شێرزاد شێخانى: چاره‌سه‌رى هه‌ڵه‌كانى پارتى/ به‌شى سێيه‌م.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وتاره‌ په‌شۆكاوييه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت مه‌سرور بارزانى به‌ر له‌جه‌ژنى ره‌مه‌زان سه‌باره‌ت به‌قه‌يرانى دارايى، يه‌كه‌مجاره‌ له‌مێژووى پارتيدا كه‌سێك له‌ناو خودى ئه‌م حزبه‌ و به‌تايبه‌تيش له‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانيدا دان به‌شكستێكى گه‌وره‌ى حزبه‌كه‌يانه‌وه‌ بنێ. هيچ گومانيشى تێدا نيه‌، هه‌رچى ئه‌م ماڵوێرانييه‌ى به‌سه‌ر ميلله‌ته‌كه‌ماندا هاتووه‌ هه‌مووى له‌نه‌تيجه‌ى ئه‌داى حكومه‌ته‌كانى نيچيرڤان بارزانييه‌وه‌ بووه‌. خۆيشى هه‌روايه‌، هه‌ر حاكمێك ماوه‌يه‌كى دوورودرێژ له‌سه‌ر ته‌ختى حوكم دابنيشێ بێگومان تووشى غرورو هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ ئه‌بێ و ئيداره‌كه‌شى تووشى فه‌ساد ئه‌كات، ئه‌مه‌ حه‌تميه‌تى مێژووه‌ و نموونه‌‌ش رژێمه‌ ديكتاتۆره‌كانى جيهانه‌ كه‌ دێنه‌ سه‌ر حوكم و واز له‌ ده‌سه‌ڵات ناهێنن، هه‌ر بۆيه‌ په‌نا بۆ سه‌ركوتكردنى ميلله‌ته‌كانيان و كڕينى ويژدانى نه‌ياره‌كانيان ئه‌به‌ن، هه‌ڵبه‌ت پارتيش به‌ده‌ر نيه‌ له‌م نموونانه‌.
له‌راستيدا ئه‌م قه‌يرانه‌ قووڵانه‌ى ئێستا ئۆباڵه‌كه‌ى ئه‌كه‌وێته‌ ‌سه‌رشانى پارتى، چونكه‌ ماوه‌ى بيست ساڵ نێچيرڤان بارزانى ده‌سه‌ڵاتى به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌. كابينه‌ى نۆيه‌ميش به‌فيعلى هاتۆته‌ سه‌ر وێرانه‌ خاكێك، خه‌زێنه‌يه‌كى به‌تاڵ و حكومه‌تێكى قه‌زردار كه‌ كه‌س نازانێ قه‌رزه‌كانيش چۆن و بۆچى و كه‌ى و له‌كوێ كراوه‌. ئيداره‌يه‌كى تا بينه‌قاقا گه‌نده‌ڵ و ورگ ئه‌ستور به‌ ده‌يان هه‌زار بنديوار، حكومه‌تێكى فاشيل له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان، هه‌بوونى كه‌سانى بوده‌ڵه‌و هيچ له‌بار نه‌بوو له‌باڵاترين ده‌سه‌ڵاتى ئيدارى، ئه‌مانه‌ هه‌مووى مييراتى نێچيرڤان بوون بۆ كابينه‌كانى دواى خۆى مايه‌وه‌.
پارتى ئێستا له‌لێوارى دارووخانێكى مێژوويى گه‌وره‌دايه‌ كه‌ به‌درێژايى ته‌مه‌نيه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى وه‌ها ترسناكى به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌. له‌لايه‌ك شه‌قام ئه‌كوڵێ و خه‌ڵك گه‌يشتۆته‌ سه‌ر لووتى‌، دابه‌زينى نرخى نه‌وت ناچارى كردوون مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌به‌غداى ته‌ڵاقدراو وه‌كو نه‌فه‌قه‌ وه‌ربگرن، په‌تاى كۆرۆناو دارووخانى سێكته‌رى ته‌ندروستى هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات. كوردستان به‌گشتى له‌سه‌ر بۆمبێكى ته‌وقيتكراودايه‌‌ بچووكترين هه‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵات‌ فتيله‌كه‌ دائه‌گيرسێنێ ئه‌وسا داروبه‌ردى ئه‌م كوردستانه‌ ئه‌سووتێ.
ره‌نگه‌ سه‌رانى پارتى هه‌ر وه‌كو پيشه‌ى خۆيان خه‌ڵك بترسێنن به‌ سه‌ركو‌تكردنى هه‌ر راپه‌رينێكى جه‌ماوه‌رى، ئه‌وه‌تا له‌ملاو ئه‌ولا قسه‌ فڕيئه‌ده‌ن گوايه‌ ناهێڵن وه‌زعى ئه‌منى شارى هه‌وڵير تێكبدرێ، به‌ڵام كه‌ كار گه‌يشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵك رووبه‌رووى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بێته‌وه‌، هيچ هێزێك نيه‌ به‌رامبه‌رى بوه‌ستێت، به‌تايبه‌تيش هێزه‌ فشۆڵه‌كانى پارتى كه‌ هه‌موومان له‌بيرمانه‌ له‌گه‌ڵ نزيكبوونه‌وه‌ى دوو هه‌زار چه‌كدارى داعش له‌مه‌خمورو ديبه‌گه‌ چۆن زۆربه‌ى سه‌ركرده‌و بنكرده‌كانيان تێيان ته‌قاند به‌ره‌و سنوور، له‌كاتى هاتنى حه‌شدى شه‌عبيش بۆ كه‌ركوك هه‌مان ئه‌و جه‌يشه‌ زه‌به‌لاحه‌يان خۆى رانه‌گرت، بۆيه‌ زۆر سه‌هوون ئه‌گه‌ر وا تێبگه‌ن كه‌وا هێزى به‌ڵته‌چى و بنديواره‌ دابه‌ستيه‌كانى به‌هانايه‌نه‌وه‌ دێن. له‌بيرمان نه‌چێ هه‌ر خه‌ڵكى ره‌شورووتى رانيه‌ بوون به‌ خاكه‌ناس و پێمه‌ڕه‌و چه‌قۆ توانيان قه‌ڵاى گه‌وره‌ترين هێزى ديكتاتۆرى سه‌رده‌م بروخێنن و راپه‌رينى سه‌رتاسه‌رى رابگه‌يه‌نن.
ديسانه‌وه‌ له‌بيريشمان نه‌چێ پێش راپه‌رين زياتر له‌ 400 فه‌وج و مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ى جاشه‌كان كه‌ پاره‌يه‌كى زه‌به‌لاحيان له‌رژێمى ‌به‌عس وه‌رده‌گرت، به‌ڵام كه‌ لێى قه‌وما ته‌نانه‌ت يه‌ك ته‌قه‌شيان نه‌كرد. له‌مه‌ش زۆر نزيكتر ڕاپه‌ڕينى تشرينى ساڵى رابردووى به‌غدايه‌، كه‌ ئێستا حكومه‌تى كازمى ئه‌يه‌وێ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بداته‌ داداگاوه‌ كه‌ ته‌قه‌يان له‌خۆپيشانده‌ران كردووه‌ و خه‌ڵكى سڤێليان شه‌هيد كردووه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش هه‌موو راى گشتى جيهان له‌م سه‌رده‌مه‌دا رێگه ‌ناده‌ن كوشتوكوشتار له‌كوردستان رووبدات دژ به‌خه‌ڵكه‌ برسى و ره‌شوڕووته‌كان.
له‌به‌ر ئه‌م هه‌موو هۆكارانه‌ هيچ پێويست ناكات پارتى بير له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى خۆپيشاندان بكا و به‌ڵته‌چييه‌كانى سازو ئاماده‌ بكات، چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ شه‌قوه‌شاندن و ترساندنى خه‌ڵك به‌ پياوكوژان هيچكات دادى رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانى نه‌داوه‌، ئه‌وه‌تا ده‌يان نمونه‌ى وه‌كو سه‌دام و قه‌زافى و به‌شيرى سودان شكستيان به‌ رژێمه‌كانيان هێنا كاتێك بيريان له‌مجۆره‌ چاره‌سه‌رييه‌ ئه‌منيانه‌ كرده‌وه‌، خه‌ڵكى سته‌مديده‌ى كوردستانيش ئێستا له‌هه‌ر كاتێك زياتر ترسيان له‌رژێمه‌كه‌ى بارزانى شكاوه‌و سووڕيشن له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى، بۆيه‌ باشتره‌ بۆ پارتى له‌برى ئه‌وه‌ى بير له‌چاره‌سه‌رى ئه‌منى‌ بكاته‌وه‌، با به‌م رێكارانه‌ وه‌زعى ميلله‌ته‌كه‌ى ئارامبكاته‌وه‌:
1 – ئينعاشكردنى وه‌زعى خراپى دارايى ميلله‌ت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكى به‌په‌له‌ وه‌ك، دابينكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌هه‌ر شێوه‌يه‌ك بێت. يان به‌شێك له‌و پارانه‌ى گه‌نده‌ڵكاران به‌ خودى بنه‌ماڵه ده‌ستڕۆشتوه‌كانه‌وه‌ له‌ژێرزه‌ميينه‌كان شاردراونه‌ته‌وه‌ ياخود له‌بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى قه‌رزيش بێت به‌شێكيان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ مووچه‌. ياخود بڕينى نه‌سريه‌ى مه‌سئوله‌كان و ديوه‌خانانه‌و نيوه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان به‌گشتى ئه‌ويش تا تێپه‌راندنى ئه‌م دۆخه‌.
2- به‌و ئيعتباره‌ى حكومه‌ت چه‌ندان مليار دينارى پاشه‌كه‌وت قه‌رزارى هه‌ر يه‌ك له‌خانه‌نشين و فه‌رمانبه‌رانه‌، پێويسته‌ حكومه‌ت ئه‌و پارانه‌ وه‌كو ره‌سيد له‌بانقه‌كان تۆمار بكات بۆ پێدانى پاره‌ى كاره‌باو ئاوو خزمه‌تگوزارييه‌كانى ترى حكومه‌ت، چونكه‌ ناكرێ تۆ قه‌رزارى كه‌سێك بيت و داواى قه‌رزى خۆتى لێبكه‌ى، به‌و پێيه‌‌ش هه‌م حكومه‌ت قه‌رزه‌كانى پاشه‌كه‌وت كه‌متر ئه‌كاته‌وه‌، هه‌ميش مووچه‌خۆره‌كان بارى ژيانيان سووكتر ئه‌بێ.
3- رێكخستنه‌وه‌ى ميلاكاتى فه‌رمانبه‌ران، ئه‌و‌يش به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى دامه‌زراندنى بنديواره‌كان و بڕينى مووچه‌ى خانه‌نشينى هه‌موو ئه‌و پله‌ باڵايانه‌ى له‌حكومه‌ت مووچه‌ وه‌رده‌گرن وه‌كو ئه‌ندامانى سه‌ركردايه‌تى حزبه‌كان، وه‌زيره‌كان، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌موويان له‌رێگه‌ى ئيستغلالكردنى پله‌و پۆسته‌كانيان ئێستا بوونه‌ته‌ خاوه‌ن كۆمپانياو ده‌يان مليۆن دۆلار كه‌ هيچ پێويستيان به‌ دوو مليۆن و پێنج مليۆنى دينارى مووچه‌ى حكومه‌ت نيه‌.
4- وه‌كو بژارده‌يه‌كى واقيعيانه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌، بريار بدرێ كه‌ سه‌رجه‌م مووچه‌كان سه‌قفێكى بۆ دابنرێ به‌وه‌ى به‌شێوه‌يه‌كى كاتى و تا تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قه‌يرانانه‌، هيچ مووچه‌خۆرێكى حكومه‌ت له‌ دوو مليۆن و نيو زياتر مووچه‌ وه‌رنه‌گرێ له‌هه‌ر پله‌و پۆستێكيشدا بێت. به‌مه‌ش پاره‌يه‌كى زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت.
5- لادانى هه‌موو ئه‌و به‌ر‌پرسه‌ ئيدارييانه‌ى كه‌ هيچيان له‌باردا نه‌بووه‌ بۆ خزمه‌تى هاوڵاتيان، ئه‌و‌انه‌ى پله‌و پۆست ته‌نها له‌ئيمتيازاتدا ده‌بينن، گۆڕينيان به‌خه‌ڵكى شايسته‌و پسپۆر ئه‌وانه‌ى شاره‌زييان هه‌يه‌ له‌بواره‌كانى كارى حكومه‌تدا.
6- چاككردنى سێكته‌ره‌وكانى كشتوكاڵ و ته‌ندروستى و گه‌شتوگوزار و پيشه‌سازى به‌شێوه‌يه‌ك ته‌كانێكى خێرا بدات به‌م كه‌رتانه‌وه‌ له‌رێگه‌ى ده‌رهێنانيان له‌ده‌ست كۆمپانياكانى كه‌رتى تايبه‌ت و سه‌رپه‌رشتى كردنيان له‌لايه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغێكى راگوزه‌ر.
7- پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌يوه‌نديه‌كانى پارتى له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى كوردستان و وازهێنان له‌نه‌خۆشى خۆ به‌زلزانى و بچووككردنى به‌رامبه‌ره‌كانيان.
8- گێڕانه‌وه‌ى هه‌يبه‌تى په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و رێگه‌دان به‌په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى به‌رۆڵى چاودێرى ئاسايى خۆى هه‌ستێ، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريش به‌دوور بگيرێ له‌هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكى حيزبى و چاكسازيه‌كى بنه‌ڕه‌تى تێدا بكرێ به‌شێوه‌يه‌ك نه‌بێته‌ دارده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى پارتى بۆ ده‌مكوتكردنى نه‌ياره‌كانى.
9- راگرتنى شاڵاوى راگه‌ياندن دژ به‌ حزبه‌كانو كه‌سايه‌تيه‌ ناڕازييه‌كان و داخستنى هه‌موو ئه‌و په‌يج و سايته‌ ساختانه‌ى به‌ناوى خوازراوه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر لايه‌نه‌كان وكه‌سايه‌تيه‌كان، كه‌ ئه‌مجۆره‌ سياسه‌ته‌ش هيچ سوودێكى نيه‌ غه‌يرى به‌فيرۆدانى پاره‌يه‌كى زۆر له‌پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ى روحى شه‌ڕانگێزى و رقوكيينه‌ له‌ناو كومه‌ڵگه‌دا. چونكه‌ كه‌ تۆ ده‌يان په‌يج وسايت بكه‌يته‌وه‌ بۆ دژايه‌تى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت، ئه‌ويش ده‌يانى ترى ده‌خاته‌ سه‌ر ژماره‌كه‌و ولێره‌شدا ته‌نها سامان و قووتى مێلله‌ت له‌م مه‌هزه‌له‌‌ى راگه‌ياندندا سه‌رفئه‌كرێ.
هيوادارم ئه‌م خاڵانه‌ى سه‌ره‌وه‌ سه‌رنجى ده‌سه‌ڵات رابكێشێت بۆ ئه‌سڵى قه‌يرانه‌كه‌ى ئێستا، تا كار له‌كار نه‌ترازاوه‌ به‌خۆى را بگات و چاره‌سه‌رى ئه‌م وه‌زعه‌ ناهه‌مواره‌ بكات. هه‌ڵه‌يه‌كى زۆر گه‌وره‌يه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات پێى وابێ بڵاوه‌كردنى هێزه‌ ئه‌منيه‌كان و چه‌كداركردنى كاديره‌ حزبيه‌كان و دابه‌شكردنيان به‌سه‌ر بنكه‌و باره‌گا حزبيه‌كان خه‌ڵك ئه‌ترسێنێ، ئه‌گه‌ر وا بكات زۆر ياغنيشه‌، چونكه‌ خه‌ڵكه‌ برسى و ناڕازيه‌كان هه‌موويان خه‌ڵكى كوردستانن و هێزێ بێگانه‌ى داگييركه‌ر نين تاكو خوێنيان بڕژێ. باعيبره‌ت له‌ تاوانه‌كانى سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ى وه‌ربگرن، كه‌ له‌ئه‌نجامدا له‌به‌رده‌م دادگاى گه‌ل وه‌ستان و سزاى تاوانه‌كانيان وه‌رگرت..