مەحمود عەبدوڵڵا: کاریگەری دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ئاستی خۆشگوزەرانی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەدرێژایی مێژوو ئاستی ژیان و خۆشگوزەرانی زۆرینەی کۆمەڵگا پەیوەستبووە بەشێوازی دەسەڵاتی سیاسی. بۆ گۆڕینی ئاستی ژیان و داهاتی تاکەکان، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت. لەهەر کوێ دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکرابێت، دامەزراوە ئابوریەکان و شێوازی بەرهەم هێنان، خزمەتی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی کردووە. لەوکۆمەڵگایانەدا کەمینەیەک خۆشگوزەران دەبێت لەسەر حیسابی زۆرینە. لە هەر کۆمەڵگایەک دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکرابێت بۆ نوخبەیەک، ئەوا کۆمەڵگەش واڕێک دەخرێت خزمەتی بەرهەم هێنانەوەی دەسەڵاتی سیاسی بکات بۆ نوخبەیەک.
هەموو گۆڕانێک لەگۆڕانکاری سیاسسیەوە دەستپێدەکات، ئەوە قسەی جۆن لۆک بو لە سەردەمی شۆڕشی ئینگلیزی، لەبەرئەوە دەبێت داواکاری خەڵک داواکاری سیاسی بێت، یان ئەولەویەت بدرێتە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی، و داواکاری ئابوری لاوەکی بێت. ئەو دەسەڵاتەی قۆرخ کرابێت، سامانی گشتی بەکاردێنێت بۆ کڕینی نوخبەیەک لە سەر حیسابی زۆرینەی کۆمەڵگا. بۆیە چەندە خەڵک مافی سیاسی بەدەست بێنن، ئەوەندە دەرفەتی ئابوری فراوان دەبێت. چەندەش دەسەڵات چڕبێتەوە لای گروپێک یان بنەماڵەیەک، ئەوا دەرفەتەئابورەکانیش بەهەمان شێوە لای ئەوان چڕدەبنەوە. بەدرێژایی مێژوو لەو کۆمەڵگایانەی مافی سیاسیەکان بۆنوخبە بوبن، مافە ئابوریەکانیش بەهەمان شێوە، ئەم دوانە بەتەواوی کاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە. بەڵام زۆر دەگمەنە دەرفەتی بەرهەم هێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و داهاتی تاکەکان بەرزبێتەوە، بەبێ ئەوەی مافەسیاسیەکان دابەش ببن.
قۆرخکردنی دەسەڵات واتا قۆرخکردنی ئابوری، قۆرخکردنی ئابوری واتا قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی. لەهەر کوێ دەسەڵات قۆرخبکرێت دەرفەتی خۆشگوزەرانی بۆ نوخبەیەک دەبێت لەسەر حیسابی زۆرینە. دارون ئۆسمۆگلۆ و جەیمیس ڕۆبینسۆن/ تیۆریەکیان هەیە سەبارەت بە دەوڵەمەندی هەندێ کۆمەڵگاو هەژاری هەندێک کۆمەڵگا، ئەوان پێیان وایە هۆکاریی هەژاری یان دەوڵەمەندی هەر کۆمەڵگایەک تەنها دەسەڵاتی سیاسسیە. لەوڵاتە هەژارەکان دەسەڵات قۆرخ دەکرێت و دەرفەتی ئابوری بۆ نوخبەیەک دەرەخسێت و زۆرینە لێی بێبەش دەبێت. بەڕای ئەم دوو نوسەرە، یان بە پێی تیۆرەکەیان بۆنایەکسانی، هەموو ئەم وڵاتەنەی هەژارن، بەگۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانن بگۆڕێن بۆ وڵاتی دەوڵەمەند، ڕەنگە پێچەوانەکەشی ڕاست بێت. نوسەران پێیان وایە کە هەندێک گریمانەی تەقلیدی وەک ” کەلتور، جوگرافیا، نەشارەزایی” بەهیچ شێوەیەک هۆکارنین بۆ هەژاری هەندێ نەتەوەو دەوڵەمەندی هەندێکیتر. بەڵکو تەنها هۆکار قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵییە کەوادەکات تاکەکان نەتوانن تموحەکانیان بێننەدی و نەگەن بەو پەروەردەیەی کە دەیانەوێت.
هەندێک گریمانی تەقلیدی هەن، هۆکاری هەژاری هەندێ کۆمەڵگا دەگێڕنەوە بۆ نەبونی کلتوری کارکردن، بۆنمونە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان کۆمەڵگایەکی ئیسلامی وەک میسر، بەبەراورد بە بەریتانیا کە بەپێی ئەم گریمانە تەقلیدیە هەم دانیشتوان، بەریتانیا ئاکاری کارکردنیان بەرزە هەم ئاو و هەواکەی گونجاوە بۆ بەرهەم هێنان، بەبەراورد بەوڵاتێکی وەک میسر. بەڵام نوسەران ئۆسموگل و ڕۆبینسون ئەم گریمانەیە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن: ئەم جیاوازیە لە ئاستی خۆشگوزەرانی بەریتانیەکان و میسریەکان تەنها پەیوەستە بەقۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەمیسری سەردەمی موبارەک دابەشکردنی دەسەڵات لەدوای شۆڕشلە بەریتانیادا. چونکە بەڕای نوسەران ئەگەر شۆڕشی ئینگلیزی 1688 ڕوی نەدابوایە بەریتانیا نەدەبوە پێشەنگی شۆڕشی پیشە سازی. لە پێش شۆڕش کە دەسەڵاتی سیاسی قۆرغکرابو، بەریتانیەکان،یان ئینگلتەڕا وڵاتێکی دەوڵەمەند نەبو، بەریتانیا خاوەنی هیچ کۆڵۆنیەکیش نەبو. بەڵام لەدوای شۆڕش، زۆربەخێرایی لەڕوی ئابوری گەشەی کرد و پێش ئیسپانیەکان کەوتەوە لە بەدەستهێنانی کڵۆنیەکان لە ئەمریکادا. هەروەها فەرەنسیەکان تەنیا لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی توانیان لە ڕوی ئابوری پێشبکەون و لەهەژاری ڕزگاریان بێت.
تەنانەت هەردو نوسەر جەخت لەوەدەکەن کە بەرزی ئاستی داهاتی تاک لە ئەمریکای باکور، بەبەراورد بە ئەمریکای لاتین هەمان هۆکاری قورخکردن و قۆرخنەکردنی دەسەڵاتی سیاسسیە نەک کەلتور وئاکاری کارکردن یان هۆکاری جوگرافی، چونکە پێش ئەوەی ئیسپانیەکان بگەنە ئەوناوچانە، ئەو گۆمەڵگایانە پێشکەوتوبون و خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆربون واتا ئەوە کاریگەری قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسییە کە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەبەراورد بە ئەمریکای باکور هەژارن. بە پێچەوانەشەوە لە ئەمریکای باکور کە میراتی شۆڕشی ئینگلیزیان بۆمایەوەو دەسەڵاتی سیاسی قۆرخ نەکراوە. بۆیە شکستی هەندێ نەتەوە و سەرکەوتنی هەندێکیتر، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەیەکێکیاندا دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکراوەو لەیەکێکیاندا بە پێچەوانەوە دەسەڵات دەبەشکراوە، مافەسیاسیەکان دابەشکراون.
یەک نمونە کە ناڕاستی هەرسێ گریمانەی جوگرافی، کەلتور، ناشارەزایی ڕەتدەکاتەوە. بۆ نمونە شاری نۆگالس، ئەمشارە لەناوەڕاستیدا بۆتە دووبەش، بەهۆی شورایەکەوە، بەشی باکوری پێی دەوترێ نۆگالس ئەریزۆنا، و بەشی باشوری پێی دەوترێت نۆگالس سونورا، بەشی باکور لەژێر شێوازی بەڕێوەبردنی ئابوری و سیاسی حکومەتی ئەمریکادایە، بەشەکەی تر لەژێر سایەی شێوازی حوکمڕانی تەکساسدایە. بەڵام ئاستی ژیان و داهات یەکجار زۆر جیاوازە، تەنانەت لەیەک شاردا کە تاکەشتێک جیایان دەکاتەوە شورایەکە، لەڕووی ئاوهەواو کەلتورو جوگرافیاوە وەک و یەکن، بەڵام بەهۆی جیاوازی شێوازی حوکمڕانی ئاستی داهات جیاوازە، ئاستی خوێندەواری و خۆشگوزەرانی جیاوازە. تەنانەت لەشارێکی ئاوادا تێکڕای تەمەن جیاوازە لە باکور و باشوری، بەهۆی شێوازی دەسەڵاتی سیاسی! ژاپۆن،کۆریای باشور، ئەندونیسیا و چەندان وڵاتیتر بەهۆی گۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی ئاستی خۆشگوزەرانیان گۆڕانی بەسەردا هاتوە. هەردوو کۆریاکەش دەکرێت وک دوو نۆگالسەکە بەراورد بکرێت، لەکاتێکدا کۆریای باشور ئاستی داهاتیان زۆربەرزە، بەڵام بەهۆی قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەباکوری کۆریادا زۆرینەی خەڵکەکەی هەژارن.