بەهرۆز جەعفەر: ڕێگاکانی چارەسەرکردنی گرفتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە دوای ساڵی 2007 ەوە دەیان جار گرفتەکانی هەرێم و حکومەتی مەرکەزیی بەغداد بەرەو هەڵکشان چوون. لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای کرۆناو لێکەوتە ئابوورییەکانی لەئاستی گڵۆباڵدا. حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئەگرێتەوە. لێرەدا چەند ڕێگەیەک ئەخەینە ڕوو, کە لە بەرئەنجامی پەیوەندییەکان و گفتوگۆکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوەی هەرێمایەتی پێی گەیشتوین ( هەڵبەت پێش هەشت مانگیش پرۆژەی بونیادنانی ئابوورییەکی خۆڕاگرمان لەنێوەندی کێشەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتدا بۆ هەرێمی کوردستان پێشکەش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە):
یەک/ هەرێمی کوردستان و عێراق داوا لە ئۆپیک بکەن کە لە کەمکردنەوەی خستتە بازاڕی نەوت ببەخشرێن. هەروەک وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بڕیاریانداوە بە هەموویان بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە.
دوو/ هەرێمی کوردستان ناتوانێت قەرزی دەرەکی بکات وە خاوەنی بانکی ناوەندیش نیە، بۆیە هەرێم یارمەتی خێرا پێکهێنانی حکومەت لە عێراق بدات بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق قەرز وەربگرێت لە بانکی نێودەوڵەتی یان سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تا لەو قەرزەی عێراق وەری ئەگرێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
سێهەم/ لە ئێستادا عێراق لە ژێر فشارێکی گەورەی ئیدارەی ئەمریکادایە بۆ ئەوەی عێراق لە کڕین و هاوردەکردنی غازی سروشتی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەست هەڵبگرێت. هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ هێندەی غازی هەموو عێراقە، هێڵی بۆڕی بۆ دەرەوەی خۆی کارا نیە. پێویستە هەرێم غاز بدات بە عێراق و عێراقیش پارە بدات بە هەرێمی کوردستان. ئەوە عەیبەیەکی گەورەشە بۆ حکومەتی عێراق, کە خۆی خاوەنی غازیی سروشتیە, بەڵام غاز لە وڵاتی ئێران ئەکڕێت بە نرخێک کە پێنج هێندەی نرخی ئاسایی بازاڕە!.
چوارەم/ بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق وەک دەیان جاری تر تووشی گرفتەکانی نێوانیان نەبنەوە، پێویستە ڕەگی کێشەکە چارەسەر بکەن کە بریتیە لە کێشەیەکی قانونی و دەستوری لە فیدراڵیەت لە عێراقدا، ئایا ئەمە چ جۆرە فیدراڵیەتێکە ؟. ئایا فیدراڵیەتی نەوت و غاز لە عێراق چۆنە؟. ئەمە پێویستی بە ناولێنان ( تسمیة) هەیە.
لەلایەکی ترەوە. میکانیزمەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کەم نین بۆ ئەوەی داهاتی حکومەتی هەرێم زیادبکرێت. هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتوانەکەی ئەوەندە زۆر نیە، لە زۆر وڵاتدا هێندەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە شارێکی بچوکدا ئەژین و بەرێوەبەرێتیەک بەڕێوەیان ئەبات. هەرێم بەبەراورد بەژمارەی دانیشتوان دەیان جار سەرچاوەی داهاتی هەیە. بەڵام گرفتی حوکمرانی و بەڕێوەبردنی هەیە.