محەمەد بەرزی: ژیانی دوێنێ و ئەمڕۆمان!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئاشکرایە بە درێژایی ئەو مێژووە پڕ لە کارەساتانەی نەتەوەکەمان، کورد سەدان شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی داگیرکەرانی تورک و فارس و عەرەب کردووە، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە پارچەیەک لە پارچەکانی وڵاتەکەی ئازاد بکات. بێگومان بۆ نزیکەی 400 ساڵیش دەچێت، هۆکارەکانی شکستە یەک لە دوای یەکەکانمان، هەمان هۆکارەکانی ئەمڕۆمانن. هەموو جارێک داگیرکەران توانیویانە بە زیرەکیی خۆیان، کورد فریو بدەن و شۆڕش و قوربانی و نەهامەتییەکانمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن، بەڵام بە داخەوە کورد چ لە ئاشتیدا و چ لە شەڕدا، نە پلانی هەبووە و نە بیرکردنەوەش.
ئەوەتا شوکری فەزلی شاعیر بە شیخ مەحمودی حەفید دەڵێ: ( ئیش کە ڕووی ئێستا لە هەورازە، سەرەولێژی نەکەی … فکری وردیشی ئەوێ، هەر بە دوعا و نوێژی نەکەی ). بێگومان هەر بزوتنەوەیەک، چ لە شاخ بێ، یان لە شار، ئاوێتەی عەقڵ و قەڵەم و بیرکردنەوە نەبێ، مەحاڵە ڕووناکی ببینێت. ئەوەی شایانی باسە بارودۆخی کوردی باشور لە چاو پارچەکانی تردا، تا ڕادەیەک باشتر بووە، چ لە هاوبەشیکردنی لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتی عیراقدا، چ لە بارودۆخی کۆمەڵایەتییدا، کەچی ژمارە و تەمەنی بزوتنەوە چەکدارییەکانی باشور، زیاتر و درێژتر بوون. جا جگە لە بزوتنەوەکانی شێخ مەحمود و بارزانی، کە تەمەنییان کورت بووە، ئەوا شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961، کە بە یارمەتی ئێرانی داگیرکەر نزیکەی سیازدە ساڵ و نیوی خایاندووە، ئەنجامەکەشی بە بەرژەوەندی ئێران و زیانی گەورەی خۆمان و دووبەرەکییەک هەرەسی هێناوە، کە 56 ساڵە ئێسقانی کورد دەهاڕێت. پاشان شۆڕشی نویێ یەکێتی و گوڵانی پارتیش، میللەتەکەمانی ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگوێزان و کاولکردنی گوند و باژێر و دەریایەک خوێن کردووە. خۆ کاتێکیش ئەمەریکا گورزی گەوەرە لە سەددام دەسرەوێنێت، شۆڕشگێرەکان لە شاخەوە دێنە خوارەوە و حکومەتێکی کوردیی دادەمەزرێنن، جا ئەگەر چەمکی شۆڕش بریتی بێ لە: ( ڕاپەڕین بە ڕووی زوڵم و زۆرداریدا، بە ئامانجی گۆڕینی هەموو دامودەزگا و دەسەڵاتەکانی ڕژێمی ڕابوردوو، بۆ هێنانە کایەی ڕژێمێکی سیاسی پاکوبێگەردی عادیلانە و لە سایەیدا ماف و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ هاوڵاتییان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات ). ئێستا جێگای خۆیەتی بەراوردێک لە نێوان بارودۆخی پێش و پاش هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشانەدا بکەین و با بزانیین تا چ ئەندازەیەک سەرکردەکانی کورد، هەڵگری بیری شۆڕشگیریی و دروستکردنی دەوڵەت بوون و تا چەندیش توانیویانە گۆڕانکاریی لە ژیانماندابکەن.
ئاشکرایە هەموو حکومەتەکانی عیراق، بە پێی پلانی ستراتیجی هەنگاویان ناوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانەنەدا توانیویانە بە سامانی نەوت وڵات ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام پشتییان تەنها بەو سەرچاوەیە نەبەستووە . چونکە سامانی نەوت دوو مەترسی لە خۆگرتووە ، یەکەمیان وەک کشتوکاڵ سامانێکی هەمیشەیی نییە و ئەگەری تەواو بوونی هەیە. دووەمیشیان هەر کاتێک نرخی لە بازاڕەکاندا دابەزێ، یان لە کاتی جەنگدا وێران بکرێت ، وڵات تووشی نابووتی و کیشەی گەورە و گران دەکاتەوە، هەر وەک حاڵی ئەمڕۆی حکومەتەکەی هەرێم . هەر بۆیە شان بە شانی نەوت، گرنگیان بە کشتوکاڵ و پیشەسازیش داوە و توانیویانە تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر، بە کشتوکاڵ ئاسایشی خۆراک دابین بکەن، ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دراوی قورس بگرن، وڵات لە فشاری دەرەکی بپارێزن، بە بەروبۆمەکانیشی کەرەسەی خاو بۆ پیشەسازی ئامادە بکەن و ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی پێ پتەو بکەن ، لە کۆتاییشدا هەلی کار و ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانییان مسۆگەر بکەن.. هەر بۆ نموونە پێش هەڵگیرساندنی ئاگری شۆڕشەکانی کورد، جوتیارانی نزیکەی ( 1751 ) گوندی ئاوەدانی کوردستانی باشور، بە ئارامی سەرقاڵی چاندنی تووتن و چەندین بەروبۆمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوون. خۆ ئەگەر هەر گوندێک 40 ماڵبووبێت و هەر ماڵەی چوار سەر خێزانیش بوو بێ، ئەوا تەنها تووتن، توانیویەتی بژێوی ( 280160 ) کەس دابینبکات، ئەمە سەرباری بژێوی هەزاران کرێکار و فەرمانبەرانی کارگەکانی جگەرە و پوختەکردنی تووتن و کاسبکاران و ئەو شۆفێرانەی تووتنییان گوێزاوەتەوە. پاشان لە نێوان ساڵەکانی ( 1965 و 1974 ) دا هەشت هەزار تەن تووتنی ئەو گوندانە فرۆشراوە بە چەندین وڵاتی وەك: ( ئەمەریکا، بەریتانیا، بەلجیکا، یەکێتی سۆڤییەت و هەنگاریا ) و داهاتێکی ئێجگار زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە، کەچی تا ئەمڕۆ زوربەی هەرە زۆری ئەو گوندانە چۆڵن و داریان بەسەر بەردییانەوە نەماوە، جوتیارەکانیش، یان ئەنفال کراون، یان کۆچییانکردووە. خۆ ئەگەر تاکە تاکەیەکیشیان خەریکی تووتن بن، دیارە لەبەر جگەرەی هاوردە ناتوانن بژێوی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن. پاشان هەر تەنها لە شارێکی وەک سلێمانیدا و لە نێوان ساڵەکانی ( 1954 و 1982 ) دا، حکومەتاکانی عیراق توانیویانە بەنداوی دەربەندیخان و دوکان، کارگەکانی: جگەرە و پوختەکردنی تووتن، چیمەنتۆی سەرچنار و تاسڵوجە، شەکر، جلوبەرگ، بیبسی و ئاوی بانیخێڵان و بەردی مەڕمەڕ دابمەزرێنن و هەلی کار بۆ هەزاران کەس دابین بکەن، بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە، کە کار چۆتە قاتی.
ئەوەی جێگای داخە لە جیاتی ئەوەی شۆڕشگێرەکان بە سامانی نەوت و پارەی زۆری ناوخۆ و حکومەتی عیراق، گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدەن و پڕۆژە و کارگەی نوێ بخەنە پاڵ کارگە کۆنەکان و ژێرخانێکی ئابوری پتەو دروستبکەن، کەچی ئامێرەکانی کارگەی ستراتیجی شەکر، کە ساڵانە پێویستی بە 120 هەزار تەن چەوەندەر بووە، لەگەڵ کارگەی جگەرە بە کیلۆ هەراج دەکەن، یەکیکیان دەکەن بە مۆزەخانەوە و ئەوەی تریان بە باڵەخانە و کارگەیەکیش نامینی بە ناوی جلوبەرگەوە، بەمەش دەرگا بە ڕووی دامەزراندنی هەزاران کەسدا دادەخەن. ئاخر ئەگەر شۆڕشگێرەکان بیریان لە دواڕۆژی کورد بکردایەتەوە، نە دەبوو ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە تاڵان بکەن، کە بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1937 و ئامانجیشی بوژاندنەوەی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان بووە. خۆ ئەگەر تەواو بکرایە دەبوو بە گەورەترین بەنداوی عیراق و توانای بەرهەمهێنانی ( 1500 ) مێگاوات کارەبا و گلدانەوەی 17 کیلۆمەترە سێجا ئاوی دەبوو. ڕێگەی لە لافاو و وشکەساڵی دەگرت و خاڵێکی فشاریش دەبوو بۆ سەر عیراق. ئاشکرایە پێش شۆڕشەکانمان، ساڵانە بە پێی ژمارەی خوێندکاران، خوێندنگای نوێ کراوەتەوە، مناڵی پاشا و وەزیر و کەسانی هەژار، لە سەر یەک مێز دادەنیشتن.
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان سەدان جار لە پەیوەندییە قرچۆکەکانی ئەمڕۆمان باشتر بوون. حکومەتەکانی عیراق لە جیاتی ئەوەی بە شڕەخۆری و پارە و زەوی تاڵانی، کۆشک و تەلار و باڵەخانە ببەن بە ئاسماندا، هەزاران خانوویان بۆ کرێکار و فەرمانبەرانی بێ دەرامەت دروستدکردووە. وڵات بە عەقڵ و بیرکردنەوە و دڵسۆزی گەشەدەکات، هەر عەقڵیشە بتوانێ گۆڕانکاری مەزن بکات، نەک فرۆکەی تایبەت و ئوتێل و مۆڵ و کردنەوەی خوێندنگا و زانکۆی بۆش و بەتاڵی تایبەتی.
ئەگەر مێژووی خوێناوی شۆڕشەکانمان، داروپەردووی 4500 گوند و 180 هەزار ئەنفال و 5 هەزار سورەگوڵی هەڵەبجە و 8 هەزار بارزانی بێ گوناح و چەند هەزار پیشمەرگەی شەهیدی سێدارە و سەنگەر و شەڕی ناوخۆی لە خۆی گرتبێ، ئاخر کەی ڕەوایە بەرهەمەکەی ئەم حکومەتە پاوانخوازە بێ، کە میللەتێکی ڕووسور و قارەمانی خستۆتە سواڵ. ئەرێ بە ڕاست لە کتێبی گینس و دنیادا، شۆڕشگێڕ هەیە بەمجۆرە شۆڕشی کردبێت؟. بێگومان هەر ئەمجۆرە حوکمرانییانەش بووە، یەک بە یەکی ئەمارەتە کوردییەکانی داوەشاندووە و ڕاپەرین و شۆڕشەکانی بە ئاشبەتاڵ و گۆڕی بە کۆمەڵ و لە دەستدانی خاکی شیرین و پیرۆزی نیشتمان، کۆتاییان هاتووە. لە جیاتی ئەوەی بەهەشتێکیمان بۆ بنیات بنێن لە جاران جوانتر بێ، کەچی نیشتمانێکی ئاوەدانیان بۆ کردووین بە دۆزەخێک، لە هیچ نیشتمانێکی دنیا ناچێ.

تێبینی : بۆ زانیاری بەنداوی بێخمە سود لە سایتی ویکیپیدیا وەرگیراوە .