رەزا شـوان: ڤایرۆسی رەگەزپەرستی زۆر قێزەوەنترە لە کۆرۆنا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەمریکا بە دروشمی بریقەدار هیچی نەهێشتۆتەوە، خۆی بە پێشەنگ و بە نموونەی ئازدای و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی و مافخوازی و جیاوازی نەکردنی نەژادی و فرەڕەنگی دەزانێت لە جیهاندا. بەڵام لە راستیدا ئەمانە راست و کرداری نین و تەنیا دروشم و قسەی رووتن. تا ئەمڕۆش رەگەزپەرستی و جیاوازی کردن لە نێوان سپی پێست و رەش پێست، لە ئەمریکادا کاڵ نەبوونەتەوە. تا ئەمڕۆش بەشێک لە سپی پێستەکانی ئەمریکا، بە گومان و بە چاوێکی سووک و بە هاوڵاتیانی پلە دوو لە رەش پێستەکانی ئەمریکا دەڕوانن.
کارەساتی کوشتنی (جۆرج فلۆید) ی رەش پێستی ئەمریکی کە بە رەسەن ئەفریقییە، لە رۆژی دووشەمە ( 25/ مای/ 2020 ) لە شاری (میناپۆلیس) لە ویلایەتی مینیسوتا لە ئەمریکا، بە رۆژی رووناک و لەسەر شەقامی سەرەکی و بە بەرچاوی خەڵکییەوە، ئەفسەری سپی پێستی ئەمریکی (دێریك شاوفین) کە چوار ئەفسەری پۆلیسی تریشی لەگەڵدا بوون، دوای ئەوەی بە توومەتی بڵاوکردنەوەی بیست دۆلاری ساختە، جۆرج فلۆید دەگرن، هەردوو دەستی لە دواوە پێکەوە كه‌له‌پچه‌ دەکەن. پۆلیسەکان لە بەردەمی ئۆتۆمبیلەکەیاندا جۆرج فلۆیدیان پاڵخست. ئەفسەری پۆلیس (دێریك شاوفین) زۆر بێویژدانانە و دڕندانە و نامەردانە، لە پێشا پۆستاڵەکانی دواییش چۆکەکانی خستە سەر ملی (جۆرج فلۆید). فلۆید هاواری کرد و لێی پاڕایەوە: “تکایە ناتوانم هەناسە بدەم” ئەو خەڵکییەی کە لەوێدا وەستابوون، زۆر داوایان لە دێریک شاوفین کرد کە وازی لێبهێنن و ئەشکەنجەی نەدەن. بەڵام بێ سوود بوو، دێریک گوێی لێنەگرتن و بۆ ماوەی پێنج خوولەک، چۆکەکانی لەسەر ملی جۆرج فلۆید لانەدا، تا هەناسەی وەستا و مرد.
یەکێک لەو کەسانەی کە لەو کاتەدا لەوێ بوو، بە ڤیدیۆی موبایلەکەی وێنەی ئەو دیمەنە دڵتەزێن و نامرۆییەی گرت، لە هەمان رۆژیشدا لە ئینتەرنێتدا بڵاوی کردەوە، کە رەشەکان و خەڵکی و چالاکوانان و داکۆکیکەرانی مافەکانی مرۆڤ ئەو گرتە ڤیدیۆیەیان بینی، لە ئەمریکا و لە هەموو جیهاندا، زۆر بە تووڕەیی و توندییەوە، شەرمەزار و پرۆتیستۆی ئەو تاوانە رەگەزپەرستییەی ئەمریکایان کرد. تا ئەمڕۆش نەفرەت بارانی ئەمریکا دەکەن.
لە شاری (میناپۆلیس) دا، بە سەدان لە رەشەکان و بەشێکی زۆریش لە سپییەکانی ئەم شارە، خۆپێشاندانی ناڕەزایی و شەرمەزاری و پرۆتیستۆکردنی کوشتنی جۆرج فلۆیدیان سازکرد و بە ئەوپەڕی توندی و تووڕەیییەوە، ناڕەزایی خۆیان راگەیاند و هێڕشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیسی شاری میناپۆلیس و سووتاندیان. ئەمریکا ( 500 ) پۆلیسی نیشتمانییان ئەمریکی لە شەقامەکانی میناپۆلیسدا، بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپێشاندەران بڵاوکردەوە، سەرەڕای راگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەغەکردنی هاتووچۆکردنیش، بەڵام خۆپێشاندانی پرۆتیستۆکردنی کوشتنی جۆرج فلۆید، زیاتر تەشەنەی کرد و گەورەتر بۆوە، هەموو شارە گەورەکانی ئەمریکای گرتۆتەوە بە شاری (واشنتۆن) ی پایتەخت و بەردەم (کۆشکی سپی) شەوە. تا ئەمڕۆش خۆپێشاندانەکان درێژەی هەیە. دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بە (رێگـر) ناوی خۆپێشاندەرانی برد و هەڕەشەی ناردنی سوپای کرد بۆ سەرکوتکردن و بڵاوە پێکردنیان، مافی ئەوەشی بە پۆلیس دا، گەر پێویستی کرد، تەقە لە خۆپێشاندەران بکەن.
(جۆرج فلۆید) کێیە؟ جۆرج فلۆید هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە رەسەن ئەفریقییە، تەمەنی ( 46 ) ساڵە، لە شاری (هیوستن) لە گەڕەکی سێیەمدا له‌دایک بووە، گەڕێکە بە زۆری رەشەکانی لێ دەژین. جۆرج فلۆید قۆناغی خوێندنی ئامادەیی هەر لەم شارەدا تەواکرد. هاوسەرگیری کردووە و کچێکی شەش ساڵانی هەیە.. فلۆید لە تەمەنی هەرزەکاریی دا، ئەستێرەیەکی تۆپی پێی ئەمریکی بوو.. زۆر کەس بە (دێوه‌ رووخوشه‌كه‌) ناویان دەبرد. هاوڕییەکی کۆنی جۆرج فلۆید، کە ناوی (دونێل كوێر) ە، ئەوەی دێتەوە یاد، کە چۆن جۆرج فلۆید، لە یارییەکانی تۆپی پێی ئەمریکادا، گۆڵ لە دوای گۆڵی تۆماردەکرد و بەسەر هەموواندا سەردەکەوت. ئەم هاوڕییەی دەڵێ:” جۆرج فلۆید، کەسایەتییەکی هێمن رۆح سووک بوو”.
هاوسەرەکەی جۆرج و منداڵەکەی لەگەڵ دایکیدا، هەر لە هیوستن دەژین. بەڵام هەر خۆی لەبەر بێ کاری، رووی لە شاری (میناپۆلیس) کرد، بۆ ئەوەی کارێک بدۆزێتەوە و بژێوی خێزانەکەی دابین بکات. لەم شارەدا دوو کاری دەکرد، بە رۆژ شوفێری لۆری بوو. بە شەویش ڤاگت (پاسه‌وان) بوو لە ريستۆرانێکی لاتینی دا. خاوەنی ریستۆرانەکە دەڵێ:”جۆرج فلۆید هەمیشە رووخۆش و ئێسک سووک بوو، گەلێ هەڵوێستی باشی هەبوو. بە گەرمی سەمای دەکرد، بۆ ئەوەی خەڵکی بهێنێتە پێکەنین. من هەوڵم دا کە فێری سەمای بکەم، چونکە حەزی لە موزیکی لاتینی بوو. بەڵام نەمتوانی ئەوە بکەم، چونکە ئەو لە چاوی منەوە زۆر درێژ بوو”
ئەفسەرە پۆلیسە بکوژەکەی جۆرج فلۆید (دێریک شاوفین) گیراوە، بە تاوانی سێیەمی کوشتنی بێ ئەنقەست تاوانبار کراوە. بەڵام پارێزەری خێزانی جۆرج فلۆید، دەڵێ، بەپێی ئەو گرتە ڤيدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە، بە پێی وێنەکانی ئەو کامیرایەش کە بەقەد خودی (دێریك شاوفین) ەوە بوو، بەپێی گەواهی چەند گەواهێکیش، کە لە کاتی کوشتنی جۆرج فلۆیدا لەو شوێنە بوون. هەموو ئەم بەڵگانە، ئەوە دەسەلمێنن، کە دێریک شاوفین بە ئەنقەست جۆرج فلۆیدی کوشتووە. گەر بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست دێریک شاوفین تاوانبار بکرێت. بۆ ماوەی ( 25 ) ساڵ زیندانی دەکرێت. ئەو چوار ئەفسەرە پۆلیسەی تریش کە لەگەڵیدا بوون لەم کارەساتەدا، ئەوانیش دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن.
ژنەکەی ئەفسەری پولیس (دێریك شاوفین) کە ناوی (كیلی شاوفین) ە و تەمەنی ( 46 ) ساڵە، کە بە تاوانی دێریک شاوفینی هاوسەرەکەی زانی، کە بە چی شێوەیەکی دڕندانە جۆرج فلۆیدی کوشتووە، ئەو تاوان و ستەمەی مێردەکەی، زۆر کاری تێدەکات و ناخی دەهەژێنێت. کیلی پارێزەرەکەی خۆی راسپارد، کە بەم هۆیەوە، مامەڵەی جیابوونەوەی لەگەڵ مێردەکەی بدات بە دادگا و لێی جیادەبێتەوە. کیلی شاوفین دوو ساڵ پێش ئێستا، بە (شاجوانی ژنانی مینسوتا) هەڵبژێرا. کیلی شاوفین بە گەرمیش سەرەخۆشی لە خێزانی جۆرج فلۆید کرد و هاوخەمی و ماتەمینی خۆی پێ راگەیاندن.. کیلی سوێ و هاوخەمیشی بە هەموو ئەو کەسانەش گەیاند، کە ئەم کارەساتە خەمباری کردوون.
(باراك ئۆباما) ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش، وتی:” نابێت کوشتنی جۆرج فلۆید بە کارێکی ئاسایی دابنرێت”
رۆژی هەینی رابردووش ( 29/ مای/ 2020) دۆناڵد ترامپ، هەڕەشەی ئەوەی لە خۆپێشاندەران کرد، گەر بڵاوەی لێنەکەن، سوپا بۆ سەریان دەنێرێت و بە گوللـە بڵاوەیان پێدەکەن. ئەم هەڕەشەیەی ترامپ هێندەی تر خۆپێشاندەرانی تووڕە کرد، کە درێژە بە خۆپێشاندانی پرۆتیستۆی کوشتنی جۆرج فلۆیدی بێتاوان بدەن.
کچە گۆرانیبێژی بۆبی بەناوبانگی ئەمریکی (تایلور سویفت) یش لە تۆری توێتەردا، کە ( 82 ) ملیۆن کەس لە جیهادا بەکاری دەهێنن، وەڵامی هەڕەشەکەی ترامپی داوەتەوە و نووسیوێتی:”لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، دوای ئەوەی ئاگری سپی باڵاییت هەڵگیرساند. ئایا ئەو غیرەتەت هەیە کە وا خۆت پێشان بدەی کە رەوشت بەرزی؟ پێش ئەوەی کە هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی بکەی؟” تایلور ئەوەشی نووسیوە:”لە نۆڤەمبەردا، دەنگمان بۆ لابردنت دەدەین”
پێشم سەیرە کە ئەردۆگانی دیکتاتۆری رەگەزپرست و بکوژ و خوێنڕێژ، ئیدانەی ئەم کارەساتەی کرد و ئەمریکا بە رەگەزپەرست و شۆڤێنی ناوبرد. هەروەکو ئەوەی کە حەزرەتی ئەرۆگان، سەرۆکێکی دادپەروەر و جیاوازی نەکەر و مافخوازی مرۆڤ بێ و دژی رەگەزپەرستی و جیاوازیی نەتەوەیی و نایەکسانی بێ، تورکیاش بەهەشتێک بێت بۆ ئازادیخوازان و دیموکراتیخوازان! دێڕە پەندێکی کوردیمان دێتەوە یاد، کە دەڵێ:
خەوشێکی خەڵک دەبیـنی.. خۆت خاوەنی هەزاری
خەڵکیت لا خەرارە (بێژنگە) خۆتیش وەک دەواری
ئەو رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەیی و کوشتنەی کە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریای داگیرکەرانی کوردستان دا هەن، لە هیچ شوێنێکی تری جیهان دا، نەبوونە و نین.
سەد ساڵ زیاترە کە گەلی کوردمان قوربانیی رەگەزپەرستی و جیاوازی نەتەوەییە. ئێمەی کورد، بە هەزاران جۆرخ فلۆیدی کوردمان بە دڕندەترین و نامەردترین شێوە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید کران و شەهید دەکرێن. لە کوێی جیهاندا رووی داوە، کە منداڵانی ناو لانک سەرببڕن یان بە زیندوویی لەگەڵ دایکان و باوکانیاندا زیندەبەچاڵ بکرێن..؟؟ یا بە کۆمەڵ بە گازی ژەهراوی بخنکێنرێن ؟؟ کەچی هیچ لایەنێک مرۆڤایەتی، نە هیچ رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ، نە هیچ وڵاتێک، نە هیچ ویژدانێکی زیندوو لە سەرمان رانەپەڕین و خۆپێشاندانی تووڕەیی و ناڕەزاییان نەکرد. پرۆتیستۆی تاوانەکانی بکوژانی کوردیان نەکرد..؟! رۆژانە خەڵکی جیهان دەیبینن، کە سەرباز و پۆلیس و میت و ئیتیلاعات و هێزە سەرکوتکەر و دەمکوتکەرەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بە چی شێوەیەکی دڕندانە و رەگەزپەرستییانە، وەڵامی ماف و داواکانی خۆپێشاندەرانی کورد دەدەنەوە..؟ بە گوللـە و کۆشتن وەڵامی کورد دەدەنەوە، زۆر لە جۆرج فلۆید خراپتر بەسەر هەژاران و چەوساوەی کوردمان دەهێنن. بە کوشتن و گرتن و لە سێدارەدان وەڵامی داواکانی کورد دەدەنەوە. بەڵکو لای داگیرکەرانی کوردستان، کوردبوونمان بە تاوان دەزانن. رۆژن نییە کە کۆماری سێدارەی ئیسلامی، جۆرج فلۆیدێکی کۆڵبەری کوردمان بە گوللـەباران شەهید نەکەن. یا چەند هەرزەکار و لاوێکی کوردمان لە سێدارە نەدەن. رۆژ نییە کە تورکیای کۆماری زیندانستان، بە نامەردی چەند جۆرج فلۆیدێکی بێتاوانی کوردمان شەهید نەکەن.. رۆژانە زۆر دڕندەتر و نامەردانەتر لە شێوەی کوشتنەکەی جۆرج فلۆیدی ئەمریكا.. چەندین جۆرج فلۆیدی کوردمان لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید دەکرێن.
ئێمەی کوردی چەوساوەی دەستی رەگەزپەرستان، زۆر بە توندی و تووڕەییەوە، شەرمەزار و پرۆتیستۆی کوشتنی شەهید (جۆرج فلۆید) دەکەین.. ئەمە تاوانە رەگەزپەرستییە، پەڵەیەکی شەرمەزاری و قێزەوەنی ترە بە نێوچەوانی ئەمریکاوە.