شێرزاد شێخانى: هه‌ڵه‌كانى پارتى، كوردستانيان وێرانكرد/ به‌شى يه‌كه‌م.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گومان له‌وه‌دانيه پارتى به‌حوكمى ئه‌وه‌ى له‌كۆى نۆ كابينه‌ى حكومه‌تدا هه‌شتيانى به‌ڕێوه‌بردووه‌ به‌شى شێرى له‌هه‌موو شكسته‌كانى ئيداره‌ى هه‌رێمدا ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ت حزبه‌كانى ترى به‌شدار له‌ پرۆسه‌ى سياسى كوردستاندا له‌شكسته‌كان نابوورێ، چونكه‌ ئه‌وانيش به‌شێك بوونه‌ له‌ئيداره‌‌كه‌دا. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌ميشه‌ به‌ده‌ست پارتييه‌وه‌ بووه‌و هه‌ر خۆيشى خاوه‌ن بڕيارو قائيدى پاپۆڕه‌كه‌ بووه‌، بۆيه‌ به‌ئاره‌زووى خۆى لێيخوڕيوه‌، كه‌واته‌ زۆربه‌ى شكسته‌كان ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى پارتييه‌وه.
لێره‌شدا پارتى بژارده‌ى زۆرى له‌به‌رده‌مدا هه‌بووه‌ له‌م بيست ساڵه‌ى حوكمڕانييه‌كه‌يدا. ئه‌يتوانى ئه‌زموونى نوێى كورستان به‌ڕه‌و كه‌نارێكى ئارام ببات و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى بخاته‌ گه‌ر بۆ خۆشگوزه‌رانى ميلله‌ته‌كه‌ى و بنياتنانى ژێرخانێكى ئابوورى پته‌و و به‌هێز كه‌ كوردستان ئاوه‌دان بێته‌وه‌ دواى هه‌شتا ساڵ له‌ژێرده‌سته‌يى. ئه‌شيتوانى وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستاى لێبكات له‌شكست و ماڵوێرانى وروخانى ژێرخانى ئابوورى و ناڵاندنى ميلله‌ت به‌ده‌ست ده‌يان قه‌يران و گرفتى ژيارييه‌وه‌. ‌
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ له‌ساڵى‌ 1993دا پارتى كارى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌كرد هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر ئيداره‌ى هه‌رێمدا بسه‌پێنێ، بۆيه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى حكومه‌تدا ئه‌گه‌رچى باڵاترين ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم كه‌ په‌رله‌مان بوو كه‌وته‌ ده‌ستى، به‌ڵام به‌وه‌ نه‌وه‌ستا و سيسته‌مه‌ قێزه‌وننه‌كه‌ى ( فيفتى فيفتى ) داهێنا. پارتى ويستى له‌حكومه‌تيشدا ببێته‌ شه‌ريكه‌ به‌ش له‌بڕيار. كاتێك ئه‌م شێوازه‌ حوكمڕانييه‌ش فه‌شه‌لى هێناو بوو به‌هۆكارێك بۆ هه‌ڵگيرسانى شه‌ڕى ناوخۆ، پارتى كه‌ چاوى له‌حوكمڕانى ره‌هاى كوردستان بوو، به‌ لايه‌وه‌ ئاسايى بوو هانا بۆ سوپاكه‌ى سه‌دام ببات به‌و ئيعتباره‌ى ( الغايه‌ تبرر الوسيله‌ ) و هه‌ولێرى پايته‌خت و ته‌نانه‌ت زۆنى سه‌وزيشى له‌سه‌ر سێنييه‌كى زێريندا پێ به‌خشرا، به‌ڵام دواتر يه‌كێتى توانى بگه‌ڕيته‌وه‌ زۆنه‌كه‌ى خۆى، به‌مه‌ش واقيعێكى تازه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمدا سه‌پێندرا به‌دابه‌شبوونى به‌سه‌ر دوو ئيداره‌دا .ته‌نانه‌ت دواى يه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو ئيداره‌كه‌ش ديسان پارتى قازانجى كرد و حوكمى راسته‌قينه‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ستى، ئيدى له‌وساوه‌ پارتى هێدى هێدى كارى له‌سه‌ر چه‌سپاندنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له‌حوكمى هه‌ڕيمدا كرد و سه‌ركه‌وتنيشى به‌ده‌ستهێنا.
له‌كابينه‌ى پێنجه‌مه‌وه‌ تاكو ئه‌مڕۆ پارتى حزبى قائيدى كوردستانه‌، بۆيه‌ هه‌ر شكستێك روويدابێ به‌شى زۆرى‌ پارتى لێى به‌رپرسياره‌. ئه‌وه‌ش هه‌ڵبه‌ت يه‌كێتى وه‌كو هاوپه‌يمانێكى ستراتيژى پارتى له‌به‌رپرسياره‌ته‌كه‌ نابوورێ، به‌ڵام به‌فيعلى پارتى ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌، وهاوبه‌شييه‌كه‌ى يه‌كێتيش ته‌نها به‌رووكه‌ش بووه‌.
پارتى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حزبێكه‌ له‌لايه‌ن عه‌شييره‌ت و بنه‌ماڵه‌يه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ئه‌برێ، بۆيه‌ سه‌رۆكى عه‌شيره‌ت وگه‌وره‌ى بنه‌ماڵه‌ مه‌رجه‌عى باڵاو ده‌سه‌ڵاتدارى ره‌هاى ناو حزبه‌كه‌يه‌، وه‌ك سه‌رۆكى عه‌شييره‌تێك‌ نابێ قسه‌كانى ره‌تبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌حوكمى ديكتاتۆرييانه‌ى به‌سه‌ر حزبه‌كه‌دا فه‌رزكرد، ئيدى هيچ ده‌رفه‌تێك نه‌ما له‌به‌رده‌م سه‌ركردايه‌تى و كاديرو ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ به‌شدار بن له‌بڕياردا، ئيراده‌ى سه‌رۆك به‌سه‌ر هه‌موو بڕياره‌كانى حزب سه‌پێنرا، نموونه‌ش له‌مباره‌يه‌وه‌ زۆرن، هه‌ر له‌بڕيارى ده‌ستنيشانكردنى سه‌رۆكى كابينه‌كانى حكومه‌ته‌وه‌ تا بڕيارى ريفراندۆم و دواتريش ئابوورى سه‌ربه‌خۆ و رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ توركيا، تا ده‌گاته‌ كانديدكردنى وه‌زيره‌كانى پارتى له‌به‌غدا، هيچ گومان له‌وه‌شدا نيه‌ ته‌نانه‌ت ته‌رفيعكردنى مودير عامێكيش به‌بڕيارى سه‌رۆكى حزبه‌وه‌ ئه‌بێت.
ئه‌م شێوازه‌ مه‌ركه‌زييه له‌به‌رێوه‌بردنى پارتيدا ته‌نها له‌حیزبه‌ شموولى و ديكتاتۆره‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا په‌يڕه‌و ئه‌كرا، به‌تايبه‌تيش ئه‌و‌انه‌ى به‌ سه‌ركوتكردن و داپڵۆسين خۆيان وه‌ك ‌حزبى قائيد به‌سه‌ر گه‌له‌كانيانه‌وه‌ ئه‌سه‌پێنن. سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى له‌كوردستانى خۆماندا له‌ساڵى شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌مجۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌تكرايه‌وه‌و هه‌ولێك له‌ناو خودى پارتييه‌وه‌ درا بۆ گێرانه‌وه‌ى جۆرێك له‌ديموكراسيه‌ت بۆ ناو حزب، به‌ڵام ئه‌ويش سه‌رينه‌گرت و شكستيپێهێنرا.
كاتێك شۆڕشى نوێ سه‌ريهه‌ڵدا به‌ڕابه‌رايه‌تى يه‌كێتى نيشتمانى، سه‌رانى پارتى زۆر خێرا كه‌وتنه‌ خۆيان بۆ له‌ناوبردنى، چونكى هه‌رچه‌نده‌ زه‌روره‌تى مێژوويى ئه‌م شۆڕشه‌ى به‌رپاكرد، به‌ڵام سه‌رانى پارتى ترسى زۆريان هه‌بوو له‌سه‌ركه‌وتنى يه‌كێتى و له‌ده‌ستدانى نفووزى خۆيان، بۆيه‌ خێرا كه‌وتنه‌ دژايه‌تى يه‌كێتى ئه‌وه‌بوو قياده‌ موه‌قه‌ته‌يان دروستكردو، به‌ر له‌هه‌ر شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ رژێمى سه‌دامدا كه‌ خه‌ريكى خاپووركردنى كوردستان بوو، كه‌وتنه‌ گيانى تێكۆشه‌رانى يه‌كێتييه‌وه‌ و قه‌سابخه‌نه‌كه‌ى هه‌كارى روويدا، دواتريش كه‌وتنه‌ شه‌ڕێكى خوێناوى له‌گه‌ڵ يه‌كێتيدا له‌گشت ناوچه‌كانى كوردستاندا. ته‌نانه‌ت هانابردن بۆ دوژمنانى دێرينى كورد وه‌كو رژێمى ئاخوندى ئێران و رژێمى فاشيستى توركيا ئه‌مانه‌ هه‌مووى له‌پێناو سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌يان بووه‌ له‌هه‌رێم و دوژمنايه‌تيكردنى حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كانى كوردستان له‌سه‌رووشيانه‌وه‌ يه‌كێتى و دواى ئه‌ويش په‌كه‌كه‌ كه‌ ئه‌وانيش‌ جۆرێك هه‌ره‌شه‌ بوون‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتيان له‌ناوچه‌كانى‌ بادينان.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى يه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو ئيداره‌كه‌ى هه‌رێم له‌ساڵى 2005دا هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ يه‌كگرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و ئاسايش، ئه‌ويش به‌مه‌به‌ستى‌ دامه‌زراندنى هێزێكى نيشتمانى موئه‌سه‌ساتى كه‌ بتوانێ به‌شێوه‌يه‌كى يه‌كگرتووانه‌ قه‌واره‌ى هه‌رێم بپارێزێ و دوور بێ له‌ هه‌‌ژموونى حيزبه‌كان، به‌ڵام پارتى ديسان‌ رێگربوو له‌به‌جێگه‌ياندنى ئه‌م ئه‌ركه‌ نيشتمانييه‌، له‌برى ئه‌و هێزه‌ش چه‌ندين له‌شكرو هێزى تايبه‌تى حيزبى دامه‌زراند وه‌كو زێره‌ڤانى و ليواى تايبه‌ت و له‌شكرى يه‌ك كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موويان له‌سه‌رووى هێزه‌كانى حكومه‌تيشدا بوون به‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌ . به‌مه‌ش هه‌وڵى يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان بووه‌ خه‌ونێكى به‌دينه‌هاتوو.
هه‌ر له‌بوارى به‌ڕێوه‌بردنيشدا، پارتى به‌درێژايى ده‌ستگرتنى به‌ كابينه‌كانى حكومه‌ته‌وه‌، هه‌ميشه‌ حكومه‌تى به‌گه‌وره‌تر زانيوه‌ له‌په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا په‌رله‌مان به‌پێى ياساو هه‌موو عورفه‌كانه‌وه‌ باڵاترين ده‌سه‌ڵاته‌ له‌هه‌موو سيسته‌مێكى حوكمڕانيدا، به‌ڵام پارتى هه‌م توانى بۆ دوو ساڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌پايته‌خت ده‌ربكاو، هه‌م توانيشى ده‌رگاى په‌رله‌مان دابخات، ئێستا ته‌نانه‌ت ده‌ست بۆ دادگاييكردنى ئه‌ندامانيشى ئه‌بات، كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتى ديكتاتۆرييانه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌سه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌ندامه‌كانى. ئه‌مه‌ جگه له‌شاردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌ نه‌وتييه‌كان و رێكه‌وتنه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئيقيليمى، تا شاردنه‌وه‌ى داهاته‌كانى هه‌رێميش.
له‌هه‌مووشى خراپتر ئه‌و هه‌وڵانه‌ى پارتى بوون له‌سه‌ر ئاستى ئيداره‌دا كاتێك له‌سه‌رده‌مى كابينه‌كانى نێچيرڤاندا سه‌دان هه‌زار بنديوارو خانه‌نشينى ناياسايى كرانه‌ مووچه‌خۆر هه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى له‌هه‌ڵبژارندنه‌كاندا ده‌نگيان بۆ بده‌ن، به‌مه‌ش رێگه‌يان كرده‌وه‌ بۆ حزبه‌كانى تريش بێنه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌ ئه‌وانيش بايى خۆيان هه‌زاران كه‌سيان به ‌ناشه‌رعى دامه‌زراند.
بايه‌خنه‌دان به‌ كه‌رته‌كانى به‌رهه‌مهێنى ئابوورى به‌تايبه‌تيش كه‌رتى كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پييشه‌سازى و ئيفيليج كردنيان به‌ده‌ستى ئه‌نقه‌ست و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌يان كارگه‌ى به‌رهه‌مێنه‌رى وه‌كو كارگه‌ى جگه‌ره‌ و ته‌عليب و مه‌رمه‌رو ده‌واجن ونه‌سيج وشه‌كر، و پشتبه‌سين به‌تاكه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى نه‌وت، رێگه‌دان به‌ كه‌رتى تايبه‌ت و كۆمپانيا حزبيه‌كان بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ئه‌م سێكته‌رانه‌.
له‌سه‌رووى هه‌موو هه‌ڵه‌كانيشه‌وه‌ دژايه‌تى پارتى بوو بۆ دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ديموكراسى مه‌ده‌نى و به‌رته‌سككردنى ئازادييه‌كان كه‌ ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترين هه‌ڵه‌ى پارتى بوو، چونكه‌ ميلله‌تى كورد ده‌يان ساڵ له‌پێناو ئازاديدا خه‌باتى كردووه‌، كه‌چى له‌ژێر سايه‌ى حوكمڕانى كورده‌وه‌ زۆر خراپتر له‌رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌ شۆفينيه‌كانى پێشتر له‌ئازادييه‌كانى بێبه‌شكرا. كوشتنى رۆشنبێرو نوسه‌رو رۆژنامه‌ونوسان له‌سه‌ر ره‌خنه‌ له‌ده‌سه‌ڵات له‌ژێر سايه‌ى حوكمى پارتيدا بوو به‌ديارده‌، ده‌مكوتكردنى ميلله‌ت بوو به‌سياسه‌تى رۆژانه‌، دامه‌زراندنى ده‌يان حزبى كارتۆنى و رێكخراوى به‌ناو مه‌ده‌نى سه‌ر به‌ حزبى ده‌سه‌ڵات، تێكدانى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ حزبه‌ ره‌سه‌نه‌كانى كوردايه‌تى و دژايه‌تيكردنيان، ئه‌مانه‌ به‌گشتى هه‌ڵه‌ى زۆر گه‌وره‌ى ده‌سه‌ڵاتى پارتى بوون و رێگربوون له‌ بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ديموكراسى ته‌ندروست كه‌ له‌نه‌تيجه‌دا هه‌ر له‌خزمه‌تى ده‌سه‌ڵاتى كورديدا ده‌بوو، به‌ڵام پارتى ته‌نها ده‌سه‌لات و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى‌ خۆى به‌لاوه‌ گرنگتر بووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ميلله‌ته‌كه‌ى بۆيه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڵه‌كانى..
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێين كه‌ ريفراندۆمه‌ فاشيله‌كه‌ى پارتى كه‌ به‌سووربوونى مه‌سعود‌ بارزانى ئه‌نجامدرا، گه‌وره‌ترين هه‌ڵه‌ى پارتى بوو كه‌ ده‌رهاوێشته‌كانى زۆر كوشنده‌ بوون به‌سه‌ر كوردو به‌تايبه‌تيش بۆ پارتى كه‌ پێموايه‌ موغامه‌ره‌يه‌كى هاوشێوه‌ى داگييركردنى كوه‌يت بوو له‌لايه‌ن سه‌دامه‌وه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌و موغامه‌ره‌يه‌ش بوو له‌كۆتاييدا سه‌رى خوارد.