زەبەنگ بەهادین: گەورەم خەڵک چی بکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان داوا دەکرێت رۆژی 250دینار لا بدەین بۆ ئەوەی نەوتی زستانی داهاتوی پێبکرین، لە کاتێکدا خۆمان لەسەر دەریایەک نەوت دەژین لە بن خاکەکەمان، مناڵەکەت جێگای نابێتەوە لە خوێندنگاکان یان کاتی دەوامکردنی لەگەڵ دەوامی تۆدا ناگونجێ دەبێت پارەی بۆ کۆ بکەیتەوە تا لە خوێندنگایەکی تایبەتی دابنێت. کارەبا بەشێکی لای حکومەتە لەگەڵ ئەوەی بە پارەیە دەبێت لەگەڵ ئەوەش پارەیەکی کە کۆ بکەیتەوە بۆ کارەبای موەلیدە، کە هاوینمان لێدێت دەبێت پارەیەکی تری دانراو هەبێت تا تەنکەرە ئاوی پێبکرین. دەبێت هەمیشە هاوڵاتی بەشێک لە مووچەکەی یان داهاتەکەی پاشەکەوت بکات ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتیش بەشێکی تری مووچەکەت پاشەکەوت دەکات جا یا بە برینی مووچەکەت یا بە دوا خستنی پێدانی مووچە، کاتێک شەن و کەوی مووچەکە دەکەین بەشی بژێوی پێوە نەماوە نەخوازە پاشەکەوت.
ئێستا کۆرۆنا لە ناو کۆڵانەکانە بە قسەی خۆتان دەی هاوڵاتی چیبکات، لە ناو خەستەخانەکان پێداویستی پزیشکی نەمێنێ، قەرەوێڵەو بێد بەشی نەخۆشەکان نەکا. کارمەندی تەندروستی بایکۆت بکات لەبەر بێ مووچەی، سنوورەکان بکرێنەوە بێ چاودێری و بێ پشکنین، قاچاغ و تەراتێن لە چوار دەورمان بەردەوام بێت تا شارەکان پر دەبێتەوە لە کۆرۆنا، کاتێک متمانە نامێنێت لە نێوان حکومەت و هاوڵاتی، کاتێک هەموو بابەتێک بە سیاسی دەکرێت، کاتێک کێشەی حیزبەکان زاڵ دەبێت بەسەر دەسەڵاتی حکومەتدا، کاتێک لێپێچینەوە و لێپرسینەوە نامێنێت لەسەر سەرپێچی و خراپ بە کارهێنانی دەسەڵات ئەی هاوڵاتی چیبکات، لە پاڵ ئەمانەشدا نەبوونی ماسک و گرانی پێداویستی خۆپاراستن بەشێکی تر بێت لەسەر شانی هاوڵاتی، کردنەوەی مزگەوت و کردنەوەی شوێنی گەشتوگوزاری و نەبونی چاودێری راستەقینە لەسەر بازار و شوێنە گشتیەکان چۆن رێگری لە کۆرۆنا دەکرێت، لیستی مووچە پرە لە بن دیوار پرە لە خانەنیشینی نا یاسایی بە قسەی خۆتان پرە لە نا دادپەروەری ئەی بۆ چاکسازی ناکەن بە کردار خەڵک چیبکات خۆ ئەوە بە خەڵک ناکرێت، گەورەم پێمان بڵێن خەڵک چیبکات تا ئێوە گەشاوە و سەربەرز بن پێمان بڵێن تا خەڵک بۆتان بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت