محەمەد بەرزی: با و بۆرانێکی ترسناک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە کورد وەک میللەتێکی ئازا و خۆڕاگر و قارەمان ناسراوە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەو ئازایەتییە نەیتوانیوە تۆڵەی ژێردەستی چەند ساڵەمان بۆ بکاتەوە و وەک نەتەوەکانی دراوسیێ پارێزگاری لە سەروەری خاکەکەمان بکات و دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران و عیراقمان بۆ دابمەزرێنێت. ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، ئازایەتی بێ ئاوەز و هونەری سیاسەت، جگە لە نسکۆ و نـەهامەتی، هیچی تری لیێ سـەوز نابێ. ئەوەتا بەردەوام وەک گۆشتی قوربانی وڵاتەکەمان بەسەر داگیرکەراندا دابەشکراوە، مێژووی نەتەوەکەمان لە خوێن هەڵکیشراوە، بەڵام نەمانتوانیوە پەند لەو هەموو کارەساتە خوێناوییانە وەربگرین، کاتێکیش هەلێکی لەبارمان بۆ هاتۆتە پیشەوە، بە نەزانی سەرکردە سیاسییەکان لە دەستمانداوە.
دەوڵەتی عوسمانی دەڕوخێت، جگە لە کورد هەموو میللەتەکانی ژیردەستی ئازاد دەبن، ڕژێمی پادشایەتی ئێران و بەعسی فاشست هەرەس دەهێنن، شا ڕادەکات و ملی سەدامیش بە پەتا دەکرێت، بەڵام سەرکردەکانی کورد لە خەون و خەڵوەتا دەبن و ناتوانن سود لەو هەموو گۆڕانکارییە مەزنانە وەربگرن. چونکە بە ڕاستی سیاسەتێکی ژیرانەیان نەکردووە گوزارشت لە خواستی میللەت بکات، بەڵکو ئەوەندەی بیریان لای بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و حیزبەکانیان بووە، ئەوەندە بیریان لای دواڕۆژی نەتەوەکەیان نەبووە، هەر بۆیە ئەو گۆڕانکارییە گەورانەیان لە دەستداوە، هەموو جاریکیش کڵاویان کراوەتە سەر و بە دەستی بەتاڵ و ئاشبەتاڵەوە گەڕاونەتەوە چوارگۆشەی یەکەم.
بێگومان بۆ زانینی هۆکارەکانی شکستی کورد، نموونەمان زۆرە، نە خۆماندووکردنی دەوێت، نە پێویست دەکات لاپەڕە زۆرەکانی مێژووی ڕابوردوومان هەڵبدەینەوە، بەڵکو تەنها تەماشاکردنێکی خێرای ئەو حکومڕانییە پاوانخوازەی هەرێم، کە بۆ 30 ساڵدەچێت بۆتە بەڵای سەری کورد و وەک زەروو بەربۆتە جەستەی شەکەت و ماندووی میللەتە داماوەکەمان، ئەوا زۆر بە جوانی وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە.
ئەوەتا لە ساڵی 2020 دا و لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک کوردستاندا، سەرکردەکانی بەمجۆرە سەقەتەی ئەمڕۆ حوکمـڕانی دەکەن، جا دەبێت باپیرە گەورەکانمان چۆن چۆنی بیریان لە چەمکی دەوڵەت و حوکمڕانی کردبێتەوە، چەند بێ ئاگابووبن لە هونەری سیاسەت و چۆن چۆنیش هەموو جارێک ئاشبەتاڵیان پێکراوە و هەر جارەی بەشێک لە خاکی خۆیان لە دەستداوە. ئەوەی سەیریشە بەردەوام تێهەڵچوونەتەوە و کەوتوونەتەوە تەقوتۆق و دوای هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی، سەرلەنوێ لە خشتە براونەتەوە.
دوای ڕوخانی رژێمەکەی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی سوپا زەبەللاحەکەی سەدام و پشتگیری تەواوی دنیا دەرەوە بۆمان. باشترین فرسەتمان بۆ هاتە پیشەوە، جا ئەگەر سیاسییەکان بە عەقڵ سیاسەتیان بکردایە و وازیان لە تاج و تەخت و کۆکردنەوەی سامان بهێنایە و تا مردن بە کورسییەوە نەنووسانایە، دیارە ئەوە باشترین فرسەتبوو بۆ داڕشتنی بناغەی دەوڵەتێک، کە باڵای بە قەد باڵای تێکۆشان و قوربانییە زۆرەکانی نەتەوەکەمان بێت، کەچی کاتێک بارزانی و تالەبانی یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ برێمەری حاکمی عیراقدا دەکەن، لەجیاتی ئەوەی داوای سەربەخۆیی بکەن، داوای پارە دەکەن، هەر بۆیە برێمەر ئەو داوایەی بەلاوە زۆر سەیردەبێت و دەڵێت: ( ئەوکاتە زانیم بەرپرسانی کورد زیاتر بۆ پارە دەژین نەک بۆ ئازادی ! ).. بێگومان قسەکانیشی ڕاستبووە، چونکە پارتی و یەکێتی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، هەموو خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها پارە بووە، هەر بۆیەش پایە لەرزۆکەکانی حکومەت و پەرلەمانە کارتۆنییە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمیان لەسەر بنەمای بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی میللەتەکەی خۆیان داناوە، هەر بەو سامانە زۆرەش، توانیویانە بۆمانەوەی خۆیان هەزاران بندیوار و نۆکەری ئەڵقە لە گوێی لە خۆیان کۆبکەنەوە، نە بیریشیان لە دەوڵەت کردۆتەوە ، نە بیریان لە ماف و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانیان .
ئەوەی شایانی باسە مافی هاوڵاتییان، یەکێکە لە نیشانەکانی کرانەوە و پێشکەوتن و ئارامی و ئاوەدانی. بێگومان هەر کۆمەڵگایەک بە باشی لە چەمکی ماف گەیشتبێت و بێ کەموکورتی پەیڕەوی کردبێت، ئەوا لەو کۆمەڵگایەدا یاسا و یەکسانی لە سایەی ئارامی و ئاسایشدا سەروەر بووە و خەڵکەکەی سەربەرزانە ژیاون، زۆر بە دڵسۆزییش ئەرکەکانی خۆیان جێبەجیێ کردووە. ئاشکرایە مافیش یەکێکە لە پێویستییە هەرە گرنگەکانی هەمووتاکەکان، کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژین ، جا ئەو تاکانە خاوەنی هەر ڕەگەزنامەیەک، یان زمان و ئاین و شێوەیەک بن. چونکە ئەو مافانە هەقێکی تەواوی خۆیانە. دیارە ئەو مافانەش، چ لە ناو دەوڵەتدا و چ لە دەرەوەیدا لە ڕێگای یاساوە پارێزراون و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاریکراون ، هەر بۆیە نابێ بشێوێنرێن، یان دەستکاری بکرێن، تا ڕێگا لە زوڵم و چەوساندنەوە و ئازار و برسێتی مرۆڤەکان بگرێت. زۆر بە کورتیش مافەکانی تاک بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:
1 – ئازادی ڕا دربڕین و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش.
2 – ئازادی ئاینە جیاوازەکان لە خواپەرستیدا.
3 – مافی دادگایی عادیلانە لە دادگادا و بەندنەکردن بەبێ هۆ.
4 – دۆزینەوەی هەلی کار و مافی دامەزراندن و وەرگرتنی پایە و پۆست.
5 – مافی خۆ پاڵاوتن و دەنگدان بە ئازادی لە هەڵبژاردنی بێ فێڵدا.
6 – مافی گەڕان بە دوای ژیانێکی شایستەدا.
7 – دابینکردنی پەروەردەی خۆڕایی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
8 – دابینکردنی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان.
9 – مافی هاوبەشیکردن لەو بڕیارە گرنگانەی پەیوەستن بە دواڕۆژی نیشتمانەوە.
جا چەند دەوڵەت پابەند و ڕەچاوی بنەماکانی مافی مرۆڤ بکات، ئەوەندە هاوڵاتییان ئەو حکومەتە بـە حکومەتی خـۆیان دەزانن . بە پێچەوانەشەوە نەبوونی ئەو مافانە، کاریگەری خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بەجێدەهێڵێت و نیشتمانیان بۆ دەکات بە دۆزەخ ، لە ئاکامیشدا خەڵکی ئەو حکومەتە بە حکومەتی خۆیان نازانن و لە کاتی تەنگانەدا پشتی ناگرن و لێی دەبن بە دوژمن. هەر بۆ نموونەش لە کارەساتەکەی 16 ئەکتۆبەردا، کە لە لایەن هێزێکی فشەڵی بێ ئەزموونی وەک حەشدی شەعبییەوە لە سەدا ( 51 ) ی خاکی پیرۆزی نیشتمانمان بە کەرکوکیشەوە لە دەستدا، کەچی ئەوەتا نزیکەی ( 3 ) ساڵ بەسەر ئەو نسکۆیەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەو ماوە زۆردا، نەمانبینی خەڵکە بەشەرەفەکەی کەرکوک و ئەو ناوچە داگیرکراوانە، کە هەمیشە سووتەمەنی شوڕشەکانی کورد بوون و هەزاران قوربانییان بۆ ئازادی داوە، تەنها بۆ جارێکیش بڕژێنە سەرشەقامەکان و دژی ئەو داگیرکارییە خۆپیشاندان و خرۆشانێک بکەن. یان بە سنگی ڕووتی پڕ باوەڕەوە هاوار بۆ گەڕانەوەی ئەو حکومەتە ناشیرینەی هەرێم بکەن. نەک هەر ئەوانەیان نەکردووە، بەڵکو بە دڵێش ئاواتەخوازی نەگەڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازەی کوردن، کە هیچییان لە داگیرکەران نەگەڕاوەتەوە.
خۆ ئەگەر سبەینێ هەمان کارەساتی کەرکوک ڕووبەڕووی شارەکانی تری هەرێم ببێتەوە، خەڵکی شەکەت و ماندووی ئەو شارانەش، کە بە جارێک لە گیان و ژیانی خۆیان بێزارن و برسێتی لوولی کردوون، وەک تۆڵەیەک هەمان هەڵویستی هاوڵاتیانی کەرکوکیان دەبێت. ئەمەش نیشانەی باوبۆرانێکی ترسناکە و سەرەتای ئاشبەتاڵێکی تازەیە، بەمەش ئاوات و خەونی مێژینەی کورد ، دەبێ بە قوربانی پارە و کۆشکو تەلاری تاڵانی. ئاخر وڵات بە خەڵکی دڵسۆز دەپارێزرێت و گەشەدەکات و بەرگەی هەموو ڕەشەبایەکی شووم دەگرێت، نەک بە کەسانی تاڵانچی و جاش و نۆکەری ئەڵقە لە گویێ، کە بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان بە نیشتمانەوە نەبەستۆتەوە. هەر دوێنێ بوو جاشە بەکرێگیراوەکان، کلکیان کردە ناوگەڵیان و هەتا توانییان ڕایانکرد و پشتیانکردە سەددام و یەک فیشەکیان بۆ نەتەقاند، دڵنیاشم نۆکەرە ئەڵقە لە گویێ کانی دەوری ئەو حیزبە پاوانخوازانەش، هەمان هەڵویستی ئەو جاشانەیان دەبێت، چونکە ئەوانە لە ئاخوڕی پڕدا نەبێ کاوێژ ناکەن. وەک شەمشەمە کوێرەش وان، چاویان بە ئازادی هەڵنایەت، لە کوێ پارە و پۆست و تاڵانی هەبێ، ئەوان لەوێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت