بورهان شێخ ڕەئوف: پەتاو دەردەکان تا کۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر چاوێکى خێرا بە مێژووى مرۆڤایەتیدا بخشێنینەوە ئەوسا دەزانین پەتاو دەردو تاعونەکان چیان بە مرۆڤ و شارستانیەتەکەى کردووە، هەرچەندە لە وتارێکى وا کورتدا من لەوەیە و بێگومانیش ناتوانم بە درێژى و بە چڕى باسى ئەو بابەتە سامناکە بکەم، بەڵام بۆ ڕۆژگارى ئێستاى سەردەمى کۆرۆنا کەتا ئێستا جیهانى پێوە گیرۆدە بووە و ژیانى خەڵکى و دامودەزگاکانى حوکمڕانى لە جیهاندا نیمچە ئیفلیج کردووە بیرخستەوەیەکى خراپ نیە.
دەوڵەتى هایتى کاتێک دامەزرێنرا ساڵى 1791 زاینى لە ئاکامى شۆڕشێک کە ئەو ئەفریقیانەى فەرەنسیەکان وەکو کۆێلە هێنابوونیان بۆ هایتى، هەربۆیە ناپلیۆن لە ساڵى 1802ز هەوڵى دا ئەو وڵاتە کۆلۆنیەى خۆى داگیر بکاتەوە و سوپایەکى نارد کە پێکهاتبوو لە پەنجا هەزار سەرباز، بەڵام زۆربەى هێزەکەى گیانیان لە دەستدا بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کووشندەى تاى زەرد ( حمى الصفراء) کە دواى ساڵێک ناپلیۆن ناچار بوو دەستبەردارى ئەو بڕیارەى ببێت و هەرێمى لویزیانا بە نرخێکى هەرزان بە ئەمریکا بفرۆشێت، ئەمە نموونەیەکى ئێجگار بچووکە کە پەتاو دەردەکان چلۆن ڕێڕەوى مێژوو دەگۆڕن.

تاعوونى جستنیان و ئیمپراتۆریەتى بێزەنتى
ئیمپراتۆریەتى بێزەنتى یان ( ئیمپراتۆریەتى رۆمانى ڕۆژهەڵات ) لە سەردەمى حوکمڕانى ئیمپراتۆر جستنیان کە لە نێوان ساڵانى 527 ز تاوەکو 565 ز ئەوپەڕى گەشەو فراوانى بە خۆیەوە بینیووە و هەر لە سەردەمى ئەمدا یاساى ڕۆمانى نووسراوە ڕیفۆرمى کارگێڕى و دارایى کراوە، کەنیسەى ئایا سۆفیا دروستکراوەو بە شێکى زۆرى خاکى ئیمپراتۆریەتى ڕۆمانى ڕۆژئاوا داگیراکرا بەمەبەستنى یەکخستنەوەى هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە، هەرلەوکاتەدا ئەم تاعوونەش بڵاو بوویەوە کە دواتر بە تاعوونى جستنیان ناسرا.
لە سەرەتاى ساڵى 541 سەرى هەڵدا لەنزیک شارى پۆرسەعید لە میسر و دواتر بەرەو خۆرئاوا گوازرایەوە تا ئەسکەندەریە’ لە ڕۆژهەڵاتەوە تا فەلەستین، دواتر لە سەرەتاى ساڵى 542 تا قوستەنتینیەى پایتەختى ئیمپراتۆریەتەکە گوزرایەوە، کە تا دووسەد ساڵ درێژەى کێشا کە تاساڵى 750 ى خایاند.
سەرچاوە مێژووییەکان و ناسیونال جیۆگرافیک باس لەوە دەکەن کە 30 – 50 ملیۆن کەسى کووشتووە کە بۆ ئەو کات دەکاتە نیوەى دانیشتووانى سەرگۆى زەوى و ئەم دەردە شایانى وتنە ئاسیاو باکوورى ئەفریقیاو ناوچەى عەرەبى و ئەوروپاى گرتەوە.
ئەم دەردە ئیمپراتۆریەتەکەى زۆر لاواز کرد تاڕادەیەک نەیتوانى بەرگرى لە خۆى بکات بە هۆى زۆرى ژمارەى مردووانەوەو نەپەرژانە سەر ڕاهێنان و خۆڕێکخستن، جگە لەوەش ژێرخانى ئابوورى وڵات داڕماو هەر لە ئاکامى ئەم پەتادا بەشى زۆرى خاکى ئیمپراتۆرییەتەکەیان لە دەستدا هەر لە باکوورى ئیتالیاو تا باکوورى ئەفریقیا و تەنانەت لە دەستدانى کەنارى ئیسپانیاش ساڵى 717 بۆعەرەبەکان و وڵاتى شام و ئاسیاى بچووکیش.

تاعوونى ڕەش لە ئەوروپا
ئەم تاعوونەش کە لە ڕێگەى ڕۆژهەڵات و ئەوەى پێ ى دەوترێت ڕێگاى ئاوریشم پێدەچێت هەر لە چینەوە وەکو ئێستاى کۆرۆنا لە نێوان ساڵەکانى 1347 تاوەکو 1351 سەرى هەڵداوەو ئەوکات ژمارەى دانیشتووانى جیهان کەمتر لە 500 ملیۆن کەس بووە، بە تەنها لە ئەوروپا 75 ملیۆن کەسى کووشت.
تا ئەوکات ئەوروپا زۆ چڕ بوو ژمارەى دانیشتووانەکەى هیچ کەمو کورتیەکى نەبوو لە هێزى کاردا، بەڵام بەمە کێشەى گەورەى بۆ دروست بوو کە دواتر بووە هۆى سەرهەڵدانى زۆر شۆڕش لە لایەن جوتیاران و چینو توێژەکانى ترەوە بەمەبەستى بە دەستهێنانى مافى زیاتر.

ئەنفلۆنزاى ئیسپانى
ئەویش یەکێکى ترە لەو پەتا پیسانە، کە لە دواى جەنگى جیهانى یەکەمە وە سەرى هەڵداو 500 ملیۆن کەس تووش بوون کە لە 50 تا 100 ملیۆن کەسى کووشت.

کۆرۆناچى دەگۆڕێت؟
کۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەى کە لە کۆتایى ساڵى 2019 لە چین سەرى هەڵداو تا ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن کەس تووش بوون زیاتر لە 300 هەزاریشى کووشتووە، تا ئێستا هیچ ڤاکسینێکیش نەدۆزراوەتەوە بۆ چارەسەرکردن و لە ناوبردنى ڤایرۆسەکە. بۆیە پێدەچێت کاریگەرى زۆرى هەبێت بۆ ئایندەى مرۆڤایەتى کە لەوەیە ئیتر بەریەکەوتن ببێتە شتە یاساغ و حەرامەکان، ئایاى ئایندەى ریستورانت و کافیا و فڕۆکەو گەشتەکان چۆن دەبێت؟
کۆرۆنا فێرى کردین لە دوورى یەکترەوە کاربکەین، ڕۆڵى نیشتمان پارێزى گۆڕى لە سەربازەوە بۆ پزیشک و کارمەندانى تەندروستى و سیستمى تاک جەمسەرى جیهانى گۆڕى بۆ فرە جەمسەر، شێوازى خواپەرستى و تقوسە ئاینیەکانى گۆڕى، ڕۆڵى ئەنتەرنێت و فراوانبوونى بەکارهێنانى پێویستى بوونى، پێدانى چارەسەرو خزمەتگوزارى تەندروستى لە دوورەوە بەنەخۆش بێ ئەوەى بچنە کلینکە تەندروستیەکان، باوەڕى مرۆڤەکان زیاتر بووە بە زانست و زانیارى نووچدارى، کزبوونى باوەڕ بە دابو نەریتى کۆن و دواکەوتوو، زیاتر بڵاوبوونەوەى دەنگدانى ئەلکترۆنى، با چاوەڕوانى شتى تریش بین.