عیماد عه‌لی: كێ باری كوردستان راست ده‌كاته‌وه‌؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌م باره‌ی كوردستان وا لاربۆته‌وه‌، كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و به‌رده‌یه‌ نه‌زانێك فڕێی دابێته‌ نێو گۆمێكه‌وه‌، به‌ هه‌زار زانا نه‌توانن ده‌ریكه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستی راسته‌قینه‌ و رێژه‌یه‌ك له‌ دڵسۆزی به‌تایبه‌تی له‌ نێو گه‌نجاندا مابێت، ته‌نها به‌ ئێستێكو به‌خۆداچونه‌وه‌ی دروست و دوور له‌ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی، ده‌كریت هه‌ر هیچ نه‌بێت تا ڕاده‌یه‌كی كه‌م له‌و كوڵه‌مه‌رگیه‌ رزگار بین. چۆن؟
یه‌كه‌م جار ده‌بێت له‌وه‌دا یه‌كلا بین، كه‌ به‌م كه‌ره‌سته‌ و عه‌قڵانه‌ی نزیكه‌ی سی ساڵه‌ كوردستان به‌رێوه‌ ده‌به‌ن هیچ ئاسۆیه‌كی قوتاربون له‌م وه‌زعه‌ نابینرێت، كه‌وابێت پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌ی چۆن ده‌بێت؟ بۆ زانینی ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌وه‌ یه‌كلا بیته‌وه‌ كه‌ به‌ كتوپڕێ گۆڕانكاری روونادات و ده‌بێت هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌م گه‌نج و نه‌وه‌ تازه‌یه‌ خه‌می نه‌وه‌كانی داهاتوویان بێت ئه‌گه‌ر به‌خۆیان بێ ئومێد بوون له‌ كه‌وتنه‌وه‌ سه‌ر سكه‌یه‌ك بێت كه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی‌ زۆر كیسه‌ڵ ئاساش بڕوات. ئه‌ی ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت؟

A- له‌ رووی ستراتیجیه‌تی دوورمه‌وداوه‌، ده‌بێت:
* هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ گه‌وره‌و بچوك و حزب و بزوتنه‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تی و بنكردایه‌تی له‌م ماوه‌یه‌ له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، به‌شداری كردنی هه‌موو چالاكیه‌كی سیاسی ین به‌هه‌ر ناوێكه‌وه‌ بێت ره‌تبكرێنه‌وه‌ (به‌ خۆمیشه‌وه‌ نه‌وه‌ك بوترێت خۆی لێده‌رده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ته‌نها دڵۆپێك ئاوی ده‌ستی ئه‌مانه‌ی خواردبێته‌وه‌ پرژی گه‌نده‌ڵی به‌ركه‌وتووه‌).
* نه‌وه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ دابڕانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی پێشودا بكه‌ن، وه‌كو چۆن له‌ بواری ته‌كنۆلۆجی و ئه‌لیكترۆنیدا بازی گه‌وره‌یان داوه‌ و هیچیان له‌ نه‌وه‌كانی پێش خۆیان ناچێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان هه‌نگاو بنێن.
* ڕێكخراوی مه‌ده‌نی و سیاسی نوێ و سه‌رده‌مانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ بۆ خۆیان پێ بزانن راسته‌ و میكانزیمی گونجاو له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی خۆیادا هاتبێته‌وه‌ كاری گشتی پی رایی بكه‌ن، ئه‌ویش به‌ ورد و زانستیانه‌ ئه‌ركی دوور ونزكی ئه‌وانه‌.
* فیكر و فه‌لسه‌فه‌ تا دێت به‌ره‌و كزبون ده‌چێت و زانست پێگه‌ی به‌هێز ده‌بێت و ئایدیۆلۆجیا هه‌ر باوی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كۆی گشتی خه‌ڵك كه‌ زۆرینه‌ی هه‌ژار و نه‌دار و چینه‌ چه‌وساوه‌كه‌ن، به‌رنامه‌ی گۆنجاو به‌بیری خۆیان كه‌ من نایزانم، داڕیژن. به‌و شێوه‌یه‌ به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆیی و واقعیانه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می دابڕان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی كۆندا به‌دروستی ده‌نێن و ده‌توانن خۆیان له‌ سه‌لبیاته‌كانه‌ی خۆشیانیش دابڕن و سه‌ركردایه‌تی واقیعی له‌ كۆی ژانی نێو منداڵدانی واقیعی تازه‌ی كۆمه‌ڵگا دروست بێت، ئه‌گینا هه‌زار و یه‌ك ناڕازی و خه‌ڵكی كۆنی پاك و بێگه‌رد و زاهید و ده‌ست و ده‌م پاك و به‌توانا هه‌بن و ئێستا ناڕه‌زایه‌تیش ده‌رووڕین، هه‌مان عه‌قڵیه‌تی ئه‌مانه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌خۆیشیان هه‌وڵ بده‌ن ناتوانن له‌ سیفه‌ت و عه‌قڵ و فكر وفه‌لسه‌فه‌ و ره‌فتاری ئه‌مانه‌ ده‌ربچن.

B- له‌ رووی ته‌كتیكی و كاری خێرای ئه‌مڕۆوه‌، ده‌بێت:
* كاری سه‌ره‌كیان هه‌وڵی دابڕانی خیڕای ئه‌و رێژه‌ به‌یه‌كداچونه‌ی نه‌وه‌ی سه‌رده‌م له‌گه‌ڵ كۆندا بده‌ن و كاریگه‌ری نه‌وه‌ی كۆن له‌ عه‌قڵیه‌تی ره‌فتاری خۆیان لاده‌ن و په‌رشوبڵاوی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌:
1- ته‌نها گرنگیدان به‌ حه‌ز و خواست و بیركردنه‌وه‌ی نوێی خۆیان.
2- به‌شداری نه‌كردنی هیچ حزب و لایه‌نێك له‌ هیچ چالاكیه‌كیاندا له‌ هه‌ر روویه‌كیه‌ بێت.
3- هه‌وڵی خۆرێكسختنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌پێی ڵیكه‌وته‌كانی دونیای ئینته‌رنێت.
4- خۆپارێزی له‌ خه‌یاڵ و تموحی گه‌وره‌ی خه‌یاڵی نائاسایی و ته‌ماشكردن و تێرامان له‌ واقیعی كوردستان و كاركردن به‌و پێیه‌.
5- ته‌نها فشاری سه‌رجاده‌ و چالاكی جۆراوجۆری دوور له‌ نیازی حزبه‌كان بكرێت و ئه‌وه‌ش وردی و زیره‌كی و ژیری ده‌وێت.
6- نه‌هیشتنی سواربونی هیچ حزب و لایه‌نێكی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر شه‌پوڵی ناره‌زایه‌تی و چالاكی جیاوازی نه‌وه‌ی دابڕاو له‌ واقعی سیاسی ئه‌مڕۆ
7- له‌ پاش چالاكی و دروستبونی په‌یوه‌ندیه‌ جیاوازه‌كان ناوكی دروستبونی سه‌ركردایه‌تیه‌كی نوێ، كه‌واقیع فه‌رزی بكات، باشترین عه‌قڵ له‌دایكبووی ژانی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت.
* قه‌یرانه‌ ئانوساته‌كانی ئه‌مڕۆ هانده‌رێكی باشه‌ بۆ مایه‌پوچ بوونی ئه‌م سه‌ركردایه‌تی و عه‌قلیه‌ته‌ سواوه‌ی كه‌وا كوردستانی گه‌یانده‌ ئه‌م حاڵه‌، بۆیه‌ به‌ ئاسانی ئه‌ڵته‌رناتیڤی خۆیان ده‌ربخه‌ن و كاری سه‌خت و بێ وچانی كۆمه‌ڵیك چالاكوانی به‌توانای گه‌نج به‌دوور له‌ گه‌نجانی ناو حزبه‌كان زه‌مینه‌ی بناغه‌دانانی دابڕانی یه‌كجاره‌كی له‌نێوان عه‌قڵیه‌تی كۆن و نوێ ده‌بێت.
بۆیه‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ تاوه‌كو كوردستان به‌م پێكهاته‌ و عه‌قڵیه‌ته‌ و به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، هه‌لی ده‌ربازبوون له‌ هیچ قه‌یرانێك له‌به‌رده‌مدا نابێت و ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر جارێكیشدا پینه‌وپه‌ڕۆیه‌ك بكرێت، به‌ڵام پشكۆی قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ده‌ستی عقه‌ڵیه‌تی كۆن به‌ بریسكه‌داری ده‌مێنته‌وه‌، تاوه‌كو له‌كۆتاییدا ده‌گه‌رێینه‌وه‌ ژێر ده‌ستی داگیركه‌رانی ده‌یان ساڵه‌ی میله‌ته‌كه‌مان و بارودۆخی كوردستان له‌ خراپه‌وه‌ بۆ خراپتر ده‌ڕوات. بۆیه‌ ئێستا یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ختی رێگه‌ی دوورودرێژی نه‌وه‌ی تازه‌ و نه‌وه‌كانی داهاتوو بنرێت، له‌ چاوه‌ڕوانی و هه‌نگاو نه‌نان باشتره‌.