دکتۆر هێمن عەبدوڵا: هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان لەکەیسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا دروست بوو یان هەڵە.؟، تاکتیک بوو یان بێئاگایی..؟.
لەم نوسینەدا سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان لەمەڕ نووسراوی بەڕێوەبەری دیوانی کاروباری پەرلەمان بەدوای نوسراوی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر سەبارەت بەهەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر لەپای پەردەلادان لەسەر گەندەڵییەکانی سەرۆکی حکومەت.
نوسراوەکە و هامشی سەرۆکی پەرلەمان لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان ڕاستەوخۆ وەڵامی نوسراوەکە دەداتەوە و دەنووسێت ڕەزامەندنیم بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری ناوبراو.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم جۆرە لە ڕایی کردنی کار خۆدزینەوەیە لە ئەرکە ڕێکاری و قانونی و دەستورییەکەی سەرۆک پەرلەمان یان سەرۆکی پەرلەمان لەوە زیاتر دەسەڵاتی هەیە و بەئاگایی یان بێ ئاگا تۆپەکەی خستەوە ناو گۆڕەپانی پارتی و گەمەکەی لەخۆی دوور خستەوە.؟.
بەتێگەیشتن لە حوکمەکانی دەستوری عێراق و یاسای سزادان و تانانەت خودی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش بەڕوونی ئەوە درک دەکرێت گەر سەرۆکی پەرلەمان ویستبای دۆسیەکە بە باشی ئیدارە بدات و ڕێگری لەم تاکلایەنیەی پارتی بکات دەیتوانی دەستبەجێ داوای لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی بکات بۆ هەڵسەنگاندنی بەڵگەی پەرلەمانتار سۆران عومەر و هەرسێ پەرلەمانتارەکەی تر کە پێشتر داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی هەبووە لەسەریان.
هەروەها داوا لە هەرچوار ئەندامی پەرلەمان بکات بەڵگەکانیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی ناوبراو بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی بەڵگەکانیان تا ڕاستی و دروستی بەڵگەکان تاووتوێ بکرێت و دڵنیابن لەوەی دەعوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە کەیدی و سیاسی نی یە.
چونکە هەڵگرتنی پارێزبەندی بابەتێکی یاسایی پوختە و ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە ڕێگە لەوە بگرێت بکرێتە ئامرازێکی ململانێی سیاسی، وە دەبوو پێش دەنگدان لەسەر پرسەکە بابەتەکە لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندکان تاووتوێ بکرێت تا بەڵگە پێشکەشکراوەکان هەڵسەنگێنرێت و جدیەتیان بپشکنرێت.
بەمەش جگە لەوەی سەرۆکی حکومەت دەکەوتە بەردەم ئیحراجییەکی گەورەـ لەبەر ئەوەی زۆربەی تۆمەتەکان ڕاستییان تێدایەـ پەرلەمانتارانی تریش بەتایبەت ئومێد خۆشناو تەنگەتاو دەکرا چونکە نەیدەتوانی بەڵگەی پێویست بۆ بازرگانیکردنی محمود سەنگاوی لەگەڵ داعش پێشکەش بکات.
ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بەم جۆرە ئیدارەی پرسەکەی دابا دەستبەجێ پارتی داوای ڕێکەوتنی هێزەکان و داخستنی مەلەفەکەی دەکرد و کۆتایی پێدەهات، چونکە دڵنیام ئەم پەرلەمانە هێز و پێزی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییە گەورە و ڕێکخراوانەی نی یە کە لوتکەی حکومڕانی و هەموو جومگەکانی حکومڕانی هەرێمی تەنیوە، بەڵام لایەنی کەم یارییەکی زیرەکانە دەبوو بۆ سەرۆکی پەرلەمان کەڕێگە لە دەمکوتکردنی پەرلەمانتارانی بگرێت.
بۆیە لاوازی هەڵوێستی سەرۆک پەرلەمان لەم شێوە مامەڵەیەدابوو کە دواجار زیانی گەورەی بە پێگەی خۆی و باڵانسی هێز گەیاند لەکوردستان و دڵنیای کردینەوە کە پارتی چی بوێت دەیکات و ئەوان تەنیا بووکەڵەی ڕازاندنەوەی دیکۆری ئەو شانۆیەن کە پارتی بە %42 دەنگەکانەوە هەر خۆی نوسەری شانۆکە و سیناریست و جێبەجێکاریشێتی .
ئاخر ناکرێت سەرۆکی پەرلەمان کە دکتۆرای هەیە لە یاسا و زیاد لە ڕاوێژکارێکی یاسایی (موفت خۆر)ی هەیە نەزانێت کە پارێزبەندی بەپێی یاسا لەکاتی ئەنجامدانی تاوان هەڵدەگیرێت…!.
ناکرێت نەزانێت سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی تەواوی هەیە پێش هەڵگرتنی پارێزبەندی لەوە بپێچێتەوە کە ئایا ئەندام پەرلەمان تاوانێکی لەو تاوانانە کردووە کە شایەنی هەڵگرتنی پارێزبەندی یە..؟.
بەپێی حوکمەکانی یاسای سزادان تەنانەت گەر وتەکانی سۆران عومەر ناڕاستیش بن هەر تەشکیلی جەریمە ناکات و سەرۆکی پەرلەمان دەیتوانی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاری ناوبراو لەسەر ئەو ووتانە نەخاتە بەرنامەی کار، چونکە بەپێی دەستور و حوکمەکانی یاسای سزادان ئەندامانی پەرلەمان سەبارەت بەو (جرائم قولي)یانەی لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی پەرلەمانتارییان ئەنجامی دەدەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، چونکە بەشێکە لە پێداویستی بەجێگەیاندنی ئەرک(أداء الواجب)یان کە دەچێتە ناو (أسباب الإباحة)و سیفەتی تاوانکاری لەسەر کردەوەکانیان هەڵدەگرێت.
لەبەر ئەوەی چاودێری حکومەت و بەدواداچوونی گەندەڵییەکانی سەرۆکی حکومەت و تەواوی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سەرترۆپکی ئەرکەکانی ئەندامانی پەرلەمانە، ئەمە جگە لەوەی بابەتی باناو تەشهیرەکەی سۆران عومەر ڕاستی زۆری تێدایە و مەبەستی تاوانکاری(قصد جنائي) لە پشتییەوە نی یە و کەس نی یە لەم هەرێمەدا گومانی لەوە هەبێت سەرۆکی حکومەت کۆمپانیاو بزنسی گەورەی هەیە، تەنانەت کار گەیشتووە بەوەی بزنسی مامناوەند و بچوکیش بۆ خەڵکی ئاسایی نەماوەتەوە.
حیکمەت لە بەخشینی پەرلەمانتار لەو (جرائم قولی)یانەی بەشێکە لە پێداویستی بەدواداچوونە پەرلەمانییەکانیان، بۆ ئەوەیە پەرلەمانتار دەستکراوەبێت لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و بەدواداچوونی پرسە گشتییەکان.
بەڕاستی ناکرێت سەرۆکی پەرلەمان ئەم زانیارییە سەرەتاییانەی لەسەر حوکمەکانی دەستوری عێراق و یاسای سزادان نەبێت.
خۆ ئەگەر کەمێک ووردتر لەگەڵ دۆسیەکە مامەڵەی بکردایە پلانەکەی پارتی بەم شێوە ناشرینە سەرینەدەگرت و ئەم دەرەنجامەی ئێستای نەدەبوو.
ئێستاش گەر ئیرادەیەک هەبێت بۆ گێڕانەوەی حورمەت بۆ پەرلەمان، دەبێت هەموو فدراسیۆنەکانی دەرەوەی پارتی بایکۆتی پەرلەمان بکەن و ڕێگە لەبێحورمەتکردنی پەرلەمان و هەڵخلیسکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرەو تاکڕەوی و ستەمکاری بگرن.
ئەگەرنا بەیاننامە و کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی تەنها سەلمێنەری بێدەسەڵاتی و بچوکییانە لەئاست ویستی پاوانخوازانەی پارتی.
بۆ لایەنی یاسایی بابەتەکە بڕوانە:
1- مادەی 63 دەستوری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2005.
2- مادەکانی 433 – 436 یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969

 

تێبینی/ ئەم نوسینە وەرگیردراوە