بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکاو ئێران لە دەمەقاڵەو تویتەوە بۆ بەریەککەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ فەرمانى دا کە هەر بەلەمێکى سەربازى ئێرانى نزیک بێتەوە لە کەشتیەکانیان لە ئاوەکانى ناوچەى کەنداو ئاگربارانى بکەن و لەناوى ببەن، ئەمەش لە دواى هەفتەیەک لە نزیک بوونەوەى 11 بەلەمى سوپاى پاسدارانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران هەفتەى ڕابردوو لە کەشتیە جەنگیەکانى ئەمریکا بە دوورییەکى زۆر کەم.
ناکۆکیەکان هەڵدەکشێن سەرەڕاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەردوو وڵاتى ئەمریکا و ئێران تا ڕادەیەکى زۆر بەتایبەتى ئەمریکا کە ئێستا لە یەکەمى لیستەکەدایە بۆ تووشبوون و مردن، هەرچەندە لە زۆر شوێنى تر بە هۆى ئەو ڤایرۆسەوە شەڕو ململانێکان خاوبوونەتەوە.
لە ئاوا بارودۆخێکدا کە ئێران گیرۆدەى ئەو ڤایرۆسە نەگریسەیە و قوربانى زۆریشى هەیە بارودۆخى وڵات شڵەژاو و نالەبارە بەهۆى گەمارۆ و سزاکانى ئەمریکاوە کەچى یەکەم مانگى دەستکردیان بە سەرکەوتوویى هەڵدایە بۆشایى ئاسمان و، ئەگەر پێشتر دەیان گووت کە بۆ مەرامى سەربازى نیە بەڵام ئێستا باس لەوە دەکەن بۆ مەبەستى بەرگرى و سەربازییە.
هەر ئەمەش واى لە ترەمپ کرد کە دواى بڵاو بوونەوەى ئەو هەواڵە لە تویتێکدا بنووسێت کە فەرمانى بە هێزە دەریاییەکانى ئەمریکا کردووە لە کەنداو کە هەر بەلەمێکى سوپاى پاسداران نزیک بووەوە لێیان لەناوى ببەن.
لە بەرامبەریشدا فەرماندەى گشتى سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران فەرمانى دا بە هێزەکانى، کە وەڵامى هەر هەڕەشەو پەلامارێک بدەنەوە، کە بکرێتە سەر هێزەکانیان ئەم ئاماژانە ئەگەر بچنە بوارى جێبەجێ کردنەوە ئەوا نەک ناوچەى کەنداو هەموو ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین دەبێتە گۆڕەپانى شەڕێکى کاولکار کە ساڵانێکە هەردوو جەمسەرى ئێران و ئەمریکا بە هاوپەیمان و بریکارەکانیانەوە خۆیانى بۆ ئامادە دەکەن.
بەڵێ ئەو کات ئاکام و کاریگەرییەکانى لە گەڵ کۆرۆنادا ئەم ناوچە دەکاتە قوربانیەکى ترى جەنگى بەرژەوندى و ملهوڕى هێزە بەرژەوندخوازو چاوچنۆکەکان کە هیچ دیارییەکیان بۆ مرۆڤایەتى پێ نیە جگە لە شەڕو ماڵوێرانى.
لەلایەکى ترەوە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بنتاگۆن داواى ڕوونکردنەوەى لە کۆشکى سپى کردووە دەربارەى تویتەکانى سەرۆک ترەمپ، کە باس لە بە ئامانج گرتنى بەلەمە ئێرانیەکان دەکات، لە بەرئەوەى سەرۆک ترەمپ بابەتەکەى بە ڕوون و ڕاشکاوانە لە تویتەکەیدا یەکلایى نەکردۆتەوە، هەر لە بەر ئەوەشە هێزى دەریایى ئەمریکا داواى ڕوونکردنەوەى لە بنتاگۆن کردووە و ئەوانیش داواى ڕوونکردنەوەیان لە کۆشکى سپى کردووە.
بۆ یە لە ئێستاشدا ڕاو و سەرنجێکى دى خۆى قووت کردۆتەوە لە ناوەندە سیاسی و هەواڵیەکان ئەویش ئەوەیە ترەمپ بۆیە لەم کاتەدا ئەم قەیرانە دەوروژێنێت، کە نرخى نەوت زۆر دابەزیووە، بەمەش کە تەنگەى هورمز و کەنداو ببێتە مەیدان و ململانێکانى ئەمریکاو ئێران ئەوا نرخى نەوت خێرا بەرز دەبێتەوە هەرواش دەرچوو لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا نەوت لە 15% نرخەکەى بەرزبووەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت