندنی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ و نه‌هامه‌تیه‌كانی، كوردانی هه‌موو پارچه‌كانی دی به‌ هیواوه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌، ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌ڕێمیش به‌ خاڵێكی ئومێد ده‌بینن بۆ خه‌باتی پارچه‌كانی تری كوردستان. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌ندێ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ چه‌پڵه‌ بۆ قوڵ كردنه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كان ده‌كوترێت و هه‌وڵی دووباره‌ زیندوو كردنه‌وه‌ی دووئیداره‌یی ده‌درێت زۆر جێی داخه‌ له‌م ڕۆژگاره‌دا، كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ یه‌كگرتوویی و ته‌بایی و یه‌كڕیزی ناوخۆیی هه‌یه‌ گوێبیستی ئاوا شتێك ده‌بین.
دوژمنانی كورد هیچ كات جیاوازی نێوان كوردێكی هه‌ولێر و سلێمانی یاخود عه‌فرین و كرماشان و شاره‌زوور ناكه‌ن كورد له‌ لای دوژمنه‌كانمان هه‌ر كورده‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هه‌ر ئایدیاو ئاین و مه‌زهه‌بێكیش بێت.
با ئه‌مجاره‌ نه‌هێڵین مێژوومان دووباره‌ بێته‌وه‌ له‌و خاڵه‌دا، كه‌ دوو به‌ره‌كی و ناكۆكیه‌، با بیركردنه‌وه‌مان كوردانه‌ بێت، با هه‌وڵمان خزمه‌ت كردن بێت به‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان، گرنگ نیه‌ سه‌ر به‌ چ هێز و لایه‌نێكی سیاسین گرنگ بیركردنه‌وه‌مانه‌ كاركردنمانه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا.
ئه‌وه‌ی ده‌هۆڵی شه‌ڕ ده‌كوتێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی ناكات به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئاین و ویژدانیشی، له‌ شه‌ڕدا هه‌رگیز كه‌س براوه‌ نیه‌ ته‌نها دوژمنانمان نه‌بێت، با له‌م هه‌رێمه‌دا بتوانین لاپه‌ڕه‌یه‌كی پرشنگدار بنه‌خشێنین بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی كورد و پێیان بڵێین دوژمنانی كورد ئه‌مجاره‌ سه‌ریان دای له‌ به‌ردی چیاكانی كوردستان و نه‌یانتوانی جارێكی دی دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه‌ وخۆخۆری له‌ ناوماندا زیندوو بكه‌نه‌وه‌.
دڵنیاشم سه‌ركردایه‌تی ئێستای كوردستان زۆر حه‌كیمانه بیر له‌ هه‌ل و مه‌رجی ئێستای كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن دوژمن زه‌فه‌ر به‌ ته‌بایی ناو ماڵی كورد ببات‌ و ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌رێم لاواز بكات.