له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: كورد له‌ ته‌ڵه‌ی توركیادا!.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ نێو ته‌ڵه‌و پیلانێكی مه‌ترسیدارداین، له‌ به‌غدا به‌ره‌ به‌ره‌ نزیكترین دۆسته‌كانمان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین، عادل عه‌بدولمه‌هدی نمونه‌ی ئه‌و دۆستانه‌ بوو، كه‌ پێموایه‌ ئیتر له‌مه‌و دوا ئه‌ویش وه‌ك مالكی و عه‌بادی ته‌ماشا ده‌كرێت، له‌ ده‌ستدانی مه‌هدی له‌م دۆخه‌ی ئێستاداو پاش هه‌موو جم و جۆڵه‌ گوماناویه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێم به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت ، توركیا به‌ ته‌نها نیه‌ له‌م یاریه‌ مه‌ترسیداره‌دا، راسته‌ توركیا له‌ سه‌رده‌می نێچیرڤان بارزانیشدا هه‌رچی ویستبا ده‌یكرد، به‌ڵام ئێستا شته‌كان زۆر له‌وه‌ مه‌ترسیدارترن، تا راده‌ی هاتنی هێز له‌ تاریكیداو هه‌وڵدان بۆ گۆشه‌گیر كردن و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی قه‌ندیل و ناچار كردنی هێزه‌كانی دیكه‌ی باشوریش به‌وه‌ی دوای پشی پشی توركیا كه‌ون.
ئه‌و بارو دۆخه‌ی ده‌گوزه‌رێت هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ وه‌زیری داراییه‌وه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ داكۆكی نیه‌ له‌و، ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌ته‌، پارتی زۆرترین كه‌سی له‌ به‌غدایه‌و زۆرترین ده‌ستی ده‌ڕوات ده‌ی ئه‌و با شتێك بكات، خۆ وه‌زیری دارای عیراق پارتیه‌، جێگری سه‌رۆكی پارله‌مان مه‌لاشه‌و پارتیشه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندین كه‌سی تر، كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ وه‌زیری دارای هه‌رێم دانوستانه‌رێكی خراپ بووه‌، مه‌سه‌له‌كه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ تره‌، لایه‌كی پارتی هه‌قه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن، لایه‌كه‌ی دیكه‌ی هاوبه‌شه‌ له‌و داو نانه‌وه‌دا، ده‌نا خێره‌ ئه‌و هه‌موو بیانوو داوایه‌ی توركیاو عیراق له‌ یه‌ك سات و زه‌ماندا، له‌ دۆخی ئاوادا پێویسته‌ یه‌كێتی و گۆڕان و ئه‌وانی تر هه‌رچیان له‌ ده‌ست دێت بیكه‌ن تا به‌ته‌واوی ریسه‌كه‌ نه‌بوه‌ته‌وه‌ خوری.
له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی حزبه‌كانی تر ده‌توانن چی بكه‌ن، ئه‌رێ‌ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ تاپۆڕه‌شه‌كه‌ی ریفراندۆم وه‌ك وایان ناو نا قسه‌ی له‌ سه‌ر بكرێته‌وه‌، ئه‌و تاپۆ ره‌شه‌ بۆ كه‌ی هه‌ڵگیراوه‌، خۆ بارزانی باوك وتی ده‌سبه‌رداری نابین، به‌ڵام ئه‌وه‌ته‌ی ئه‌و كاره‌ی به‌ كورد كرد نه‌خۆی نه‌كه‌س له‌ باو بۆران و دێوو درنج نامان پارێزن، ئه‌ی نه‌یووت ئه‌مه‌ بۆ دروستكردنی ته‌یمانه‌، نه‌یانووت یه‌ك رۆژ دوای ریفراندۆم له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش قسه‌ی هه‌یه‌، دوای نامه‌كه‌ی تیله‌رسن نه‌یوت حساب بۆ یه‌ك به‌شه‌ر ناكه‌ین، ئه‌وان ئاگایان له‌ دۆخی میلله‌ته‌ یان ناساغه‌و نابێ‌ ئه‌و شتانه‌ی پێبووترێ‌ ” كاتی خۆی كه‌ مام نه‌خۆش بوو هه‌ركه‌س ویستبای هه‌قیقه‌تێكی پێبڵێ‌ ده‌یانوت نه‌خۆشه‌و كاتی نیه‌، ئه‌مه‌م بۆ بارزانی و نه‌وشیروان مسته‌فاش گوێ‌ لێبووه‌ ” ئه‌م له‌ قاڵبدان و هه‌وڵی بچوككردنه‌وه‌یه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌ توركیاو ئێران و ئێراق و هه‌ركوێی تریشه‌ به‌ بێ‌ ده‌ستی ناو خۆ ناتوانن چۆله‌كه‌یه‌ك له‌م هه‌رێمه‌ بكوژن، كه‌واته‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كان باس بكرێت و خه‌ڵكیش له‌م بارو دۆخه‌ رزگار بكرێت.