رەزا شـوان: بوونی پەکەکە لە باشوری کوردستاندا شەرعی نییە.. بەڵام بوونی سوپای داگیرکەری تورکیا شەرعییە!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

رۆژی دوو شەممە (20/ ئەپریل/ 2020) نێچیرڤان بارزانی، کە شێخ جەعفەر مستەفا و مستەفا سەید قادری لەگەڵدا بوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دەربارەی کێشەی (زینی وەرتێ) و بۆردوومانکردنی زینی وەرتێ و کەمپی ئاوارەکان لە مەخموور، کە خوشک و برا کوردە ئاوارە راونراوەکانی باکووری کوردستان لێی نيشتەجێن، لە لایەن فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیاوە، کە بووە هۆی شەهید بوونی چـوار ژن و منـداڵ و برینداربوونی چەند کوردێکی سڤیلی بێتاوان.. کەچی راگەیاندنە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە کوردستاندا.. وتیان (لەم بۆردوومانەدا چوار گەریلا) ی پەکەکە کوژران.
نێجیرڤان بارزانی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا، دەربارەی پەکەکە، وتی: زۆر جار باسمان لەوە کردووە کە بوونی (پەکەکە) لە هەموو کوردستانی عێراق بە شەرعی نازانین” وتیشی:”ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا، دەرفەتی ئەوە نادات بە هیچ شێوەیەک هێزی دیکە ببێتە هۆکاری کێشە بۆ دراوسێکانمان” وتیشی”کە پەکەکە بیەوێ یارمەتی هەرێم بدات، ئەوەیە کە دەبێ هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات” نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکاندا، گەرچی زۆربەی رۆژنامە نووسەکانیش پاشکۆی خۆیان بوون و سەر بە حزبە دەسەڵاتدارەکانن.. نێچیرڤان پاکانە بۆ تورکیا دەکات و پاساویش بۆ تاوان و بۆردوومانەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێنایەوەوە کە ناوچەی زینی وەرتێ یان بۆردوومان لەگەڵ بۆردوومانکردنی کەمپی ئاوارەکان لە مەخموور، وتی:”مەخمـوور لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە، لەژێر دەسەڵاتی عێراقی فیدراڵییە، واتە ئەوە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە”
من پەکەکە نیم و بە بە ناوی ئەوانیشەوە قسە ناکەم، ئەوان خۆیان دەتوانن وەڵامی قسەکانی نێچیرڤان بدەنەوە یا نەدەنەوە.. بەڵام من وەکو کوردێکی و کوردستان پەروەر و خەمخۆرێکێ گەلەکەم، وەڵامی قسەکانی نێچیرڤان دەدەمەوە.. با نێچیرڤان بارزانی باوش ئەوە بزانێت، کە کوردستان لە ئەوپەڕی باکوورییەوە تا ئەوپەڕی باشووری.. لە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتییەوە تا ئەوپەڕی رۆژئاوای.. نیشتمانی هەموو کوردێکی دڵسۆزە و موڵک و تاپۆی هیچ هـۆز و بنەماڵە و حیزبێک نییە، شوێن و نيشمانی شەرعی هەموو کوردستانپەروەرێکە، تەنیا شوێنی شەرعی ناپاکان و خۆفرۆشان و کوردستان فرۆشان و جاشە بەکرێگیراوەکان نییە.
لە نێچیرڤان دەپرسین، ئایا بوونی بە هەزاران سەربازی تورکیا، کە زیاتر لە سی مۆڵگەی سەربازییان لە پارێزگای دهۆک و هەولێر لە باشووری کوردستاندا هەیە.. بە لاتانەوە شەرعـییە؟ وێراوتانە جارێک لە جاران، تەنانەت گەر لەژێری لێویشەوە بێت، ئەوە بڵێن، کە بوونی لەشکری تورکیای داگیرکەر لە سەر خاکی باشووری کوردستان و لە رۆژئاوای کوردستان ناشەرعییە..؟؟ رۆژی لە رۆژان داواتان لە تورکیا کردووە کە سەربازەکانیان لە باشووری کوردستاندا بکێشنەوە..؟ بێگومان نەخێر، ئێوە چۆن کفری وا دەکەن.. کەچی بە پەکەکە دەڵێن دەبێ هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات.. ئەم قسەیەت تەنیا لە بەرژەوەندی داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردستان دایە.
نێچیرڤان، پاساو بۆ بۆردوومانەکانی فڕۆکەکانی تورکیا دەهێنێتەوە، کە زینی وەرتێ و کەمپی مەخمووریان بۆردوومان کرد.. هێچ کاتێک گوێم لێنەبووە، کە بە فەرمی لە راگەیاندنەکانیاندا، سەرکۆنەی ئەم تاوانانەی تورکیا بکەن، بە پێچەوانەوە، کەناڵە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە باشووری کوردستاندا، کە کەسانێکی خۆفرۆش بەڕێوەیان دەبەن، بە زەردەخەنەوە وتیان:” فڕۆکەکانی تورکیا بارەگای پەکەکەیان لە مەخموور بۆردوومان کرد.. لەو بڕوایەدام گەر چاوساغی و سیخوڕی بۆ تورکیا نەکرێت، تورکیا بە وردی ئەو زانیاریانە دەربارەی جموجووڵی پەکەکە نازانێت.. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بێ ئاگا نییە لە سوڕانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بەسەر ئاسمانی باشووری کوردستاندا.
ئەی بۆ دەم و گوێ و چاوتان دەگرن، کە ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، گوندەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان دەکەن و منداڵ و ژن و لاوی کورد شەهـید دەکەن و مەڕ و ماڵاتیان دەکوژن و باخ و دارستانەکانی کوردستان دەسووتێنن، ئەم گوندنشینانە نە پەکەکەن و نە بارەگاکانی پەکەکەشیان لێوە نزیکن.. ئەی بۆ لەسەر ئەم تاوانانەی نامەردییانە سەرکۆنەی تورکیا ناکەن؟! راگەیاندنەکانی ئێوە، لە پێش راگەیاندنەکانی تورکیا نقەتان لێوە نایات، تەلەفزیۆنەکانتان زۆر بێ شەرمانە، دەڵێن: ئەمڕۆ فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە فڵان شوێندا، بارەگاکانی پەکەکەیان بۆردوومان کرد.. و ناڵێن گوندەکانیان بۆردومان کرد.. بەمەش شەرعییەت بەم تاوانانەی تورکیا دەدەن.
ئەی بوونی بە دەیان میت و هەواڵگری و سیخووڕی تورکیا، لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سۆران و کەرکووک بە شەرعی دەزانن؟ کە بە مەشق بە جاشی کورد و بە بەرەی تورکمانی دەکەن؟
نێچیرڤان وتیشی:”ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا، دەرفەتی ئەوە نادات کە بە هيچ شێوەیەک هێزی دیکە ببێتە هۆکاری کێشە بۆ دراوسێکانمان” بەشێکن لە کام عێراق؟ لەو عێراقەی کە هەڵەبجە و بە دەیان شوێنی تریان کیمیاباران کرد؟ لەو عێراقەی کە کوردیان ئەنفال کرد؟ لەو عێراقەی کە هەشت هەزار بارزانی و بیست هەزار کوردی فەیلیان زیندەبەچاڵ کردن؟ لەو عێراقەی کە کوردستانیان وێران کرد.. لە کوردستانی سەربەخۆوە، هاتنە سەر ئەوەی کە بەشێکن لەو عێراقەی کە (لە سەدا پەنجاویەک)ی خاکی باشووری کوردستانیان داگیرکردووە. کام (دراوسێکانمان) تورکیا و ئێرانی داگیرکەرانی کوردستان، کە بە هەزاران کوردیان شەهیدکردووین و دەستەیان بە خوێنی بێتاوانانی کورد سوورن، بە دراوسێیان دەزانێ؟
نێچیرڤان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامە نووسێکدا، وتی”مەخموور لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە، لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیدایە، واتە ئەوە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە..” دەپرسین، کێ کەرکووک و خانەقین و دوزخورماتوو و پردێ و مەخموور و شەنگالی دۆڕاندن و خستیانیانە بن دەستی ئەو عێراقەی کە ئێوە بەشێکن لێی؟ قسەکەتان ئەوە دەگەیەنێت، حەقیشتان بەسەر شاری کەرکووک و شارە کوردستانییە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستانەوە نییە.. کەواتە بۆ کوردتان لەو ناوچە کوردستانییانە بە گورگان خوارد دا؟
ئەی کە ئەردۆگانی داگیرکەر، وتی:”مووسڵ و کەرکووک و هەولـێر، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ باوەشی تورکیا” گەر تەنیا بە قسەش بـوایە، بۆ قسەیەکتان نەکـرد؟ من دژی مافەکانی تورکمان نیم، بەڵام هەموو تورکمانەکان لە هەولێردا کۆبکرێنەوە، پڕی دوو چارۆگە نابن، دوو کورسی تەوایشیان نەهێنا، ئێوەی پارتی بۆ بەرژەوەندی و بۆ هاودەنگی خۆتان جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزێرێکی هەرێمتان دا، بە بەرەی تورکمانی، کەچی بەرەی تورکمانی تا ئەمڕۆش وشەی کوردستان بەسەر زاریاندا نایە و ناشڵێن هەرێمی کوردستان و هەردەمیش دژایەتی مافەکانی کوردیان کردووە و دەکەن، حکومەتی هەرێمیش بە (السلطە فی شمال العراق) یا بە (حکومەتی هەولێر) ناودەبەن. کەچی ئێوە بۆ بەرژەوەندی خۆتان بوونە بە هاوپەیمانیان.. ئەوەتا وەزیـری هەرێمتان (ئایدن مەعروف سەلیم) کە سەر بە بەرەی تورکمانییە، خۆی وباوکی و باپیریشی لە هەولێر و لە کوردستان لەدایکبوونە و هەوای کوردستانیان هەڵمژیون و بە ئاو و نانی کوردستان گەورە بوونە، کەچی ئایدن مەعـروفی بێ ئەمەک، لەم رۆژانەدا شەکری شکاند و قسەکەی ئەردۆگانی جاکاندەوە، بێ شەرمانە لە کەناڵی (تە ڕە تە) ی تورکیدا، وتی:” هەولێر لە ئەسڵدا شارێکی تورکمانییە، بەڵام دیمۆگرافیای گۆڕاوە” مەبەستی لە قسەکەی ئەوەیە کە کورد هەولێری لە تورکمان داگیرکردووە.. ئایدن مەعروف وەزیری هەرێمتان پیاوی تورکیایە (تورک مەن)ە، نە هاوبەستەبوونی بۆ کوردستان هەیە و نە خۆشی بە هاوڵاتییەکی کوردستان دەزانێ، ئایدن دەڵێ:”تورکیا نیشتمانی تورکمانەکانە” ئایە ئەم قسەیەی وەزیرەکەتان بە شەرعی دەزانیت؟ هیچ وەڵامێکتان دایـەوە؟ ئەی بۆ ناپرسیت کە زیاتر (بیست و پێنج) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا هەیە، نەک هەر وەزیر و وەزارەتێک، بەڵکو تەنیا بەڕێوەبەرێکی گشتیشیان نییە.. تا ئەمڕۆش تورکیای رەگەزپەرست دانی بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد دا نەناوە؟ و نکووڵی لە بوونی کورد لە باکووری کوردستاندا دەکات.. ئەی ئەمە بە شەرعی دەزانن؟
تورکیا، خەریکە لە کەرکووکی کوردستانی ( 600 ) کەسی تورکمان لە بەرەی تورکمانی بە جاشی بەکرێ بگرێت، مانگانە ( 800 ) دولار بە هەر چەکدارێکیان دەدات، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ( 200 ) چەکداری تورکمانی کەرکووک، لە لایەن سوپای تورکیاوە لە شاری (سلۆپی) کوردستانیدا، مەشق و راهێنانیانی پێ کردوون. مەبەستی تورکیاش لەم چەکدارانەی تورکمان ئەوەیە.. کە گێچەڵ بە کورد بکەن و دژایەتی بکەن، تا بیکات بە بیانوو و پاساو، بۆ ناردنی هـێز بۆ کەرکووک.. ئەی بۆ باسی ئەمە ناکەن و بۆ ناڵێن ئەمە ناشەرعییە و دەستێوەردانە لە کوردستان؟ ئەمانە و زۆر شتی تر لەبن بەڕەدان، گەر بمانەوێت بیخەینە سەر بەڕە.
وەکو لە سەر دوو سێ کیلۆمەترێکی زینی وەرتێ، لە یەکتری مۆڕ و گفبوونەتەوە و یەکتری تاوانبار دەکەن..ئەی بۆ هەموو لایەکتان جقە و نقەتان لێوە نایات.. بە هیچ کلۆجێک کە ناوی کەرکووک و شوێنە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستان ناهێنن..؟؟ دەزانن دڵی کوردستان و قودستی کوردستانتان بە چی دەردێک بردووە؟
تا کەی خۆپەرستی و دەسەڵاتپەرستی.؟ تا کەی یاری بە چارەنووسی گەلە داماو و کڵۆڵ و بێدەرتانەکەمانەوە دەکەن..؟؟ نۆکەری تورکیا و ئێران و عـێراق تاکەی.؟
لە (هـیتلەر) یان پرسی: هـیچوپوچترین کەس لە ژیانـدا کێـیە؟ وتی:”ئەوانـەن کە یارمەتیان دام بـۆ داگـیرکردنی نیشـتمانەکـانیان”
کوردیش دەڵێت:”هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی.. هەر دەبێت بهێنیت نوشوستي”