شەهاب کەریم: خەنجەر و ڕیفراندۆم.!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە پیاوێکی تێکسمڕاو و بەتەمەن هەڵکشاوی بەهێز، ئاڵۆشی هاوڕەگەزبازی دەبێت و لە ناکاو بە پڕتاوێ ئارامی لێدەبڕێ، بەزۆرەملێ خۆی دەگەیەنێتە لای گەنجێکی ناسیاوی خۆیان و بەزمانی شەڕ و هەڕەشەوە دەڵێت: گەر ئێستا نەێیت بەلامەوە و ئاڵۆشەکەم ڕانەگریت و دانەمرکێنیتەوە، هەرچی خراپ و لەدەستم بێت ئەوەت بەرامبەر دەکەم. گەنجەکەش لەترساو بە ناچاری و دورکەوتنەوە لەگێچەڵی لاقەکراو، دەکەوێت ژێرباری دۆخەکەوە و بە ناچاری دەستپێدەکا، وەختێک دەبینێت لە ژێر پشتێنەکەیدا خەنجەرێکی دەبانی کۆنی پێیە و لە بەرکی دەکاتەوە و پێی دەڵێت: باشە پێم ناڵێی ئا ئەم خەنجەرت بۆ چییە؟
کابراش دەڵێت: ڕۆژی خۆی دێ و تەنگانەمان لە پێشە، گەنجەکەش خۆی پێناگیرێ و بە بزەیەکی توڕە ئامێزەوە دەڵێ باشە ڕۆژ لەمە تەنگانەتر دەبێت چیبێ خالق؟!..
دوای سەدەیەک خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد، چاوەڕوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی، گەیشتبوونە دواقۆناغی سەختی بێ ئومێدی لە دەسەڵات و سیستمە خۆسەپێنەکەی، سەرۆکی هەرێمی دوو خول گەڕاوەی درێژ بۆکراوەی بەسەرچووی ئەوکات لە ڕۆژەکانی دوایی دەسەڵاتەکەی نزیک دەبۆوە، کاتێک ئاوڕی لە دۆخەکە و خۆی دایەوە، تێگەیشت کە ساڵانێکی زۆرە هەر بە دەوری کورسییەکەیدا هاوشێوی وەیخڕ پاشا دەخولێتەوە و هیچی نەکردووە بۆ گەل و نیشتیمان.
کوردستان بە دۆخی نائارامی سیاسی و ململانێ حیزبی و دزین و تاڵانک و بەهەدەردانی سەرخان و ژێرخانی ووڵات و کێشە یاسایی و سیاسیەکانەوە دەناڵێنێ و کەوتە بەر شەڕی داعش و میللەتیان لە ترس و دڵەڕاوکێی مەرگ و ژیان پێچاو هەربۆیە دەرفەتێکیان ڕەخساند بۆ هاویشتنی دواتیری کار و پلانی بەجێهێشتنی کورسی دەسەڵاتەکەی سەرۆکایەتی بەناو هەرێم، چونکە مەسعود بارزانی باش دەیزانی کەئیدی هیچی تری پێناکرو دەبێت فرسەتێک بقۆزێتەوە و بکاتە بیانوی وازهێنان و دور بکەوێتەوە لەو دۆخەی بۆخۆی چنیبوو، ئەوەبوو ڕیفراندۆمیان کرد، بە چیرۆکی بەدەستەوەدانی خاک و سەربەخۆی کوردستانەوە خەڵکیان سەرقاڵکرد و خۆشیان بە خشکەیی و هێواشی دزیەوە، بە مەسجێک کۆتاییان بە پۆستە بێنرخ و فەڕەکەی سەرۆکایەتی هەرێم هێنا و پوچەڵیانکردەوە،.
مەسعود بارزانیش ڕیفراندۆمەکەی خستە بن کەمەر و پشتێنەکەی، وەک چەکێک خۆی گوتەنی هەڵیگرت بۆ ڕۆژی ڕەش، کێشەکەشی بە قوڕاوەوە بۆ میللەت بە پاشەکەوتکراوی بەجێهێشت.
لە ئێستادا دۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی زۆر خراپە، بێ موچەیی، بێکاری، ترس و دڵەڕاوکێ، بڕوا نەبوون و بێ متمانەیی، خۆفرۆشتن و خاک فرۆشی و لەشفرۆشی و شتگەلێک کە ئەستەمە چاو و گوێ بتوانێت بیان بیستێ و بیان بینێ، قوربانییەکانی خەڵک و دەستکەوتەکانیان گەیشتونەتە ئەو شوێنەی تاکی کورد بێز و گومان لە مرۆڤبوونی خۆشی دەکاتەوە، دزی و بێدادییەکانی دەسەڵاتە چەک بەدەستە زۆردارەکان سنوری بێڕەوشتی کۆمەڵایەتی و پیشە و سیاسیانەشیان تێپەڕاندوە، بۆیە لەم ڕۆژە ڕەشتر و تەنگانەتر نابێ بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بۆیە بەڕوونی ڕووی دەممان دەکەینە ڕوتان و دەڵێین: ئافەرم لە ئێستادا مەردبەو بوێرانە سەرو ماڵت بخەرە خزمەتی خەڵک و شۆڕش و خەباتەوە بۆ گەل و شەهیدان و خاکی نیشتیمان، بێ دوو دڵی گومان ڕاستەوخۆ کارتی بن پشتێنەکەت دەر بهێنە و دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەنە کات بە فیڕۆچونکەت نەیبڕی دەتبڕێ هەر وەک چۆن لەکورسی سەرۆکایەتی هەرێمدا هەر چوار پەلی بڕیت، با ئەم کارتی ڕیفراندۆمەش نەبێتەوە بە خەنجەرەکەی بۆ خروو شکاندن و ئاڵۆش دوور خستنەوەی کابرا خستبویە بن پشتێنەکەی خەڵکیش چاوەڕوانی شتی تری لێدەکرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت