بەهرۆز جەعفەر: گەشتێک بەناو شۆڕشەکانی دونیادا، ئایا مێژوو چۆن خۆی کامڵکردووە؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەشتێک بەناو شۆڕشەکانی دونیادا بکە: تا بزانین شۆڕش لە کوێوە دێ؟. شۆڕش لە پێشدا تەکانێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە یان سیاسیی و ئابورییە؟.
مێژوو تەنها تۆماری ڕووداوەکانی ڕابردوو نیە، بەڵکو مەعریفەیەکە تەواوی ڕەگەزە مرۆییەکان ختوکە ئەدات. ڕەگەزە مرۆییەکان؟. ئەمە «مرۆڤ» تیایدا شانۆکارە کەواتە ململانێ و چەوساندنەوە هەیە. بەربەریەت و ململانێ دوانەبڕاوەکان جەستەی مێژوون:
سیستەمی ئەپارتاید لە باشوری ئەفریکا هەر لەساڵی 1948 ەوە هەتا ساڵی 1993 هەوڵی ئەدا چوارچێوەیەکی یاسایی دروست بکات بۆ پاراستنی کەمینەیەکی سپی پێست بە مەرامی ئابوریی و سیاسی، کە پەیوەندییان بە ئەوروپاوە هەبێت.!. لە پڕ «نیڵسۆن ماندێلا» دەرئەکەوێت و لە پێناو بەگژاچونەوەی سیستەمی جیاکاریی ڕەگەزییدا ( 27 ) ساڵ لە زیندان ئەباتە سەر، دووجاریش دەرفەتی بۆ ئەڕەخسێت بێتە دەر لە کونجی زیندان. دواتر بەرئەنجامی تێکۆشانەکەی چونکە بۆ (مرۆڤ) بو (مرۆڤ سەنتەریی) بو، ساڵی ( 1994 ) یەکەمین هەڵبژاردنی دیموکراتی ئەکرێت و ماندێلا ئەبێتە سەرۆکی دوای نەمانی ڕەگەزپەرستی و جیاکاریی. ئەمە شۆڕش بو، سەرکەوتو بو، چونکە بنەمای نەرەتیڤەکە کۆمەڵایەتی بو. وە چونکە کۆمەڵگەکەی لە قۆناخێکەوە بردە قۆناخێکی تر…
لەو ڕۆژانەدا، دەستنوسی نامە شاراوەکانی «لینین» م بۆ کۆنگرەی حیزب دەستکەوت. ئەم نامانە سەبارەتن بە دیرۆکە بەناوبانگەکە، کە بە تیۆری «شۆڕشی بەردەوام» ناسراوە. کە ویستی لینین بوە بۆ ئەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی بچێتە دەرەوەی سنورەکانی سۆڤیەت. کاتێک ترۆتسکی جەختى لەوە ئەکردەوە، کە نامەو ڕاسپاردەی ڤلادیمێر لینینی لەلایەو، دژی بیروڕا خۆپەرستی و بیرۆکراتیە – حیزبیەکانی ستالین بویەوە. ساڵی ( 1940 ) بەدوای ترۆتسکی کەوتن لەسەر ئەم بانگەشەیە لە مەکسیکۆ تیرۆریان کرد. ئەمە بۆیە کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ( 1917 ) کرا بۆ خۆشگوزەرانی و بۆ بەدیهێنانی خواستی ڕەشوڕووت لە جیهانی سۆڤێتی دا، دەرئەنجامی شۆڕشەکە ئەوەبو دوای شۆڕش دۆخەکە ناشیرینتر بو. بە کیلۆمەتر چینەکانی خوارەوە بۆ سەمونێک ڕیزیان ئەبەست، بەڵام بەرپرسە شیوعیەکان و پیاوانی دەستەڵاتخوازیی سۆشیالیستی بە گادیلاک و ژیانێکی شاهانەوە ئەهاتن و ئەچوون…
چەند دەیەک پێش مێژووی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئەدیب و بیرمەندی ڕووسی « لیۆ تۆڵستۆی» کە لە خێزانێکی کۆنت بو « کۆنت: ئەو خێزان و پیاوانانەن، کە هەر لەسەدەکانی ناوەڕاستەوە خۆیان دەوڵەمەندو کەسانی خانەدان و خاوەن سامان بونە لە وڵاتانی ئەورووپی دا». کاتێک پەتاو تاعون ڕووی کردە سۆڤیەت و خەڵک ڕایانکرد بۆ گوندەکان. تۆڵستۆی بڕیاریدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بە گوندەکاندا بگەڕێ و خەڵک فێری جوتیاریی و پیشەی جۆراوجۆر بکات لە داهاتی خۆی. بەوەشەوە نەوەستا دەستی لە ژیانە شاهانەکەی خۆی و پەروەردەکردنی مناڵەکانی بەو شێوەیەی هەبو هەڵگرت و. بڕیاریدا وەکو خەڵک بژی. ئەمەش بوە هۆی ئەوەی لە ژن و مناڵەکانی دووربکەوێتەوەو جیابێتەوە، لەکۆتایدا لە گوندی ئیستابوفا جێگیر بوو لەویستگەی شەمەندەفەرێک، پاش ئەوەی تووشی ھەوکردنی سییەکان بوو و پلەی گەرمی گەشتە سەروو ( 40 ) پلەی سەدی. فەرمانی دا کە پیاوانی ئاینی و کڵێسا نەچنە سەری لەکاتی مردنی دا، چونکە زۆرترین خزمەتیان بە چەوساندنەوەو ستەمکاران کردووە. کۆتا قسەی ئەوەیە کە ئەڵێت « هەقیقەتم خۆشەوێ…بەڵێ هەقیقەتم زۆر خۆشەوێ». ئەمە نمونەی شۆڕشە لە «مامەڵەی ئازاد» دا…
جەزائیرییەکان، یەک ملیۆن شەهیدیان دا نەیانتوانی بگەن بە « ئازادی»!. هێشتاش بزوتنەوەی رزگاریخوازی جەزائیریی بەدەست چەندین گرفتی جۆراوجۆری گەندەڵی و چینایەتی کۆمەڵایەتیەوە ئەناڵێنێت. ئەمە نمونەیەکی بەرجەستەیە لەوەی کە دیرۆکی شۆڕش نەبۆتە پرسی کۆمەڵگە، بەڵکو هەندێ هاتوهاوارە لە تەنکی دا دژی داگیرکەر!.
شۆڕش لە ئێران ( 1979 )، نمونەی شۆڕشێکی پڕوپووچە نەک شۆڕشی قووڵ؟. چونکە بزوێنەری شۆڕشەکەو کەرەستەکانی شۆڕشەکە شتی پڕوپوچ بون، بۆنمونە لەڕێگەی کاسێت و کاغەزی فڕێدراو هەندێ شریتی خۆ لێ بەخاوەن نە کراوەوە بانگ ئەدرا. بۆیە لە ئاکامدا ئەبینین کۆماری پەت و سێدارەی دوای شۆڕش لەڕێگەی هەندێ شتی پڕوپوچەوە ئەڕۆن و هەوارگەی دەستەڵاتدارێتیان لێ تێک ئەدرێت.
شۆڕش لە تورکیا ساڵی ( 1921 )… جیاوازە لە هەموو شۆڕشەکانی تر؟. چونکە تاکە شۆڕشێکە کە لە ڕێگەی کاراکتەری مستەفا کەمال ئەتاتۆرکەوە لە تۆپەوە لە سەری هەڕەمەکەوە گۆڕانکاریی دەست پێ ئەکات نەک لە خوارەوە. ئەمە ئەگەرچی توانی لە ڕووی سیاسیەوە لە دوای لەدەستچونی زەمینەیەکی بێشومارو فراوانی ئیمپراتۆریەتی تورکە عوسمانیەکان ڕێگە لەوە بکرێ تورکەکان بەتەواوی لەبەرداشی ئەو بەربەریەتەی بەرەی هاوپەیمانان و وڵاتانی بەرەی میحوەر و تاکتیکی ماسۆنیەکان بپارێزێت کە لە دوای یەکەم جەنگی جیهانی دروست بو. بۆیە بەرئەنجامی وەرچەرخانەکە دەوڵەتی تورکیای مۆدێرن دروست بو. بانگدان لە عەرەبیەوە بو بە تورکی (ئەڵڵا بیوک،،،ئەڵڵا بیوک). گەڕانەوە بۆ سیستەمی ئیسلامی قەدەغەکراو و… تادوایی. بەڵام چونکە شۆڕشەکە بە پلازمای کۆمەڵایەتی خوێن و ئاو نەدرابو، هەر خۆی بۆ خۆی ناونانی «تورکیا» لە ڕووخانی دەوڵەتە عوسمانیەکەیانەوە ناوێکی ڕەگەزپەرستی و پڕ پرسیارە. چونکە یەکێک لە هۆیەکانی ڕوخانی عوسمانیەکان بونی ئەو هەموو کەمینە عەرەب و کوردو ئەرمەنی و ئاشوریی و عەلەویی و…. تادواییە بو، کە مافیان نەئەدرا. لەلایەکی ترەوە شۆڕشەکەی ئەتاتۆرک دوای ئەو هەموو کودەتایەی دوای مردنی لە سەرووی هەرەمەکەوە دروست بون، دوای داخستنی چوار حیزبی ئیسلامی یەک لەدوای یەک لە « نەجمەدین ئەربەکان» بەبیانوی ئەوەی لە ڕێبازی ئەتاتۆرک و دەستور لائەدەن ئەم حیزبە نوێیانە. لە دواجاردا «ئەردۆگان» سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا توانی بیسەلمێنێ ئەو شۆڕشەی ئەتاتۆرک کردویەتی پڕوپوچە؟. چونکە پێشوتر هەر باخچەیەک، هەر پارچە زەوییەک چۆڵ بوایە، پەیکەرێکی ئەتاتۆرکیان تیا ئەنەخشاند. ئیمڕۆکە نەک لەناو تورکیا، بەڵکو لەو بەشەی قوبرسە داگیرکراوەکەشدا، سیستەمی ئەردۆگانی لە هەر لایەکەوە مزگەوتێک دروست ئەکاو، نەخشێکی ڕووناک ئەبەستێ بە گومەزەکەیەوە. ئەمە یانی وەرچەرخانی سیستەم لە ناسیۆنالیزمیەوە بۆ ئیتنۆ- ئیسلامیزم.

با سەیرێکی شۆڕش نا … بەڵکو قۆناخی پێش شۆڕش بکەین لە فەڕەنسا:
ساڵی 406 میلادی وڵاتی غال « فەڕەنسای ئێستا» وەکو ناوچەکانی دیکەی دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕووبەرووی لێشاوێک لە جەنگ و غەزواتی تیرەکانی وندال و فیزیوقوت و بورغند و فرانکین یان فەرەنجە « ئەوانەی لەکۆتاییدا ناوی فەڕەنسای ئێستایان دانا» بویەوە. ئەم هۆزانە ڕەگەزی جێرمانی یان هەبو. لە ناو خاکی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای لاوازدا خاوەن هەژمون و دەستەڵات بون، تێک بەرئەبون. جەنگیان بەرپائە کردو…تادوایی. بەجۆرێک کە سەیرە هەموو مێژووی فەڕەنسا لە دروستبونیەوە تا پێش شۆڕش بۆ ماوەی زیاتر لە ( 1370) ساڵ تەنها لە لایەن سێ خێزانەوە بەڕێوەبراوە.!.
خێزانی میرۆفینجیەکان ( 481 – 751 )، ڕێبەری خێزانەکەو سەرکردەی جەنگەکەیان « فرەنجە» پاریسی کردوە بە پایتەختی پاشایەتیەکەی. دواتر خێزانی کارۆلینجیەکان لە ساڵی ( 751 تا 987 ) هەرئەمانیش لەبەردەم هێرشی موسڵمانەکاندا تێکشکان و… لەدوای لویسی پێنجەم هەرە بەناوبانگترینیان شارلمان بو. ئیمپراتۆریەتی فەرەنسی بو بە تەختەی شانۆیەک کە مناڵەکانی شارلمان دژایەتی یەکتریان ئەکرد.
لە خێزانی کابتیەکان دا ( 987 بۆ 1793 ) بەدیاریکراوی ( 33 ) پاشای یەکلەدوای یەک لە یەک خێزان ( 806 ) ساڵ فەرمانڕەوایەتی فەڕەنسایان کردووە!. یەکەمینیان هوج کابی کۆتاهەمینیان لویسی شانزە بوە کە ساڵی ( 1792 ) لە سێدارەدرا.
تێڕامانێک!. تەنها یەک خێزان ( 806 ) ساڵ حوکمی دەرەبەگایەتی وڵاتێک بکەن، کەنیسە، بەربەریەت و پاوانخوازیی بکەن. ئەبێت جیاوازیی چینایەتی لە ناخی زەویەوە تا بۆشایی ئاسمان گڕو کڵپەی نەسەندبێ!؟.
هێشتا ساڵی ( 2020 ) ە سەرۆک ماکرۆن لە چینە ئەرستۆکراتە دەوڵەمەنە نوێیەکانەو، بە سەدان هەزار بگرە بە ملیۆنەها هاوڵاتی لە فەڕەنسا بەناوی هێلەک زەردەکان لە دژی ڕاپەریون.!. جیاوازیی ئابوریی، جیاوازیی کۆمەڵایەتی لە فەڕەنسا هەر لە بەر سەکۆکانی میترۆکانەوە تا ناو شەقامەکان تا ناو ڕووپەڕی ڕۆژنامەو وتوێژی خانە کۆمەڵایەتیەکان وەک کۆتەرە لەسەر ئاو دیارە.!.
بە بڕوای هەرچی بیرمەندو مێژوونوسی ئەم دونیایە هەیە، شۆڕشی فەڕەنسا ( 1789 ) گەورەترین ڕێچکەشکێن و خاڵی گەورەی وەرچەرخانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؟. خۆ لە بەرئەوە نیە کە سیستەمی دەرەبەگایەتی « فیوداڵیزم» یان گۆڕی بە بۆرجوازیەتێک!. لەبەرهۆیەکی سادە ئەویش ئاوێکی وەهایان ڕشت کە فەڕمانڕەوایی پاشایەتی ڕەهایان لە فەڕەنساو لە جیهاندا کۆتایی پێ هێنا لە بری ئەوە سیستەمی کۆماریان داهێنا. کۆتایی هاتن بە فەرمانڕەوایی لویسەکان و هنریەکان، کە ئەمانە بە چەندین فلتەری وەک جەنگی سەت ساڵەی نێوان ئینگلتەراو فەڕەنسادا تێ پەڕیبون. بە جەنگ و شەڕەشەقێ لەگەڵ هابسبۆرگیەکان و ئیمپراتۆریەتی نەمساوی دا ڕەت بوبون، سەدان ئاغاو دەرەبەگ و میری جەنگیان تیا هەڵکەوتبو. ئەوەی لە مێشکیاندا نەبو ماف و ئازادییە گشتی و تایبەتیەکانی هاوڵاتی بو.. ئەگەرچی دیمەنەکە گۆڕا بەهۆی ئاکامە کۆمەڵایەتیەکان و توندوتیژییەکان لە پێناو یەکسانی، نەهێشتنی گەندەڵی، ڕووخانی حوکمی پاشایەتی پیرۆز و ڕەهادا. بەتایبەتی، چونکە دوا ڕۆژەکانی لویسی شازدە لە حوکمڕانی دا ئەوە بو، کە فەڕەنسای تووشی هەژاری و قەرزو گەندەڵی و کێشەی دارایی کردبوەوە.
شۆڕشی فەڕەنسی فەرمانرەوایەتی ڕەهای پاشایەتی گۆڕی بە سیستەمی کۆماریی دوای دەساڵ لە توندوتیژیەکانی ناو شۆڕشەکە. ئێستا کە تەماشای مێژووی فەڕەنسا ئەکەیت پێش قۆناغی شۆڕش لە ( 1789 ) و قۆناخی چەند سەت ساڵی دوای شۆڕشیش بەراورد ئەکەیت، خەریکە قەناعەت بە خۆت بهێنێت، کە لەوەتەی مرۆڤ لە سەر زەوی هەیە یەک شۆڕش ڕووی نەداوە!. بەتایبەت شۆڕشی فەڕەنسی، کە هەموان ئەڵێن مێژووی جیهانی کرد بە دوولەتەوە!.
سەیر بکە!. ساڵی ( 1901 ) کڵێسای ئەرسەدۆکسی تۆڵستۆی دەرکرد، ئەوە ( 119 ) ساڵ تێ پەڕئەبێت هێشتا کڵێسا داوای لێ بوردنی نەکردوە یان پەشیمان نەبۆتەوە. بەڵام ئاکامەکەی ئەوە بو کە تۆڵستۆی بەڕێگەی خۆیدا ڕۆیشت و وەک ڕیشەکانی دارێک بەزەویدا چووە خوار و بوە بابەتی نەوەکانی ئایندە ، کڵێساش لەڕەگ و قەدەوە خۆی خستۆتە گێژاوی سەختەوە. مارسیل پروست رۆماننووسی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی تۆڵستۆی به‌ پاڵەوان و ئیلهامبەخشی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ڕۆمانی ( گەڕان بە دوای کاتی لە دەستچوودا) ده‌زانێ، تۆڵستۆی كه‌سێكه‌ كه‌ ته‌واوی ره‌فتار و نیازه‌كانی له‌ ژێر كۆنترۆڵی خۆیدایه‌. ئه‌گه‌ر وابێ، ده‌بێ بگوترێ گه‌وره‌یی ئه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ ئازادی به‌ پاڵه‌وانه‌كانی (كاره‌كته‌ره‌كانی) ده‌دات و ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ش ده‌خزێنه‌ ناو مێشك و یاده‌وه‌ریی ئێمه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زیندووه‌كانیش زیندووترن.!.
فەڕەنسای داڕزاو بەدەست دەسیسەو پیلانگێڕیی ئەشراف و نوبەلاکانەوە، فەڕەنسای کاردیناڵ ڕیشیلۆ (تەنها یادەوەرییەکانی 10 بەرگە لە دوای جێماوە، بێجگە لە کەلتورو وانە سیاسیە بەرجەستەکانی). فەڕەنسای گۆل مازاران، مازارانی بەڕەگەز ئیتاڵی و بە واقیع فەڕەنسی، لە لێزانیدا حەوت پێچی بە ماکیاڤیللی لێداوە…» ئەگەر ماکیاڤیللی هاوارێکی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئیتاڵیا کردوە ئەوا بە موحەنەکی گۆل مازاران خۆی توانی ببێتە فەرمانداری یەکەمی فەڕەنساو، شەڕی یەکگرتنی تەواوی خاکی فەڕەنساش بکات، کە پێشوتر هەر دەرەبەگەو هەر چینە ئەرستۆکراتەو هەر پرۆتستانت و پاپایە لایەکی داڕنی بو هەرێمێکی تیا جیاکردبوەوە بۆخۆی.
سەیری مێژوو بکە!. لە فەڕەنسا کوڵاوە، مێژوو لە خۆیەوە کامڵ نابێت ئەگەر ڕەگەزەکانی کات و شوێن و پێگەی مرۆڤ تیایدا بەردەوام لە کارلێک کردن نەبن. ڕمبازییەکانی هەزار ساڵەی پێش شۆڕش، ماوەی شۆڕش، دەقگرتنی لیبرالیزم وەک بەهایەک بۆ تاک و سەربەستی. شۆڕشی پیشەسازی، جەنگە جیهانیەکان، کرانەوە جیهانیەکان، یەکتر تەواوکردن (تكامل الاتحاد الاوروبي- EU integration)…و… تادوایی، هێشتا ئەم هەمووە نەیکردە ئەوەی دادپەروەریی بخاتە شوێن پاوانخوازیی. ئەها… پرسیارێکی زۆر سادە ئەوە بۆچی بۆچی ڤایرۆسی کۆڤید- 19 ڕێگە بۆ بانگەوازێکی ئاشتی درێژخایەن لە جیهاندا خۆش ناکات؟.
ئایا هەر بە ڕاستی شۆڕشەکان وەرچەرخانیان دروست کردووە؟. ئەگەر وایە بۆچی یەک نمونە لەمێژوودا نییە کە: گروپێک، یان کۆنفدراسیۆنێکی حیزبی و خێڵەکی، وە یان بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخواز، دیموکراسی بۆ گەلەکەی ھێنابێت؟. بەڵام تەنھا لە ڕۆژھەڵاتدا ( 100 ) نمونەی بەرجەستە ھەیە، کە ئۆپۆزسیۆنەکان دواجار ئەبنەوە ھەمان فۆڕمی دەستەڵاتی پێشوو، بەواتایەکی تر جەللادەکانی دونیا ھەموو ئەوانەبون کە پێشوتر قوربانی بون.
کوردستانی عێراق ڕاپەرینی کرد، بەڵام ئازادی نەھێنا… کەواتە نە ڕاپەڕینی کردووەو نە وەرچەرخان ڕوویداوە. ئەوە شتێکی تر بوە لە شێوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو کەنداودا جارێک زارەکە بۆ کورد هاتۆتەوە. تەماشای مێژووی تەنها سەدەی نۆزدەو بیستەمی کوردستان بکە، سەدان هەڵسانەوەو شۆڕش و ڕاپەڕین و بۆسەی جیاجیا ئەبینی، بە ملیۆنەها قوربانیەوە، ئێ کوا بەرئەنجامی شۆڕش؟. مرۆڤ ئەگەر یاری تاوڵەش بکات ئەو هەموو زارە هەڵبدات جارێک هەر دوو شەشی بۆ دێتەوە.!. تەنانەت لەناوخۆی هەرێمێکی چکۆلانەی وەک کوردستانی باشور، ئێمە مۆڵەتی خۆپیشاندانێکمان لە 17 ی شوباتی 2011 وەرگرت بۆ چاکسازیی، لەکاتێکدا دۆخەکە هیچ عەیبێکی ئەوتۆی نەبو بە بەراورد بەو ئاکامانەی لەدوای خۆپیشاندانەکەوە هاتن، کەچی هەر زوو کۆمەڵێ کەسی نا ڕێکخراو بەناوی ئۆپۆزسیۆن بۆ سواری شەپۆلەکە هاتن، ئەدەبیاتێکی ناشیرنیان بەکارهێنا و ئازادیخوازەکان دوورخراینەوەو، ئەوە دە ساڵیشە هێشتا لەبەروبومی ئەو خۆپیشاندانە لە حکومەت ئەخۆن و بونەتە هاوبەشی ڕاستەقینەی ئەوانەی ئەیانویست بیڕوخێنن!. کاتی پێکهێنانی حکومەت بە ئاشکرا ئەڵێن «ئێمە چاوەڕێین دەستەڵات مەرحەبایەکمان بکات!». ئەوە دۆخەکەیە دوای ملیۆنەها قوربانی کورد سەرقاڵە بەوەی چاوی لەوەیە موچە هات و موچە نەهات لە پایتەختی ئیحتلالەوە!.
میسر لە سەعد زەغلول ( 1919 ) ەوە تا (25 ی یەنایەری 2011 ) سێ جار شۆرشی کرد، تائێستاش ئازادی نەھێناوە، ھەموو سەرۆکەکانیشی لە (نەجیبەوە بۆ سیسی) ھەر بە کودەتا ھاتون. لە سوریا شەڕە بەردێک دروست بو لە پەراوێزی بەهاری عەرەبی دا بۆ هێنانە ئارای سیستەمێکی دیموکراسی و نەهێشتنی ستەمکاریی، ئەوە شەڕە بەردەکە بو بە گوللەو بوبە تۆپ و تەیارەو چەکی کیمیاویی و قەدەغەکراو و… تاد. ( 12 ) ملیۆن کەس لە وڵاتەکە لە جێی خۆیان هەڵکەنران، زیاتر لە ( 2.5 ) دوو ملیۆن و نیو مرۆڤ بونە قوربانی. دە ساڵ تێ پەڕی بەسەر ئەو (شۆڕش!) ەی سوریادا کوا دیموکراسی؟!.