قوته‌یبه‌ فازڵ: خۆپیشاندان مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی هاوڵاتی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌شێكی به‌رچاوی دونیا ئه‌مڕۆ به‌ بارودۆخێكی دژوار و هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌كات و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ ده‌ست په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ گیرۆده‌ن و ئابووریان تووشی داڕمان و هه‌ره‌س بوه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیانیش له‌ بارێكی ده‌روونی نا جێگیردا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.
هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ره‌ڕای بوونی ترس له‌ تارمایی كۆرۆنا هاوڵاتیان به‌ ده‌ست ده‌یان كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ وه‌ ده‌نالێنن له‌ سه‌رووی هه‌موو كێشه‌كانیشه‌وه‌ كێشه‌ی ئابووری پشتی هاوڵاتیانی چه‌ماندوه‌ته‌وه‌ .
نه‌بوونی ڕێگه‌ چاره‌یه‌كی گونجاو له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وای كردووه‌ كه‌ ته‌واوی خه‌ڵكی شه‌پۆلی ناڕه‌زایی ده‌رببڕن ولێره‌ و له‌وێش ده‌نگۆی گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ به‌رز بوه‌ته‌وه‌.
خۆپیشاندان كه‌ سه‌ره‌تاییترین مافی هاوڵاتیه‌ به‌شێكه‌ له‌ مافی ( ئازادی ڕاده‌ربڕین ) و به‌شداری سیاسی، وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ سروشتیه‌كانی مرۆڤ كه‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ساڵی (1948) جه‌ختی لێكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌خابن له‌ هه‌ندێك وڵاتاندا ئه‌م مافه‌ به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و له‌ هه‌ندێك وڵاتیش ڕێگری له‌ ئه‌نجامدانی ده‌كرێت.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ خۆپیشاندان جیاوازه‌ له‌ بایكۆت و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین، خۆپیشاندان داواكردنی سه‌ره‌تاییترین مافی هاوڵاتیانه‌ و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌و چاوه‌وه‌ بۆ خۆپیشانده‌ر بڕوانن.
زۆربه‌ی كات كه‌ هاوڵاتی هیچ ده‌رفه‌تێكی نامێنێت و هیچ ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانی نادۆزێته‌وه‌، كه‌س گوێی پێنادات ده‌یان گرفتیش یه‌خه‌ی ده‌گرێت ده‌سه‌ڵات بێباك ده‌بێت له‌ داواكانی ناچار ده‌بێت په‌نا بباته‌ به‌ر خۆپیشاندان و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ناچار كردنی ده‌سه‌ڵات بۆ گوێگرتن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كان.
له‌ ئێستای كوردستاندا ئه‌و كێشانه‌ی تاكی كورد پێوه‌ی گیرۆده‌یه‌ گرنگترینیان له‌ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌:
1- نه‌بوونی مووچه‌
2- گرانی بازاڕ و شتوومه‌ك
3- نه‌بوونی داد په‌روه‌ری
4- نه‌بوونی هه‌لی كار
وه‌ چه‌ندین كێشه‌ی تریش، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند خاڵه سه‌ره‌كیترین خاڵی داواكاری تاكی كورده‌ به‌ گشتی و خۆپیشانده‌ره‌ به‌ تایبه‌تی.
من لێره‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ داواكاری سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌ داواكاری چین و توێژێكی دیاریكراو نیه‌، داواكاری ئۆپۆزسیۆن نیه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات داواكاری تابووری پێنجه‌م و خه‌ڵكانی پیلان گێری ده‌ره‌وه‌ نیه‌، خۆپیشانده‌رانیش داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن داوا ده‌كه‌ن یاسا بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێت، داوا ده‌كه‌ن سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و به‌ش مه‌ینه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێت، داوا كردنی مووچه‌ مافی مووچه‌ خۆرانه‌، دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و دامه‌زراندنی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئه‌ركی حكومه‌ته‌، ڕێكخستنی بازاڕو ڕێگریكردن له‌ گرانی نرخ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تدایه‌.
داواكردنی ئه‌م مافانه‌ ئه‌ركی هاوڵاتیانه‌ و جێبه‌جێكردنیش له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداراندایه‌، به‌ داواكردنی ئه‌م مافانه‌ هیچ كه‌س نابێته‌ خائین و وڵات فرۆش به‌ داواكردنی ئه‌م مافانه‌ هیچ كه‌س نابێته‌ ڕێگر و له‌ ڕێ لاده‌ر.
هیچ مه‌نتیق نیه‌ كه‌سانێك كه‌ داوای ئه‌م مافانه‌ ده‌كه‌ن ( ته‌خوین ) بكرێن وه‌ك گێره‌ شێوێن و ئاژاوه‌ گێر سه‌یر بكرێن، پێویسته‌ له‌ بری ته‌خوین كردن بیر له‌ ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بكرێته‌وه‌ بۆ داواكاریه‌كانیان كه‌ داواكاری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی شه‌قامی كوردیه‌.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گوێنه‌گرتن بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ و ڕێگری كردن له‌ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاكامی خراپ و ده‌ره‌نجامی نه‌خوازراو به‌ دوای خۆیدا بهێنێت كه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م هاوڵاتیش تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند ببن.