دڵشاد مەجید: بەغداد.. داوای ھەڵکردنی ئاڵای سپی لەمەسرور بارزانی دەکات.!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم کتابەی دیوانی چاودرێری دارایی فیدراڵی عیراق.. کە لە سەرەتای ئەم مانگە 1- 6 دەرچووە. حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەخاتە بەردەم دوو ڕیانێک.. ڕێگای سێیەمی نیە.. یان دەبێ ھەرچی ھەیەو نیە سەبارەت بەدۆسێی نەوت و داھاتی ھەرێم ئاشکرای بکات، یانیش ھەرێم بخاتە بەردەم قەیرانێکی دارایی قوڵ، ئەستەم بێ بۆ مەسرور بارزانی کە درێژە بە ئیدارەدانی حکومەت بدات و لەفەشەل زیاتر ھیچی تری بۆ نەمێنێتەوەو، بەمەش بۆ ھەتا ھەتایی لەدەسەڵاتی سیاسی و ئیداری حکومەتی ھەرێم دووریبخاتەوە. یانیش مەسرور بارزانی بۆمانەوەی لەدەسەڵات و زامنکردنی سەرچاوە داراییەکەی عیراق، بۆ بەردەوامی حکومەتەکەی ئامۆزاکەی خۆی ( نێچیرڤان بارزانی) دەخاتە بەردەم لوللـەی تۆپەکە!! چونکە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری پرۆسەی نەوتی ھەرێمە و ھەر ئەویش خاوەنی دوابڕیاری دۆسیەی نەوتە.!
بۆیە قوناغی داھاتوو.. قوناغێکی سەختە بۆ پارتی بەگشتی و بۆ بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی.! بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لەم پەڕاوە، ئەوەیە کە ئەم پەڕاوە.. زیاتر پێدادەگرێ لەسەر ( حسابات و کتاباتی) چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ.. واتە دەسەڵات و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەکات.!

ئەم پەڕاوە لە دوو بەش پێک ھاتووە:

بەشی یەکەم / ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیەیە کەدیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بڕگانەی لە پەڕاوی دووەم دەستنیشانکراوە، پێک ھاتووە.
بەشی دووەم/ لەو پەراوە ئەرک و کارەکانی لیژنەکە دیاریی دەکات کە چۆن ھەوڵ بدەن، کار بۆ ئاشکراکردنی داھاتەکان و تەواوی دۆسێیەی نەوتی ھەرێم بکەن، داواش لە ئیدارەی ھەرێم دەکات، کەدەبێت تەواوی زانیاریەکان بخەنە بەردەم لیژنەکە.. تەواوی کارەکانی لیژنەکەش دابەشی سەر سێ (بوار )کراوە، ھەرسێ بوارەکەش لە ( 22 ) خاڵ خۆی دەستنیشانکردووە ، کەئەمانەن:

بواری دارایی.
1- خستنە بەردەستی حسابی ختامی ساڵی پار.
2- تۆمارەکانی دارایی، لەلەلایەن دەزگای ژمێریاری ھەرێم لە 1- 1- 2020 تا 30- 4- 2020 .
3- بودجەکانی خەرجی مانگانەی ھەرێم بۆ ھەر چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ.
4- ئاشکراکردن و ھۆکاری رێژەی ئەو قەرزانەی لەسەر ھەرێمە ، ھەروەھا پاڵپشتی یاسایی ئەو قەرزانە چین.
5- کۆپیەک لەو ڕێکەوتنانەی ھەرێم بۆ قەرز لەگەل لایەنی تر کردویەتی.
6- چۆنیەتی سەرفکردنی ئەو پارانەی ھەرێم لە1- 1 تا 30- 4 کەلە حکومەتی فیدراڵی وەریگرتووە.

بواری نەوت.
ئەم بوارە لە 12 خاڵ پێکھاتووە بەکورتی ئەمانەن.
ئاشکراکردنی شوێنەکانی بەرھمێنانی نەوت و ناردنە دەرەوەی نەوت لەگەل تۆمارەکانی تایبەت بەو پرۆسەیە. ھەروەھا ئاشکراکردنی داھاتەکانی نەوت و رێژەی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی.
جگە لەمە ئاشکراکردنی گرێبەستە نەوتیەکان و ئەو ڕێکارانەی بۆ چۆنیەتی فرۆشتن نەوت و ئەو بانکە حسابیەی پارەی نەوتی فرۆشراوی لێدادەنرێ و ئەو گرێبەستانەی بۆ گواستنەوەی نەوتی ھەرێم کراوە. ھەروەھا ئاشکراکردنی پاڵاوگەکانی نەوت و پەیوەندی نێوان ئەو پاڵاوگانە بەحکومەتی ھەرێم و چۆنیەتی دیارکردنی نرخی نەوت و ئاشکراکردنی ناوی ئەو شوێنانەی نەوتی ھەرێمی پێ فرۆشراوە. ھەروەھا ئاشکراکردنی عەمبارەکانی نەوتی ھەرێم لەدەرەوەو لەناوەی عیراق.

بواری نا نەوتی.
ئەویش لەچوار خاڵ پێکھاتووە.
1- ئاشکراکردنی ناو و شوێنی سەرجەم دەزگانی باج و دەرامەتی ھەرێم بە تۆمارەکانیەوە.
2- ئاشکراکردنی ناو و شوێنی سەرجەم دەروازە سنوریەکان بەتۆمارەکانیانەوە.
3- ئاشکراکردنی سەرجەم داھاتەکانی باج بەجۆرەکانیەوە.
4- ئاشکراکردنی سەرجەم داھاتە گومرگیەکان بە جۆرەکانیەوە..
——————————–
ئەم کتابەی دیوانی چاودرێری دارایی فیدراڵی عیراق، نەک ھەڵکردنی ئاڵای سپی و تەسلیم بوونەوە دەگەیەنێ، بەڵکو ئەمە( سوننەتکردنی ) دەسەلاتی ھەرێمە،
کە لەڕێگای سوننەتکردنی دەسەلاتدارانی ھەرێم، ھەرچی دزی و گەندەڵی چەندساڵەی ناشەرعیان ھەیە لێدەکاتە زەقنەبووت..
بۆئەوەی لەمەودوا بەناشەرعی و بەحەرامی خۆیان بەکونەکانی سەرچاوەی دارایی و گریفانی ھەرێم و خەڵک ڕانەکەن..
بەرای من ئەگەر ئەم ھەنگاوانە جێبەجێ بکرێ، کار لەسونەت کردن تێپەریوە و بەڵکو ئەمە لەبنەوە ( قوت ) کردنە..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت