عوسمان عومەر: تیرۆر ترسناکترین چەکى نهێنى.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

تیرۆر ترسناکترین و بەناوبانگترین چەکە بەکار دێت لەسەردەمى نوێ دا. تیرور بە ئینگلیزى Assistantion و بەعەرەبى اغتیال. زاراوەیەکە وەسفى کارێکى پلان بۆدارێژراو بەمەبەستە دژى کەسایەتیەک کەکاریگەرى سیاسى و خاوەن بیروباوەرێکى سیاسى یاسەرکردەو فەرماندەیەکى سەربازى و هەندێ جار ئابوریەوە بێت بۆ تۆلە سەندنەوەو لەناوبردنى رکابەر، رێکخەرانى ئەو کارە بەبەربەستی خۆیانی دەزانن و، چونکە بەرەنگاریان دەبێتەوەو دژیان دەوستێ. گەورەیی ئەو لایەنەى ئەو کارە رێکدەخات لەکەسیک یا دەزگایەکى گەورە یا حکومەتێک دەگرێتەوە، هیچ کۆڕایەک نیە لەسەر زارەوەى تیرۆر، هەندێ لەوانە بەکارێکى پاڵەوانانە ناودەبەن، ئەمەش وادەکات پێناسەیەکى تەواو بۆ ئەو زاراوەیە دیارى نەکرێ. چونکە هەندێ لەوانە دەگەرێتەوە بۆ تێکچونى باریى دەرونى کەسێک هیچ مەبەستى سیاسى یا ئایدۆلۆژى لەپشتەوە نییە، وەک ئەوەى جۆن هنگڵى دژى رۆنالد ریگنى سەرۆکى ئەمریکا لە 30 ئادارى سالى 1981 ئەنجامى دا وەک لە داننان بەتاوانەکەى گوتى زۆر سەرسام بووە بە جودى فۆستەر بۆ ئەوەى سەرنجی بەلاى خۆى راکێشێ ئەوکارەى کردووە, ئەوەى مەبەستە تیرۆر بەگشتى و بەتایبەت بەهۆى ژەهرخواردکرنەوەیە. تیرۆر هەرکەسانى سیاسى نەگرتۆتەوە، بەلکو رۆژنامەنوس و نوسەرانیشى گرتۆتەوە لەم سەردەمەدا.

راگوزەرێکى کورتى مێژوویی سەبارەت تیرۆر
دەتوانین بلێین یەکەم کارى تیرۆر، تیرۆرکردنى قابیل بۆ هایبلى براى دەگەڕێتەوە. هەروەها لە مێژوى کۆن دا، تیرۆرى ئامنونى کورەگەورەى داوودپاشا بەدەستى کورەبچوکەکەى بەناوى علیشوم کە لەدوو دایکى جیابون وەک تۆلە سەندنەوەیەک لەپاى دەستدرێژى کردنە سەر (تەمرى) خوشکى، هەروەها کورى مامى شائول یەکەم پادشاى بەنى ئیسرائیل بەدەستى یوئاب کورى مامى داودپاشاى دووەم پادشاى بەنى ئیسرائیل بەهۆى تیرۆرکردنى برایەکیەوە.
لەسەرەتاو پەیدابونى ئاینى ئیسلامیش شاعیرى جولەکە کعب بن الاشرف لەلایەن ئەبو نائلە کەبراى شیرى کعب بوو بە ئاراستەکردنى لەلایەن پێغەمبەرى خودا محەمەد(د .خ)تیرۆرکراوە، چونکە هانى قورەیشى دابوو بۆ تۆلە سەندنەوە لەشکستى جەنگى بەدر. هەروەها تیرۆر کردنى شاعیرى کچ عەسماء کچى مەروان بەدەستى عومەیرى کورى عودەى، چونکە چەند هۆنراوەیەکى دژى پێغەمبەرى خودا نوسى بوو. دواى وەفاتى پێغەمبەرى خوداش 3 تیرۆر ڕووى داوە ئەوانیش/ تیرۆر کردنى عومەرى کورى خەتاب بەدەستى ئەبو لوئلەئە، سالى 23ى کۆچى. عوسمانى کورى عەفان سالى 35ى کۆچى. عەلى کورى ئەبى تالب (ڕ.ض) بەدەستى عبدالرحمنى کوڕى مەلجەم سالى 40ى کۆچى.
لەمێژووى هاوچەرخیش دا کارى تیرۆر زۆرتر و ووردتر ئەنجام دەدرا بۆ نمونە لە رووسیاى تزاریى، 5 تزار لەماوەى 200 سال دا تیرۆرکراون بەمەبەستى جیا جیا. دورخستنەوەى لیۆن ترۆتسکى، چونکە بەربەرەکانێى دەسەلاتى ستالینى دەکرد لە 20ى ئابى 1940 لەشارى مەکسیکۆ تیرۆرکرا .
هەروەها لەئەمریکا سەرەڕاى لینکۆڵن و کەنەدى، 3سەرۆکى ئەو وولاتە تیرۆر کراون. لە ئەوروپاش تیرۆرکردنى دۆک فرانز فیردیناد لە 28ى حوزەیرانى سالى 1914 لە سەراییڤۆ بووە هۆى بەرپاکردنى جەنگێک لە نێوان سربیاو نەمسا و دواتر بەرپا بونى جەنگى یەکەمى جیهان. لە کاتى جەنگى دووەمى جیهان دەزگاى موخابەراتى بەریطانى ئیم 16 ، هەستاون بە راهێنانى کەسانێکى چیکۆسلۆفاکى و کەمین دانان بۆ سەرکردەى سەربازىە نازیەکان رینهارد لە ئایارى سالى 1942 توانییان چەند نارنجۆکێک فرێ بدەنە ناو ئۆتۆمبیلەکەى وبەبریندارى لە 4ى حوزەیرانى هەمان ساڵ لەنەخۆشخانەیەکى پراگ کۆتایی بە ژیانى هات. جەنگى ساردى نیۆان زلهێژەکان رێخۆشکەر بوو بۆ تیرۆرى سیاسى وەک هەولدان بۆ تیرۆرکردنى فیدل کاسترۆى سەرۆکى کوبا و چى گیفاراو سەرۆکى چیلى سالفادۆر ئەلیندى.
سەدەى نۆزدەهەم و بیستەم بەسەدەى پێشکەوتنى زانستەکان و تەکنۆلۆژیا بەتایبەت زانستى فیزیا و کیمیا و بایۆلۆژى و گەیاندن و جۆرەکانى تری زانست و پێشخستنى چەکى ناووکى و چەکى بالیستى و فرۆکەى بۆمب هاوێژ و رۆکێتە دوور مەوداکان و چەکى تەقلیدى دادەنرێ، لەپاڵ ئەمانەش لەتاقیگەى وولاتە زلهێزەکان و دەزگاهەواڵگریەکانیان چەندین جۆرى گاز و مەوادى ژەهراوى بەرهەم دەهێنراو تاقى دەکرایەوە. گازەکان وەک تابۆن وخەردەل و سیانید و… هتد. ژەهرەکان وەک سالیوم و زەرنیخ و دایۆکسین پۆلۆنیۆم، دایۆکسین بەکارهێنرا دژى ڤیکتۆر یۆشینکۆى سەرۆکى ئۆکرانیاودەم و چاوى توشى شیواندن بوو جۆرجى مارکۆف یەکیکى تر بوو لە تیرۆرەکان بە ژەهر ئەویش کاتى وەستانى لەچاوەروانى لەوێستگەیەکى پاس لەلەندەن یەکیک نوکى چەترەکەى کرد بەسەرپەنجەکانى دا دواى نەخۆش کەوتنى دەرکەوت سەرى چەترەکە ژەهرى ریسینى پیوەبوە، یەکیکە لەو ژەهرانەى رووسەکان لە رووەکى گەرچەک ئامادەیان کردووە بۆ تیرۆری سیاسى بەکاریان هێناوە.
تیرۆرى سیاسى زۆرجۆرى هەیە لەوانە دەرمانخۆرکردن، بەپێى زانیاریەکان وەک دەرکەوتوە مۆسادى ئیسرائیلى خالید مشعلى لەسالى 1997 دەرمانخوارد کردووە، بەلام ئەو کاتە مەلیک حسین تداخلى کرد و گەر دژەکەى نەدرێتێ ئەوا رێککەوتنامەکان لەگەل ئیسرائیل هەلدەوەشێنێتەوە. بەهەمان شێوە یاسر عەرەفاتى سەرۆکى فەلەستین سالى 2004 دەرمانخوارد کراووە بە مردنێکى لەسەرەخۆ، دواى ئەوەى زانرا مادەى پۆلۆنیۆم 210 کراوەتە خواردنەکەیەوە، بەپێى هەندێ سەرچاوەش دەوترێ ژەهرى سالیۆم بووە.

تیرۆر بەهۆى تەلەفۆن و شەپۆلى دەنگى وەک ئەوەى جەوهەر دۆدایڤ سالى 1996، کاتى ئەنجامدانى پەیوەندیەکى تەلەفۆنى لەڕیگاى تەلەفۆنى مانگە دەستکردەکانەوە دواى دەستنیشانکردنى شوێنەکەى سۆخۆیەکى 25ى رووسى رۆکێتێکى ئاراستە کردو تیرۆرى کرد. جۆریکى ترى تیرۆرکردن بەهۆى قەلەمەوە کەچەند گولەیەکى تێئاخراوە کەدەرچوو بەرجەستە کەوت هەواش لەگەل خۆى دەخاتە جەستەوەو یەکسەر ئەو کەسە دەکوژێ.

نامەى بۆمبڕێژکراو وەک ئەوەی سەیداصالح یوسفى، زۆرجۆرى تیرۆرکردن هەیە وەک ئەوەى سالى 1970 هەولى تیرۆرکردنى رەحمەتى مەلا مستەفاى پێدرا بەئاراستەکردنى رۆکێت و خۆتەقاندنەوە، ئەوەى لێرە مەبەستمانە هەولى تیرۆرە بەهۆى ژەهر خواردنەوەیە، بێگومان حیزبى بەعسى لەناوچوو یەکیک بوو لەو دەسەلاتە دکتاتۆریانەى ئەم جۆرە رێگەیەى بەکار هێناوە دژى بەرهەلستکاران و نەیارە ناوخۆکانى وەک ئەو شیوعیانەى بەند دەکران دواى ئازاد کردنیان توشى نەخۆشى جۆراوجۆر دەبون و، گیانیان لەدەست دەدا. بەپێى زانیارى سەدام خۆشى سڵى لەوجۆرە ژەهرەدەکردەوە کە بۆى بکرێتە ناوخواردنەکەیەوە بۆیە لەهەر شوێنێک بوایە یەکێک لەپاسەوانە تایبەتەکانى بەناوى کامل جەجۆ پێشوەختە تامى ئەو خواردنەى دەکرد کە لەسەر خوانەکانى بۆی ئامادەدەکرا. شێوازێکى نوێ لەتیرۆر لە وولاتى خۆشمان هاتوتە ئاراوە ئەویش مردنى کت و پڕ ولەنکاو یا خۆکوشتن بەهۆى کەمتەرخەمى یا تێکچونى بارى دەرونى ئەوانەى بەو شیوەیە تیرۆردەکرین، دیارە نهێنیەکى گرنگ دەزانن بۆیە وایان بەسەر دەهێنرێ.
سەرانى کورد هەر لەکۆن و سەرەتاى بەرپابونى بزوتنەوە سیاسى و شۆرشگێریەکان روبەروى مەترسى تیرۆر بونەتەوە, سەرکردەکانى کورد لەشۆرشى نوێ بێبەش نەبون لەهەولى تیرۆر بە زۆر شێووە، بەلام بەدەرمانخوارد کردن زیاتر هەولى بۆدراوە لەوانە هەولدان بۆ تیرۆکردنى جەنابى رەوانشاد مامجەلال لەلایەن خزمێکى خۆیەوە بەناوى دکتۆر فوئاد تالەبانى لەرێگاى چەند حەبێکى سیانید لەلایەن دەزگاى موخابەراتى عیراقەوە ئاراستە کرابوو بۆ ئەنجامدانى ئەوکارە، بەلام هەر خودى دکتۆر حەبەکان ئاشکرا دەکات. هەروەها هەولى تیرۆرکردنى کاک سامان گەرمیانى سالى 1979 لەریگەى پرتەقالەوە. هەروەها تیرۆرێکى تر سالى 1987 ئەنجام دراوە ئەویش شەهید وریاى تیپى 25 لە ریگەى مەشروبەوە، بەپێى زانیاریم هەولدرا بگەیەنرێتە ئیران، بەلام لەڕێگا کۆچى دوایی کرد. گەر هەلەنەبم بەهۆى ژەهرى سالیۆمەوە بوو کە (بەکوردى خۆمان پێى دەگوترێ مەرگەموش) یەکێک لە سیفەتەکانى ئەو ژەهرە لەسەرەخۆ کاردەکاتە سەر جگەر و گورچیلەو گەدەو میشک، گەر بە زوویى چارەسەرو دژەکەى وەرنەگیرێ ئەو کەسە گیان لەدەست دەدات. لەیەکێ لە بیرەوەریەکانم لەبەشى بێتەل باسى ژەهر خواردنەکەى بارەگاى کاک مستەفا چاورەشم لەسێروانى بەرى مەرگە، سالى 1987 کردووە. لەخوانێک ئامادەکرابوو بۆ دکتۆر مەحمود عوسمان و کاک عدنان موفتى و رەحمەتى موحسن بایز کەدواى ئاشتبونەوەى گشتى روویان لەبەرى مەرگە کردبوو، بەنیازى بارەگادانان (لەکانى توو) ئەورۆژە لەلایەن کاک مستەفاوە میواندارى دەکرین و سامى شۆرش و بێستونى مەلاعومەر دواتر دکتۆر شوانیش هەرلەوێ نان دەخوات. بەپێى ئەو بروسکەیەى لەت/43ى ئاسۆس وەرمان گرت دواى ماوەیەک بیستونى مەلاعومەر و کچەکەى مەلامحەرەم و دایکى کاک مستەفا گیان لەدەست دەدەن. بەلام تریفەى خوشکەزاى بەهۆى گەنجى سەرەتا هیچى لێ دیار نادات لەهەموان خراپتر کاک مستەفا بوو ئینجا عدنان موفتى و سامى شۆرش و دکتۆر شوان رەوانەى ئێران دەکرێن، بەلام دکتۆر مەحمود گەرایەوە بارەگاکەى کاک نەوشیروان خۆى چارەسەرى خۆى دەکرد تا ماوەیەک و، هەندێ دەرزى لەئێرانەوە نێردرا بەپەلە. ئەو کارە لەلایەن خێزانى جەبارى على عەوێزەوە بەئاراستەکردنى لەلایەن ئیستیخباراتەوە بۆى کردبوونە ناو ماستاوەوە، چونکە ئەو جۆرە ژەهرە نەرەنگى هەیە نەتامى هەیە، بەلام کاریگەرى زۆر بەجێ دەهێلى وەک بێهێزى و هەلوەرینى موەکانى لەش. هەرچەندە دکتۆر شوان و دکتۆر جەلال لەنەخۆشخانەبون، بەلام نەبونى ئەو دژە واى کرد 3کەسیان گیان لەدەست بدەن و بەپەلە فریاى ئەوانى تریش کەوتن، تەنها دکتۆر مەحمود عوسمان نەبێ مایەوە، دواتر ئەویش رەوانە کرایەوە بۆ ئێران. دواى راپەرینیش ئەوەى ئەوکارەى ئەنجام دا بوو، سزاى خۆى وەرگرت. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا جەبارى عەلى عەوێز پەیوەندى بەو کارەوە هەبووە؟ چونکە بەپێى زانیارى ئەو کاتە لەبەرى قەرەداخ بووە یا هەر ئەو ژنە کاریى کردووە بۆ بەردانى جەبار لەزیندان، بەرامبەر ئەو کارە؟
بۆ زانیارى خوێنەرانى بەڕێز ثالیۆم هیماى کیمایی Ti و ژمارەى گەردیلەکانى 81 و لەلایەن کیمیازانى ئینگلیزى ولیام کۆکس ساڵى 1861 دۆزراوەتەوە و لە ووشەى یۆنانى thallos ی یۆنانى وەرگیراوە، بەواتاى گۆپکەى سەوز یا چلى سەوز. رژێمى صدام سالى 1978 بەپێى ریوایەتى حامید عەلوان الجبورى وەزیرى دەولەت بۆ کاروبارى دەرەوە لەرژێمى بەعس دەلێت: ژەهرى ثالیۆم کرابوە ناو خواردنەکەى هەوارى بۆمیدین و (عقید احمد بن شریف)یش ئەوەى دوپات کردۆتەوە و دەلێت: هەر کە لەبەغداوە بەرەو دیمەشق دەرچوین سەرۆک هەوارى بۆمیدین بارى تەندروستى تێکچوەو مێزەکەى خوێن بووە. ساڵى 2005 دواى 27 ساڵ هاوسەرى بۆمیدیەن پەردەى لەسەر تیرۆرکردنى هەڵمالى و صدامى تاوانبارکرد، کە ژەهرى ثالیۆمى بۆکراوەتە خواردنەکەى لەکاتى سەردانەکەى بۆ بەغدا لە سالى ١٩٧٨. هەر رژێمى سەدام لە لندەن سالى 1980 یەکەم تیرۆرى بەژەهرى ثالیۆم ئەنجام داوە دژى مەجدی جیهاد سالح ئەندامى سەرکردایەتى نهێنى حیزبى بەعس.

بۆ ئەم بابەتە سودم لە چەند سەرچاوەیەکى جیاوازى ئینترنێت وەرگرتووە