هۆشیار جەمال: دیسانەوە ڕیفراندۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمرۆ سێ ساڵ تێپەردەبێت بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان کە لە لایەن زۆربەی حیزب و لایەنە کوردستانیەکانەوە لە باشوری کوردستان بڕیاری لەسەردرا.
لەوکاتەدا بەدوو ئاراستە داوا دەکرا ڕیفراندۆم نەکرێت یاخود دەنگی نەخێر بەرزبکرێتەوە کە ئەمەیان ئەوەندەی مەرامی حیزبی و شەخسی بوو، ئەوەندە دڵسۆزی نەبوو. بەڵام ئاراستەی دووەمیان کە بەشێک لە ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و کەسانی دڵسۆز هاواریان کرد کە ڕیفراندۆم حەقە و ڕێگایە بۆ سەربەخۆی کوردستان، بەڵام ئێستا کاتی نیە، چونکە لە چارەکە سەدەی ڕابردووی حوکمرانی جوت حیزبدا، هیچ پایەیەکی دەوڵەتی کوردی نەچەسپێنراوە و کاریشی بەشێوەی کرداری بۆنەکراوە. بەڵام دواجار ڕیفراندۆم کە پێشتر کارتێکی فشاری بەهێز بوو بەدەست سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە ئەنجامدرا. حوکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەک هەرخۆی نەگرت لەبەردەم تەحەداو رووبەڕوونەوەکاندا کە وڵاتانی ناوچەکە وەک پیشەی هەمیشەیان کەوتبوونە هەڕەشە لێکردنی، عێراقیش چەندین سزای هەرێمی کوردستانیدا کە لەدەرئەنجامدا ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەریان لێکەوتەوە و کورد لە قەزای دوزخورماتوو ئەوەی پێی کرا لە جینۆساید کەمتر نەبوو نیوەی خاکی کوردستانیشیان بەهۆی خیانەتەوە لە دەستدا.
لە پاش سێ ساڵ لەم ڕووداوە بەشێک لە حیزبە کوردیەکان لە بەغداد خەریکی شەڕەی وەرگرتنی وەزارەتدان و ئەوانەش ئەکەنە کاندید بانگی سەربەخۆی کوردستانیان دەدا بەگوێی خەڵکیدا. بەهۆی شکست هێنانی ڕیفراندۆمەوە هەمووان یەکتر تۆمەتباردەکەن کە ئەم دێڕە هەمان ئەو قسەی بیرخستمەوە کە دەڵێت: ( کەوتن هەتیوە و سەرکەوتن هەزارباوکی هەیە). بە دڵنیاوە ئەگەر ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بوایە لەو کاتەدا کە سەرکەوتنی بۆ ئەوکاتیش ئەگەرێکی لاوازبوو، ئەوا ئێستا چۆن عیلمانی و ئیسلامی خۆی بەخاوەی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەزانێت ئەوا ئاوها لە ڕیفراندۆمیشیان دەڕوانی.
ئەوەی گرنگە لە پاش ئەم بچوکبوونەوەی قەوارەی باشوری کوردستانە لەدوای ئەو گۆڕانکاریانەی هاتنە ئاراوە و لە ناوخۆی کوردستانیشدا دۆخی ژیانی هاوڵاتی لەو پەڕی سەختیدایە.
سەرکردایەی سیاسی کورد چی کردوە بۆ ئەوی لە ئایندەدا هەرچۆنێک بووە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەربازی بێت؟ ئایا پایەکانی دەوڵەتی دروستکردوە؟ ئایا لە ڕیگای کەرتی کشتوکاڵەوە کاری کردوە بۆ دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی خۆراک؟ ئایا حیزبەکوردیەکان توانیویانە و هەوڵیانداوە پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی دروسبکەن؟ لە رووی بازرگانی پەیوەندی پتەوی وای هەیە کە ئەم وڵاتانە لایەنی ئابووریان توشی شکستبێت بێ باشوری کوردستان و نەتوانن هەڕەشەی داخستنی سنووری لێبکەن؟ ئایا حکومەتی هەرێم چی کردوە و دەکات بۆ بوژانەوەی کەرتی پیشەسازی بۆ ئەوەی گەنجەکانی کاری دەستکەوێت و ڕێگای کۆچ هەڵنەبژێرت؟
حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی حکومەت و هێزە ئەمنیەکان لە دەستی حیزب دەربازی بێت و ببن بە دەزگا و هێزی نیشتمانی؟
ئایا چی کراوە بۆ ئەوەی تاکی کورد ئینتیمای بۆخاک و نیشتمانەکەی بگەڕێتەوە؟ لەکاتێکدا ئێستا کەسانێک فێربوون بە ئاشكرا لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان شانازی بە دیکتاتۆرێکی وەک سەدامەوە دەکەن؟
ئێستا دۆخێک خوڵقاوە کە ئەوانەی چەکی بەرگری لەشەرەفی میللەتیان لەشان کردبوو، شەرم لەخەباتەکەیان دەکەن و ئەوانەی جاش و خۆفرۆش بوون بە شانازیەوە جاشایەتیەکەیان بە هاوڵاتی دەفرۆشنەوە!
وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەگەر بەشێوەیەکی ڕەها ئاراستەی هەردوو حیزبی حکومرانی زیاتر لە چارەکەسەدەیەکی باشوری کوردستان بێت، ئەوا پارت و لایەنەکانی تریش بەرکەوتەیان هەیە لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە کە ڕەنگە بۆ ئەم دۆخە زۆری وەڵامی پرسیارەکان ئەوەبێت کە هیچ نەکراوە. بەڵام ئەوەی گرنگە کەی دەکرێت؟ کێ دوور لە ژاوەژاو هەرای ڕاگەیاندن بە بێدەنگی کورد لە باشوری کوردستان ڕزگاردەکات؟ بەڵام مەرجی پێشوەختەی دەوڵەت دروستکردنی هەرێمێکی بەهێزە دورستکردنی تاکێکی بە ئینتمایە بۆ خاک و نیشتمان، کە دروستکردنی ئەم مرۆڤە هێندەی پێویستی بە ژیانێکی شەرەفمەندانە و دەسەڵاتێکی دادپەرورە، هێندە پێویستی بە فرۆشتنەوەی دروشمی گەورە و بەکارهێنانی هەندێک دەستەواژە نیە کە شەخس بەرپرس و حیزب خۆی پێ گەورە بکات ئەویش نان نەبێت بیخوات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت