بەهرۆز جەعفەر: کۆتایی جیهانگیریی، ئایا بەرخەکان بە خەوتویی ئەمێننەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر ڕەخنە لەو نوخبە فێڵبازو دەمامکدارە نیۆلیبراڵانە ئەگیرێت کە بەناوی سەرنجڕاکێش و ناونیشانی قەبەوە ئابوریی جیهانیان کۆنترۆڵ کردوەو، بەناوی چارەسەرییەوە بونەتە بەڵاو گەنە لەناو گەلاندا. ڕەنگە هیچ کام لەوانە وەکو پڕۆفیسۆر و دەروننانسی ئەڵمانی « ڕاینەر ماوسفێڵد- Rainer Mausfeld» ڕووی ڕاستەقینەی ئەو چینە ئابوریی و سیاسیە نیۆلیبراڵەی نەخستبێتە ڕوو کە چۆن تیمۆکراسی « حوکمڕانی لەسەر بنەمای کەڵەگەکردنی سەرمایە» یان لێ کردوین بە دیموکراسی « حوکمڕانی لەسەر بنەمای ڕای گەل»، ڕاینەر لە کتێبەکەی بەناونیشانی « Why do the lambs remain silent» واتە بۆچی بەرخەکان بە بێدەنگی ئەمێننەوە؟. باسی سەرکەوتنی چینە دەمامکدارەکان ئەکا بەسەر پلیکانەی دیموکراسی و مۆدێرنەدا، ئەو شانۆگەرییەی ئەمانە ئەیکەن کارائەکتەرەکان هەر ئەڵێی ڕاست ئەکەن بەڵام درۆ ئەکەن، هەر ئەڵێی بەخوا شەرەفمەندن، بەڵام لەڕاستیدا بێ حورمەتن « Dishonarable» ن.
لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2020 داین، دوێنێ دۆناڵد ترامپ گوتی ئیتر لە کۆتایی جیهانگیریی نزیک بوینەتەوە، پێرێ حکومەتی ئیتاڵیا هەڕەشەی جیابونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا کرد، ڕۆژانە حکومەتی بەریتانیا دوبارەی ئەکاتەوە کە خەڵکی وێڵز بۆیان نیە سەردانی ئنگلاند بکەن (کە لەیەک وڵاتدان) ئینجا چ جای سکۆتلەندا.
هەموو کاتێک کە گوێت لە گڵوباڵ و لیبراڵ ئەبێ ئەوە یانی سنور ناناسێت. سنور نییە و بێ پرس جوگرافیای دەوڵەتەکان ئەبڕێت و دێتە ناو حوکمڕانیەوە، دێتە سەر سفرەوخوانەکان، بتەوێ و نەتەوێ لە گیرفانتاندا، لە ژیانی ڕۆژانەتاندا هەیە.
هەرکاتێک باسی ناسیۆنالیزم ئەکرێت یانی سنوری نەتەوەیی و جیۆپۆڵەتیک، یانی ناسنامەو چوارچێوەی جوگرافی و سیاسی و ئابوریی خۆت.
ئایا کۆرۆنا ڤایرەس کۆتایی جیهانگیرییە؟ یانی ئیتر فۆکۆیاما کتێبەکانی کۆبکاتەوەو ئیتر ئەوەندە هەموو هەفتەیە قسە نەکات و پاش چەند ساڵێک پێچەوانەی تێزەکانی ئەو وەک کۆتەرە بکەوێتە سەر دار !؟
لیبراڵیزم و بازاڕی ئابوریی ئازاد کڕۆکی جیهانگیرین. ڕەهەندە گەورەکەی جیهانگیریی ئابورییە، هاتوەو ئەڵێ من لیبراڵیزمم، دەرفەتی یەکسان ئەڕەخسێنم بۆ تاکەکان، بایەخ بە تاک و کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان ئەدەم… لێ نیۆلیبراڵیزم زۆر ئەولاترە لە لیبراڵیزم و گەورەترین سودمەندە لە جیهانگیریی، ئەگەر لیبراڵیزم ئەڵێ سنور ناهێڵم و کەمێک لەدەستەڵاتی دەوڵەت کەم ئەکەمەوە ئەیدەم بە کۆمپانیاکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، ئەوا نیۆلیبراڵیزم بە ئاشکرا ئەڵێ من بێ حورمەتتان ئەکەم، بەهاو نۆرمە باوەکان هیچ نین گرنگ سەرمایە کەڵەگە بکەن. !.
بە پێی تێزو ڕەخنەکانی ڕاینەر گەلان نوستون و نیۆلیبراڵەکان وەک گورگ چاوبەست لە بەرخەکان ئەکەن.
دانپانانەکان لەناو جەرگەی خۆرئاواوە، یان هیچ نەبێ پەتای. کۆرۆنا هەر لەسەر تا خواری تۆڕە دەمامکدارەکانی بەناو نیۆلیبراڵیزمی خستە دەر، نهێنی باسوخواسی دونیای ئازاد لە دوای جەنگی ساردەوە، نهێنی باسوخواسی ئیدیۆمە قەبەکان کەوتە دەشت. هەر بە واقیعی هیچ کاتێک ئەوەندەی ئەم چرکەساتانەی 2020 بیری لیبراڵ و نیۆلیبراڵ بەتایبەتی تر بێ قسەو بێ تێز نەبون. !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت