نوری کەریم: کورد پاڵەوانی بەردەباز/ بەشی یەکەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هەندێک جار پرسیارێکی سادەو سانا دێتە پێشەوە، بەڵام وەڵامەکەی هەروا سادەو سانا نییە و هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێت. کورد لەکەیەوە بۆتە بەردەباز و کردویەتی بەپیشە و رۆژ لەدوای رۆژ و قۆناغ بەدوای قۆناغداو نەوە لەدوای نەوە هونەرکاریی و داهێنانی تێدادەکات و نەوەکانی لەسەر رادەهێنێت و فێرە پیشە دێرین و گڵاوەکەی میرو پاشاو سەران و سەرکردەکانی دەکات. ئێمەی کورد بەجۆرێک ئەو پیشە نەگریسە تێکەڵ بە خوێنمان بووە، ناتوانین دەستبەرداری بین و بۆتە کلتۆر، شەرم ناکەین بەردەباز، چاوساغ ، بەکرێگیراو جاشی دوژمن بین. هیچ گەل ونەتەوەیەکی ئەم سەر زەمینە لەو بوارەدا بەتۆزی پێماندا ناگات، ژمارەی ریکۆردمان لەو بوارەدا بەشایستەیی تۆمارکردووە و میدالیای ئەو شەرمەزاری یە مێژویی یە هەر بەسنگ و بەرۆکمانەوەیە و نازناوی کوڕە ئازاکەی تارومارکردنی لەشکرەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام(داعش) بەشایستەیی بەکورد بەخشراو زۆر بەشانازیشەوە پێوەی هەڵدەقونێتەوە، بەڵام زۆری نەخایاند نیوەی روبەری خاکی باشور و زۆربەی مافەکانیشی لە بەغدا لەدەستدا و پشتاوپشت و هەروەک میزی حوشتربەرەودوا گەڕایەوە، چونکە بەردەوام کوڕی خۆمان دەکەینە قوربانی کچی خەڵک. بەڵام گەلانی دیکە چییان دەکرد بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟ هەر بۆنمونە هەندێک لەسەرچاوەکانی عەرەب لەو باوەڕەدان کە شیعەگەرە فارسەکان هۆلاکۆ یان هانداوە پەلاماری بەغدا بدات و کۆتایی بە فەرمانڕەوایی خەلیفەی عەبباسی لەبەغداو خەلافەتی ئیسلام بهێنێت. هەروەها ئەوەش دەوترێت کە فارسێکی وەک ئیبن ئەلعەلقەم کە گەیشتبووە پۆستی وەزیری خەلیفە موستەعصەم بیللا و فەرمانداری شاری بەغداش بو، لەدژی دەسەڵاتی عەرەب، بەنهێنی لەگەڵ هۆلاکۆدا رێکدەکەوێت و کلیلەکانی شاری بەغدای بۆ دەنێرێت. ئەم بۆچونە خەیروڵڵا تەلفاح و صەدام حسێن ی خوشکەزاو زاوای پشتڕاستیانکردۆتەوە.
سەردەمی رەشی دەسەڵاتی عوسمانی یەکان، کوردی باکور لەپاڵ لەشکرەکانی سوڵتاندا دژی روسیا دەجەنگان و سەرەتای سەدەی بیستەمیش کوردی باشور لەپاڵ هەمان دەوڵەتی عوسمانیدا دژی بەریتانیا سنگی دەبردە پێشەوە و لەهەردو بارەکەشدا هیچێکمان لەهیچکامیان دەستنەکەوت جگە لە هیچ! بەڵام هەر لەو ماوەیەدا کەدەکاتە ساڵانی یەکەمین جەنگی جیهان، حسەین کوڕی عەلی شەریفی مەککە پشتیکردە خەلیفەی موسوڵمانان و سوڵتانی عوسمانیی و رویکردە بەریتانیا( کە بەلای ئێمەی کوردەوە کافر بون!) بەریتانیاش لەپاداشتی ئەو هاوکاری یەدا 3سێ دەوڵەتی بۆ هەریەک لەکوڕەکانی دامەزراند لە سوریا، ئوردون و عێراق، فەیصەل لەحیجازەوە هێنرا و کردیانە شای عێراق.
عوسمانی یەکان بەهاوکاریی کورد لە23- 08- 1514 لە جەنگی چاڵدیران دا، شکستێکی گەورەیان بەسەر صەفەوی یەکاندا هێنا،بەڵام هەر ئەم سەرکەوتنەش بووە هۆی یەکەمین دابەشکردنی کوردستان لە 1639دا و هاوکاریی و پەیماننامەکەی نێوان تورک و کورد (سوڵتان سەلیم و مەلا ئەدریسی بتلیسی ) لە1515 دا بۆدامەزراندنی تورکیای نویی هاوبەش شەقێکی تێهەڵدراو کورد مایەپوچ و سەرباری ئەوەش ێەفەوەییەکان لە دژی کورد چەندین هۆزی تورک لە قەفقاسەوە دەهێنن و لە ناوچە شاخاوییەکاندا نیشتەجێیانکردن.(1)
لەو صاڵانەی نێوان 1752 هەتا 1795کەریمخانی زەند فەرمانڕەوای سەرتاخواری ئێران بو، والی میرنشینی ئەردەڵان خەسرەو خانی گەورە 1168 – 1204 هاوکاریی ئاغا محەممەدی قاجاری دەکرد لە دژی کەریمخان، کەریم خانیش لەبەرابەردا لەشکرێکی ناردە سەر دەڤەری سنە و وێرانیکرد! سەردەمی دەسەڵاتی کەریم خانی زەند بەسەر ئێراندا 1752- 1795، تەورێز پێتەختی دەوڵەتی زەند بو، محەممەد خان کە کوردەو ژنبرای کەریم خانە(برای ژنەکەیەتی) هۆزە تورکمانەکانی هاندەدا دژی زەند، کەسەرکەوت دەوڵەتی زەندی روخاند و دەوڵەتی قاجاری دامەزراند، پێتەختیشی لەتەورێزەوە گواستەوە بۆ تاران و لاشەی کەریم خان لە شیراز نێژرابو، دەریانهێنا و لەبەرپێی تەختی پاشایەتی یەکەیدا کردی بەژێر خاکەوە. کە رەزاشا بەسەریدا سەرکەوت ئێسک پروسکەکانی کەریم خانی زەندی بەڕێزەوە بەخاک سپارد.
ئێمەی کورد بەجۆرێک ئەو پیشە نەگریسەی خۆخۆری و بونە بەردەباز بۆ دوژمن تێکەڵ بە خوێنمان بووە، ناتوانین دەستبەرداری بین و بۆتە کلتۆر، هیچ گەل و نەتەوەیەکی ئەم سەر زەمینە لەو بوارەدا بەتۆزی پێماندا ناگات، ژمارەی ریکۆردمان بەشایستەیی تۆمارکردووە و میدالیای ئەو بەردەبازکاری و خۆفرۆشی یە بەدرێژایی مێژومان لە سنگ و بەرۆکمان نەبۆتەوە و چاوەڕوانیش ناکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لەبەرۆکمان ببێتەوە. بازۆر دور نەڕۆین بگەڕێینەوە سەردەمی میرنشینەکانی ئەردەڵان، بابان، سۆران و بۆتان و میرەکانی بابان بکەینە نمونە و بپرسین، کامیان(مەگەر دەگمەن) نەبونە بەردەبازی هاتن و چونی لەشکرەکانی صەفەوی یا عوسمانی، لە پێناو ئامانجە گڵاوەکانی دوژمنان و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیدا پێش لەشکری دوژمن نەدەکەوت بۆ سەر برا، ئامۆزا و تەنانەت باوکیش! کامیان کە فشە سەرکەوتنێکی کاتیی دەبینی بەسەرمیرێکی رکابەری هاوخوێن و هاوڵاتی خویدا، ئەوەی بەسەرکەوتن نەدەژمارد، هەرچی نەدەشیاو نەدەکرا بە میری پێشوی نەدەکرد، تادەگات بە چاوهەڵکۆڵین و دەستبەسەرداگرتنی تەنانەت گوارەو ئەنگوستیلەی ئافرەتانیش. مەحمود پاشای سەربە ئێران و عەبدوڵڵا پاشای سەربە داودپاشای والی تورکە عوسمانی یەکان، ئەو دو میرەی کورد تەنها لەماوەی چوار ێاڵی نێوان 1827 – 1831، شەش جار بۆ بەرژەوەندی ئەو دو داگیرکارەی کوردستان یەکتریان لەموڵکی بابان دەرپەڕاندووە!! مەحمود پاشای بابان لەماڵەکەی خۆیدا بە میستەرریچ دەڵیت ئەو خۆخۆری یەمان هەردەمێنێ، مەگەر دەردێک بڵاوبێتەوە هەمومان بکوژێت تەنها یەکێکمان بەساغی دەرچێت!! لێرەدا بەگونجاوی دەبینم پوختەی چەند لاپەڕەیەکتان لە بەرهەمێکی خۆمەوە بۆ راگوێزم(2)
دەسەڵاتی بابان لە فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە رەنگ دەگرێت، کە ئەلقەی یەکەمی بنەماڵەکەیە. لەو بارەیەوە چیرۆکێکی ئەفسانە ئامێزمان هەیە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى سەدەى شازدەیەم و سەرەتاى سەدەى حەڤدەیەم و ( پێدەچێت) سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان ئەحمەدی غازیی 1590 – 1625ز. بو بێت. ئەویش وەک هەمو سوڵتانەکانى عوسمانى بەردەوام بانگەوازى شەڕى پیرۆزى دەکرد دژى گاورەکان (جیهاد و غەزا دژى کافران) و خەڵکى سادە و ساویلکەى نەتەوە موسوڵمانەکانى بەوە دەخەڵەتاند و راپێچى بەرەکانى شەڕى دەکردن وەک سوتەمەنییەکى نەک هەرزان، بەڵکو خۆڕایی و بێمنەت بۆ داگیرکردن و دەست بەسەراگرتنى وڵاتان و نەتەوەکان و تاڵانکردنى خێروبێریان و هێنانەدى ئامانجە چەپەڵەکانیان دەیانکردنە قۆچى قوربانى.
فەقێ ئەحمەدیش کوردێکى موسوڵمان و خواناس و رو لە یەزدانە و سوڵتانى عوسمانى بە جێگرى پەیامبەری ئیسلام دەزانێت، گوێڕایەڵیی و بەجێهێنانى فەرمانەکانى سوڵتان دەقاودەق وەک فەرمانەکانى یەزدان و پەیامبەر تەماشا دەکات و بێ سێو دو جێبەجێیان دەکات، بۆیەخۆی دەگەیەنێتە ئۆردوگایەکى لەشکرى عوسمانییەکان و بەپەلە رەوانەى قۆڵێکى شەڕى دەکەن، فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەیى بەکوڵ و دڵ شەڕى پیرۆزى بۆ یەزدان دەکرد و گاورى دەکوشت، ئازایەتییەکى کەموێنە دەنوێنێت و لەشکرى دوژمن لەو قۆڵەوە دەشکێت و سەرکەوتنێکى گەورە بۆ سوڵتان و موسوڵمانان تۆمار دەکات(45) .
دو لێپرسراوى پایەبەرزى بەریتانیا لە ناوچەکەدا سەردانى وڵاتى بابان و شارى سلێمانییان کردووە، یەکێکیان کلۆدیۆس جەیمس ریچ ێاڵى 1820،کە مەحموود پاشا میرى بابان و ئەمانۆڵڵا خان والى ئەردەڵان و سەردەمى فەرمانڕەوایى داوود پاشا بووە لە بەغدا 1816 -1831ز. شازادەى ئێران موحەممەد عەلى میرزاش فەرماندارى کرماشان بو، ئەویدیکەشیان جەیمس بیللى فرایزەرى ئۆسکتلەندى 1783 – 1856 لە ێاڵى 1834 دا هاتۆتە سلێمانى(49).. ریچ چەند مانگێک لە سلێمانى ماوەتەوە و چەند جارێک لەگەڵ مەحمود پاشاى بابان و سەردار و مەزنەکان و دەمڕاست و ریش سپییەکاندا کۆبۆتەوە، دواندونى و گوێى لێگرتون و لەگەڵ بارى سەرنج و بۆچونە وردەکانى خۆیدا تۆمارى کردوون.(50)
ڕیچ گەرەکییەتى لە بنو بناوانى بابان شارەزابێت و لێیبکۆڵێتەوە و ئەو گۆمە مەنگە بشڵەقێنێت، چەندین پرسیارى گرنگ دەوروژێنێت و پاشا دەجوڵێنێت، بەڵام شتێکى ئەوتۆى دەستگیرنابێت دڵى ئاوبخواتەوە و رەنگە لە دڵى خۆیدا وتویەتى (دەنگى دەهۆڵ لە دور خۆشە) و بابان وەک گەواڵە هەورێک وەهایە بە ئاسمانى کوردەوارییەوە، کە وەک بارانێکى پێوە نەبو، تیشکى خۆریشى لێگرتن!
مەحمود پاشا دەڵێت لەوکاتەوە باپیرە گەورەیەکم لە لەشکرى عوسمانیدا لە شەڕێکدا دژ بە ئێران رۆڵێکى بەرچاو دەگێڕێت و ئازایەتییەک دەنوێنێت جێگە دەستى لە بەلاداخستنى ئەنجامى جەنگەکەدا دەکەوێتە بەر گوێى سوڵتانى عوسمانى و لە پاداشتدا ئەو ناوچانەى بەرەورو دەکاتەوە لە دوژمنى داگیریکردون !! مەحموود پاشا بەڕاشکاوى بە ریچ دەڵێت: (مێژوى بابان شیاوى نوسینەوە نییە) من جگە لە مێژوى پەیامبەران و پیاوچاکان و رۆژگار و گوزەرانیان بەولاوە زۆر تامەزرۆى مێژو نیم و لە شانامە (شانامەى فیردەوسى) پتر شتێکى لێناخوێنمەوە، چونکە مێژوى بابان مێژوى بنەماڵەیەکى دەستەڵاتدار نییە، مێژوى خەڵکێکى سادەیە و بنەماڵەکەمان مێژویەکى دوریان هەیە و شەرەفمەندن(52). . ئێمە لە ژێر سێبەرى ئەوانداین (عوسمانى و ئێرانى – تورک و فارس)، ئەم ژورەى تێیدا دانیشتوین باوکم دروستیکردووە و پێویستى بە نۆژەنکردنەوەشە، بەڵام دەستمان تێناچێت، هەرئەوەندە دەزانیت تورک یا ئێران وێرانی دەکەنەوە(53) . ئاخۆ شێخ رەزاى تاڵەبانى بە چ پێودانێک وتویەتى:
(بە بیرم دێت سلێمانى کە دارولمولکى بابان بو** نە مەحکومى عەجەم نە سوخرەکێشى ئالى عوسمان بو)؟ ئەو دڵنیا نەبون و دڵەڕاوکەیەى پاشاى بابان لە دواڕۆژ، رەنگە وەڵامێکى گونجاو بێت بۆ نەوەکانى دواى خۆى کە دەڵێن میرایەتى بابان جگە لە دروستکردنى شارى سلێمانى، چ شوێنەوارێکیان لە پێتەختى نوێى میرنشینەکەدا بۆ جێهێشتووین؟ گەر بەکۆشک و تەلار و باڵەخانەى میرو سەردارو شێخەکانى عەرەبدا بەراورد بکرێت( ئەوان ژێرفەرمانی ئینگلیز بون)، بۆ نمونە لەچاو ئەوانەى شێخ خەزعەلى میرى حوێزدا، هەر کەلاوە و وێرانەیە ! تۆ تەماشا کۆشک و سەراى پاشا و میرى بابان تەنها ژورێکى رەق و تەقە، خۆشیان ماندوکردووە روى میوانداریى لێپرسراوێکى بێگانەى هەبێت ! لەوەش خراپتر جەیمس بیللى فرایزەر 1783 – 1856 و سەرنجەکانى لە گوندە وێران و ناوچە بێئاوەدانییەکانى کوردستان کە لە 1856 دا چاوى پێکەوتون و دەنوسێت:(وڵاتى وەها وێران و داماوو هەژارم بە بیردا نەدەهات کە هەر کوخ و کۆختەى وێران و سەرەنوێلکە .. خێزانى پاشا لە قوژبنێکدا دەژیان، پاشاش (میر) رەشماڵێکى لە دەرەوەى شار هەڵدابو، منیش بەناچارى لە خانویەکى سەربەتاڵدا ئەو شەوەم رۆژکردەوە و بەیانیش لاى سەرۆک هۆزى (ملۆ) پارچەیەک نانى رەش و چۆڕێک ماستیان لە بەردەم داناین و وتیان خۆمان و وڵاخەکانیش هەر ئەوە دەخۆین ! ئەمجارەش بەرۆکى شێخ رەزا دەگرمەوە، چ شانازییەک بەوە دەکات میرە کوردێکى بابان میرە کوردێکى ئەردەڵان زەبون دەکات ؟ (کە عەبدوڵڵا پاشا والى سنەى شڕ کرد *** ڕەزا ئەوکاتە شەش و حەوت تیفلى دەبیرستان بو).
وەڵامەکانى میرى بابان بۆ پرسیارەکانى ریج: زۆر جێگەى سەرنج و تێڕامانن، ئەوەتە لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا کە میرەکانى بابان لەناوخۆیاندا بۆ ئەوەندە ناکۆکن، برا و برا، براو برازا، ئامۆزاکان پێکەوە هەڵناکەن و دەستدەخەنە خوێنى یەکتر؟ وەڵامەکەى میر ئەوەندە قووڵە، هێندەى قوڵى زام و برینەکان کە بوونەتە نەریت و سیماى هەرە دیار و بەرچاوى رووداوەکانى سەردەمى بابان و سەرتاپاى مێژووەکەى، میر دەڵێت: هەتا دو میرى بابان بمێنن ئەو دەردە کوشندەیەش هەر دەمێنێت مەگەر (دەردێکى کوشندە بڵاو بێتەوە هەموومان بکوژێت و تەنها یەکێکمان بە زیندوویى بهێڵێتەوە، دووبەرەکى و خۆخۆریمان کۆتایى بێت). تۆ تەماشا ئەو دەستنیشان کردنە، دەڵێى نەخشى سەر بەردە، دوواهەمین شەڕى دەستەڵات، سەرەتاى کەوتنى بابان ێاڵى 1254 ک/ 1838ز لە نێوان مەحموود پاشا و ئەحمەد پاشادا (ئەحمەد لە جێگەى سڵێمان پاشاى باوکیدا بوو بووە میر) و دوواتریش مەحموود پاشا بەهاوکارى شازادەى ئێران دژ بە عەبدوڵڵا پاشاى براى ئەحمەد پاشا بە پشتیوانیى داوود پاشاى والى بەغدا، نەبڕایەوە هەتا سەرى هەموویانى خوارد و ێاڵى 1847 کەسێک لە نێو باباندا نەما جێگەى ئومێد بێت.