بورهان شێخ ڕەئوف: کابینەى چارەسەر نەک قەیران.

دواجار درەنگانێکى شەوى 6 لەسەر 7 ى ئەم مانگى مایسە مستەفا کازمى بوو بە سەرۆک وەزیرانى کابینەى نوێ ى حکومەتى عێراق، کۆتایى بەو ململانێ توندو سەختە هێنا لە دواى دەست […]
سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دواجار درەنگانێکى شەوى 6 لەسەر 7 ى ئەم مانگى مایسە مستەفا کازمى بوو بە سەرۆک وەزیرانى کابینەى نوێ ى حکومەتى عێراق، کۆتایى بەو ململانێ توندو سەختە هێنا لە دواى دەست لە کارکێشانەوەى عادیل عەبدولمهدى هاتبووە گۆڕێ، کە لە دە هەفتەى ڕابردووادا سێ کەسایەتى کاندید کران بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ بۆ سەرکردایەتى کردنى عێراق بۆ قۆناغى ڕاگوزەرو هەڵبژاردنى پێشووەختە، کە موحەمەد تۆفیق عەلاوى و دواى ئەویش عەدنان زرفى شکستیان هێنا لە پێکهێنانى حکومەت و دواجار کازمى بە پشتیوانییەکى بەهێزى کوردو سوونەو و بەشێک لە شیعە کابینەکەى پێکهێنا.
لە یەکەم لێدوانیدا کازمى ئەوەى بە گوێى عێراقیەکاندا دا، کە کابینەکەى کابینەى چارەسەرى کێشەو قەیرانە قورسەکانى وڵاتە، نەک کابینەى قەیران و ئاڵۆزکردنى زیاترى دۆخى چەقبەستووى وڵات.
ئەوەى بەدى کرا لە کاتى وتوێژەکانى پێکهێنانى کابینەکەدا قەبارەى گەورەى ئەو ململانێ و دەستوەردانە ئیقلیمى و نێودەوڵەتیە بوو کە لە سەر گۆڕەپانى عێراق بوونى هەیە، جگە لە ململانێ ى ناوخۆیى ناو هەناوى حزبە دەستەڵاتدارەکانى حەڤدەساڵى ڕابردوو.

کازمى و ئالەنگارییەکانى بەردەمى
ئەوەى نها پێویستى بە چارەى ڕاستەوخۆ هەیە و قەیرانى تازەیە بۆ عێراق جگە لە قەیرانە کۆبووەکانى ڕابردووە ڤایرۆسى نەگریسى کۆرۆنا و دابەزین و داڕمانى نرخى نەوتە کە تاکە سەرچاوەى داهاتى بوودجەى عێراقە.
جگە لەوانەش داخوازییەکانى شەقام و خۆپیشاندەرانى عێراق کە لە چەند مانگى ڕابردوودا خەبات و بزاڤێکى جەماوەرى گەورەیان ڕێکخستبوو کە عەبدولمهدیان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد، کە ئێستا لە ماڵەوەن بە هۆى کۆرۆناوە کە هەر سات و چرکەیەکى گونجاودا بۆى هەیە بڕژێنەوە سەرشەقامەکان و داواى مافەکانیان بکەن.
ئەمە لەلایەک لە لایەکى ترەوە ئەو حزبو تاقمانەن کە پشتیوانى کابینەکەى کازمى یان کردوو دەنگیان پێدا لە ئەنجومەنى نوێنەران ئێستا ئەمانیش داخوازى و داواکارییان لە کازمى هەیەو دەخوازن بەرژەوندییەکانى خۆیان بپارێزن و دەستکەوتى تریش بە دەست بخەن.
ئەو هێزانەش تاقم و گروپى جیاجیا لە خۆ دەگرێت تێاندایە کە خوازیارە بە کازمى هێزى بیانى واتە ئەمریکا بکاتە دەرەو و ملیلیشاکانى بپارێزێت کە ئەمەش بۆ کازمى ئەرکێکى ئاسان نابێت کۆکردنەوە و گونجان لە نێوان ئەم بەرژەوەندییە دژ بە یەکانەدا.
لە کاتێکدا کازمى بانگەشەى ئەوە دەکات و لە یەکەم وتاریدا بە ئاشکرا وتى ئامانجمان خزمەتى گەلەو پاراستنى سەروەرى و دابینکردنى دادپەروەر و ئاسایشە بۆ هاوڵاتیان، لەوانەش گرنگتر وتى کابینەکەم کابینەى چارەسەرە نەک قەیران ، هەروەها ڕایگەیاند کە بە هەموو جۆرێک بوار نادەین خاکى عێراق ببێتە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى کێشەو ململانێکانى وڵاتانى تر کە ڕوونە مەبەستى ئێران و ئەمریکایە.

کوردو کازمى
ئەگەرچى هەر لە ساتەکانى سەرتاى ڕاسپاردنى کازمییەوەو لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانى کابینە هێزە کوردییەکان بە تایبەتى یەکێتى و پارتى بى هیچ مەرجێک پشتیوانى خۆیان بۆ ڕاگەیاند، بەڵام کازمیش ئەوەنەبێت بە چەند دێڕێک لە کارنامەى کابینەکەیدا بەڵێنى چارەسەرى کێشە هەڵواسراوەکانى هەرێمى کوردستان و ناوەندى داوە هیچى دى دیار نیە.
بۆیە چاوەڕوانین ڕۆژەکانى داهاتوو کازمى ئەو متمانەى سەرکردایەتى کورد پێ ى داوە پابەند دەبێت پێ وەى یان ئەمیش لە ژێر فشارى تاقم و هێزە تائیفیەکاندا خۆى دەدزێتەوە لە چارەسەر ئەگەرچى هەندێک لە چارەسەرەکان پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە خوودى هەرێمى کوردستانەوە هەیە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف