زەبەنگ بەهادین: له‌ گه‌ڵ كازمى چیتر ماوه‌ له‌ ده‌ستى بده‌ین؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

حكومه‌تى عێراق له‌دواى روخانى رژێمى به‌عس ساڵ له‌ دواى ساڵ به‌ره‌و نه‌هامه‌تى زیاتر و وێران بوونى زۆرتر ده‌رۆیشت، له‌گه‌ل ئه‌وه‌ى عێراق سه‌رچاوه‌ى ئابوورى زۆرى هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ بوراى نه‌وت. به‌ڵام ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ هیچ پێشكه‌وتنێك به‌ بونیادى ژێره‌كى و به‌ روخسارى ئابوورى عێراقه‌وه‌ به‌ دیار نه‌كه‌وت. جیاوازى نه‌ته‌وه‌ى و دینى و تائیفى هه‌میشه‌ به‌ربه‌ست بووه‌ له‌ به‌ره‌و پێش چوونى عێراق. هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ى دروست بوون له‌ عێراقدا هه‌میشه‌ عێراقیان وه‌ك كێكێكى گه‌وره‌ و لاكێكى چه‌ور سه‌یر كردووه‌، هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵى داوه‌ زۆرترین به‌ش بۆ خۆى به‌رێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كورد پێش روخانى ( صدام حسین ) كیانێكى تا راده‌یك سه‌ربه‌خۆى بۆ خۆى دروستكردبوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاسانتر گه‌مه‌ى به‌ هاوكێشه‌كانى به‌غداد ده‌كرد. هه‌روه‌ها بوونى كاریزمایه‌كى وه‌ك ( جه‌ڵال تاڵابانى ) كه‌ په‌یوه‌ندى یه‌كى باشى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ شیعه‌كان هه‌بوو، بووبوه‌ هۆكارێك هه‌میشه‌ رێنیشانده‌ر و كۆكه‌ره‌وه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى عێراق. له‌ دروستبوونى یه‌كه‌م كابینه‌ى وه‌زارى دواى روخانى رژێمى دیكتاتۆرى به‌عس، كورد هه‌لى زۆرى باشى بۆ هه‌ڵكه‌وت تا بتوانێت سه‌رجه‌م خه‌ونه‌كانى كوردوستانیان به‌دى بهێنێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ كه‌ نه‌یتوانى پارێزگارى له‌وه‌ش بكات كه‌ هه‌یه‌.
نه‌توانینى كورد بۆ به‌دیهێنانى ئه‌م خه‌ونانه‌ له‌به‌ر لاوازى یان كه‌مى ده‌سه‌لاتى كوردى نه‌بووه‌، به‌لكو به‌ ته‌نها هۆكاره‌كه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارنى كوردى خۆیان بوون له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى هێنده‌ى هه‌وڵیان دا بۆ به‌ ده‌ستهێنانى پاره‌و و ده‌سه‌ڵات نیو هێنده‌ هه‌وڵى راسته‌قینه‌یان نه‌بوو بۆ دۆزى ره‌واى گه‌لى كورد.
له‌ دواى كۆچى دواى تاڵه‌بانى كه‌سێك دى نه‌بوو بتوانێت ئه‌و كاریزامایه‌ى ئه‌و پر بكاته‌وه‌ سه‌نگى كورد به‌ قورسى بهێڵیێته‌وه، له‌ هه‌مان كاتدا تێگه‌یشتنى سه‌ركرده‌ شیعیى یه‌كان بۆ مه‌رامه‌كانى كورد هێنده‌ى دى پاشه‌كشه‌ى به‌ ته‌واجودى سیاسه‌تى كوردى كرد له‌ باشوردا. شیعه‌ باش له‌وه‌ تێگه‌یشت، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ كوردوستانه‌وه‌ چوونه‌ به‌غداد هێنده‌ى له‌ خه‌مى گیرفانیان و پله‌و پۆست بوون، نیو هێنده‌ له‌ خه‌مى هه‌رێمى كوردوستان و خه‌ڵكه‌كه‌ى نه‌بوون. كورد له‌ حكومه‌ته‌ سه‌ره‌تاییەكانى به‌غداد پێگه‌یه‌كى زۆر باشى هه‌بوو، وه‌ك سه‌رۆكى عێراق و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وهو،‌ جێگرى وه‌زاره‌تى دارایى و چه‌نده‌ها وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ى گرنگ، ته‌نانه‌ت له‌ رووى سه‌ربازیش كورد پته‌وتر رێكخراوتر بوو له‌ به‌غداد. به‌ڵام نه‌بوونى ئیراده‌ى راسته‌قینه‌ و به‌رژه‌وه‌ند په‌رستى ئه‌و كه‌سانه‌و ئه‌و حیزبانه‌ى له‌ به‌غداد بوون به‌ ناوى كورده‌وه‌ نه‌یتوانى هه‌نگاوێك كورد به‌رێته‌ پێشه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ى هه‌شبوو زۆریان له‌ ده‌ستدا.
سه‌ره‌نجام حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى پێكهات، لاوازترین حیزب و نه‌ته‌وه‌ له‌م پێكهاته‌یه‌ كورده،‌ به‌ جۆرێك ته‌نها یه‌ك وه‌زاره‌ت دراوه‌ به‌ كورد له‌ ئێستادا. ململانێ ى حیزبى و چاوچنۆكى به‌رژوه‌ندى كارێكى واى له پێگه‌ى كورد كرد، كه‌ پاڵیوراوى وه‌زارتى داد ته‌نها دوو ده‌نگ بهێنێ، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌رى سوكایه‌تى كردنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى له‌ هه‌مان كات رازى نه‌بوون به‌وه‌ى ( فواد حسین‌) ببیته‌وه‌ به‌ وه‌زیرى داراىی، جۆرێكى تر ئیهانه‌ كردنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى. وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ پارتى كه‌سى تیا نه‌ما بێت به‌ كه‌ڵك بێت ته‌نها ئه‌م پیاوه‌ نه‌بێت، كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى ناوى وه‌زیرى جۆكه‌رى لێبنێن له‌ په‌رله‌مانى عێراقى، له‌ راستیدا ره‌گى كێشه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ململانێ ى ناوخۆى پارتى.
ئێستا كورد له‌وپه‌رى لاوازیدایه‌ له‌ ناو عێراقدا، سوونه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى داعش وێرانى كردن و زۆر په‌رته‌وازه‌ بوون، به‌ڵام زۆر باشتر له‌ كورد هه‌ستانه‌وه‌ سه‌رپێ و پێگه‌ى خۆیان وه‌رگرته‌وه‌ له‌ به‌غداد.
ده‌سه‌ڵاتى كوردى به‌ درێژاى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ به‌ جۆرێك حوكمرانى كرد و به‌ جۆرێك سیاسه‌تى كرد متمانه‌ى نه‌ما، ئێستا ده‌سه‌ڵاتى كوردى متمانه‌ى لاى ئه‌مریكى و ئێرانى و توركه‌كان نى یه،‌ چونكه‌ باش كێشانه‌یان بۆ كردوون و ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتى كوردى چى ده‌وێت. له‌ هه‌مان كات متمانه‌یان لاى عێراق نه‌ما، چونكه‌ ساڵانى پێشوو رویه‌كى وایان نیشانى به‌غداد نه‌یا، كه‌ جارێكى ماڵى شیعی و ماڵى سوونى قاپیان بۆ له‌سه‌ر پشت بكه‌ن، له‌ نێو میلله‌ته‌كه‌ى خۆشیان متمانه‌یان نه‌ماوه‌، چونكه‌ چه‌نده‌ها ساله‌ ئه‌وه‌ى بۆ گیرفانى خۆیان و بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان كردویانه‌ نیو هێنده‌یان بۆ میلله‌ته‌كه‌یان نه‌كردووه‌. ئایا له‌ ژێر سایه‌ى ئه‌م حیزبانه‌دا داهاتووى كوردوستانى باشوور به‌ كوێ ده‌گات؟ ئاخۆ له‌م كابینه‌یه‌ تازه‌یه‌ى كازمى كورد چىیتر له‌ ده‌ست ئه‌دات؟ تا ئێستا زۆرمان له‌ ده‌ستدا له‌ كه‌ركوك له‌ ناوچه‌ى جێناكۆك له‌ پاره‌ى نه‌وت له‌ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى سیاسى له‌ ناو عیراق له‌ په‌یوه‌ندى ده‌ره‌كى و هاوكارى نێو ده‌وڵه‌تى به‌ هۆى ئه‌م حیزبانه‌وه‌ زۆرى ئه‌م شتانه‌مان له‌ ده‌ستدا، ترسه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ دواى ئه‌مه‌ چیتر له‌ ده‌ست ئه‌ده‌ین؟