عیماد عه‌لی: خێرا پشتیگری كردنی كازمی له‌سه‌ر رای شه‌خسی بوو؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حه‌قه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتی كوردستان هه‌ست به‌وه‌ بكات كه‌ خێرا پشتگیری راسته‌وخۆی كازمی بێ دراسه‌تی قووڵ و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان، هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی خسته‌ سه‌ر خه‌رمانی هه‌ڵه‌كانی پێشووی ئه‌م كه‌ڵه‌ سیاسیانه‌ی خۆمان!، جا ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی زیانمان پی بگه‌یه‌نێت یان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌ دوور مه‌ودا پێویسته‌كانیش هه‌بێت. له‌ ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا پشتگیریه‌كی خێرا و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا و به‌ پشت به‌ستن به‌ ڕای كه‌سی وله‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیه‌ كه‌سیه‌كان و دیدار و بینین وچا خواردنه‌وه‌یه‌كی پێكه‌وه‌یی ده‌سترۆیشتوانی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م زاته‌ و خۆشباوه‌ڕیان، بێ هیچ له‌سه‌ر وه‌ستانێك له‌سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ بگره‌ تاوه‌كو حزبه‌كان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك رۆشنبیریشی خسته‌ هه‌ڵوێستێكی ئاڵۆزه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌كه‌داوان و بێ ئه‌وه‌ی بۆ ته‌نیا رۆژێكیش بوه‌ستن خۆیان یه‌كلایی كرده‌وه‌.
ئه‌و زانیاریانه‌ی زانراون له‌ خه‌ڵكی نزیك عه‌بدولمه‌هدی دزه‌ی كردووه‌، كه‌ ئه‌و له‌سه‌ر قه‌ناعه‌ت و باوه‌ڕبون به‌ ئه‌رێنی ره‌فتاره‌كه‌ی وازی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق نه‌هێناوه‌، به‌ڵكو له‌ژێر فشار و كاریگه‌ریه‌كانی ره‌وشی رۆژانه‌ی خۆپیشاندان و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و به‌رژه‌وه‌ندخوازان و دوور له‌ كاری دلخوازی خۆی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نواندووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ڕه‌فتاره‌كانی دوای وازهێنانه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه‌ ئه‌و وازهێنانه‌ له‌ په‌رله‌مان ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌ و په‌سه‌ند ناكرێت و، ته‌نانه‌ت دواتریش له‌پاش په‌سه‌ند كردنی وازهێنانه‌كه‌ی و پاش رازی نه‌بوون به‌ زورفی و عه‌لاوی ئاواته‌خوازبووه‌ دووباره‌ په‌نا بۆ ئه‌و به‌رن و داوای لێبكه‌ن یان به‌م شێوه‌یه‌ی ئیستا تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ بمێنێته‌وه‌ یان دووباره‌ متمانه‌ی پێ ببه‌خشنه‌وه‌. بۆیه‌ ته‌نانه‌ت له‌دووره‌وه‌ش، ئه‌گه‌ر له‌ لێدوان و ره‌فتاره‌كانی ئه‌و رۆژانه‌ و به‌تایبه‌تی له‌ كاتی كزبونی خۆپیشاندانه‌كان و هاتنی به‌ڵای كۆرونا بێنیته‌وه‌ یادت، به‌ روونی ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئێستێكی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی پێشووی كردووه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك په‌شیمانی پێوه‌ دیاره‌.
جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی عه‌بدولمه‌هدی بێت له‌سه‌ر وازهێنانه‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌م ماوه‌یه‌ی عه‌بدولمه‌هدی له‌مه‌ر كێشه‌كانی كورد و ناوه‌ندی عێراق بخوێنیته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ك‌ ده‌كرێت بوترێت حه‌قی گله‌یی كردنی له‌كورد هه‌یه‌، به‌ هۆی ئه‌و به‌خێرا پشتگیری كردنه‌ی كازمی بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت پرسه‌ گورگانه‌یه‌كیان به‌ عه‌بدولمه‌هدی نه‌كردووه‌ و هه‌ڵوێستیان نه‌زانیوه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی زۆر شت ررون بێته‌وه‌ بۆیان هه‌ڵوێستی كۆتاییان ده‌ربری و نمه‌ك حه‌رامیان بۆ عه‌بدولمه‌هدی ده‌ركه‌وتووه‌.
ئه‌م ره‌فتاره‌ زۆر نا ماقوڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كه‌ هه‌میشه ‌پشت به‌ بیروبۆچون و ره‌فتار و هه‌ڵویست و مێژووی شه‌خسی خۆیان و په‌یوه‌ندیه‌كانیان و حزبه‌كانیان بۆ پرۆسه‌یكی ستراتیجی ده‌به‌ستن، زیاتر نادانایی و هه‌رزه‌ره‌فتاری ئه‌م خه‌ڵكه‌ ده‌سترۆیشتووه‌ت ده‌كه‌وێته‌وه‌ یاد كه‌ چاره‌نوسی ئه‌م میله‌ته‌یان‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست.
بۆیه‌ گرنگترین به‌ڵگه‌ی به‌رجه‌سته‌كراوی هه‌ڵوێستی گله‌یی ئامێز و كاردانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی له‌م كاته‌دا له‌ به‌رامبه‌ر كورد پشتگوێخستنی كورده‌ و له‌و ناوه‌شدا رێگه‌نه‌دانه‌ به‌ ناردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، جا ئه‌گه‌ر به‌ رووكه‌ش هۆكاری نه‌بوونی پاره‌ی كاش بێت له‌ده‌رئه‌نجامی نزمبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ده‌رهاویشته‌كانی په‌تای كۆرۆنا، به‌ڵام حه‌قیقه‌تی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌ سیاقی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ه‌ عه‌بدولمه‌هدی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خێرای كورد له‌ كاندیدكردنی كازمی دێت و، ئه‌م هه‌وڵویسته‌ی عبه‌دولمه‌هدیش ده‌ینوێنێت رۆڵی نه‌رێنی خۆی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی دوابه‌كه‌وێت.
بۆیه‌ وا ئێستا بۆ چاودێرانی كوردستان زیاتر سیاسه‌تی ئه‌م به‌رپرسه‌ بلیمه‌تانه‌ی كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی كوردستان به‌رێوه‌ده‌به‌ن و ده‌رس و په‌ند له‌ هیچ شتێك وه‌رناگرن و له‌ سه‌ره‌نجامیشدا باجه‌كه‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تی كوردستان ده‌یده‌ن.