عیماد عه‌لی: خۆپیشاندان له‌ دهۆك چی ده‌گه‌یه‌نێت؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌موان ئاگاداری شێوه‌ی به‌رێوه‌بردنی كاروباری ئیداری سیاسی شاری دهۆكن. سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی پارتی به‌ مه‌عه‌قلی خۆی ده‌یزانێت و لای خه‌ڵك وای پیشانداوه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ بنه‌ماڵه‌ په‌ره‌ستو حزب په‌ره‌ستو به‌تایبه‌تی پارتی په‌ره‌ستن، به‌ڵام تا ئه‌و شوێنه‌ی بۆی بكرێت ئیستغلالی ئه‌و شاره‌ی بۆ مه‌رامی حزبی و بنه‌ماڵه‌یی كردووه‌ و، هه‌وڵی داوه‌ باری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی دیكه‌ دابڕێت و شێواتربێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینیت، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی كاسه‌لێس و ده‌رباری تێدایه‌ ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت و بێ نه‌وای هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ زۆر چالاكی سیاسی تاكه‌لایه‌ن كاریگه‌ریی سه‌لبی بۆ ناو و ناوبانگی هه‌بووه‌ و زۆرجار ناوو ناتۆره‌ی بۆ دانراوه‌، به‌ڵام زۆر سیفه‌تی ناوازه‌ت به‌ تێكه‌ڵبون له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ده‌دره‌خات، خۆش مه‌شره‌بی و زۆر گوێ نه‌دان به‌ قوڵایی سیاسه‌ت و خودپارێزی و مانه‌وه‌ی دابونه‌ریتی تایبه‌ت وای لێكردووه‌ كه‌ تا راده‌یه‌ك لاته‌ریك ده‌ربكه‌وێت نه‌ك وه‌كو لای هه‌موان وا زانراوه‌ كه‌ تاك لایه‌نی باڵی به‌سه‌ردا راكێشابێت.
به‌ڵی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ زۆر به‌سه‌بر و پشوو درێژن و كاریه‌گه‌ری پێگه‌ی پارێزگاكه‌ له‌ نێوان زۆر ئیتنی و ئایینی و ده‌وڵه‌مه‌ندی مێژووه‌ دێرینه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌یان و باری عه‌شیره‌تگه‌ری و فراوانی ناوچه‌كه‌و دابڕانی له‌ یه‌كتر له‌ رووی جوگرافیه‌وه‌ خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌تیان پێ به‌خشیوه‌ كه‌ جۆراوجۆری وه‌زعی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆنشبیری پێوه‌ دیاربێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه‌ كه‌ له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ قه‌ت سازشیان بۆ داگیركه‌ران نه‌كردووه‌ مه‌گه‌ر پاڵیان پێوه‌نرا بێت و ده‌سه‌لاتدارانی شۆرشه‌كانی كوردستان حه‌قی خواردبن و هه‌وڵی خۆفه‌رزكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پاندبێت و په‌نایان بۆ شوێن دیكه‌ بردبێت نه‌ك ببه‌ن به‌ دارده‌ستی خه‌ڵكی دیكه‌.
ئه‌مرۆش، ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ جیاوازن، له‌كاتێكدا كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ئارادا بوو، كه‌زانیان ده‌ستی حزبی و ئایدیۆلۆجیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی له‌پشته‌ جوڵه‌یان نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بۆ مافی تایبه‌تی خه‌ڵكی مافخوراو به‌دوور له‌ ویستی هیچ بنه‌ماڵه‌ و حزب و ئایدیۆلۆجیه‌ك هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت و یه‌كه‌مین چالاكی خۆیان نواند، كه‌ له‌ هیچ شوێنێكی كوردستان هیچ چالاكیه‌كی ناڕه‌زایی له‌ ئارادا نیه‌، ئه‌مه‌ش بێ لایه‌نی و دوور له‌ حزبیبونی ناڕه‌ازیه‌تیه‌كان ده‌سه‌ڵمێنت له‌م كاته‌دا.
چالاكوانان و خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر و گردبونه‌وه‌ی دهۆك شایانی رێزن و مێژوو بۆیان ده‌ینوسێت و، ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ ئه‌وه‌شمان پێ ده‌ڵێت، كه‌ زه‌بروزه‌نگ رێگه‌ له‌ ئازادیخوازان ناگرێت داوای مافی راسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌ن و ئه‌م به‌ده‌نگ هاتنه‌ی خه‌ڵكانێك كه‌ ساڵانێكه‌ بێ ده‌نگن و ئارامیان گرتووه‌ و پشوو درێژن له‌ شوێنێكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتار و توندوتیژی و سه‌ركوتكه‌ردا، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێسقان هاتووه‌ و پێستی دڕیوه‌ و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداران بزانن ئه‌گه‌ری ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریش زۆر زۆره‌ و له‌ صه‌دام زیاتریان پێناكرێت.