رەزا شـوان: لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ سەبەخۆیی شارەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئەمڕۆدا، لە هەموو کاتێک زیاتر، بە هۆی پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت.. داگیرکەرانی کوردستان بە گەلەکۆمەیی، بە نیهێنی و بە ئاشکرا، چەندین پیلانی گڵاو و مەترسیداریان لە دژی هیوا و خواستەکان و ناسنامەی نەتەوەییمان داڕشتوون و جێبەجێ دەکەن، هەموویان بە هاوکاری لە کەمینی رووبەڕووبوونەوەی گەلی کوردماندان، دەیانەوێت هیوا و ئاوات و مافەکانی گەلەکەمان لە گۆڕبنێن.. بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستە گڵاوەشیان، سەرەڕای ئەو کێشە ئابوورییانە و سیاسییانە و بێکارییانەی، لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا سەریان هەڵداون.. ئەوان هەموو ناکۆکییەکانی نێوانیان بەلاوە ناوان و لە دژایەتیکردنی کورد دا، رێکن و یەک پیلانن و یەک بڕیارن و یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن و موو ناچێت بە نێوانیانەوە.
داگیرکەرانی کوردستان پەیڕەوی تیۆری (پارتکە و زاڵبە) جێ بەجێ دەکەن، دەیانەوێت کورد بە دەستی کورد بکوژن و لاوازمان بکەن.. ئەمەش چەکێکی تازەی داگیرکەرانی کوردستان نییە، بەڵکو چەندین جاری تر سەرکردەکان و هێزە کوردییەکانمان لە خشتە بردوون، کەوتوونەتە ئەم تەڵەیەی داگیرکەرانی کوردستانەوە.. خەنجەریان لە ملی یەکتری ناوە.. دۆژمنانیش چەپەڵەیان بۆ لێداوین و پێمان پێکەنیون.
زۆر بەداخەوە، کە سەرکردەکانی کورد، بە ئەوانەی ئەمڕۆشەوە کە ناوی خۆیان ناون سەرکردەی کورد، تەمی نەبوونە و زۆر نەزانن و هیچ وانە و پەندێکیان، لە هۆیەکانی شکستییەکانمان و لە نەهامەتییەکانی گەلە داماوەکەمان وەرنەگرتوون.. مێژوو دووبارە و دەبارە بۆتەوە.. هيچ وانەیەکیان لە کیمیاباران و ئەنفال و رەشەکوژی و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان و وێرانکردنی کوردستانمان وەرنەگرتوون، هەر وەکو ئەوەی نە بایان دیبێت نە باران.. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسی شیاو نین لە شوێنی شیاودا، ئەم سەرکردانەی کوردمان، زۆر نابەڵدن لە سیاسەت و لە هونەری سیاسەتەوە.. ئەو کەمە مافانەشی کە بە دەریایەکی فرمێسک و خوێن، بە قوربانیدانی هەزاران شەهیدمان هاتنە دی، سەرکردە نابەڵەد و نەزانەکانی کوردمان، بە ئاسانی لەسەر مێزی گفتوگۆدا دۆڕاندیان، چونکە لە سیاسەتدا کۆڵەوارن و گەمەکەرێکی لێزانی سیاسی نین.. پێشبینی و گریمانەکانیشیان لەبەرچاو نەگرتوون.. بڕوایان بە زەردەخەنەی ژەهراوی دوژمنانی کورد کردووە و نەیان توانیوە بە وردی دەروون و نیازە گڵاوە شاراوەکانی داگیرکەرانی کوردستان بخوێننەوە.. هەردەم گۆڵیان لێکردوون و کڵاویان لەسەر ناون.
بە داخەوە لەوەتی کورد هەیە، هەرگیز رێک و یەکگرتوو و تەبا و یەکڕیز و خاوەنی یەک وتاری سیاسی و خاوەنی پرۆژەیەکی تۆکمەی ستراتیژی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد نەبووینە.. بێجگە لە قازی محەمەد نەبێت، سەرکردەیەکی نەتەوەیی دڵسۆزی کورد و کوردستان پەروەری تا سەر ئێسقان، لێمان هەڵنەکەوتووە کە بە دانای و زانایی و بە رۆحێکی نەتەوەییەوە کاربکات، هەوڵی بدایە گەر هەمووش نا، زۆربەی کورد لەژێر چەتری کوردایەتیدا کۆبکاتەوە.. هەموو بەرژەوەنديیەکی خۆی و بنەماڵەکەی بەلاوە بنێت و چاوی لە پۆست و دەسەڵات و سامان نەبێت.. بتوانێت دەوڵەتێکی سەبەخۆی کوردی دابمەزرێنێت.
هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی گەلەکەمان، ئەم خاڵە نەرێنی و لاوازەی کوردیان قۆستوونەتەوە، کوردیان لە یەکتری دابڕیوە و فیتی براکوژی کوردیان داوە.
کە لە ساڵی (١٩٩٢) دا، پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی کوردستان لە باشووری کوردستاندا دامەزرا، چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سەرکردە و ئەندام پەرلەمانەکانی کوردمان.. شەو و رۆژ وچان نەدەن و هەموو توانایەکیان بۆ خزمەتی گەلەکەمان تەرخان بکەن و تا رادەیەک برینە قووڵەکانی گەلەکەمان ساڕێژ بکەن.. نەفرەت لە شەڕی براکوژی بکەن و ببێتە هێڵی سووریان و هەرگیز دووبارەی ناکەنەوە و چیتر رۆڵەکانی گەلەکەمان بە یەکتری بە کوشت نەدەن.. رووی چەکەکانیان لە داگیرکەرانی کوردستان بکەن.. لە بەغدا شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکەن.. دەست لەبەرژەوەندی حیزب و لە بنەماڵەکانیان هەڵدەگرن.. چاویان لە پۆست و دەسەڵات نابێت .. دەسەڵات و پۆستە باڵاکانی حکومەت و حیزبەکانیان، لە بنەمەڵەدا پاوەن ناکەن و فیفتی بە فیفتی ناکەن.. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، گزی و فڕوفێڵ ناکەن و کەسی دڵسۆزیش هەڵدەبژێرن.. کەسی شیاو دەخەنە شوێنی شیاو.. دەستی گەندەڵکاران و دز و بەرتیل خۆران دەبڕنەوە.. کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تری باشووری کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ باوەشی کوردستان.. باشووری کوردستان دەبێت بە چرایەک و قەڵایەکی ئازادی کوردایەتی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان.. لە دژی یەکتری نابن بە مەقاشی دەستی داگیرکەرانی کوردستان.. نابن بە جاش و نۆکەری داگیرکەرانی کوردستان.. لەسەر مێزی گفتوگۆش کۆتایی بە هەموو کێشە و گرفت و ناکۆکییەکانیان دەهێنن.. هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش، لەژێر ناوی (لەشکری کوردستان) دا یەکدەخەن.. میلیشیا و هێزی تایبەتی حیزبی نامێنێ.. یاسا سەروەر دەبێت و کەس لە سەرووی یاساوە نابێت.. هەموو کوردێک ئازادە دەبێت لە رادەربڕین و لە رەخنەگرتن و رای جیاواز.. چاو لە رۆژنامەنووسان زەقناکرێتەوە،…هتد.
بەداخەوە کە هەمووی بە پێچەوانەی ئەو هیوا و بۆچوونانەمان دەرچوون.. لە سایەی دەسەڵاتێکی باوەنکراوی بنەماڵە و عەشیرەتی و نەشیاویدا.. دەسەڵاتی کوردی ساڵ لە دوای ساڵ لاوازتر بووە.. درزی گەورەتر کەوتۆتە ریزی گەلەکەمانەوە.. دوو ئیدارەیی و ناوچەگەری و شارگەری و هاوبەستەبوون بۆ حیزب و بۆ کەسایەتی و بۆ بنەماڵە و بۆ عەشیرەت قووڵتر بۆتەوە، بە پێچەوانەش هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان کاڵ کردۆتەوە. خەڵکی باشووری کوردستانیان، بەسەر زۆنگی زەرد و زۆنگی سەوزدا دابەش کردوون.. کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تریان بە تەواوی خستە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرەوە، (دڵی کوردستان) یشیان تووشی جەڵتەی دڵ کردووە، وا لە (قودسی کوردستان) يش، دووبارە کورد دەربەدەر دەکەن و بە عەرەبتری دەکەن.. تا ئەمڕۆش، لە دوای بە دەیان کۆبوونەوە و دانیشتن، ململانێ و مشتومڕ و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کۆتاییان نەهاتووە.. چونکە لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە رێک نەکەون. پارەی دزینی نەوت و قاچاغی و بودجەش وەک جاران نەماوە، کە پێکەوە بەشی بکەن. بۆیە خەریکە یەکتری تەڵاق دەدەن.. باجی ئەم هەموو ناکۆکی و شەڕ و ئاژاوانەشیان، گەلە داماو و بێدەرەتان و برسی و بەدبەختەکەمان دەیداتەوە.
(کریس کۆچیرا) کە رۆژنامەنووسێکی فەرەنسییە و دۆستێکی نزیکی کوردە، ماویەک لە باشووری کوردستان بوو، لە نزیکەوە ئاشنای کورد بوو، لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی (بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ویستی سەربەخۆیی) کۆچیرا دەڵێت:
“مێژووی هیچ نەتەوەیەک بە ئەندازەی نەتەوەی کورد پڕ لە ناتەبایی نییە.”
لەم کاتە هەستیار و مەترسیدار و چارەنووسسازەدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بانگەشی لامەرکەزی بۆ سلێمانی دەکات و (ئەنجوومەنی شاری سلێمانی) دەیەوێت بڕیاری لەسەر بدات.. ئەمە هەڵەیەکی مێژووییە و لەسەر یەکێتی زۆر دەکەوێت.. بە پێچەوانەی ناوی حیزبەکەشەوەیە، ئەمەی ئێوە دەکەن (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) نییە، بەڵکو (دابەشکردنی نیشتمانی کوردستان) ە.. گەربێت ئەم بڕیارە سەربگرێت. کێشە و گۆبەن و ناڕەزایی و دابڕاندنێکی زۆری لێدەکەوێتەوە.. کەلەبەرێکی گەورە دەخاتە ریزی گەلەکەمان.. درزێکی گەورەتری تازەش دەخاتە ریزی یەکێتییەوە.
ئەم بڕیارەش خواستی داگیرکەرانی کوردستان دێنێتەدی، رەنگە دەستیشیان لە پشتەوەی هەبێت، کە دەیانەوێت فیدراڵی لاواز بکەن و دواتریش هەڵیبوەشێننەوە.
لامەرکەزی شاری سلێمانی، چی لە دۆزی کورد و لە داواکانی مافەکانی کورد دەگۆڕێت؟ ئایا کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی کوردستان؟ ئەی ئەمە دوو ئیدارەیی نییە؟ ئەمە دابەش کردنی باشووری کوردستان نییە بۆ چەند بەشێک؟ چوون بۆ بەغدا بە دوو شاندی جیاوازی کوردییەوە.. پێگە و سەنگی کورد هێندەی تر لاوازتر ناکات؟ ئەمە گەڕانەوە نییە بۆ دواوە؟ ئەمە هێندەت تر کێشەکانی کورد قووڵتر ناکەنەوە؟ ئەوە ناگەیەنێت کە خۆتان دەخەنە باوەشی عێراقی داگیرکەرەوە و دەبن بە پاشکۆی حکومەتی شیعە و بێ پرسی ئەوان ناتوانن پەنجە بە ئاودا بکەن؟
لە کاتی (سەدام حوسێن) ی گوڕبەگۆڕدا، لە بەغدا، گاڵتەی بە شاندی کوردی کرد و توانجی لێگرت و وتی: کە دەتانەوێت کەرکووک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان، ئایە بگەڕێتەوە بۆ سەر هەولێر یا سلێمانی؟
لە کوردستانی گەورەوە، لە سەربەخۆیی کوردستانەوە، هاتینە سەر سەربەخۆیی شار و شار شارینە..! لامەرکەزی کاتێک بۆ شارەکانی باشووری کوردستان گونجاوە، کە بە راستی خاوەنی فیدراڵییەکی بەهـێزی یا کۆنفیدراڵی بین. خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری و دارایی و بوودجەی خۆمان بین و لە بەغدا دەست پان نەکەینەوە و نەپاڕێینەوە.
لە ئەمڕۆدا کەسانێکی نەزان و هەرزەگۆ و خۆپەرست و پۆست پەرست و بنەماڵە پەرست، کە فڕیان بەسەر سیاسەتەوە نییە و هیچ بەکگراوندێکی سیاسی و خەباتیان نییە و بە توانای خۆیان و بە پلە و پایەکانی رێکخستن و حیزبایەتیدا سەرنەکەوتوون، بەسەر شانی ئەم و ئەودا سەرکەوتوون و (لە پڕێکدا بوون بە کوڕێک) و هاتوونەتە سەر حازری، یاری بە چارەنووسی گەلەکەمانەوە دەکەن.. خاوەن پارەی زۆری دزیی میللەتن و هێزی سەرکوتکردنیان هەیە.. گەلەکەشمانیان هێندە برسی کردوون، هێندە سەرکوت و دەمکوتیان کردوون، لە برسا و لە ترسا دوایان کەوتوون.. ئەوەی دوایان نەکەوێت نان بڕاوی دەکەن.. خۆپێشاندانیش بکەن و داوای مووچە و مافەکانیان بکەن، بەر شەقیان تێیان هەڵدەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن و بە فیشەکیش وەڵامی داواکانیان دەدەنەوە.. ئەوانەشی رەخنەیان لێبگرن، بە دەردی: (سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولدستار تاهیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویداد حوسێن) یان دەبەن.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستاننیش، ناوێکی بێ ناوکە.. بووە بە پاشکۆی حیزبەکان، بە دەنگی زۆرینەی پارتی، هەچ یاسا و بڕیارێکیان بوێت تێیدەپەڕێنن، یا رەتی دەکەنەوە، ئەندامەکانیشیان، وەکو بووکەڵە وان بەدەستیانەوە و چۆنیان بوێ وایان دەیان بزیۆنن. چی لە پەرلەمانێکی ئیفلیج هەڵدەکڕێنین.. ئایا بەرلەمان دەتوانێت، بانگی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی باڵای حکومەت و دزەکان و گەندەڵکاران بانگ بکەن و لێیان بپێچنەوە و بۆ خەڵکی ئاشکرایان بکەن و دادگاش سزایان بدەن؟ بێگومان ناتوانێت.
داوا لە هەموو رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، کە بە سەربەخۆیی (لامەرکەزی) شارەکانی کوردستان، رازی نەبن و رەتی بکەنەوە.. پێویستیشە نووسەران و شاعیران و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و هەموو توێژ و چینەکانی گەلەکەمان، بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.. ئەگینا هەر هەموومان باجی ئەم هەڵە گەورەیە دەدەینەوە.
بە دووریشی مەزانن، کە وامان لێبکەن، کە دەبێت لە سلێمانی یا لە هەولێر فیزە وەربگرین، بە پاسەپۆرت یان بە (پسوولەی پشتگیری) ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە نەبێت، نەتوانین بە ئازادی هاتووچۆی شارەکانی باشووری کوردستان بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت