قوته‌یبه‌ فازڵ: یه‌كی ئایار و یادی كرێكار.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یه‌كی ئایاری هه‌موو ساڵێك و له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا یادی كرێكاران ده‌كرێته‌وه‌ وه‌كوو بۆنه‌یه‌ك یان جه‌ژنێكی تایبه‌ت به‌ كرێكاران و چینی زه‌حمه‌تكێشان و چه‌وساوانی دونیا.
كرێكارانی كوردستانیش وه‌كوو به‌شێك له‌ دونیای زیندوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریه‌وه‌ شان به‌ شانی كرێكارانی جیهان هه‌وڵی داوه‌و خه‌باتی كردووه‌ بۆ چه‌سپاندن و وه‌دیهێنانی مافه‌كانیان، ئه‌و هه‌وڵانه‌ش خۆی بینیوه‌ته‌وه‌ له‌و ڕێكخراو و لیژنه‌ و سه‌ندیكایانه‌ی كه‌ دروستبوون بۆ داكۆكی له‌ ماف و ئیمتیازاتی كرێكاران و به‌ ده‌ستهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانیان له‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی جه‌سته‌یی و كاتژمێره‌كانی كار وكرێی كار و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و…. هتد، به‌ڵام جێی داخه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تا ئێستاش كرێكاران زۆربه‌ی ئه‌و مافانه‌یان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ و تا ئێستاش خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن.
له‌ یه‌كی ئایاردا پێویسته‌ هه‌میشه‌ كاره‌ساته‌ خوێناویه‌كه‌ی شیكاگۆ به‌ بیر بهێنرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕووی قێزه‌ون و خوێنخۆری دونیای سه‌رمایه‌داری و چه‌وسێنه‌ر ده‌ربكه‌وێت ئه‌و دونیایه‌ی كه‌ مرۆڤه‌كانی تیادا كراوه‌ته‌ قوربانی حه‌ز و ئاره‌زووی چینێكی نه‌گریس و چه‌وسێنه‌ر.
یه‌كی ئایاری هه‌موو ساڵێك هه‌ر له‌ ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی (1886) ی شیكاگۆوه‌ تا ئێستاو بۆ هه‌میشه‌یی یادگارێكی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌وره‌ و خۆشه‌ویسته‌ له‌ دڵی هه‌موو كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوه‌یه‌كی دونیادا و جه‌ژنی یه‌كێتی ڕیزه‌كانیانه‌.
یه‌كی ئایار یادی خۆگری و نه‌به‌ردی و قاره‌مانی و یه‌كگرتوویی كرێكارانه‌ و ڕه‌مزی دڕنده‌یی و ڕووی قێزه‌ونی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری چه‌وسێنه‌ره‌، له‌م ڕۆژه‌ پڕ شكۆیه‌دا یادی هه‌موو ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ و ژێر ده‌ستی و ئازار و ئه‌شكه‌نجانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كرێكاران به‌ درێژایی مێژوو تا ئه‌مڕۆی ساڵی (2020)یش چه‌شتوویانه‌.
چینی كرێكاران ئه‌مڕۆ له‌ گشت كایه‌ سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ڕۆڵی سه‌ره‌كی و گرنگ و به‌رچاویان هه‌یه‌ و به‌شێكی دانه‌بڕاوی هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ن.
به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مساڵیش به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ كه‌ سه‌رانسه‌ری جیهانی گرتوه‌ته‌وه‌ چینی كرێكاران تیایدا زیانمه‌ندی سه‌ره‌كین به‌ هۆی په‌ككه‌وتنی زۆربه‌ی كارگه‌ و كارخانه‌ و شوێنه‌كانی كاره‌وه‌، له‌ كوردستانیش نه‌بوونی مووچه‌ و هه‌لی كار له‌مساڵدا ئازار و زه‌حمه‌تیه‌كانی كرێكارانی چه‌ندین بار كردووه‌ كه‌ به‌ ئاشكرا ده‌نگی ئازار و ناڵه‌ی ژیانیان ده‌بیسترێت.
من داوا ده‌كه‌م كه‌ سه‌رجه‌م كرێكاران و سه‌ندیكا و ڕێكخراو لیژنه‌ كرێكاریه‌كان له‌ كوردستان خه‌باتی خۆیان یه‌ك بخه‌ن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان و چه‌سپاندنی ئه‌و مافانه‌ به‌ پێی یاسایه‌كی كاری هاوچه‌رخ كه‌ ببێته‌ زامنكردنی ته‌واوه‌تی داوا ڕه‌واكانیان.
به‌رز و پڕ شكۆ بێت یه‌كی ئایار جه‌ژنی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و چه‌وساوانی جیهان.