ڕەوەند جەزا: کاتی ئەوەیە (ڕووداوو)بخولقێنین.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(ڕووداوو) بە مانا فەلسەفیەکەی (ئالان باددیۆ) واتا وەرچەرخان و کەلێن دروستکردن لە نێوان دوو سەردەمی تەواو لێک جیاوازدا. ڕاپەڕین لە کاتی خۆیدا ڕوداوێک بوو کە فاکتەری بابەتی زیاتر بەشداربوو تا فاکتەری خۆی لە سەرکەوتن و سەرگرتنی. ئەگەر بارودۆخی ئەوکاتەی عێراق هۆکار نەبوایە ئەوا مومکین نەبوو کە ڕاپەڕین سەربگرێت. سەرەڕای ئەوەی کە زوڵم و ستەمی حیزبی بەعس دژی کورد گەیشتبووە ترۆپک و ڕقێکی گەورە لە هزنیەتی خەڵکی کوردستاندا بوو. بەڵام ئەو ڕاستیە نابێت ڕاستیەکی زەقترمان لا بشارێتەوە کە لەو کاتەدا ڕژێمی عێراق و سەرۆکە سەرەڕۆکەی توشی چەندین گلانی یەک لە دوای یەک بوو بوون. جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق و داگیرکردنی کوێت، لە سەروو هەمویانەوە بای بەرژەوەندی زلهێزەکانی دونیا و بە تایبەت ئەمەریکا وا سوڕا، کە ئیدی ئەبێت ئەو ڕژێمە کۆتایی پێ بهێنرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەوە هەلومەرجی ناوچەکە بوو، بوە هۆکاری سەرگرتنی ڕاپەڕین.
بەڵام بەداخەوە هەر زوو ڕاپەڕین لە (ڕوداو) خرا و بوە هۆی ماڵوێرانی کورد، چونکە دوای ڕاپەڕین لە جیاتی سەرۆکێکی دیکتاتۆر دوو بنەماڵەی دیکتاتۆر دەسەڵاتیان گرتە دەست، پەنجەکان یەکتریان شکاند، براکان خوێنی یەکیان ڕشت، مەلاکان خوێنی هاودینی خۆیان حەڵاڵ کرد، سوپای دوژمنانیان هێنایە خاکمان، بە دزینی نەوت و تەواوی ئابوری کوردستان تێریان نەخوارد فرۆشتنی نیوەی خاکی کوردستانیشیان هێنایە بانی.
لە پێناو ئازادبوون و فەراهەم کردنی ژیانێکی شایستە بۆ نەوەکانمان، کاتی ئەوەیە کە (ڕوداو) بخولقێنین، شۆڕشێک بەرپا بکەین و ئامادەی قوربانیبین بۆی، چونکە ئەگەر ئامادە نەبین یەکجار قوربانیبەین. ئەوا ئەبێت خۆشمان و نەوەکانیشمان ببینە قوربانی کۆیلایەتی ئەو دیکتاتۆرانە. کاتی ئەوەیە، کە هەموو دەنگ و ڕەنگ و ئاینەکان و سیاسیە ناڕازیەکان لەژێر ناوی شۆڕشێکا کۆببینەوە و کۆتایی بەم دوو بنەماڵە دیکتاتۆرە بهێنین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت