عیماد عه‌لی: به‌ڵێ ده‌توانن شكۆی په‌رله‌مان بگێڕنه‌وه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌مووان، ته‌نانه‌ت پارتیه‌ به‌ ویژادنه‌كانیش ده‌زانن كه‌ به‌و شێوه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و تاكه‌ نیمچه‌ ده‌ستكه‌وته‌ی دوای ڕاپه‌رین بۆ سێیه‌مین جار به‌م ره‌فتاره‌ تاك لایه‌نه‌ دیكتاتۆریانه‌ له‌پاش نه‌گریس كردنی له‌ لایه‌ن سوپاكه‌ی صه‌دام له‌ 31 ی ئاب و ئینجا داخستنی ده‌رگاكه‌ی به‌ڕووی په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكه‌كه‌ی، ئه‌وا ئه‌مڕۆ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ و به‌ فه‌رزكردنی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و كه‌سی هه‌تك ده‌كرێت. دیاره‌ ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان نێچیرفان و مه‌سرور رۆڵی خۆی بینیوه‌ له‌م بابه‌ته‌و هه‌وڵی هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ خۆفه‌رزكردنی روونه‌ و ناكرێت نه‌خوێنرێته‌وه‌ و له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، به‌لام ناكرێت ده‌زگایه‌كی هه‌ستیاری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بكه‌یت به‌ قوربانی ململانێی جووت ئامۆزا، بۆ سه‌لماندنی باڵایی و به‌هێزی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ویتر.
به‌ڵام بۆ سنور دانان له‌به‌رده‌م ئه‌م دیدگایه‌ی پارتی بۆ ده‌زگا دیموكراسیه‌كان و هه‌وڵدانی رۆژ له‌دوای رۆژی بۆ ته‌سك كردنه‌وه‌ی ئه‌و نیمچه‌ دیموكراسیه‌ی هاتۆته‌ ئاراوه‌ و بۆ خاتری گه‌لی كوردستان به‌ تایبه‌تی و دوارۆژی پرسه‌كه‌ی نه‌ك له‌به‌ر چاوی كاڵی هیچ په‌رله‌مانتارێك كه‌ پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرابێت و ناحه‌قی له‌به‌رامبه‌ر كرابێت، له‌ شانۆگه‌ریه‌كی ئاشكرا و به‌ به‌شداری ژێر به‌ژێر و ئاشكرای لایه‌نی تر، ئه‌م شانۆیه‌ به‌ ئه‌كته‌ری ئاشكراو و نهێنی ئه‌نجام درا. به‌ ڕاستی پێشینه‌یه‌كی ترسناكه‌ بۆ كوردستان، بۆیه‌ ناكرێت ئه‌م ره‌فتاره‌ به‌ئاسانی به‌رێبكرێت و تێپه‌ڕێت، به‌ڵكو زۆر پێویسته‌ به‌ كرده‌وه‌ نه‌ك قسه‌ و لێدوان و كاری پۆپۆلیزمانه‌ی زۆر كه‌س و لایه‌ن و له‌به‌ر خاتری ده‌نگ بێت هێڵی سووری پان پیشانی خودی ئه‌و كه‌س و حزبانه‌ بدرێت كه‌ هیچ قوربانه‌كی ئه‌م گه‌له‌ له‌به‌رچاو ناگرن. ئه‌مه‌ش به‌ كۆمه‌ڵێك چالاكی هه‌مه‌لایه‌نی داموده‌زگای په‌یوه‌ندیدار و به‌ تایبه‌تی په‌رله‌مانتاران ورێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و خه‌ڵكانی ئازادیخواز ده‌كرێت.
* تاوه‌كو هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان بگه‌رێته‌وه‌، پێویسته‌ پارتی ناچار بكرێت به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت دان به‌هه‌ڵه‌ی خۆیدا بنێت و داوای لێبوردن بكات له‌ سه‌رجه‌م ره‌فتاره‌ نابه‌جێكانی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ په‌رله‌مان هه‌تك ده‌كات و، ناكرێت باوه‌ڕی به‌م ده‌زگایه‌ك نه‌بێت و به‌خودی ده‌زگاكه‌ یاری پێ بكات و شكۆی بشكێنێت و هه‌تكی بكات. ئه‌مه‌ چۆن ده‌كرێت؟
1- نابێت ئه‌م هاوهه‌ڵوێسته‌ گشتیه‌ی ته‌بایی گه‌لی كوردستان بۆ ئه‌م پرسه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت بێت و له‌بیر بچێته‌وه‌، یان به‌ سازش كردنێكی بچوكی پارتی له‌ روویه‌كی تره‌وه‌ بۆ حزبه‌كان یان كه‌سایه‌تیه‌كان و دابینكردنی هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكان وحزبێك ئه‌م ره‌فتاره‌ تێپه‌ڕێنن و سزای خۆی نه‌بێت.
2- رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی خۆیان به‌ جدی و فراوانی و هه‌مه‌چه‌شنی ببه‌ستن و، به‌ڵكو دونیاشی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووباره‌ و سێباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م ره‌فتاره‌ هیچ سڵكردنه‌وه‌یه‌كی ناوێت له‌ شه‌رمه‌زار كردنی، جا له‌به‌ر هۆكاری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵا بێت یان بۆ پارساتنی سومعه‌تی گه‌لی كوردستان بێت، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌م جاره‌ له‌ لای خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ش به‌ چڕی باس بكرێت و داوای هه‌ڵوێستیان لێ بكرێت.
3- به‌ فه‌رمی كۆنسۆلگه‌ری وڵاتانی لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌ و داوای هه‌ڵوێست له‌و وڵاتانه‌ بكرێت كه‌ دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان له‌ كوردستان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.
* له‌ لایه‌ن خودی په‌رله‌مانتارانی لایه‌نه‌كان، هه‌رچه‌ند پێكهاته‌كه‌ی له‌م خوله‌دا جیگه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌، به‌ڵام خۆ ده‌كرێت حزبه‌كانیان بۆ ناو و ناوبانگ و سومعه‌تی خۆیان و راستگۆییان بێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ رازیكردنی خه‌ڵك و كاری پۆپۆلیستانه‌ش بێت، سوور بن له‌سه‌ر ناچار كردنی پارتی و ئه‌و به‌ناو نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ و كه‌مینه‌ و ئایینانه‌ بۆ داننانیان به‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یان گرتۆته‌ به‌ر و ده‌بێت به‌ راسته‌وخۆ بێت یان ناراسته‌خۆ باجی خۆیان بده‌ن.
* ئه‌م ره‌فتاره‌ هانی حزب و په‌رله‌مانتاران بدات بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری كه‌مایه‌تیه‌كان و ئاین و ئاینزاكان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌وان بن و نوێنه‌ری پارتی نه‌بن لای ئه‌وان، ئه‌م ده‌نگدانه‌ی ئه‌وان به‌ گشتی به‌ لابردنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاركی غه‌یره‌ پارتی ئه‌و پاشكۆیه‌تیه‌ی ئه‌وانی بۆ هه‌موولا سه‌لماند.
* بایكۆت كردنی په‌رله‌مان و دیاریكردنی هه‌ڵوێستی خوازراو له‌به‌رامبه‌ر پارتی وه‌كو مه‌رجێك بۆ به‌شداری كردن له‌كۆبونه‌وه‌كان.
* ئه‌گه‌ر پارتی نه‌هاته‌ سه‌ربار و دانی به‌ هه‌ڵه‌ی خۆی به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت نه‌نێت. پێویسته‌ باس له‌ هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت له‌ كوردستان بكرێت و ده‌كرێت تاوه‌كو ئه‌وه‌ دیاری نه‌كرێت هیچ فراكسیۆن و په‌رله‌مانتارێك به‌شداری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان نه‌كات.
هه‌موو ئاگاداره‌ كه‌ ئه‌م پرسه‌ چه‌ندین ره‌هه‌ندی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و له‌به‌ر خاتری تاكه‌ په‌رله‌مانتارێك نیه‌، بۆیه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌تك كردنی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتار دووباره‌ وسێ باره‌ بێته‌وه‌، پێویستی به‌ ئیستێك و به‌ به‌رستێكی به‌هێزی هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنی له‌خۆبایی و غروری ئه‌وه‌ی له‌دوای ئه‌م بێ حورمه‌تیه‌وه‌یه‌ له‌ په‌رلمان‌ و به‌تایبه‌تی پارتی و كه‌سانی ده‌سترۆیشتووی بێ منه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌ بكه‌ن چۆنیان بوێت مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ل هه‌ندێك ده‌سكته‌وتی ئه‌م گه‌له‌ بكه‌ن و به‌ موڵكی بنه‌ماڵه‌ و حزب بزانن و، بۆ ئه‌وه‌ی باش بزانن، كه ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌رئه‌نجامی به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه‌ نه‌ك موڵكی باوكی حازرخۆری به‌ر سێبه‌ری له‌ ته‌ڕ خۆری له‌ وشك خه‌وتوو بێت.