عیماد عه‌لی: مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارتی عه‌قڵێكی ده‌وێت.

وه‌كو ده‌لێن: هه‌ر به‌ردێك گه‌وجێك بیخاته‌ ئاوێكه‌وه‌ به‌هه‌زار زانا ده‌رناكرێت. دیاره‌ سیاسه‌ت، ویرانكردنی خۆم و دوژمنه‌كه‌م نیه‌، به‌ڵكو هونه‌ری ململانێی به‌رامبه‌ره‌ چی نه‌یار بێت یان دۆستیش و به‌ عه‌قڵێك كه‌ […]
سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وه‌كو ده‌لێن: هه‌ر به‌ردێك گه‌وجێك بیخاته‌ ئاوێكه‌وه‌ به‌هه‌زار زانا ده‌رناكرێت. دیاره‌ سیاسه‌ت، ویرانكردنی خۆم و دوژمنه‌كه‌م نیه‌، به‌ڵكو هونه‌ری ململانێی به‌رامبه‌ره‌ چی نه‌یار بێت یان دۆستیش و به‌ عه‌قڵێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌ر له‌ خود، سود و زیانی گه‌وره‌ و بچوكی هه‌ر هه‌نگاوێك لێكبدرێته‌وه‌ و لێكه‌وته‌ ورد و دڕشته‌كانی هه‌ر هاوكێشه‌یك بخوێنرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ كونوقوشبنی روون بكرێته‌وه‌ و به‌ماتماتیكانه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ بگیرێته‌ به‌ر له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌ك به‌كه‌مترین زیان لێی ده‌ربچیت.
هه‌مووان و به‌تایبه‌تی پارتی، له‌ هۆكاری هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی سه‌ر ئه‌م میله‌ته‌دا به‌شی شێڕی به‌رده‌كه‌وێت، به‌م ڕه‌فتار و گوفتار و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ پرسه‌ سترایتیجیه‌كه‌ی كوردستان و ململانێ ئاراسته‌كراو و كۆنه‌پارێزه‌كانی تا دێت زیاتر كوردستان ده‌خه‌نه‌‌ قه‌یرانی هه‌مه‌جۆری سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت رۆشنبیریشه‌وه‌.
دیاره‌، هه‌موو شتیك هه‌ر بۆ خۆم و باقی چش، شیعاری ئه‌مڕۆی پارتی نیه‌ و، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌متریش بوبێت هه‌روابووه‌، به‌ڵام كه‌ بۆی چووه‌ سه‌ر و ورده‌ ورده‌ به‌و ره‌فتاره‌ بێ په‌رپرسانه‌ی و ئیتسغلال كردنی زه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و هه‌ڵه‌ی كه‌س و حزبه‌كانی دیكه‌ زۆرینه‌ی كوردستانی خستۆته‌ ژێڕ ركێفی خۆیه‌وه‌ و به‌و پێیه‌ ده‌جوڵێته‌وه‌ و باكی به‌هیچ نیه‌، بێ منه‌تی له‌ هه‌موو شتێك و نه‌خوێندنه‌وه‌ی هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ك و حساب نه‌كردن بۆ هیچ كه‌سێك و مڵهوڕی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌رحسابی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك، ئه‌وه‌نده‌ بواری بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێكی نه‌هێشتۆته‌وه‌ بیر له‌ چۆنێتی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م پارتیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ردان و ده‌رهاویشته‌ی زۆر خراپ و روخان و ئاشبه‌تالیكی دیكه‌ی له‌دوای خۆی نه‌هێنێت.
هه‌مووان ئاگادارن ئه‌م ئه‌زمونه‌ تاقانه‌یه‌ی مێژووی گه‌لی كوردستان چۆن هاتووه‌ و كێ خوێنی بۆ ڕشتووه‌ و كێ سوودی لێ بینوه‌ و له‌سه‌ر حسابی ره‌شورووتی ئه‌م میله‌ته‌ كێ ژیان و ئاینده‌ی ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌. ئا له‌م بێباكی وبێ منه‌تی و به‌رده‌وامبوون له‌ گرته‌نبه‌ری رێڕه‌وێك كه‌وه‌كو بنه‌مأله‌ و حزب به‌ سه‌ركه‌وتووی بزانێت و زیانی گه‌وره‌ش به‌ گه‌له‌كه‌ و دوارۆژه‌كه‌ی تا ئه‌مڕۆ بگه‌یه‌نێت و ته‌نانه‌ت سودی له‌ په‌رشوبڵاوی ئه‌وانیتر وه‌رگرتبێت، بیرێكی قوولی ده‌وێت بۆ سیاسه‌ت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بنه‌ماڵه‌ و حزبه‌دا. پاش ئاشبه‌تاڵی 75 هه‌ر میله‌ت زه‌ره‌ری كرد و پارتی وه‌كو بنه‌ماڵه‌ و حزب به‌رده‌وام بوون له‌ ژیانی ره‌فاهیه‌ت و خۆشحاڵی له‌ هه‌ر كوێیه‌ك ده‌ژیان و ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستیان بوو له‌و داهاتانه‌ی له‌ دوای شۆرش بۆ ئه‌وان مایه‌وه‌ به‌كاریان هێناو له‌ خۆشترین شوێن ده‌ژیان و له‌هیچیان كه‌م نه‌بوو. ئه‌مڕۆش كه‌ ژیانی ده‌یان نه‌وه‌ی دوای خۆیان دابین كردبێت و پاره‌ و ماڵ و موڵكی دونیایان له‌ سه‌رجه‌م كون و قوشبنیێك جیهاندا هه‌بێت، تێكچونی ئه‌م ئه‌زمونه‌ به‌ هچ شێوه‌یه‌ك له‌ زیانی ئه‌وان نابێت و باسی به‌رژه‌وه‌ندی كورد و كوردستان ته‌نها شیعاره‌ لای ئه‌وان و به‌ هیچ شوێنێك ناگات. بۆیه‌ وه‌كو شه‌قاوه‌یه‌كی سه‌ر جاده‌ و وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت هاوشێوه‌ی ( بایع مخلص) ده‌جوڵێته‌وه‌.
ئا به‌وشێوه‌یه‌ بێت، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ عه‌قڵێكی ده‌وێت كه‌ باری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری خه‌ڵك و زه‌ره‌ر و سودی هه‌ر ره‌فتاریك له‌گه‌ڵ پارتیدا بخوێنێته‌وه‌ و له‌ رووی سترایتجی و ته‌كتیك و مانۆرێش شیبكرێته‌وه‌ و هاوكێشه‌ نێوخۆییه‌كه‌ شرۆڤه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو جاره‌كانی پێشوو زیانه‌كه‌ گشتی نه‌بێت و بۆ خود و میله‌تیش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
بۆ ئه‌م پرسیاره‌، به‌ڕاستی من وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌روه‌م لا نیه‌، ئایا سنوری بۆ دابنرێت و نه‌هێڵرێت چی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ده‌ست درێژیه‌كانی و رێگه‌ گرتن له‌و ره‌فتارانه‌ و، به‌ چ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ ده‌كرێت؟ ئایا به‌ مامه‌ڵه‌ی سیاسی و دوور له‌ گرژی و ناكۆكی قوول و له‌سه‌رخۆ و ده‌ره‌ئه‌جامی ده‌بێت؟ هه‌ر بریارێكی دابڕان له‌گه‌ڵیدا هیچ ده‌ره‌ئه‌نجامێكی ئیجابی لێده‌كه‌وێته‌وه‌؟ بێگومان بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ هه‌زار و یه‌ك ڕاوبۆچون هه‌ڵده‌گرێت.
به‌ڵام گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بریاڕێكی ستراتیجی له‌به‌رامبه‌ر پارتی پێویسته‌ له‌و روناگه‌یه‌وه‌ بێت كه‌ زیانی به‌گشتی بۆ خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێت. تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی نزیكمان له‌به‌رده‌ستایه‌ بۆ په‌ند وه‌رگرت؛ له‌و دووبه‌ره‌كییه‌ میژوویه‌یه‌ی پێشوو كه‌ باری رۆشنبیری زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌خوێنرایه‌ و به‌ بڕیاردانی بی دراسه‌ت و پشت به‌ستن به‌ بۆچونی كۆمه‌ڵێكی دیاریكراوی رۆشنبیر و نوخبه‌ وایكرد كه‌ لێكه‌وته‌ زیانبه‌خشه‌كانی تا ئێستا به‌رده‌وما بێت وتا ئێستاش پارتی درێژه‌ی هه‌بێت و به‌ره‌و لاوازی سروشتی نه‌ڕوات و، له‌كۆتاییدا ئه‌و هه‌ڵوێشته‌ به‌ قازانجی پارتی و به‌ زیان بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان كه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و جیابونه‌وه‌ و دووبه‌ره‌كیه‌ نه‌بوایه‌ ئێستا پارتی به‌وشیوه‌یه‌ نه‌بوو و ئێستا لاوازترین حزب ده‌بوو و ته‌نانه‌ت بۆچونی واهه‌یه‌ ده‌ڵێت كه‌له‌ گیانه‌ڵای ئاسایی دواته‌مه‌نیدا ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكیه‌ی ئیستغلال كرد و سۆزی خه‌ڵكی بۆ لای خۆی راكێشاو عه‌یب و عاره‌كانی شارده‌وه‌ و دواتریش له‌ سه‌رئه‌نجام له‌سه‌رساحه‌ی سیاسی كوردستان به‌ حزبی سه‌ركرده‌ مایه‌وه‌ و ته‌نها خه‌ڵكه‌كه‌ زه‌ره‌ری كرد.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی