عەبدولڕەحمان ڕەزگەیی: حزبەکانی دەرەوەی پارتی زیاتر بەرپرسن لەم دۆخە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند سەرنجێک بۆ وەبیرھێنانەوە.
لەکاتی ھەمواری یاسای سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی پارتی، چونکە پێی شەرم بوو لەناو پەڕڵەماندا چەند گەنجێک دەنگی پێبدەن، خۆی پێ لەوە گەورەتربوو، پەڕڵەمانی پەکخست و، گۆڕانی لە حکومەت کردە دەرەوەو، ھەرێمی توشی کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و ئابوری کرد. بەڵام ئێستا لەسەرەتای سەرھەڵدانی ئەم دۆخەوە سەرۆکی حکومەت چۆتەوە گوندی بارزان و، بەڵام ئێستا گۆڕان و یەکێتی بۆ دەستماچکردن و کڕوزانەوە ناردۆتە بەغدا. ئەوانیش لاریان نیە، ڕووی حکومەتێکی فاشل جوان بکەن.
کاتێک بەرھەم صاڵح بوو بە سەرۆک کۆمار، پارتی تا مەراسیمی ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت و ھەرێم بە کوڕ و برازا ئەنجام نەدا، ڕێگەی نەدا بەرھەم صاڵح بێتەوە ھەولێرو دواتریش وەک ئیھانەکردن بانگھێشتیان کرد. ئێستاش پارتی داوای لەبەرھەم صاڵح کردوە ڕۆڵ ببینێت بۆ گێڕانەوەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، بەرھەم صاڵحیش بەدەم خواستەکەی پارتیەوە چووە.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی کۆڕۆنا قوباد طاڵەبانی سەرۆکی لیژنەی ڕوبەڕوبونەوەی کۆڕۆنا بوو، بەڵام ھیچ ڕۆڵێکیان پێی نەدا، تەنانەت نەیتوانی ڕێگری لەوەش بکات، کە سلێمانی بێبەشبکرێت لەو پارەیەی کە حکومەت بۆ پارێزگاکانی خەرجکردبوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆڕۆنا. ئێستاش، کە حکومەت تا ئاستی نەمان ڕۆیشتووە، یەکێتی و گۆڕان بە سەرۆکایەتی قوباد طاڵەبانی چونە بەغدا تا ڕووی حکومەتی فاشیلی ھەرێم سپی بکەنەوە.
ھەرکاتێک پارتی دۆخی باشبووبێت ھیچ کات ڕێزی لە ئیرادەی سیاسی ھێزەکانی تر نەگرتوە، ھەرکاتێکیش دۆخی خراپ دەبێت ئەرکەکان بە ئەوانی تر دەسپێرێت، ڕیفراندۆمیش زیندوترین نمونە بوو، کە پارتی بەسەر ھەموو ئەوانی تری دا سەپاند، یەکێتیش وەک خیانەتکار لە پڕۆسەکە ھاتەدەرەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت