رەزا شوان: تورکیای ئەردۆگانی گۆڕبزری شەهیدانی کوردمان دەکات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تورکیا رەگەزپەرسترین و فاشسترین و دڕندەترین دەوڵەتە لە جیهاندا، تا سەر ئێسقان دۆژمنی سەرسەختی کوردن، هەرگیز چاویان بە بوونی کورد دا هەڵنایات.. تا ئەمڕۆش دانیان بە ناسنامەی نەتەوەیی کوردا نەناوە.. ئەردۆگانی دیکتاور کە زۆر بیربۆگەنتر و رەگەزپەرستر و دڕندەترە لە ئەتاتورکی گۆڕبەگۆڕ. چەند جارێک دووبارەی کردەوە، کە لە تورکیادا: یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا هەیە. واتە هێڵی راست و چەپیان بە سەر بوونی نەتەوە و زمان و ئاڵاکانی نەتەوەکانی تردا کێشاون. ئاشکرایە کە مەبەستی سەرەکی و تایبەتییان لەم ئایدۆلۆژییە بۆگەنەیان، نەتەوەی کوردمان و زمانی کوردیمان و ئاڵای کوردستانە، بەم بیر و ئایدۆلۆژییە بۆگەنە و رەگەزپەرستییەشیان، نەوەکانیان گۆش و پەروەردە کردوون و دەکەن.. تا لە منداڵییەوە رقیان لە کورد بێت.
پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی ئەردۆگان، بە هەموو شێوەیەک دۆژمنایەتی کورد دەکەن و ژەهڕی رقی رەشیان بە کورد دەڕێژن.. تەنانەت واز لە شەهیدان و مردووانی کوردیش ناهێنن.. بڕیاری قەدەغەکردنی ئەوەشیان دا، کە نابێ بە نووسینی کوردی لاتینی لەسەر کیلەکانی گۆڕەکانی شەهیدان و مردووانی کورد بنووسرێن.. نابێت ئەو پیتە کورییانەی کە لە زمانی کوریدا هەن و لە تورکیدا نین، بە کاریان بهێنن.. نابێت لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانی شەهیدان و مردوانی کورد، بە کوردی بنووسرێن و نابێت هیچ نازناوێکی کوردیش بۆ مردووەکانیان لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانیان بنووسن.. دەبێت تەنیا ئەو ناوانە بنووسن، کە لە رەگەزنامە تورکییەکانیاندا نووسراون.
سەرکردایەتی هێزەکانی (جەنـدرما) لە شارۆچکەی (سیلـوان) ی سەر بە شاری ئامەد لە باکووری کوردستاندا، پەیوەندییان کردوون بە خاوەن و بە کەسوکاری شەهیدان و مردووە نێژراوەکانی کورد لەو شارۆچکەیەدا.. ئەو شەهیدانەش لە لایەن سوپا و میتی زۆڵ و پۆلیسی تورکیاوە، بە ناڕەوا شەهید کراون.. بانگیان کردوون بۆ دایرەی پۆلیسی سیلوان و فرمانیان پێکردوون.. کێلەکانی گۆڕەکانی مردووەکانیان بڕووخێنن و بە کێلی تر بیان گۆڕن، نابێت هیچ پیتێکی کوردی کە لە زمانی تورکیدا نییە بەکاربهێن.. ناشبێت هیچ نازناوێکی کوردی لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانیان بنووسن. تەنیا ئەو ناوانە بنووسن، کە لە رەگەزنامەکانیاندا نووسراون.. ئەمە فەرمانە و دەبێت جێبەجێیان بکەن.
بەشێکی زۆری خاوەن و کەسوکاری مردووە بانگکراوەکان، ئەم بڕیارە شۆڤێنیانەیان رەتکردەوە.. هەر لە ناو دایرەی پۆلیسی سیلواندا، جەندرمە دڕندەکان کەوتنە لێدان و ئەشکەنجەدانی ئەو خێزانانە و هەڕەشەی زیندانی کردنیان لێکردوون.. مۆڵەتی چەند رۆژێکی کەمیان بۆ دیاری کردوون.. کە دەبێت ئەو کێلە گۆڕانەیان بشکێنن و وێنەی کیلە شکاوەکانیشیان بۆ بهێنن.. تا دڵنیابن کە شکاندوویانن.. هەڕەشەی ئەوەشیان لێکردن، گەر نەیان شکێنن.. ئەوا ئێمە ئەو کیلانە دەشکێنن و گۆڕەکانیشیان لە بنەوە هەڵدەتەکێنین و تەرمی مردووەکانیشتان کەس نازانێت کە لە کوێدا فڕێیان دەدەین.
نامەردی و بێڕێزیکردن بە گۆڕی مردووان، لە تورکیادا نەبێت، لە هیچ وڵاتێکی تری جیهاندا بێرەوشتی وا نەکراوە.. ئەمە پێچەوانەی هەموو یاسا و رێسا و رەوشتێکە.
پێشتریش رژێمی تورکیا، بڕیاری ئەوەی دەرکردبوو، کە هەموو نووسینێکی هەڵوسراو (لافیتە) بە زمانی کوردی قەدەغەیە.. ناشبێت هیچ خولێک بۆ فێربوونی زمانی کوردی بکرێتەوە.. لە تورکیادا، لە زمانی تورکی زیاتر، بە فەرمی ڕێ بە بەکارهێنانی هیچ زمانێکی تر نادرێت. ئەمەش شتێکی تازە نییە لە تورکیادا لە ئەتاتۆرکی رەگەزپەرستی گۆڕبەگۆڕەوە، تا دەگاتە ئەردۆگانی رەگەزپەرست و ستەمکار، زمانی کوردی قەدەغە کراوە.. تا ئەمڕۆش خوێندن و بە کوردی نووسین لە تورکیادا بە تاوان دادەنرێت.
لە ساڵی ( 1991 ) دا، ژنە سیاسەتمەدار و تێکۆشەر و قارەمانی کوردمان (لەیلا زانا) کە لە ساڵی ( 1961 ) لە شارۆچکەی (سیلوان)ی سەر بە شاری (ئامەد) لەدایک بووە. یەکەمین ئافرەتی پەرلەمانتاری کوردە لە پەرلەمانی تورکیا، خۆی شەش پەرلەمانتاری کورد (سەلیم ساداک، ئۆرهان دۆغان، خەتیب دیجلە، زوبێر ئایدا، بەشار کاباش) لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانی تورکیادا، لەیلا زانا یەکەم کەس بوو کە بە زمانی کوردی سوێندی پەرلەمانی خوارد. هاوڕێ پەرلەمانتارەکانیشی بە دوای ئەودا ئەوانیش بە کوردی سوێندیان خوارد.. لەیلا لە شێوەی هەر سێ رەنگەکانی ئاڵای کوردستانیش ناوچەوان بەستێکی بە ناوچەوانییەوە بەسەت.. بەمەش عەرشی تورکیا هەژاند و بوو بە سیمبولێکی سیاسی و بە هێمایەکی نەمری ئازایی و دلێری و بوێری ژنانی کوردمان.
تورکیا ئەم سوێندخواردنەی لەیلا زانا و هاوڕێکانی بە زمانی کوردی، بە نایاسایی و بە تاوان دا.. لەیلا زانا و سەلیم ساداک هەر یەکەیان بە پانزە ساڵ زیندانی سزادران. دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی دە ساڵ لە زینداندا مانەوە.. لەسەر فشاری پەرلەمانی ئەوروپی، تورکیا ناچاربوو کە لەیلا زانا و هاوڕێکەی ئازاد بکەن.
عەلی باباجان سەرۆکی (پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن) کە کورتکراوەکەی (دیڤا) یە، بە زمانی تورکی بە واتای (چارەسەر) دێت.. لە یەکەمین وتاریدا، لە یەکەمین کۆنگرەی راگەیاندنی دامەزراندنی پارتەکەیدا،وتی: دەبێت دەستوور هەموار بکرێتەوە و بگۆڕێت.
باباجان وتیشی: کێشەی کورد بە هۆی دەستوورەوە دروست بووە، کە تێیدا گەلێک لە بوونی بێبەشکراوە.. وتیشی: ئەگەر ئێمە مافەکانی گەلی کوردمان لە دەستووردا زامن کرد و بە مافەکانی خۆیان بگەن، ئیدی پەکەکەش نامێنێت.
باباجان توانجی لە ئەردۆگانی دیکتاتۆر گرت و وتی: تورکیا شوێنی دیکتاتۆریەت نییە.
عەلی باباجان لە بارەی دژایەتیکردن و توندوتیژی نواندن، بەرانبەر بە زمانەکانی تر لە تورکیادا، بە راست و رەوا نازانن، جەختی لەسەر ئەوە کرد، کە خوێندن و رۆشنبیری بە زمانە جیاوازەکانی نەتەوەکانی تر لە تورکیادا، مافێکی مرۆڤایەتی بنەڕەتییە و پێویستییەکی پەروەردەییە.. پێویستە دەستکاری دەستوور بکرێت، تا هەموو هاوڵاتیان لە نەتەوەکانی تر زمانی دایکیان بەکاربهێنن.
عەلی باباجان: دیموکراتی دەبێت فاکتەری سەرەکی بێت، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. ئەو بەڵێنەشی دا، کە رێ بە نەتەوەکانی تر دەدەن، کە پابەند نەبن بە زمانی تورکییەوە.. بە ئازادی زمانی رەسەنی خۆیان بەکاربهێنن.
باباجان وتیشی: دانانمان بە مافەکانی کورد بە (پەکەکە)ەوە گرێ نادەین، بەڵکو دان بە هەموو مافەکانیاندا دەنێین.
بەشێک لە سیاسەتمەدارانی باڵای تورک، پێیان وایە کە کێشەی کورد لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بووە بە کێشەیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.. بە لەشکرتاری و داپڵۆسین و سەرکوتکردن و کوشتن و بڕین و بەندکردن، چارەسەری کێشەی کورد ناکرێت.. بەڵکو لە رێی دانووسان و گفتوگۆ و دانان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد دێتە چارەسەرکردن.
بۆ تورک بە مافی خۆی دەزانێت کە بە زمانی تورکی بخوێنێ و بنووسێ و بدوێت، ئەی بۆ ئێمەی پەنجا ملیۆن کورد کە خاوەنی زمانی تایبەتی خۆمانین. مافی ئەوەمان نەبێت، کە بە زمانی باوباپیرانمان، زمانی رەسەنی کوردیمان بخوێنین و بنووسین و بدوێین..؟ ئەم مافە بۆ ئەوانی تورک رەوایە و بۆ ئێمەی کورد ناڕەوایە. یا بانێکە و دوو هەوایە؟
بۆ کەمینەیەکی تورکمان لە شاری هەولێر و کەرکووکدا، بە زمانی تورکی و بە لاتینی تورکی دەخوێنن و دەنووسن و زانکۆیان هەیە.. ئەی بۆ زیاتر لە (بیست و پێنج) ملیۆن کورد لە باکووری کوردستاندا، نەک بۆیان نییە کە بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن، بەڵکو تەنانەت ئەو مافەشیان پێ رەوا نابینن، کە لە خاکی کوردستاندا، نەک لە خاکی تورکیادا، لەسەر کێلەکانی گۆڕەکانی شەهیدان و مردووەکانیان، بە لاتینی کوردی ناو و نازناوی شەهیدەکان و مردووەکانیان بنووسن..؟!
ئەم تاوانە قێزەوەن و نامەردییانە و نامرۆیانەی تورکیا، نە یەکەمین تاوان و بێڕەوشتییانە، نە دوا تاوانیشیان دەبێت.. تاوانی زۆری لەمە نامەردیتریان دەرهەق بە شەهیدان و مردووانی گەلی کوردمان ئەنجام داون. بۆ نموونە:
زانا و مامۆستای گەورە و بەناوبانگی کوردمان (سەعید نەورەسی: 1876 – 1960 ) کە بە (بەدیعولزەمان) ناسراوە، کە لە ساڵی ( 1960 ) دا کۆچی دوایی کرد، لە شاری ماردین لە باکووری کوردستان، بە خاکیان سپارد.. لە دوای چوار مانگ لە ناشتنی، جەندرمەی تورکیا هاتن و قەدەغەکردنی هاتوچوونیان لە شاری (ماردین) دا راگەیاند. تەرمەکەی (سەعـید نەورەسی) یان، لە گۆڕەکەی دەرهێنا و بە فڕۆکەیەک بردیان.. ئەوسا و ئێستاش کەس نازانێت چیان لە تەرمەکەی کرد!
لە ساڵی ( 2016 ) دا، جەندرمەی تورکی، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی تورکیا، تەرمی ( 49 ) شەهیدی گەریلاکانی کوردیان، لەناو گۆڕستانی (چیای باگۆن) ی نزیک شاری ماردین لە گۆڕەکانیان دەرهێنان.. کەس نازانێت بۆ کوێ بردیانیان و چیان لێکردوون.
ئەمساڵیش، هەر بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی رژێمی تورکیا، لە ناوچەی (کارزان) لە باکووری کوردستان، جەندرمەکانی سوڵتان ئەردۆگانی ئیسلامی تەرمی ( 267 ) گەریلای شەهیدیان لە گۆڕەکانیان دەرکرد و گۆڕەکانیان تێک دان.. بێ ئەوەی ئاگاداری خاوەنی شەهیدەکان بکەنەوە. کەسیش نازانێت تەرمەکانیان بۆ کوێ بردن و چیان لێکردوون!
هەر وەزیری ناوخۆی تورکیا، بڕیاری ئەوەشی دەرکردووە، کە سەرجەم گۆڕستانەکانی شەهیدانی باکووری کوردستان، کە ژمارەیان ( 14 ) گۆڕستانە هەر هەموویان بڕووخێنن و تەرمی شەهیدەکانیش لە گۆڕەکانیاندا دەربکەن و بیان بەن و لە شوێنێکی نەزانراودا. خۆیان دەزانن چیان لێدەکەن.
بە دووریشی مەزانن، کە وەزیری ناوخۆی رژێمی تورکیا، ئەو بڕیارەش دەربکات، کە گۆڕی (مـەم و زیـن) یش، کە لە شاری (بایەزید) لە باکووری کوردستان دایە، ئەو گۆڕەش هەڵبتەکێنن.. چونکە هەموو تاوان و رەفتارێکی ناشیرینیان لێدەوەشێتەوە.
ئەمانەیە نامەردی و تاوانە قێزەوەنەکانی، سۆڵتان ئەردۆگانی دیکتاتۆر و نەژادپەرستی سەرۆکی (ئیخوانولشەیاتین) و سەرکردەی جاشە ئیسلامییە بەکرێگیراوەکانی سوریا و لیێبیا و کوردستان.. ئەردۆگانی دامەزرێنەری داعشی تیرۆریست.. ئەمانەیە تاوانەکانی پارتی ناداد و ناگەشەپێدانی ئەردۆگان. ئەمانەیە ئازادی و یموکراتی و رێزگرتنی تورکیا لە مافەکانی مرۆڤ.. هەرگیز لە وێنەی نامەردی و دڵڕەقی و رقڕەشی و رەگەزپەرستی تورک لە جیهاندا نەبووە و نییە.. مەگەر تەنها شۆڤێنی عەرەبی و ئاخوندەکانی سێدارە، لە هاوشێوەی ئەردۆگان و تورکیا رەگەزپەرست دابن، ئەوانیش هاوپیلان و هاوتاوانن و هاوڕەگەزپەرستن، ئەوانیش تاوانێکی زۆریان دەرهەق بە گەلی کوردمان کردوون و دەیکەن.. هەموو کاتێکیش ئەم داگیرکەرانەی کوردستان پێکەوە بە گەلەکۆمەیی تەگبیر و پیلانی کۆمەڵکوژی کوردیان داڕشتوون و جێبەجێیان کردوون و تا ئەمڕۆش هاوپیلانن لە دژی بەدەستهێنانی مافەکانی کوردمان.. سیاسەتی (پەرتکە و زاڵەبە) و پیلانی کوشتنی کورد بە کوریان داڕشتوون.
ئەم تاوانە قێزەوەنانەی تورکیا، بۆ ئەمڕۆ و بۆ دوێنێ ناگەڕێنەوە.. ئەمانە لە باوباپیرە خوێنڕێژ و داگیرکەر و نامەردەکانی عوسمانییەکانیانەوە، بە میراتی بۆیان ماونەتەوە و بۆونە بەشێک لە کولتووری بۆگەنیان و لە بێڕەوشتیان.. شانازیش بەم تاوانانەیانەوە دەکەن.. کورد دەڵێت: مردوو شەیتان دەستی لێ هەڵدەگرێت.. بەڵام تورکیای نامەرد دەستیان لە مردووی کورد هەڵنەگرتوون.. مەبەستی رژێمی تورکیا لەم تاوانانە و کارە چەپەڵانەیان.. گۆڕبزرکردنی شەهیدانی کوردمانە.. بێڕێزیکردن و سوکایەتی کردنە بە شەهیدان و بە مردووانی کوردمان.. مەبەستیان ئازاردانی دەروونی کوردە.. بەڵام لە هەمان کاتدا نامەردی و دڕندەیی و قێزەوەنی خۆیان دەردەخەن.. سووکایەتی و بێڕێزی بە خۆیان دەکەن.. نامەردیش هەر لە نامەرد دەوەشێتەوە.. ئەم تاوانە قێزەوەنانەشیان دەچنە ناو تۆماری میژووی سەرتاپا رەش و قێزەوەن و بۆگەنیان.. مێژوویەک کە لە تاوان و تراژیدیای خوێنڕشتن و دڕندەیی و نامەردی و دزی و تاڵانی و بێڕەوەشتییان بەرانبەر بە گەلانی ئازادیخواز و مافخواز و ئاشتیخواز، هیچی تری تێدا نابینین.. لە یەکەمین لاپەڕەی مێژووی تورکیاوە تا دوایەمین لاپەڕەیان، هیچ خەسڵەتێکی جوان و چاکە و پیاوەتی و مرۆڤایەتییان تێدا نین.. تا بیانکەن بە منەت بەسەر گەلانی ترەوە.
بە هەزاران هەزا تف و نەفرەتان لێبێت.. ئەی داگیرکەرانی نامەرد و دڕندە و نامرۆڤ.
بە توندی سەرکۆنەی ئەم تاوانە قێزەوەنانەی ئەردۆگان و رژێمە رەگەزپەرستەکەی دەکەین.. ئەو رۆژەش بە دوور نازانین، کە تەختی وەربگەڕێت و خۆی رژێمەکەشی رسوا و شەرمەزار و رووڕەش و سەرشۆڕ و چاوشۆڕ ببن و ببن بە پەندی زەمانە.