كەمال محەمەد: نوسەر و ڕۆشنبیرانی حیزب.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر تێڕامانێك لە شۆڕشی ڕۆشنبیری و فیكری ڕیشەیی و بەرفراوانی ئەوروپا بكەین، بەرلە هەمو شتێك پێویستە بوترێت كە پێشڕەوەكانی ئەو شۆڕشە زۆر باش ئایین و فەلسەفەو زانست و هونەرەكانی پێش خۆیان هەرس كردوە و لەسەر بنەمای ئەم هەرس كردنە كۆمەكی خۆیان بۆ ئەو بوارە ئەنجامداوە، هەروەها پێویستە ئەو راستییەش پەسەند بكرێت كە سەبارەت بە چۆنییەتی نزیكبونەوەی ڕۆشنبیرەكان لە حەقیقەتی كۆمەڵگای ئەوروپا كە مەودایەكی باشیان بڕیوە لەبواری میتۆد و جێبەجێكردنی دیموكراسییەت و ڕیفۆرمی ڕۆشنگەرییەوە.
لە ئەوروپای سەدەكانی ناوەراست پیاوانی ئایینی و كەنیسە هۆكاری ئەو دۆخە ناسەقامگیر و ئەو چینە بۆرژوازییە بون كاتێك لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات و پاشاكاندا دەستیان هەبو لە جۆرێك زیاتر لە خورافیات و كۆمەڵگایەكی دیماگۆژییانە، بەڵام دواتر و لەسەدەكانی 13 تاوەكو 18 كەبەسەردەمی ڕێنسانس ناسراوە ئەرك و بەرپرسیارێتی نوخبەیەك لە ڕۆشنبیران و نوسەران هۆكاری هێنانە كایەی جوڵەیەكی نوێ بو تا سەدەی 19 كەبەسەردەمی ڕۆشنگەری و عاقڵمەندی دائەنرێت.
لەئیتالیا ”ماكیاڤیڵی ” روناكبیر و نوسەر لە تێزێكدا لە كتێبی میر بە داینەمۆی ڕۆشنگەری ئیتالی و پارێزەری پارچەبونی ئیتالی دێت شۆڕشی ڕۆشنبیری دەستی پێكرد، لە فەرەنساش شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكان و هەوڵ و ماندوبونەكانی ” گالیلۆ و ئاراسمۆس و بڕۆنۆ و تۆماس مۆر ” و… هتد و كەسایەتی و زانا هاوشێوەكانیان كاریگەری ئەوتۆیان هەبوە لەناویاندا بەدیاری كراوی ”جان جاك ڕۆسۆ ”كە لە كتێبی پەیمانی كۆمەڵایەتیدا بە تێزی شۆڕشی ڕۆشنبیری دادەنرێت و وەك كتێبی ئینجیلی ڕۆشنگەری وعاقڵمەندی شۆرشەكانی فەرەنسا بەرز رائەگیرێت كە دواتر پروشكی ئەم شۆڕشە تا خۆرهەڵاتی ناوەراست دێت، تا ئەو ڕادەیەی گەلانی ئەوروپا شانازیی بە تێز و شۆڕشە ڕۆشنبیرییەكانی فەیلەسوف و نوسەرەكانیانەوە بكەن.
لە هەرێمی كوردستانیش چەندین نوسەر و ڕۆشنبیر بونیان هەیە، بەڵام پرسیاری حەقیقی ئەوەیە ئایا ئەم چینە ڕۆشنبیرە لەكوێی كۆمەڵگا و سیسیتەمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی و تەنانەت كایە كۆمەڵایەتییەكانیش توانیویانە جۆرێك لە ڕیفۆرم و ڕۆشنگەری بكەن و بتوانن كۆمەك بە راستینەیی كۆمەڵگای سیاسی و ئەخلاقی بكەن؟
بەڵام كاتێك ئەبینرێت بەشێك لەم نوسەر و رۆشنبیرانە پێگەو زانست و قەڵەمەكانیان بۆ خزمەتی دەسەڵات و بەدەستخستنی سەرمایە بەكار هێناوەو تارادەی ئەوەش كە دەسەڵاتیش زانست و نوخبە ڕۆشنبیرەكەی كردوە بە موڵكی خۆیان و كاریگەری ئەم هەڵوێستە پارادیمیانە لەسەر ڕۆشنبیران و بەتایبەتیش لەسەركۆمەڵگا وێرانكەر بوە، ئەمەش كاتێك ڕوئەدات كە ئەم نوخبە نوسەر و رۆشنبیرانەی كەسەربە دەسەڵاتن هەست بە هیچ ئەندێشەیەكی ئەخلاقی و رۆشنبیری بە مانا راستەقینەكەی ناكەن و هەمیشە ئەركیان جوانكردنی ناشرینییەكانی دەسەڵات بوە لەرێگەی دامەزراوە میدییایی و حیزبییەكانەوە.
لە هەرێمی كوردستان حیزب دەستی بەسەر زانكۆ و ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەكان گرتوەو لە میانەی بیركردنەوە تەسكە حیزبییەكانیانەوە تەماشای سەرجەم دیاردەكانی زانست و رۆشنبیری ئەكرێ، بەواتایەك كە پارادیمە زانستی و ڕۆشنبیرییەكان زۆر پێشتر لە زانستی سەردەم و كۆمەڵگاش داببرێن و ئەوانەشی كە تیایدا خەریكی زانست و مەعریفەن زیاتر لەناو دیدگای سەرمایەو دەسەڵاتی حیزبیدا بێت بۆ ئەوەی رۆشنگەری و ریفۆڕم نەبێتە بەرهەمی پەرەسەندنێكی رۆشنبیری وەها كە كۆمەڵگا لەئاستی شۆڕشدا بێت.
لەپاڵ ڕۆشنبیران و نوسەرانی حیزبیدا، هەن ئەو ڕۆشنبیر و بەدەستانەی كە كەرامەتی رۆشنبیریی و دنیا بینی و پێگەو قەڵەمەكانیان پاراستوەو تاكە ئامانجیان بەردەوامكردنی هەبونی كۆمەڵگایەكی ڕۆشنبیر بوە لە پاراستن و گوزەرانیدا، بەڵام لەبەر كەمی و ڕیزپەڕی ئەم نوخبەیە نەتوانراوە دەستگرتنە حیزبییەكان و دەسەڵات بەلاوە بنێن و جۆرێك لە شۆڕش بەرهەم بهێنرێ.
بەدرێژایی دەسەڵاتی حیزبی لە هەرێمی كوردستان لە نوسەران و رۆژنامەنوس و میدیاكار و رۆشنبیرەوە كۆمەڵگایەكی میدیاتیكیان بۆخۆیان خوڵقاندوەو كە لەپێشخستنی پاوانەكانی چەوسانەوە و فشارەكانی سەر كۆمەڵگا یارمەتیدەرێكی باش بوە بۆیان چ وەكو دەسەڵات و چ وەكو حیزبەكان، چونكە زانست و پێنوسەكانی ئەم نوخبەیە بوە بە خودی دەسەڵات و لە ئامانجی دۆزینەوەو لێتوێژینەوەی پەیوەست بە راستینەی سیاسەت و كۆمەڵگا دابڕاون.
لەم دۆخەی هەرێمدا پێش هەمو شتێك ئەرك و بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران و نوسەرانە لە پێناو لەدەستنەدانی سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و پاراستنی كەرامەتی خۆیان هەوڵی ڕۆشنبیری كۆمەڵگا بدەن و كار و خەبات و بۆچونەكانیان بە بەربەستكردن و وەستاندنی ئەم رەوشە بكەنە ئامانجی خۆیان و لە تەواوی هەوڵەكانیاندا هەم بەهەڵستكارێكی گرنگ بن و هەمیش پێنوس و رەخنەكانیان لە چوارچێوەی رەهەندی بەرخودان و بەگژداچونەوەی سیستەمە شكستخواردوەكەوە بێت، ئەمە ئەو ساتەیە كە تاكە تاكەی حەقیقەتە زێڕینەكان ئەدۆزێتەوە كە بەدرێژایی دەسەڵاتی حیزبی هەندێك لە نوسەران و رۆژنامەنوس و ڕۆشنبیرانی سەر بە دەسەڵات ونیان كردوەو كەلێنی مەزن و هەڵدێریان خستۆتە نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگای دیموكراتی عاقڵمەندییەوە بۆ ئەوەی چیدیكە ناوی هەموان لە مێژوودا بەجوانی بمێنێتەوە و ببنە شانازی و دروستكردنی هەستی پێزانین بۆنەوەكانی داهاتووش.