عەلی مەحمود: ئەو سێ گەنجەی هیوایان پێ بەخشیم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش ساڵانی 2010, ئەو كاتەی سەرگەرمی چالاكییەكانی ناوەندی چاك بووم لە گەڵ سەدان كەسی هاوڕێم، لە كوردستان سێ گەنجی جیڤاراییم ناسی، سەرەتا شێخ سدیق ئێوارەیەك لە شاری كەركووك گەنجێكی پێم ناساند كاسكێتێك بە وێنەی جیڤارای لەسەر بوو بەناوی سۆرانی مامە حەمە، سەیرم كرد هیواكانی سۆران, هیوای كازیوەی بەیانە، ئەوەندە رون دەڕوانێتە ژیان، ئیتر سۆران بووە هاوڕێی گیانی بە گیانیم، دوا پەیامی ژینی نیوكاژێرێك پێش مەرگی بۆ منی نارد، فریا نەكەوتم دوا ئارەزووی وەرگرم، كاوەش هەروا تا بڵێی سور, سورتر لە چۆڕاوی خوێنی, گەشتر لە جیڤاراكەی سەردڵی, بەحەسرەتتر لە تامەزرۆی ژیانی هەژارانەی گەرمیانییەك، سەردەشتیشم لە كۆبونەەیەكی چاك ناسی, لە گەڵ كۆمەڵێك گەنج، هێندە گەش و جوان و بە ئیرادە بوون، نازانم كامیان لەوی تر پڕ ئومێدتر بوو بۆ ژیان، كامیان خێراتر بوو لە بڵێسەی نیگای باز، هۆ هۆ سەردەشت، ئەوەندە گەش و پڕ لە ئومێد بوو، زیاتر لە ئومێدی ئەوێ ساڵی جوتیارانی دەشتی هەولێر، تا خۆی لە باوەشی گردە عازەبانەكە بینییەوە.
ئەوێ رۆژێ چاك تاكە ئومێدی گەنجە یاخییەكان بوو, ئەوانەشی مان ئەوڕۆ بە رێكەوت دەژێن.
تاوان ئەم سێ گەنجەی ئومێدی منیان لێسەندمەوە، تاوانباریش تا هەنووكە لە سزا دەربازن، هەرسێكیان لەزۆر شتدا هاوبەش بوون، هەژار بەڵام لە مێشكدا دەوڵەمەند, یاخی لە زوڵم بەڵام میهرەبان و دەستەمۆ لە عەشق، ناڕازی لە ستەم بەڵام كۆیلەی نازی باوەشی دایكە سەربەرزەكان, هوشیار بە هوشیاری چینایەتی، جیڤارایست، ئازادی و عەدالەت لە نیگاكانیان دەباری، لە نینۆكەكانیان دەچۆڕی، هەناسەیان ئومێدی لێ دەتكا، كە ئەوانم ناسی وتم نا هێشتا ئاوات ماوە بۆ جیهانێكی عەدالەت.
خۆشەویستانم سەردەشت و كاوەو سۆران، یاداوەری ئێوە هەمیشە لە دڵمدایە، لە باوەڕو ویژدانمدایە, رێگای هیواكانتان چەندە سەخت و دوربێت, بە زەڕە لێی لانادەم، بنوون بە ئارامی لە پاڵ مامۆستاكەتان هاوڕێی سەر كڵاو دڵەكانتان، ئەگەر بە جەستە دنیایەك فرسەخ لێوەی دوورن، بەڵام لە ژێر باڵی ئەودا، لەم مەڵبەندی رەشایی و نا ئومێدییە هیوا دەچێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت