شنە بەرزنجی: خەڵک لە کۆرۆنا ناترسێ و متمانەی بە حکومەتیش نەماوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوای ماوەیەک لە تۆمارنەکردنی حاڵەتەکانی توشبون بە کۆرۆنا، ئێستا ڕۆژانە چەندین حاڵەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن. تەنها دوێنێ لە هەولێر3حاڵەت لە سلێمانی 24 حاڵەت، هەڵەبجە1حاڵەت، دهۆک 4حاڵەت. سەبارەت بەمەش لایەنی تەندروستی هۆشداری مەترسیدار بۆ ڕۆژانی ئایندە دەخەنەڕوو. لە مانەش مەترسیدارتر ئەوەیە دکتۆرەکان دەڵێن نازانین توشبوەکانی ئێستا لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵام خەڵک ترسی لە کۆرۆنا نەماوە و متمانەی بە حکومەتیش نیە، هۆکارەکەشی بۆ بێزاری خەڵک بە مانەوەیان لە ڕابردوودا لە ماڵەوە دەگەڕێتەوە، هاوکات جگە لە هاتنە دەرەوەش بۆ کار و کاسپی هیچ بەدیلێکیان نیە بۆ ژیان، دەرکەوت حکومەتیش نەیتوانی یارمەتیدەری خەڵک بێت لە تێپەڕاندنی قۆناغەکە.
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕ و هاتوچۆ و ئاسایی بوونەوەی ژیان، پێویستە لە سەر هەر کەسێکمان تەواو پابەندبین بە (خود پارێزی) خۆمانەوە و بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان ژیانی خۆمان ڕێکبخەین، چونکە لای هەمووان ئاشکرایە هێشتا ڤایرۆسەکە کوژەری هەزاران کەسی ڕۆژانەیە لە جیهاندا و پێشهاتە زانستیەکانیش تا ئێستا نەگەیشتون بە دۆزینەوەی ڤاکسین(پێکوتە)یەک بۆ چارەسەر، لەلایەکیترەوە ئەو بۆچونەش ڕاست دەرنەچوو کە لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە وابڵاو کرایەوە لەگەڵ هاتنی وەرزە گەرمەکاندا ڤایرۆسەکە لە ناو دەچێت، بەداخەوە ئێستا ڕاپۆرتگەلێکی مەترسیدار لە ناوچە گەرمەکانی جیهانەوە بۆ ڕایگشتی بڵاو دەکرێنەوە کە تادێت ڕێژەکە لە هەڵکشاندایە.
بۆ ئێمەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، دەبێت ڕەچاوی خۆپارێزی بکەین، چونکە ئەمەیان پەیوەندی بە لەدەستدانی متمانە نیە لەنێوان خەڵک بە حکومەت، وریای خۆمان نەبین بە ئاسانی ڤایرۆسەکە لەو قەرەباڵغیەدا گەشەکردنی دەچێتە ئاستێکی بەرز، ئەوکات خوانەخواستە پێش لە دەستدانی خۆمان ڕۆژانە شایەدی لە دەستدانی ئازیزانمان دەبین، سەرباری توندکردنەوەی ڕێکارە خۆپارێزیەکان لەبری کەرەنتینەی گشتی، دەبێت هۆشیارانەتر لە ڕابردوو وریای خۆمان و دەوروبەرمان بین، لە کاتێکدا هەموو خۆپارێزیەکە ڕووبەڕووی خۆمان بوەتەوە و بەڵکو لەم ڕێگەیەوە قۆناغی خود پارێزی بە کەمترین زەرەر تێپەڕێنین.
گەرهات و حکومەتیش بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، جارێکیتر نیازی ڕاگەیاندنی مانەوەی لە ماڵەکانماندا هەبێت، دەبێت پێش ئەوە یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنی قۆناغەکە، بە پێدانی موچە و هاوکاری بە پارەی کاش، لەگەڵ دابینکردنی خۆراک و سەرجەم پێداویستیەکان، گەرنا دوو ڕێگە دێتە بەردەممان.
یەکەم/ خەڵک حساب بۆ بڕیارەکەی حکومەت ناکات.
دووەم/ بەم حاڵەی ئێستاوە مانەوەمان لە ماڵەوە وەک جاری پێشوونابێت و شایەدی ڕووداوگەلێکی تراژیدی زۆردەبین، کە بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان دێت.